ئابووریسیاسیهه‌واڵ
ئاراستەکان

ئاوات شێخ جەناب هۆکارەکانی دەستلەکارکێشانەوەی ئاشکرا کرد

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیدا بۆ ڕای گشتی، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند و هۆکارە ڕاستەقینەکانی پشت ئەو بڕیارەی ئاشکرا کرد. وەزیری دارایی و ئابووری ڕەتیکردەوە کە هۆکاری کێشەکە پەیوەندی بە داکۆکیکردنی ناڕەواوە هەبێت لە بەڕێوەبەری خانووبەرەی میریی سلێمانی، بەڵکو بڕیارەکەی بۆ بوونی دەستوەردانی توندی ئەمنی لە کاروباری وەزارەتەکەیدا گەڕاندەوە.

بەپێی ڕوونکردنەوەکەی وەزیری دارایی کە ڕۆژی ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ بڵاویکردووەتەوە، هۆکاری سەرەکیی دەستلەکارکێشانەوەکەی بۆ دەستوەردانی نەرێنی و هەڕەشەکردنی هێزەکانی (دژەتیرۆر، کۆماندۆ و ئاسایش) لە کاروباری فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی لە سلێمانی دەگەڕێتەوە. ناوبراو ئاشکرای کرد کە لە ڕێکەوتی ٢٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦دا، ئاگادارییەکی توند ئاراستەی فەرمانبەرانی سلێمانی کراوە کە تێیدا هاتووە: “هەر فەرمانبەرێک پابەند بێت بە فەرمان و بڕیارەکانی وەزیری دارایی و ئابووری، سزا دەدرێت”. شێخ جەناب ڕایگەیاند: “لە کەشوهەوایەکی ئاوادا ناتوانم کار بکەم و وەک تەماشاکەر سەیری فەرمانبەرەکانمان بکەم، بۆیە دەستلەکارکێشانەوەم پێشکەش کردووە”.

سەبارەت بە دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری خانووبەرەی میریی سلێمانی کە ببووە جێی مشتومڕ، ئاوات شێخ جەناب ڕوونی کردەوە کە ئەوان بە ئاگاداریی نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت و بە سەرپەرشتیی داواکاری گشتی، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە و پێویستە چاوەڕێی ئەنجامەکان بکرێت. ناوبراو جەختی کردەوە کە تەواوی دۆسیەکان لە وەزارەت پارێزراون و ڕایگەیاند: “ئێستاش ئامادەین لە دادگاییکردنێکی ئاشکرا لە بەردەرکی سەرادا یان لە هەر دادگایەکی بێلایەن ئەنجامبدرێت بۆ ئەوەی ڕاستییەکان ئاشكرا بن”.

وەزیری دارایی وردەکاری ئەو پێنج دۆسیەیەی خستەڕوو کە بەڕێوەبەرەکەی لەسەر دەستگیرکراوە:

دۆسیەی یەکەم و دووەم: کۆنن و تایبەتن بە ساڵانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٠ (بەر لە دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەرەکە).

دۆسیەی سێیەم: پەیوەندیدارە بە بڕی کرێی هاوتای زەوییەکی ٦٠٠ مەتری دووجا.

دۆسیەی چوارەم: لەسەر مامەڵەی هاووڵاتییەکە کە جێگری بەڕێوەبەر پشتگیری بۆ پۆلیس پێداوە.

دۆسیەی پێنجەم: کێشەیەکی نێوان خانووبەرەی میری و شارەوانیی سلێمانی بووە کە لە ساڵی ٢٠٢٥دا لەلایەن دادگاوە دۆسیەکەی داخرابوو.

ئاوات شێخ جەناب لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەیدا دڵنیایی دا کە هیچ کێشەیەکی دارایی و کارگێڕی لە ناوخۆی وەزارەتی دارایی و ئابووریدا نییە و فەرمانگەکانی وەزارەت بەردەوامن لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی خۆیان. ناوبراو جەختی کردەوە کە تەنها سەرچاوەی فەرمی بۆ وەرگرتنی زانیاری لەمبارەیەوە ڕوونکردنەوەکانی وەزارەتە و ئەوان بێباکن لە هەر لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە و یاسایی.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button