ئابووریشرۆڤه‌
ئاراستەکان

ڕوونکردنەوەی دادگای فیدڕاڵی

تەوتینی مووچە لە هەژماری من یان بانکی حکومیی؟

بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ژمارە ٢٢٤ و یەکخراوەکانی ٢٦٨/ فیدڕاڵی ٢٠٢٣ کە لە ٢٠٢٤/٢/٢ سەبارەت بە مووچە دەرچوو، بریارێکی  ئێجگار فرەوان و گشتگیر و دوور و درێژ بوو. دادگا جگە لە بڕیار، هاوکات چەند بنەمایەکی دادوەری لە ناوی دەقی بڕیارەکەیدا چەسپاند بوو، لەوانە پڕۆسەی تەوتین بە هاوکاری وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان دەبێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لە کاتی خۆیدا کاردانەوە سەبارەت بە بڕیارەکە جیاواز بوو، چونکە بڕیارێکی دوور و درێژ و هەمەلایەنە بوو، لێکدانەوەی جیاوازی هەڵدەگرت.

 

ئاشکرایە لە کەلتووری دادگاکاندا پاش دەرکردنی بڕیار کاری دادگا تەواو دەبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی بڕیارەکە هەمەلایەنە بوو هاوکات تەمومژی زۆری بۆ هەردوو حکوومەتی فیدڕاڵی و هەرێم تێدا بوو، بۆیە دادگا لە پێشهاتێکی تازەدا کاتی خۆی بەیانێکی دەرکرد، تیایدا جەختیکردەوە کە پڕۆسەی تەوتینی مووچە چونکە پێویستی بە کاتە، بۆیە هەتاوەکوو پڕۆسەکە تەواو دەکرێت، دەبێ مووچە بەشێوەی کاش  بدرێت. بەمەش گرێکوێرەیەکی بۆ هەردوو حکوومەت کردەوە، پاشان دەرگای کێشەیەکی تری هونەری بۆ تەوتین کرایەوە.

 

بەگوێرەی بڕیارەکە پێویستە تەوتین لە بانکی حکومی دەرەوەی هەرێم بێت، بەمەش هەرێم پێداگیری کرد لە پڕۆسەی تەوتینی خۆی کە ناوی (هەژماری من)ە.

 

بەگوێرەی نووسراوی ڕوونکردنەوەی دادگای فیدڕاڵی ژمارە ١١٢/ت ق/٢٠٢٤/١٤٠٠٥ لە ڕێککەوتی ٢٠٢٤/٧/٣. ئەم گرێکوێرەیەی دووەمیشی کردەوە. بۆ جاری دووەم لە پێشهاتێکی تازەدا دادگای فیدڕاڵی چارەسەرێکی ناوەخنی (حل الضمني) کردووە. نووسراوەکەی دادگا دەڵێت پێویستە تەوتینی مووچە لە بانکی حکومی بێت، کە ئەمەیان دووبارەکردنەوەی بڕیاری پێشووی دادگایە، بەڵام ئەوەی تازەیە دەڵێت: تەوتین ئەو بانکانە دەگرێتەوە کە بەگوێرەی نووسراوی ژمارە ٦٩٤٤/٤/٩ لە ڕێککەوتی ٢٠٢٤/٦/٦ کە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقیەوە مۆڵەتپێدراون و لە کوردستان لقیان هەیە و ناویان هاتووە بەگوێرەی نووسراوەکەی بانکی ناوەندی، فەرمامبەرانیش ئازادن لە هەڵبژاردنی بانکەکان هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق.

 

لە ڕاستیدا ئەمەیان گۆڕانکارییەکی جەوهەرییە لە بڕیاری دادگا و پەسەندکردنی هەژماری منە. چونکە بانکەکانی هەژماری من لەگەڵ ئەوەی بانکی ئەهلین، بەڵام مۆڵەتدراون لەلایەن بانکی ناوەندییەوە. ئەمەش دانپێدانانە بە هەژماری من.

 

لە کۆتاییدا ئەوەی گرنگە مووچەخۆر هەموو مانگێک مافی خۆی وەربگرێت. دەتوانین بڵێین ئێستا مافی مووچەخۆری مەدەنی زامنکراوە.

هاوڕێ تۆفیق

شارەزای یاسایی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...