شرۆڤه‌
ئاراستەکان

خوێندنەوەیەک بۆ پەرتووکی ”بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد”

ناوی پەرتووک: بارزانی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی شەشەم، ٢٠٠٣-٢٠١٦، کوردستان و عێراقی نوێ، بەشی یەکەم.

نووسەر: مەسعوود بارزانی

ڕانان: د. هیوا مەجید خەلیل

 

پێشەکی

زنجیرە پەرتووکی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، یەکێک لە پەرتووکە بەپێزەکانی پەرتووکخانەی سیاسیی و میژوویی گەلی کوردستانە. گرنگی ئەم پەرتووکە لەوەدایە کە نووسەر هەم سەرۆکی پارتێکی بەهێزی هەرێمی کوردستانە، هەم کەسایەتییەکی سیاسیی بەهێزە لەسەر ئاستی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەمیش لە ناو جەرگەی ڕووداوەکان بووە و مێژوویەکی پتر لە حەوت دەیە خەبات و ئەزموونی سیاسی هەیە.

زیاد لەمەش، هەم نووسەرەکە لە ژیاندا ماوە و هەمیش زنجیرە پەرتووکەکە بە کۆمەڵێک بەڵگەنامە پشتئەستورە و نووسەر ڕووداوەکان وەک ئەوەی کە ڕوویداوە دەگێڕێتەوە. بۆیە ئەم زنجیرە پەرتووکە شایانی خوێندنەوە و هەڵوەستە لەسەرکردنە بۆ تێگەیشتن لە بارودۆخی هەرێمی کوردستان لە ئێستا و لە ڕابردوودا. کە ئەم گوتارە تیشک دەخاتە سەر کۆمەڵێک بابەت کە لەلایەن نووسەری ئەم گوتارەوە بە خاڵی زۆر گرنگ لە پەرتووکەکەدا هەژمار دەکرێن.

 

نووسەر ڕووداوەکان وەک ئەوەی کە ڕوویداوە دەگێڕێتەوە. بۆیە ئەم زنجیرە پەرتووکە شایانی خوێندنەوە و هەڵوەستە لەسەرکردنە

 

پەرتووکی ”بارزانی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی شەشەم، ٢٠٠٣-٢٠١٦، کوردستان و عێراقی نوێ، بەشی یەکەم” لە دووتوێی ٥٩٤ لاپەڕەدا بڵاوکراوەتەوە و لە سێزدە بەش پێکهاتووە، کە باس لە ڕووداوەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس دەکات. زۆربەی هەرە زۆری ڕووداوە گرنگەکان لە لاپەڕە ١٩ تا لاپەڕە ٤٥٠ باس دەکرێن. لە لاپەڕە ٤٥٠ تا لاپەڕە ٤٦٤ باس لە کۆمەڵیک ڕووداوی گرنگی ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ دەکات، کە زۆرتر سەرنج لە سەر سەردانەکانی نووسەری پەرتووکەکە چڕ کراوەتەوە، لەوکاتەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە. لە لاپەڕە ٤٦٥ تا لاپەڕە ٥٩٤ کۆمەڵێک وێنە دانراون، کە دەرخەری کار و چالاکییەکانی نووسەری پەرتووکەکەن چ لە ئاستی ناوخۆیی، چ هەرێمایەتی و چ نێودەوڵەتی.

 

ڕووداوە گرنگەکانی ناو پەرتووکەکە

ئەگەرچی گشت گێڕانەوە و ڕووداوەکانی پەرتووکەکە گرنگن، بەڵام نووسەری ئەم گوتارە هەوڵدەدات بە تێگەیشتنی خۆی تیشک بخاتە سەر کۆمەڵێک
ڕووداو.

