گواستنەوەی ڕاستیی نەک پڕوپاگەندە

لە ڕووماڵی شەڕدا، گرنگە جیاوازی لە نێوان زانیاری و پڕوپاگەندە لە لایەک و زانیاری و درووشم لە لایەکی دیکەوە بکرێت. وەرگر پێویستی بە زانیارییە، نەک پڕوپاگەندەی لایەنی بەشەڕهاتووەکان و دروشمەکانیان.
ئەمەش بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی هاوسەنگ لە بارەی ڕووداوەکان لای وەرگر درووست بێت و بتوانێت بە دیدگایەکی لۆژیکی و عەقڵانی و لەسەر بنەمای زانیاری درووست بڕوانێتە ڕووداوەکان.
کۆپی و پەیستکردن، بڵاوکردنەوە بە بێ چێک کردنەوە و دڵنیابوونەوە، هەروەها پشت بەستن بە سەرچاوەی نەناسراو و ناپیشەیی و بڵاوکردنەوەی هەرچی دێتە بەرچاوان لە گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، کارێکە پێچەوانەی پیشەییبوونە، چونکە لە پاڵ هەر زانیارییەکدا دەیان دیمەن و گرتە و زانیاری چەواشەکراو و ساختە تێدەپەڕن و بڵاودەبنەوە.
سەنگەرگرتن و چوونە نێو سەنگەری لایەنە بەشەڕهاتووەکان، سەردەکێشێت بۆ چەواشەکردنی وەرگر و دەستخەڕۆکردن و چاندنی وەهم و سەرەنجامیش تێگەیشتنی نالەبار لە بارەی ڕاستەقینە دێنێتە ئاراوە، کە ڕایگشتیی پەرتەوازە و بەشبەش دەکات و کۆمەڵگە بەرەو لێکترازانی زیهنی گەورە دەبات، ئەمە جگە لە ژاوەژاو و سازاندنی وێنای چەواشەکراو و تێکدانی ئاسایشیی دەروونی تاک و کۆمەڵگە.




