سیاسیكۆمه‌ڵایه‌تی
ئاراستەکان

پەلکەزێڕینە

پەلکەزێڕینە دیاردەیەکی سروشتییە، کە مێژووەکەی بۆ مێژووی گۆی زەوی و گەردوون دەگەڕێتەوە. ئەم دیاردە فیزیاییە لە ئاکامی تێکشکان و پەرتبوونی تیشکی خۆر بەسەر دڵۆپێکی ئاوی باران دوای بارانبارین یان لە کاتێکدا باران دەبارێت و خۆر بەدیارکەوتووە، دروست دەبێت. ڕەنگەکانی پەلکەزێڕینە، کە حەوتن یەک لە دوای یەک بریتین لە سوور، پرتەقاڵی، زەرد، سەوز، شینی کاڵ (ئاسمانی)، شینی تۆخ (نیلی) و وەنەوشەیی.   

 

 

مرۆڤ بە هۆی جوانی و ڕەنگە تێکەڵاوەکانی ئەم دیاردەیە، پێش ئەوەی وەک دیاردەیەکی فیزیایی هۆکاری درووستبوونی، یان دەرکەوتنی پاش باران لە ئاسمان بدۆزێتەوە، بە سەرسوڕمانەوە تەماشای ئەو جوانییەی کردووە، کە سروشت بەرهەمیهێناوە.

لە مێژووی نزیکی کوردەواریدا ئەم جوانییەی سروشت و ئەم ڕەنگانە هێندە کارتێکردنی لەسەر هەستی مرۆڤ بووە، کە مەودایەکی کەلتووریی ـ ئایینیی پێببەخشرێت و بە شێوەیەکی میللی پێی بگوترێ (پرچی ئایشە و فاتمە)، وەک نیشانەیەکی پیرۆزی و لێچوواندنی ئەو ڕەنگانە بە پرچی خێزان و کچی پێغەمبەری ئیسلام.

ئەم دیاردەیە لە ئەدەب و نووسین، وەک هەمەجۆری بابەت و لە شیعردا وەک هیمای جوانی سروشت بەکارهاتووە. هەموومان ئەو دێڕە ئەفسوناوییەی شیعرە جوانەکەی مامۆستا گۆرانمان لەبەرە، کە دەڵێت:

پەلکەزێڕینەی پاش بارانی زۆر

چەماوەتەوە بەرانبەر بە خۆر

پەلکەزێڕینە لە کەلتوور و ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و ئەدەب و شیعری کوردیدا ئەم مانایەی بەخشیوە و هەر لە سەرەتاوە نەوە لە دوای نەوە لە کۆمەڵگای کوردەواریدا بەو چاوە و بەو مانایە تەماشای پەلکەزێڕینە کراوە، ئینجا لەپای چی ئەم پاشخانە جوانە لە مانای ئەم دیاردە سروشتییە جوانە، لە ئاکامی هەژمووونی عەقڵیەتێکی سەلەفی دەشێوێنرێت و بە جۆرێک لێکدانەوە بۆ پەلکەزێڕینە دەکرێت، کە هیمای ڕەگەزخوازییە و دامودەزگای حکوومەت و تەنانەت دادگاش ڕێکخراوێکی کۆمەڵگای مەدەنی دادەخات بە تاوانی ئەوەی وێنەیەکی پەلکەزێڕینەی لە شوێنێکدا داناوە و، ئەمەشی بە بانگەشە بۆ ڕەگەزخوازی لە قەڵەم داوە. لەمەش زیاتر مەترسی لەلایەن هەندێ دەزگای پەروەردە دروست بێت، کە لە کتێبی خوێندنی منداڵانی سەرەتایی وێنەی پەلکەزێڕینە تیادا نەبێت، نەوەک بە بانگەشە بۆ ڕەگەزخوازی بژمێردرێت.