لە لاپەڕە ٢٢، نووسەر باس لە کۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵێک لایەنی عێراقی و شاندێکی ئێرانی دەکات بە ناوی ”کۆبوونەوەی دیانا” لە ڕێککەوتی ٣ی شوباتی ٢٠٠٣، لە بارەگای لقی ١٠ی پارتی؛ واتە بەر لە ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حوسێن. ئەوەی جێگەی تێڕامانە پێکهاتەی شاندی ئێرانن، کە لە پێنج کەس پێکهاتوونە و چوار کەسیان سەر بە سوپای پاسدارانن. واتە لە کەرتی سەربازیی و ئەمنی کار دەکەن. ئەمەش بەو مانایە دێت، کە بۆ ئێران، هەرێمی کوردستان و مافەکانی گەلی کورد پێش ئەوەی کە مافێکی سیاسی و مەدەنی بێت، بەچاویلکەی سەربازی و ئەمنی هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت. هەر بۆیەش دەتوانین بڵێین کە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، کە دراوسێیەکی گرنگی هەرێمی کوردستانە، تا ڕادەیەک سەختە. هەروەها گشت ئەو لایەنانەی کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوونە، بە شاندی چەند کەسی بەشداربوونە، تەنیا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەبێت کە مام جەلال بە تەنیا و بەبێ هاوڕێیەتی هیچ کەسێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی تێدا بەشداربووە.

لە لاپەڕە ٣٦ و ٣٧، نووسەر باس لە ”سەردانی نوێنەری پێنتاگۆن بۆ کوردستان” دەکات، کە لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەتەوە. کۆبوونەوەکە لە سەروبەندی ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێندا بووە. لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری پێنتاگۆن دەڵێت ”هەزار دەمامک (ماسک)ی دژی کیمیاییمان هێناوە بۆ خیزانەکانتان و سەرکردایەتی”. ئەمەش لە کاتێکدا بووە کە گوایە لە ئەگەری دەستپێکردنی جەنگ دژی سەدام حوسێن، ئەگەر هەیە لە دژی کورد چەکی کیمیایی بەکاربهێنرێتەوە. وەڵامی مەسعوود بارزانی، نووسەری پەرتووکەکە جێگەی شانازییە، کە دەڵێت ”ئەوانیش بۆ خۆتان ببەنەوە، ئەگەر چەکی کیمیایی بەکارهێنرا و گەلەکەمان قڕبوون یان کوژران بۆچی ئێمە زیندوو بین؟”. نووسەر، ئاماژە بەوە دەکات، کە گشت دامودەزگاکانی ئاگادارکردووەتەوە کە هیچ ماسک و دەمامکێک وەرنەگرن.

 

لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری پێنتاگۆن دەڵێت ”هەزار دەمامک (ماسک)ی دژی کیمیاییمان هێناوە بۆ خیزانەکانتان و سەرکردایەتی”

 

لە لاپەڕە ٤٦ نووسەر، ئاماژە بە یارمەتییەکانی ئەمریکا دەکات بۆ هێزی پێشمەرگە لە کاتی ڕووخانی ڕژێمی بەعس، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە یارمەتییەکان بۆ هاوپەیمانێکی گرنگی وەک کورد لە جەنگی دژی سەدام حوسێن زۆرتر سیمبولیکە تا یارمەتیدانی ڕاستەقینە؛ بۆ نموونە، هاوەن ١٢٠ ملم تەنیا یەک دانە. ڕەشاشی بی کەی سی ١٦ دانە، دۆشکا ٦ دانە و بڕیکیتر لە چەک و تەقەمەنی. خودی نووسەر ئاماژە بەوە دەدات، کە بڕ و جۆری ئەو چەکانە ئەوە نەبوون، کە پێشتر ئەمریکا بەڵێنی دابوو بۆ هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دابینی بکات.

ڕووخانی رژێمی سەدام بووە هۆی ئەوەی کە تورکیا هەست بە مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی خۆی بکات، ئەگەرچی هیچ کاتێک هەرێمی کوردستان مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا دروست نەکردووە. تورکیا هەوڵیدا دەستێوەردانی سەربازی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامبدات و پارێزگاکانی مووسڵ و کەرکووک بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە، کە ئەمەش بەرپەرچدانەوەی توندی سەرکردایەتی سیاسیی کوردی لێکەوتەوە. نووسەر لە لاپەڕە ٤٩ ئاماژە بەوە دەکات کە لە ڕێککەوتی ٢٨ی ئازاری ٢٠٠٣، زەلمای خەلیلزاد و جەنەراڵ برود وتری لە سەلاحەدین بینیوە. خەلیلزاد ئاماژەی بەوە کردووە، کە هەستیاری کورد ڕێگر بووە لە هاتنی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان. بەڵام هاوکات تورکیا داوای کردبوو کە پێشمەرگە نەچیتە ناو مووسڵ و کەرکووک.

