شرۆڤه‌كه‌لتوور

ئەی کە خوێ پیسبوو چی بکەین؟

دەسەڵاتدار و دەستڕۆیشتوانی کوردستان بەوەوە نەوەستان، ڕووبەری سیاسی و ئابووری داگیر بکەن و خەڵکیش بکەنە حەشاماتێک لە چاوەڕوانیی مووچەدا بژیت. ئەوان دەستیان بۆ ڕووبەرێک برد کە وەک خوێ وەسفدەکرێت و زیندوێتیی کۆمەڵگە دەپارێزێت، ئەویش ڕۆژنامەوانییە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

هەر وڵاتێک ڕۆژنامەوانیی پیشەیی تیا نەبوو، زانیاری ڕاست و ڕەوان نەگاتە خەڵک و ڕووبەرێکی گشتی بۆ سوڕانەوەی ڕای گشتی نەبێت، ئیتر لەوێوە ترس لە هەموو شتێک دەست پێدەکات؛ ستەمکاریی، گەندەڵی، نەزانی و موڵکایەتیکردن بەکۆمەڵگەوە وەک ئەوەی مێگەل بێت.

 

ڕۆژنامەوانیی و ئەو ڕۆڵەی دەیگێڕێت، دەرکردنی ڕووداو و بڕیار و سیاسەت و ئابوورییە لە تاریکییەوە بۆ بەردەم هەتاو، بەبێ ڕۆژنامەوانیی سیستمی حوکمڕانیی مرۆڤ دەکوژێت و لە تاریکیدا تواناکانی لە بن دەهێنێت. کردنە دەرەوەی ڕۆژنامەوانیی لەناو سیستمی حوکمڕانی، یان بەتاڵکردنەوەی لەو ڕۆڵە جەوهەرییەی دەیبینێت، وەک ئەوە وایە ئاوی دەریاکان لە خوێ داماڵین، ئەوە کاتەش زەوی دەبێتە هەسارەیەکی گەنیو.

 

لە کوردستاندا، کار لەوێدا نەوەستا هەر حزبێک سەکۆیەکی ڕۆژنامەوانیی خۆی هەبێت، بەڵکو کارەکە درێژەی کێشاو کاراکتەرەکانی ناو حزبیش بوونە خاوەن سەکۆی ڕۆژنامەوانیی خۆیان. ئەمە خراپتری پەرەسەندنی ژیانی ڕۆژنامەوانیی بوو لە کوردستان، چونکە قۆناغی پیرۆزکردن و پیاهەڵدان و دروستکردنی ستەمکاری بچووک دەستی پێکرد. لێرەوە، سانسۆری کاراکتەرە حزبییەکان و بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسی و ئەمنییەکانیان، زیادکرا سانسۆری حزبیی زیادکرا.

 

بەڵام، پەرەسەندنی لەوەش خراپتر ئەوەبوو کە کۆمپانیاکان بوونە خاوەن میدیای خۆیان، یان میدیاکانیان کۆنترڵکرد. کارکردن لەسەر بەرژەوەندی گشتییەکان، موڵک و ماڵ، ژینگەو مافی هاووڵاتیان دەبێتە بارمتەی دەستی کۆمپانیان. وای لێهاتووە کۆمپانیا (کە ئەویش هەر بەسێکە نفوزی کاراکتەرە حزبییە باڵا دەستەکان) بە مەرجێ ڕێکلام دەدات بە کەناڵی میدیا، یان بەرپرس و سەرنووسەر و ڕۆژنامەوانەکان بە پارەو ئیمتیازات دەبەستنەوەو ناچاریان دەکەن لە هیچ شتێک نزیک نەبنەوە لە بەرژەوەندییەکانی ئەوان بدات.

 

ئەوەتا بەبەر چاوی هەمووانەوە، موڵکی گشتی داگیردەکرێت، سەودا بە سروشت و ژینگەی کوردستانەوە دەکرێت، تەندروستی گشتی و پەروەردەو زانکۆو خۆراک لە مافی گشتییەوە دەگۆڕدرێن بۆ ئیمتیازاتی کۆمپانیاکانن، میدیاش نەک تەنها دەستەوەستانە، بەڵکو بەشێکە لە خراپەکارییەکان. ئیتر لێرەوە (خوێ)کەشمان پیس بوو.

خالید سلێمان

نووسەر و ڕۆژنامەنووس

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button
Loading...