 

بە جۆرێک لێکدانەوە بۆ پەلکەزێڕینە دەکرێت، کە هیمای ڕەگەزخوازییە و دامودەزگای حکوومەت و تەنانەت دادگاش ڕێکخراوێکی کۆمەڵگای مەدەنی دادەخات بە تاوانی ئەوەی وێنەیەکی پەلکەزێڕینەی لە شوێنێکدا داناوە

 

مرۆڤ و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی مێژوویی هێمای ڕەنگی بۆ ناساندنی خۆی و خستنەڕووی تایبەتمەندییەکانی و پیشاندانی جیاوازی خۆی لەگەڵ بەرانبەر، بەکارهێناوە.

لەم ڕوانگەیەوە ڕەنگ نیشانەیەکی خۆجیاکردنەوە و خۆناساندن بووە، بۆیە بە شێوەیەکی مێژوویی دیاردەی ئاڵا هاتۆتە کایەوە. ئەم دیاردەیە لە قۆناغی پۆستمۆدێرنیزم بە شێوەیەکی ئەوتۆ فراوان بووە، کە لە کۆتاییەکانی سەدەی ڕابردوودا ناوەندێکی کۆمەڵایەتی کە خولیای ڕەگەزخوازیان هەیە ــ کە ئەمەش حاڵەتێکی مێژووییە و لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هەبووە ــ بۆ دەڕبڕینی خۆیان ئاڵایەکی ڕەنگاوڕەنگ دابنێن و بەهۆی هەمەجۆری ئەم دیاردەیەش، کە لە بواری توێژینەوەکان هەندێ جار بە ڕەگەزخوازی یان ئاڵوگۆڕی ڕەگەزی یان هەستکردن بەوەی ڕەگەزێکی دیکەی هەیە، چەندین هێمای ڕەنگاوڕەنگ بۆ دەڕبڕینی خواست و هەستی ئەم جۆرە کەسانە، کە هەست دەکەن بەهۆی ئەم جۆرە خولیا و بژاردە و هەستیان، لە لایەن کۆمەڵگاوە دەچەوسێنرێنەوە و بە چاوی کەمەوە تەماشا دەکرێن و مافیان زەوت دەکرێت، دروست کراوە، بەڵام سەرجەم ئەو وێنە و ئاڵا و هێمایانە پەلکەزێڕینە نین.

ئەم بابەتەی من توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیەک نییە سەبارەت بە بابەتی ڕەگەزخوازی و جۆرەکانی، کە پسپۆڕ و زانای تایبەتی خۆی دەتوانێت قسەی لەسەر بکات، بەڵام دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم، کە ڕەنگەکانی پەلکەزێڕینە حەوت ڕەنگە، کە یەکێک لەو ڕەنگانە شینی ئاسمانییە، پێش ڕەنگی شینی تۆخ، لە کاتێکدا ئەو هێمایەی کە ڕەگەزخوازان بەکاری دەهێنن بریتییە لە شەش ڕەنگ نەک حەوت و شینی ئاسمانیی تێدا نییە، جگە لەوەی شێوازەکانی دیکەی ئەم گرووپانە چەندین ڕەنگی دیکە بەکاردەهێنن، کە هەندێک جار دوو یان سێ یان چوار ڕەنگە.

 

ڕەنگەکانی پەلکەزێڕینە حەوت ڕەنگە، کە یەکێک لەو ڕەنگانە شینی ئاسمانییە، پێش ڕەنگی شینی تۆخ، لە کاتێکدا ئەو هێمایەی کە ڕەگەزخوازان بەکاری دەهێنن بریتییە لە شەش ڕەنگ نەک حەوت

 