لە لاپەڕە ٦٤ نووسەرە ئاماژە بەوە دەدات، کە چۆن دواتر خودی ئەمریکییەکان ئەم داواکارییانەی تورکیایان جێبەجێکرد، کاتێک کە هێزە ئەمریکییەکانیان لە فڕۆکەخانەی سەربازی حەریر بۆ مووسڵ و کەرکووک گواستەوە و سەرکردایەتی سیاسیی کوردیشیان ئاگادار کردووتەوە، کە نابێ پێشمەرگە بچێتە ناو مووسڵ و کەرکووک. کەواتە دەتوانین بڵێین کە ئەو هێزە ئەمریکییانەی لە فڕۆکەخانەی حەریر جێگیرکرابوون، هەر لە بنەڕەتەوە بۆ ئەو ناوچە کوردییانە هاتبوون، کە دواتر بە ناوچە جێناکۆکەکان لە دەستوردا ئاماژەی پێدراوە.

 

ئەو هێزە ئەمریکییانەی لە فڕۆکەخانەی حەریر جێگیرکرابوون، هەر لە بنەڕەتەوە بۆ ئەو ناوچە کوردییانە هاتبوون

 

لە لاپەڕە ٦٧ نووسەر، ئاماژە بە کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ جەنەراڵێکی تورک بە ناوی ئایتاج پاشا دەکات. ئەم کۆبوونەوەیە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس بووە. جەنەڕاڵە تورکەکە کۆمەڵێک پرسیاری ئیستیفزازی دەپرسێت و دەڵێت (ئێوە چەکیکی زۆرتان کۆ کردووەتەوە، ئەم چەکەتان بۆ چییە و بە چ مەبەستێک سوودی لێ وەردەگرن؟) دواتر دەڵێت هزرم دەکردەوە، کە بۆ لێدانی تورکمانەکان بێت یاخود لە دژی تورکیا بەکار بهێنرێت. سەرۆک مەسعوود بارزانی وەڵامێکی توندی دەداتەوە و کۆتایی بە کۆبوونەوەکە دێنێت و دەڵێت ”…. هیوادارم کەسانی وەک ئێوەمانان لە تورکیا دەسەڵات نەگرنە دەست، بۆ ئەوەی ناچار نەبین چەک لە دژیان بەکاربێنن. دواتر پێم ڕاگەیاند، ببورە کۆبوونەوەکە تەواو”. هاوکات باس لەوە دەکات، کە لە ڕێککەوتی ١٩ی نیسانی ٢٠٠٣، سەردار جەعفەری سەردانی دەکات؛ بەڵام لە خاڵە باسکراوەکانی ئەم کۆبوونەوەیە کە لە پەرتووکەکەدا ئاماژەی پێکراوە، وەها دەردەکەوێت، کە ئێران بە بەراورد بە تورکیا زۆر پراگماتیزمانە سیاسەتی کردووە و بە وردی خوێندنەوەی بارودۆخی عێراقیان کردبوو، تەنانەت ئامادە بوونە لەسەر پێشنیازی جەلال تاڵەبانی، کۆماری ئیسلامی ئێران لێبووردنی گشتی بۆ موجاهدینی خەلق دەربکات. سەردار جەعفەری لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بە کۆمەڵێک ئەگەر بۆ داهاتووی عێراق دەکات. نووسەر لە دوایین دێڕی لاپەڕە ٦٩دا دەڵێت ”بەداخەوە، دواتر بە عەمەلی بینرا، کە بەشی زۆری بۆچوون و پێشبینییەکانی جەعفەری ڕاست دەرچوون”.

