ئابووریشرۆڤه‌
ئاراستەکان

ئایا فەرمانبەرى خانەنشینکراو پلەبەرزکردنەوەى بۆ دەکرێت؟

لەم ماوەیەدا چەند بەڕێزێک پرسیارى ئەوەیان لێکردین، ئەگەرهاتوو پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى هەرێم دەستى پێکردەوە، ئەو فەرمانبەرانەى خانەنشین بوون و پلەبەرزکردنەوەیان بۆ نەکراوە، چارەنووسى پلەبەرزکردنەوەکەیان چى لێ دێت؟ ئایا دەکرێت پلەبەرزکردنەوەیان بۆ بکرێت لە کاتێکدا لە وەزیفەدا نەماون و خانەنشین بوون؟

 

بۆ وەڵامى ئەم پرسیارە، لە خوارەوە بە چەند خاڵێک ڕوونکردنەوە دەدەین:

 

یەکەم:

پلەبەرزکردنەوە یەکێکە لە مافە وەزیفییەکانى فەرمانبەر و یاساکانى ڕاژەى شارستانى و یاساى مووچە حوکمەکانى ڕێکخستووە و بەگوێرەى مەرج و ڕێوشوێنەکانى پلەبەرزکردنەوە، دەبێت فەرمانبەرەکە لە وەزیفەدا بێت، چونکە کاتێک پلەى فەرمانبەر بەرز دەکرێتەوە، بۆ ئەوەیە وەزیفەیەکى باڵا لەسەروو پلەکەى خۆى بەڕێوە ببات، لە کاتێکدا کە فەرمانبەرەکە لە وەزیفەدا نەمابێت ئەوا بێگومان ناتوانێت ئەو وەزیفەیە بەڕێوەببات و بەم جۆرەش پلەبەرزکردنەوەکە ئەستەم (مەحال) دەبێت، بۆیە لە ڕووى یاساییەوە و بەگوێرەى مەرجەکانى تایبەت بە پلەبەرزکردنەوە، دەبێت فەرمانبەرەکە لە وەزیفەدا بێت و بەردەوام بێت ئەو کات پلەبەرزکردنەوەى بۆ دەکرێت. ئەگەرهاتوو خانەنشین ببوو ئەوا ئەم مەرجە بەدى نایەت.

 

دووەم:

کاتێک فەرمانبەر خانەنشین بوو ئەوا حوکمەکانى یاساى شارستانى و یاساى مووچەى بەسەردا جێبەجێ نابێت و ملکەچ دەبێت بۆ حوکمەکانى یاساى خانەنشینى، بەم جۆرەش پێگەى یاسایى فەرمانبەرێتى لە دەست دەدات و پێگەى یاسایى خانەنشینبوو وەردەگرێت، کە ئەمەى دوایى حوکمەکانى تەواو جیاوازە لە پێگەى وەزیفى فەرمانبەرەکە.

 

سێیەم:

هەموو مافێکى وەزیفى کە فەرمانبەر شارستەى دەبێت پێویستە لە ماوەى یاساییدا پەنا بەرێتەبەر دادگا ئەگەر مافەکەى پێنەدرا،  بەپێچەوانەوە لە دەرەوەى ئەو ماوە یاساییە، دادگا گوێ لە داواکانى ناگرێت، لەم بارەیەشەوە دادگاى باڵای کارگێڕی لە عێراق دووپاتى ئەم بابەتە دەکاتەوە کە پێویستە لەسەر ئەو فەرمانبەرەى هەواڵەى خانەنشینی کراوە، داواى مافە وەزیفییەکانى بکات لە ماوەى (30) ڕۆژدا لە ڕێککەوتى کۆتایی هاتنى وەزیفەکەى.(( على الموظف المحال الى التقاعد المطالبة بحقوقه الوظيفية خلال (30) يوما من تاريخ انهاء وظيفته.)) ( 1271/ قضاء الموظفين- تمييز/2016)، بەڵام بە داخەوە لەبەر ئەوەى لە هەرێم دادگاى تایبەتمەند بە پاساوى ئەوەى تانەدان لە بریارى پلەبەرزکردنەوە لە دەرەوەى تایبەتمەندییەکانێتى، بۆیە ئەم ڕێگەچارەیە لەبەردەم فەرمانبەران داخرا.

 

چوارەم:

دادگاى پێداچوونەوەى فیدڕاڵى لە عێراق لە بڕیارێکیدا دووپاتى ئەوە دەکاتەوە ئەگەر فەرمانبەرێک هەواڵەى خانەنشینى کرا بەهۆى تەواوکردنى تەمەنى یاسایى خانەنشینى و مووچەکەى بۆ هەژمار کرا لەسەر بنەماى ئەو هەواڵەکردنە و دواتر نووسراو لە فەرمانگەکەیەوە هات بۆ هەموارکردنەوەى مووچە وەزیفییەکەى بەهۆى  پێدانى سەرمووچە و پلەبەرزکردنەوە، ئەوا ئەو نووسراوەى تایبەت بەپێدانى سەرمووچە و پلەبەرزکردنەوەکەى هیچ ئاسەوارێکى یاسایى لێ ناکەوێتەوە، چونکە فەرمانبەرەکە لەدەرەوەى وەزیفەیە. (( اذا احيل الموظف الى التقاعد لإكماله السن القانوني و تم احتساب راتبه و بعد الإحالة ورد كتاب دائرته المتضمن تعديل راتبه الوظيفي بعد منحه الترفيع والعلاوة ، فان المتقاعد اصبح خارج الوظيفة لذا فإن الكتاب الخاص بالعلاوة والترفيع لا ينتج أثر القانوني)) ( قرار رقم 1756/ الهیئە المدنیة/2022 فی 22/2/2022)

بونياد لەسەر ئەوەى باسکرا، دەربارە ئەو فەرمانبەرانەى پلەبەرزکردنەوەیان بۆ نەکراوە لە کاتى خۆیدا، بەگوێرەى یاسا ناتوانرێت لەپاش خانەنشینبوونیان پلەیان بەرز بکرێتەوە، بۆیە باشترین چارەسەر بۆ ئەم بابەتە ئەوەیە بەزوویى حکوومەتى هەرێم کار بە یاسای خانەنشینى یەکگرتوو ژمارە (9)ى ساڵى 2014 بکات، لانیکەم بۆ ئەوەى  گۆڕانکاری لە مووچەکەیان بکرێت و  کەمێک لەو ستەمەى لێیان کراوە قەرەبوو بکرێتەوە .

عەبدولقادر ساڵح

ڕاوێژکاری یاسایی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...