سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

بەزیندانیكردنی دەمیرتاش و هاوەڵانی توركیا چ پەیامێك بۆ كورد دەنێرێت؟!

لەو چەند ڕۆژەی دوایی دادگاكانی توركیا حوكمێكی توندی سیاسەتمەدارانی كوردیان دا، توندترینیان حوكمدانی بەڕێز سەلاحەدین دەمیرتاش بوو، كە بەگوێرەی داتاكانی میدیاكان بە 42 ساڵ حوكمدرا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لەڕاستیدا ئەو حوكمە واتای ئەوەیە توركیا نەك هیچ نیازیكی نییە بۆ چارەسەری مەسەلەی كورد، كە بەڕاستی لەبەرژەوەندی هەردوو گەلی كورد و تورك و هەموو گەلانی ناوچەكەدایە، بەڵكو دەیەوێت، كە شتێك نەهێڵێت بەناوی مەسەلەی كورد و تەنانەت بوونی كورد وەك نەتەوەیەك نەك هەر لە وڵاتەكەی خۆیدا، بگرە لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بسڕێتەوە! كە ئەمەش ئەو خەونەیە، كە لە ئەدەبیاتی كوردیدا بە خەونی حوشتر ناوزەد دەكرێت و هەرگیز نایەتە دی.

بەواتایەكی تر تا ئاڕاستەی بیركردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە توركیا بەو ئاڕاستەیە، شەڕ و شۆڕ و ماڵوێرانی بەردەوام دەبێت و نە گەلی كورد و نە گەلی تورك و نە ئەو گەلانەش، كە لەو ناوچەیە دەژین، ناتوانن هەناسەیەكی ئاشتی و ئارامی هەڵمژن. ئەگینا زیندانیكردنی ئەو كەسانەی، كە بە هەموو شێوەیەك كار بۆ ئاشتبوونەوەی هەردوو گەلی كورد و تورك دەكەن، لەمە زیاتر چ واتایەك، یاخود چ شرۆڤەكردنێك بەخۆوە دەگرێت؟

جێگەی سەرنجە یەكێك لەو ئامرازانەی توركیا بۆ سەركوتكردنی كورد بەكاریدەهێنێت، لەسەر ئاستی ناوخۆ، گەشەپێدان و بەهێزكردنی گیانی ڕاسیزمی توركییە، كە لەدوای دامەزراندنی ئەوەی پێی دەگوترێت توركیای نوێ، تاوەكوو ئێستا هەموو حكوومەتەكان، بەجیاوازی ئایدیۆلۆژیاكانیان بەكاریان هێناوە و پشتیان پێبەستووە، لەسەر ئاستی هەرێمیش هەمیشە هەوڵیانداوە، هاوپەیمانی و گەلەكۆیی دژی كورد دروست بكەن و لەپێناو لێدان و سڕینەوەی كورد دەست بخەنە ناودەستی هەموو ئەو وڵاتانەی كوردستانیان بەسەر دابەشكراوە.

بۆچی توركیا بەو شێوەیە بەرانبەر كورد رەفتار دەكات، لەكاتێكدا هەموو كەس دەزانێت، كە چارەسەری مەسەلەی كورد و هێنانەدی ئاشتی لەو وڵاتە، چەندەی سوودی بۆ گەلی كورد هەیە، سەد هێندەش سوودی بۆ گەلی تورك هەیە! لەبەرئەوەی لەجیاتی ئەوەی ئابووری ئەو وڵاتە بۆ شەڕ و شۆڕ و وێرانكاری تەرخان بكرێت، دەتوانێت بنەمای ئابوورییەكی مەدەنی بەهێز دابمەزرێنێت و ئەو داهاتانەی بۆ كوشتن و خوێنڕشتن خەرجی دەكات، دەیكاتە باشترین ئامراز بۆ بووژانەوە و گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری وڵاتەكەی، ئەمەش بە ڕۆڵی خۆی هەموو گەلی توركیا لەو قەیرانە ئابوورییە ڕزگار دەكات، كە ئێستا زۆربەی تاكەكانی توركیا بەدەستییەوە دەناڵێنێت.

كەواتە توركیا بۆ پەنا بۆ ئاشتی نابات و هەمیشە كار لەسەر پتەوكردنی كێشە و دوژمندارییەتی ناوخۆ دەكات؟ وەڵامی ئەو پرسیارە زۆر ڕەهەندی جیاواز بەخۆوە دەگرێت، هێندەی پەیوەندی بە ڕەهەندە ناوخۆییەكەوە هەیە، ئەو كەلتوورەی توركیایە، كە لەگەڵ هاتنی كەلتووری ڕۆژئاوا، لە كۆتاییەكانی سەدەی هەژدەهەم و سەرەتاكانی سەدەی نۆزدەهەمەوە بۆ ناو توركیا و چاندنی تۆوی ناسیۆنالیستێكی توندڕەو و ڕاسیزم، ئەو بەیەكەوەژیانەی زیاتر لە سێ سەدە بوو لە ناو دەوڵەتی عوسمانیدا هەبوو، كرا بە ڕق و كینە بەرانبەر یەكتر و هەموو پێكهاتە و نەتەوەكانی ناو ئەو وڵاتەی كردە دوژمنی یەكتر، دواتریش ڕۆژئاواییەكان كەوتنە سیاسەتی یاریكردن لەسەر ئەو ناكۆكییانە و توركیای نوێیان لەسەر بنەمای ئەو دوژمنداری و سڕینەوەیە دامەزراند.