ئەوەی کە بۆ من جێگەی سەرنج و تێڕامان بوو لە کاتی خوێندنەوەی ئەم پەرتووکە، بریتیبوو لە چەمکی ”خۆکوژی”. نووسەر لەبری شەڕی ناوخۆی یەکێتی و پارتی، کە لە ساڵانی ١٩٩٤-١٩٩٨ هەڵگیرسا و لە کۆمەڵگادا بە شەڕی ناوخۆیی یان شەڕی براکوژی ناسراوە، نووسەر چەمکی ”خۆکوژی” بەکاردێنێت. ئەمەش ماناییەکی قووڵ دەدات، کە نووسەر وەک سەرکردەیەکی گەورەی کورد، بڕوای بەوە هەیە، کە شەڕ لەگەڵ لایەنێکیتری کورد، شەڕێکی خۆکوژییە. هەر بۆیەش دواتر ڕشتنی خوێنی کوردی بە دەستی کورد حەرام کرد.

لە بەردەوامی گێڕانەوەی ڕووداوەکان، نووسەری پەرتووکەکە، باس لە کۆبوونەوەی شاندی پارتی و یەکێتی لەگەڵ جەنەڕاڵ گارنەر لە ڕێککەوتی ٢٢ی نیسانی ٢٠٠٣ دەکات (لاپەڕە ٧٣ تا ٧٧)، لە کۆبوونەوەکەدا مەسعوود بارزانی کۆمەڵێک خاڵ دەخاتە بەردەم جەنەڕاڵ گارنەر، یەکێک لە خاڵەکان بریتیبوو لە ”مامەڵە لەگەڵ دامەزراوە یاساییەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت (ل٧٦)”. ئەوەی جێگەی سەرنجە، لە ڕاستیدا ئەم خاڵە دواتر لە دەستوری هەمیشەیی عێراق وەک ماددەی ١٤١ جێگیر دەبێت بەوەی کە حکوومەتی عێراق دان بە گشت ئەو یاسا و گرێبەستانەدا دەنێت، کە لە ساڵی ١٩٩٢ەوە لە هەرێمی کوردستان بەرکاربوونە.

لە لاپەڕە ٨٧ نووسەر ئاماژە بە یەکەم کۆبوونەوە لەگەڵ پۆل بریمەر لە بەغدا دەکات. لەم کۆبوونەوەی پۆل بریمەر دەڵێت من (وەک حاکمی مەدەنی هاتووم و هەموو دەسەڵاتێکم هەیە، بەڵام داوا دەکەم لێژنەیەک لە سەرکردەکانی هێزە سیاسییەکان پێکبهێنرێت وەک ڕاوێژکار.) نووسەر وەک سەرکردەیەکی کوردی ئامادەبوو لەم دانیشتنەدا بە بریمەر دەڵێت ”من لە شوێن و بە نوێنەرایەتی خۆم قسە دەکەم. من ڕاوێژکاری کەس نابم. من دەگەڕێمەوە هەولێر. ئەگەر جەنابیشت ئیش و کارێکتان هەبوو، ئێمە لەوێین”. دواتر مەسعوود بارزانی یەکسەر دەگەڕێتەوە هەولێر و لە بەغدا نامێنێتەوە.

 

من لە شوێن و بە نوێنەرایەتی خۆم قسە دەکەم. من ڕاوێژکاری کەس نابم. من دەگەڕێمەوە هەولێر. ئەگەر جەنابیشت ئیش و کارێکتان هەبوو، ئێمە لەوێین

 

لە لاپەڕە ٨٩ نووسەری پەرتووکەکە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمریکا و بەریتانییەکان داوایان لە پارتی و یەکێتی کرد هاوکاریان بن بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی حوکمی عێراق. بۆ ئەم مەبەستەش لە ڕێککەوتی ٢٦ی تەمووزی ٢٠٠٣ مەکتەبی سیاسیی پارتی کۆدەبێتەوە و کۆمەڵێک خاڵ دەخاتەڕوو سەبارەت بە چۆنییەتی پێکهێنانی ئەنجوومەنی حوکم. ئەوەی جێگەی سەرنجە، بریتییە لەوەی کە پارتی داوا دەکات ”لە پەیڕەوی ناوخۆدا دەنگدان بە زۆرینەی سادە و بۆ بڕیارە گرنگەکانیش بە دوو لەسەر سێی دەنگەکان بێت”. لە ڕاستیدا دواتر ئەم بڕیارە لە زۆرێک لە ماددەکانی دەستور و لە کاری پەرلەمانیدا جێگیر دەکرێت.