کار و کردەوەی ڕەگەزبازی یان ڕگەزخوازی بە جۆرێکی یاسایی قەدەغەکراوە. ماددەیەکی قانوونی ڕوون لە یاسای سزادانی عێراقی سەبارەت بە تاوانکردنی ئەم کارە هەیە. تا ئێستا نە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و نە لە پەرلەمانی کوردستان کەس داوای هەموارکردن یان لابردنی ئەو ماددەیەی لە قانوونی سزای عێراقی نەکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تاریکخوازان و کۆنەپەرستان بۆ ڕێگاگرتن لە کاروانی پێشکەوتن و دابینکردنی مافەکانی ژن و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئەڵتەرناتیڤ بۆ سیستەمی پەتریارکی و، بە مەبەستی شێواندنی چالاکی ژنان بۆ یەکسانی جێندەری و ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ڕێگاگرتن لە جێبەجێکردنی پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، بە شێوەیەکی بەرنامەیی لەسایەی عەقڵیەتی دەوڵەتی ئایینیی و تایفەگەری لە بەغدا و ڕەنگدانەوەی تارماییەکی لە کوردستاندا، لێچوواندنێکی نادروست لە نێوان بابەتی ڕەگەزخوازی و جێندەر و بابەتی یەکسانی لە مافەکاندا دەکەن و دەیانەوێت ئەو پەڕی ڕادەی هەماهەنگی بۆ ڕێگاگرتن لە ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە مافی ژنان ببینن و، بەناوی چاودێریکردنەوە، کار بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چالاکی و سنووردانان بۆ ئامانجەکانی ئەو ڕێکخراوانە دەکەن.

کارێکی سەرسوڕهێنەر نییە، کە بانگەشەکان لە بەغداوە بۆ دەرچوونی عێراق لە ڕێککەوتننامەی سیداو و نەهێشتنی فەرمانگەی تواناسازی ئافرەت و لابردنی فەرمانگەکانی جۆری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتەکاندا و، لابردنی پڕۆژە یاسای توندوتیژی خێزانی و لابردنی نەخشەی نیشتمانی بڕیاڕی ١٣٢٥ بێت.

ئەم ئاڕاستەیە لە کاری ئەنجوومەنی هەندێک لە پارێزگاکانی عێراق ڕەنگی دایەوە و، بۆ نموونە بەپێی نووسراوێک لە فەرمانگەیەکی تایبەت لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسڕا بەکارهێنانی وشەی جێندەر قەدەغەکراوە.

لە بیرمان نەچێت، لە ئاکامی فشاری گرووپی ئیسلامی سیاسیی ماوە نەدەرا لە زانکۆی هەڵەبجە کۆڕێک سەبارەت بە بابەتێکی فیمینستی و جێندەر ئەنجام بدرێت، لە کاتێکدا لە یاسای هەندێک وەزارەتدا ئاماژە بۆ کارکردن بۆ یەکسانی جێندەری (جۆری کۆمەڵایەتی) کراوە و لە سەرجەم وەزارەتەکانیش یەکەی جێندەریی هەیە.

 

لە ئاکامی فشاری گرووپی ئیسلامی سیاسیی ماوە نەدەرا لە زانکۆی هەڵەبجە کۆڕێک سەبارەت بە بابەتێکی فیمینستی و جێندەر ئەنجام بدرێت

 

بەڵام لەوە دەچێت بەم دواییە، ئەم ئاڕاستەیەی لە بەغدا هەیە، لە هەرێمی کوردستاندا پەیدا بووبێت و، هەندێک لەو دیاردانە دەرکەوتوون و فشار لەسەر هەندێک ڕێکخراو بە شێوەیەکی نافەرمی دەکرێت، کە وشەی جێندەر بەکارنەهێنرێت و تەنانەت تێبینی لەسەر وشەی یەکسانی نێوان ژن و پیاو هەبێت.

زاڵبوونی ئەم ئاڕاستەیە لە هەرێمی کوردستاندا زەنگێکی مەترسیدارە و ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، کە ئەم بابەتە بە هەند وەربگرێت و بە بابەتێکی ئەمنی نەتەوەیی و ستراتیجیی پەیوەندی کوردستان بە جیهان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی وەرگرێت.

كاوه‌ مه‌حموود

سیاسه‌تمه‌دار

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button