بۆیە لەماوەی سەدەی ساڵی ڕابردوودا، هەموو هەوڵێكی ئاشتی لەگەڵ كورد وەك مەترسییەك بۆ هەڵوەشانەوەی توركیا شرۆڤەی بۆ كراوە و لێكدراوەتەوە،  لەكاتێكدا وەك ئاماژەی پێكرا، بەر لەو كاتە كورد و تورك لەیەك سەنگەردا دژی ڕۆژئاواییەكان دەجەنگان و لە قۆناغێك لە قۆناغەكاندا دەوڵەتی عوسمانیان گەیاندە بن دیوارەكانی ڤیەنا!

ترس لە هەڵوەشانەوە بنەمای ئاگری ئەو فۆبیایەیە، كە لایەك ڕۆژئاواییەكان بەگەرمی فووی پیادەكەن، لەلایەكی تر ئەو خەونە ناخۆشەیە، كە هەموو دەوڵەتێكی داگیركەر بەدەستییەوە دەناڵێنێت، ئەمە ئەوەمان بۆ ڕووندەكاتەوە، ڕەنگە ئەو كەلتوورە لەلایەك  ترسە لەوەی، كە خۆیان خاوەن ماڵ نین و هەر كاتێك كورد خۆی بگرێتەوە دەیانگەڕێنێتەوە مەنگۆلیا و ناوچەكانی ناوەڕاستی ئاسیا، لەلایەكی تر وەك كاریگەرییەكی ڕەهەندە دەرەكییەكە، ڕۆژئاواییەكان بە هەموو شێوەیەك یارمەتی توركیا دەدەن تەنیا بۆئەوەی دژی كورد بجەنگێت و ڕێگە لەوە بگرێت جارێكی تر بەرەیەكی تری كوردی – توركی دروست بێت لە دیوارەكانی ڤیەننا بداتەوە!

كەواتە لە قۆناغی ئێستادا دەبێت لەوە تێبگەین، كە ڕۆژئاواییەكان نەك هەر نایانەوێت كێشەی كورد چارەسەر بكەن، بەڵكو ئەوان یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی چارەسەرنەكردنی مەسەلەی كوردن، بۆیە تەنیا بیركردنەوە لەوەی ڕۆژێك لە ڕۆژان توركەكان، یاخود ڕۆژئاواییەكان بیانەوێت مەسەلەی كورد چارەسەر بكەن و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێننە دی، تێنەگەیشتن و ساویلكەییەكی قووڵە.

ئەوان تەنیا یاری لەسەر ئەو مەسەلەیە دەكەن لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خۆیان بەكاریدەهێنن، شەڕەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، هەر لە داگیركردنی عەفرینەوە بگرەوە تاوەكوو دەگاتە گرێسپی و سەرێكانی، ڕۆژئاوا ڕێگەی بۆ خۆشكرد و گڵۆپی سەوزی دایسان، لە باشووری كوردستان و لە مەسەلەی ڕیفڕاندۆم (ڕیفڕاندۆم بەهەر مەبەستێك و چۆن كرابێت) مافێكی سادە و ڕەوای میللەتی كوردە، كەچی ئەمریكا و ئەوروپا گڵۆپی سەوزیان بۆ ئێران پێكرد و لە كوردیان دا، دەبێت تاكی كورد لەوە تێبگات، كە هیچ لایەك لەهێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان نەك نایانەوێت مەسەلەی كورد چارەسەر بكرێت، بگرە دەیانەوێت بەهەموو شێوەیەك درێژە بكێشێت تاوەكوو وەك ئامرازێك لەپێناو بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیكییەكانی خۆیان بەكاریبێنن، كاتی ئەوە هاتووە كورد لەوە تێبگات، كە دەبێت لە ڕوانگەیەكی ترەوە سەیری خۆی بكات و لەناوەوەی جیۆستراتیژای كوردستانەوە بۆ دوای قوڵایی ستراتیژی خۆیدا بگەڕێت، ئەگینا ئەگەر لە دەوری ئایدیۆلۆژیا بخولێتەوە، تاماوە دۆخی لە ئێستا باشتر نابێت و ساڵی بەسەر زیاتر دووچاری شكستی زیاتر دەبێت و خاكی زیاتر لە دەست دەدات.

د. کامەران مەنتک

نووسەر و ئەکادیمی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...