لە لاپەڕە ٩١ نووسەر ئاماژە بە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پۆل وۆلف ویتز، جێگری وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەدات کە لە ڕێککەوتی ٢٠ی تەمووزی ٢٠٠٣، سەردانی سەلاحەدینی کردووە. یەکێک لە خاڵەکان کە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی لەسەر کراوە بریتییە لە بابەتی ”فیدراڵی و عێراقی نوێ لەسەر بنەمای یەکێتی ئارەزوومەندانە”. ویتز بەڵێن دەدات بەپێی توانای هاوکاریی بکات. دواتر دەبینین کە ئەم خاڵە دەبێتە یەکێک لە دێڕە بنەڕەتییەکانی دەستوری هەمیشەیی عێراق و لە دیباجەدا ئاماژەی پێدەدرێت. هەر لەسەر بنەمای ئەم دێڕەش بوو، کە توانرا گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت.

لەلاپەڕە ٩٢ نووسەر ئاماژە بە هەنگاوەکانی نووسینەوەی دەستور بۆ قۆناغی ئینتیقالی دەدات و ئاماژە بەوە دەکات کە لایەنە سیاسییەکان داوا دەکەن لە ناو دەستور بنووسرێت دەستوری ئینتیقالی، بۆ ئەوەی کە لەلایەن عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەکانی عێراق دژایەتی نەکرێت. لە ڕاستیدا، لە سەرتاسەری پەرتووکەکە نووسەر ئاماژە بەوە دەدات، کە پێگەی سیستانی لە ناو شیعە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان و دەرکردنی بڕیارەکان ڕۆڵی یەکلاکەرەوە بووە. بۆ نموونە، لە لاپەڕە ١٣٨-١٤٠ نووسەر ئاماژە بە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیاری ١٥٤٦ دەکات، سەرکردایەتی کورد داوا دەکات هەم لە بڕیارەکە و هەمیش لە گوتاری جۆرج بوش، سەرۆکی ئەوکاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ئەنجوومەنەکەدا ئاماژە بە یاسای بەڕێوەبردنی وڵات بدرێت و لە بڕیارەکەدا بنووسرێت (عێراقی دیموکراتی فیدراڵی یەکگرتوو). هەروەها لە ڕێککەوتی ٦ی حوزەیرانی ٢٠٠٤ غازی یاوەر لە ئەمریکا چاوی بە جۆرج بوش کەوتووە و بوش ڕایگەیاندووە، کە لەبەر سیستانی ئەم داواکارییە نەخراوەتە ناو بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش و دواتر لە بڕیارەکە باس لە یاسای بەڕێوەبردنی وڵات نەکرا. هەروەها لە لاپەڕە ١٤٦ نووسەر باس لە سەردانی شاندێکی ئێرانی دەکات بۆ سەلاحەدین لە ڕێککەوتی ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٠٤. شاندی ئێرانی داوای پێکەوەکارکردنی کورد و لایەنە شیعەکانی عێراق دەکات. نووسەر لە لاپەڕە ١٤٨ دەڵێت کە بە شاندی ئێرانی گوتووە پێویستە ”سەرەتا لێکتێگەیشتنێک هەبێت و بزانین ئایا هەمووان بە ناسنامەی عێراقی فیدراڵی، دیموکراتی،… یاسای بەڕێوەبردنی وڵات پابەندن؟ بەڵام دیاربوو بە هۆی فەتوای سیستانییەوە و لە ڕوودامابوون و لە هەڵوێستێكی موحریجدا بوون”. لە لاپەڕە ١٣٦-١٣٧ دەقی بەیاننامەی سیستانی هاتووە ،کە دەڵێت ”حکوومەتی نوێ، واتە حکوومەتی ئینتیقالی، لەلایەن خەڵکەوە قبوڵ ناکرێت”.

