شرۆڤه‌كه‌لتووركۆمه‌ڵایه‌تی

بۆشایی نێوان نەوەکان

بیانوویەک بۆ بەسەرکردنەوەی دیواری نێوان نەوەکان

یەکێک لەو بوارانەی کە کۆمەڵناسی نەوەکان Sociology of generations  دەیەوێت بیپشکنێت و گفتوگۆی لەبارەوە بکات، بۆشایی یان درزی نێوان نەوەکانە Generation Gap کە لەڕێگەی تیۆر، توێژینەوە و مەیدان-کێڵگەی زانستی خۆیەوە گەشەی پێدراوە وادیارە <کارل مانهایم> لەڕێگەی کار، بیرکردنەوە و ڕامانەکانی بە باوکی ڕۆحی ئەم رشتە و ئەدەبیاتە دادەندرێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

هەڵكۆڵین، وردبوونەوە و بەزانستیبوونی بیرکردنەوە لە تیۆری نەوەکان، لەدوای جەنگی دووەمی جیهانەوە دەستپێدەکات. دابەشبوون و پۆلێنکاریی نەوەکانیش بەگوێرەی سەد ساڵی ڕابردوو، قۆناغبەندی و سەردەمەکانی بۆ داتاشراوە. نەوەی نێوان هەردوو جەنگە جیهانییەکە <١٩١٤-١٩٤٥> بە نەوەی بێدەنگ یان نەوەی جەنگ Cilent Generation  ناودێرکراوە. نەوەی دوای جەنگی دووەمی جیهان لە <١٩٤٥-١٩٦٥> بەنەوەی بوژانەوە Baby boomers و دوای جەنگ وێناکراوە. لە <١٩٦٥-١٩٨٠> نەوەی X و <١٩٨٠-١٩٩٥> نەوەی Y یان Millennial و نەوەی <١٩٩٥-٢٠١٠> نەوەی Z یان Zoomer و شاشە و لە <٢٠١٠-٢٠٢٥> نەوەی ئەلفا و … هتد

دیارە بەپێی ئاڕگیۆمێنتەکانی <کارل مانهایم> هەر نەوەیەک گوتارێکی تایبەت بەخۆی هەیە بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی، ستاتۆ و هابیتۆس، کایەی سیاسی، ئابووری و کەلتووری و تەنانەت خەیاڵ و جوڵە و خواردن و ڕەفتارەکانیشی جیاوازن لەگەڵ نەوەی پێش خۆی و زۆرجاریش ئاکتە سیاسییەکەشی جیاواز دەردەکەون.

<پیەر بۆردیۆش> پێی وایە سەرمایەی نێوان نەوەکان <کەلتووری، کۆمەڵایەتی، سیمبولی و ئابووری> جیاوازن و لەسەر ئەم بنەمای جیاوازبوون و گوتارە دژبەیەکانە و پچڕانی کەناڵی پەیوەندییەکان و دداننەنان بە ناسنامە، میرات، ڕابردوو، یادەوەری و جوگرافیای یەکتر، ململانێی نێوان نەوەکان دێتەکایەوە و دواتریش دەگاتە ئاستی بۆشایی، کەلێن یان درز بەجۆرێک هەر نەوەیەک لە گیتۆ، جیهانێکی تایبەت و داخراوی خۆیدا و بەبێ هیچ مامەڵە و پەیوەندیی و کارلێکێک لەگەڵ نەوەی بەرلەخۆی و دوای خۆیدا ڕەوایەتی بە دید و هزر و ڕەفتارەکانی دەدات و دەکەوێتە جەنگ و ململانێیەوە!

ئەم دیاردەیە دواتر بەئاسانی دەگوازرێتەوە بۆ نێو مەیدانی سیاسی، بەتایبەت کاتێک نەوەکان لە پڕۆسەی گواستنەوەی بەهاکان Generational Shift  ڕۆڵیان نابێت و بەهاکانی نەوەی کۆن وەک خۆیان قبوڵ دەکەن، دەچنە ژێربارییەوە و مانای تازەی پێدەبەخشن. وڵاتانی دوای داگیرکاری Post-Colonialism و وڵاتانی دوای سۆڤیەت Post-Soviet و کۆریای باکوور، سووریا، ئەڤغانستان و چەند وڵاتێکی تر، نموونە و منداڵدانی ئەم پرس و دیاردەیەن. کارل مانهایم و کارەکانی گەنجینەی دەوڵەمەندی تێگەیشتنن لەم بوارە! شێرزاد حەسەنیش لە ڕۆمانی <حەسار و سەگەکانی باوکم> کار لەسەر ململانێی نێوان باوک و کوڕ دەکات وەک دوو نوێنەری دوو نەوەی جیاواز!

پەیڕەو ئەنوەر

نووسه‌ر و توێژەر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...