
ڕاستەوخۆ دوای بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی نرخی بەنزین، قەیرانی بەنزین لە هەرێمی کوردستان سەریهەڵدا و هیچ بڕە بەنزینێک لە نزیکەی تێکڕای بەنزینخانەکانی هەولێر و دهۆک دەست ناکەوێت.
دوای ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕیاریدا کە لە سەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نرخی بەنزین بە تەواوەتی کەم دەکرێتەوە؛ نۆرماڵ ٨٥٠ دینار، موحەسەن هەزار دینار و سوپەر هەزار و ٢٠٠ دینار، قەیرانی بەنزین لە هەرێمی کوردستان سەریهەڵدا.
بەگوێرەی بەدواداچوونە مەیدانییەکانی زێدپرێس، لە نزیکەی تێکڕای بەنزینخانەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت شارەکانی هەولێر و دهۆک، هیچ بڕە بەنزینێک بە هەر جۆرێکەوە دەست ناکەوێت. لە چەند بەنزینخانەیەکی دیاریکراودا کە بەنزین دەفرۆشرێت، ڕیز و نۆرەی ئۆتۆمبێل بە درێژایی چەند کیلۆمەترێک درێژ بوونەتەوە، شەقامەکان چۆڵبوونیان پێوە دیارە و هاووڵاتییان و شوفێران لەناو نیگەرانییەکی گەورەدان بە هۆی دەستنەکەوتنی بەنزینەوە.
بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن کە لایەنە پەیوەندارەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە هەوڵی جددییدان بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە.