لە لاپەڕە ١١١-١١٢دا نووسەری پەرتووکەکە باس لە هەڵوێستی شیعەکان لەبەرانبەر کورد دەدات و ئاماژە بە یەکەم پاشگەزبوونەوەی شیعەکان لە بەڵێنەکانیان دەدات، ئەویش لە نووسینی ”یاسای بەڕێوەبردنی وڵات” دەدردەکەوێت. نووسەر دەڵێت ”ڕۆژی ٢٩ی شوباتی ٢٠٠٤، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی حوکمدا، ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر یاساکە کرا و بڕیاردرا ڕۆژی ٣ی ئازاری ٢٠٠٤ یاساکە ئیمزا بکەین”. بەڵام ڕۆژی دواتر تەقینەوەک ڕوویدا و کارەکە بۆ ٥ی ئازاری ٢٠٠٤ دواخرا، بەڵام شیعەکان لە بەڵێنەکانیان پاشگەزبوونەوە و داوای هەموارکردنەوەی یاسای بەڕێوەبردنی وڵاتیان دەکرد بۆ ئەوەی کە خاڵی (ج) لە ماددەی ٦١ی یاساکە لابدرێت. ماددەکە دەڵێت ”ڕیفراندۆم سەرکەتوو دەبێت، و ڕەشنووسی دەستور پەسەند دەکرێت؛ لەگەڵ پەسەندکردنی زۆرینەی دەنگدەرانی عێراق و ئەگەر دوو لەسەر سێی دەنگدەرانی سێ پارێزگا یان زیاتر ڕەتی نەکەنەوە”.

 

تەقینەوەک ڕوویدا و کارەکە بۆ ٥ی ئازاری ٢٠٠٤ دواخرا، بەڵام شیعەکان لە بەڵێنەکانیان پاشگەزبوونەوە و داوای هەموارکردنەوەی یاسای بەڕێوەبردنی وڵاتیان دەکرد

 

لە لاپەڕە ١١٦ نووسەر ئاماژە بە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی لە ئەنجوومەنی حوکم دەکات. سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ ئەوەی کە ببێتە سەرۆکی ئەنجوومەنی حوکم کۆمەڵێک مەرج دەخاتە بەردەم بریمەر؛ دوو لە مەرجەکان بریتین لە:

”-پاسەوانەکانی بارەگای ئەنجوومەنی حوکم پاسەوانی خۆم بن، نەک پاسەوانەکانی کۆمپانیای سێکوریتی.

-هەر بڕیارێکی ئەنجوومەنی حوکم من ئیمزای بکەم، تۆ ڕەتی بکەیتەوە، یەک ڕۆژ لە بارەگای ئەنجوومەنی حوکم دەوام ناکەم و دەگەڕێمەوە کوردستان”.

بەریمەر هاوکار دەبێت. ئەمە لە کاتێکدایە پێش ئەوەی کە مەسعوود بارزانی ببێتە سەرۆکی ئەنجوومەنی حوکم، ئەنجوومەنی حوکم ١١٣ بڕیاریان ئیمزاکردبوو، کەچی بریمەر ٩٧ بڕیاری پێشێل کردبوو.

لە لاپەڕە ١٦٠-١٦١ نووسەر ئاماژە بە ناکۆکییەکانی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەدات لەسەر زاری مام جەلال. ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەسەر دەستی نەوشیروان مستەفا و کۆسرەت ڕەسووڵ یاداشتنامەیەکیان ئاڕاستەی مام جەلال کردبوو، کە گوایە تەنازولی بۆ مەسعوود بارزانی کردووە. ئەگەرچی بە قسەی مام جەلال کۆسرەت و نەوشیروان لە کارەکەیان پەشیمان بوونەتەوە. مام جەلال بە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی دەڵێت، رێگە نادەم ”تووشی هیچ شەڕێکی ترم بکەنەوە لەگەڵ پارتی”.

لە لاپەڕە ١٦٨ نووسەر ئاماژە بە هەمان دۆخ دەکاتەوە، واتە لە ساڵی ٢٠٠٥ و لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی بەغدا و پێکهێنانی حکوومەتی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی بۆ هاوهەڵوێستبوون لەبەرانبەر ڕووداو و پێشهاتەکان. نووسەر لەسەر زاری فەخری کەریم کە لەلایەن مام جەلال بووە، دەڵێت ”کۆسرەت ڕەسوڵ بەنیاز بوو، ڕۆژی ٣٠ کانوونی دووەمی ٢٠٠٥ لە هەولێر کێشە بنێتەوە و تێکی بدات، بەڵام مام جەلال ڕاشکاوانە پێی گوتبوون، ”تا ئێستا ستارە و قەڵغانتان بووم، بەڵام لەمەوبەدوا هەڵوێست وەردەگرم”. نووسەر سەر لە نوێ لە ١٨٦-١٩٠ باس لە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکاتەوە بەتایبەتیش لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان. ئەو دەڵێت دوای هەر کۆبوونەوەیەک لە نێوان مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی بەشێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ١٨٠ پلە لە هەڵوێستیان پاشگەز دەبوونەوە و گرفتیان بۆ پڕۆسەی پێکهێنانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دروست دەکرد و گوشاریان دەخستە سەر مام جەلال. نووسەر بەردەوام دەبێت و دەگێڕێتەوە کە مام جەلال هاتە لام و ”سوێندی خوارد ئەگەر بە پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕازی نەبم، ناچێتە بەغدا و واز لە پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دێنێت”.

 

دوای هەر کۆبوونەوەیەک لە نێوان مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی بەشێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ١٨٠ پلە لە هەڵوێستیان پاشگەز دەبوونەوە

 

مام جەلال باس دەکات، کە زۆربەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پاڵپشتی مام جەلال دەکەن، ”بەڵام نەوشێروان مستەفا و حەمە تۆفیق بە تەواوەتی دژن و عوسمانی حاجی مەحموود ڕاڕایە و یەکلا نەبووەتەوە”. مام جەلال دەڵێت ”نەوشێروان مستەفا ئێستا دەنگۆی ئەوە بڵاودەکاتەوە، گوایە ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە جامانە سوورەکان دێنە ناو سلێمانی و داگیری دەکەن”.

هەمدیس لە لاپەڕە ١٩٦-٢٠١ باس لە نووسینەوەی پڕۆژەی دەستوری هەرێمی کوردستان دەکات لە ساڵی ٢٠٠٩، کە چۆن  بەربەست لەبەردەم ڕەشنووسی دەستور دروست دەکریت بۆ دووبارە داڕشتنەوە و هەموارکردنەوەی دەستوری هەرێمی کوردستان، ئەگەرچی دواجار بە دەنگی ٩٥ ئەندام پەرلەمان پڕۆژەکە پەسەندکرا. بەڵام لە ساڵی ٢٠١٢، بزووتنەوەی گۆڕان بە نهێنی لەگەڵ یەکێتی ڕێکدەکەون بۆ دووبارە داڕشتنەوە و هەموارکردنەوەی دەستور. کەچی مەبەستی سەرەکی کۆبوونەوەکان وەک سالار عەزیز لە کۆبوونەوەکەدا دەڵێت ”پێویستە حەدێک بۆ هەڵسوکەوتیان دابنێن”، واتە بۆ پارتی. خودی نەوشێروان مستەفا (ل١٩٩) دەڵێت ”مەترسیی ئەوەمان هەیە کە عائیلەی بارزانی بەم سیستەمە سەرۆکایەتییە کۆنتڕۆڵی کوردستان بکەن……. بەم شێوەیە بڕوا و سەرۆکی هەرێم لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرێت تا بیست ساڵی تر حوکم دەکەن و دەبەنەوە”.

دواتر نووسەری پەرتووکەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەر ڕووداوە سیاسییەکانی بەغدا؛ لە لاپەڕە ١٧٧ نووسەر باس لە ساڵی ٢٠٠٥ و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی عێراق دەکات و ئاماژە بە ڕۆڵی سوریا و ئێران دەدات لە تێکدانی سەقامگیریی عێراق و هاندانی تیرۆریستان بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی، دەتوانین بڵێین دواجار هەر ئەو تیرۆریستانەی کە بەشار ئەسەد لە دژی عێراق و هەرێمی کوردستان پشتیوانیانی دەکرد بەرۆکی خودی سوریا و بەشار ئەسەدیان گرت و تا ئێستاش بەرۆکیان بەرنەداوە.

 

دواجار هەر ئەو تیرۆریستانەی کە بەشار ئەسەد لە دژی عێراق و هەرێمی کوردستان پشتیوانیانی دەکرد بەرۆکی خودی سوریا و بەشار ئەسەدیان گرت

 

لە لاپەڕە ١٨١ نووسەر ئاماژە بە دووبارە پاشگەزبوونەوە و پێشێلکارییەکانی شیعە دەدات. نووسەر ئاماژە بە سوێندخواردنی یەکەم کابینەی دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن واتە کابینەی نوێ دەدات کە لەلایەن ئیبراهیم جەعفەری وەک سەرۆکوەزیران پێکدەهێنرا کەچی خودی ئیبراهیم جەعفەری تەنانەت سوێندخواردنەکەشی دەستکاری کردبوو بە شێوەیەک کە دژایەتی گەلی کوردستان و سیستەمی دیموکراتی بکات.

لە بەشی نۆیەمی پەرتووکەکەدا نووسەر دێتەوە سەر پرسی عێراق و نووسینی دەستوری فیدراڵی. نووسەر باس لە ناکۆکی قووڵی نێوان شیعە و سووننە دەکات و هاوکات هەر دوو لایەن لەگەڵ کوردیش کێشەیان هەبوو. نووسەر لە لاپەڕە ٢١٦-٢٢٠ ئاماژە بەوە دەدات کە کێشەی سەرەکی لەگەڵ عەرەبی سووننە لەسەر بڕگەی (عێراق بەشێکی جیانەکراوەیە لە نەتەوەی عەرەب) بووە و پێداگری و هەڕەشەیان دەکرد و تەنانەت وڵاتانی عەرەبی و عەمرمووسا سەرۆکی کۆمکاری عەرەبی، و خودی جۆرج بوشی سەرۆکی ئەمریکا ناچار بوو لەسەر ئەم بابەتە بێتە سەر هێڵ و داوای لە مەسعوود بارزانی کردبوو بەم بڕگەیە ڕازی بێت. نووسەر ئاماژە بەوە دەدات، کە خودی شیعەکانیش دژی ئەم بڕگەیە بوون، بەڵام کاتێک بینیان کورد دژی ئەم بڕگەیە هەڵوێستیان وەرگرتووە، ئەوان بێدەنگیان نواند و شەڕەکەیان بۆ کورد بەجێهێشت. لێرەدا سەرکردایەتی کورد پێشنیاز دەکات کە بنووسرێت (عەرەب لە عێراق بەشێکە لە نەتەوەی عەرەب).

 

خودی شیعەکانیش دژی ئەم بڕگەیە بوون، بەڵام کاتێک بینیان کورد دژی ئەم بڕگەیە هەڵوێستیان وەرگرتووە، ئەوان بێدەنگیان نواند و شەڕەکەیان بۆ کورد بەجێهێشت

 

هەر لە بارەی نووسینەوەی دەستوری عێراق، نووسەر ئاماژە بەوە دەدات کە شەوی ١٢ لەسەر ١٣ی ئابی ٢٠٠٣، لەگەڵ لایەنە شیعەکان لە کۆی ١٢ خاڵ لەسەر ٩ خاڵ ڕێککەوتن و ٣ خاڵەکەیتر بۆ ڕۆژی دواتر بەجێما بۆ گفتوگۆکردن، جونکە گفتوگۆکان درێژەی خایاند و نیوە شەو بوو و هەموویان ماندوو بووبوون. کەچی ڕۆژی دواتر لایەنە شیعەکان نکوڵیان کرد کە ڕێککەوتوون و تەنیا گفتوگۆیان لەسەر خاڵەکان کردووە. نووسەر ئاماژە بەوە دەدات و دەڵێت من (مەسعوود بارزانی) گوتم باشە ڕێکنەکەوتووین تەنیا گفتوگۆمان کردووە، کەواتە لەسەر کۆی گشتی گشت ماددە و خاڵەکانی دەستور ڕێکنەکەوتووین و سەرلەنوێ گفتوگۆ دەکەینەوە. دوای ئەمە نەدیم جابری دەڵێت ”ئەشهەدوبیللا شەوی ڕابردوو ڕێککەوتن کرا و ڕێککەوتبووین، بەڵام پەشیمان بووینەتەوە”.

نووسەر لە لاپەڕە ٢٢٠ دەڵێت ”بۆ مێژوو بڵێم کە هەڵوێستی شاندی کوردستانی، هەڵوێستێکی بەرز و بەرپرسانە و زۆر بەهێز بوو و بووە جێی سەرسووڕمانی هەموو لایەنەکان…. هەردوو نوێنەرەکانمان (د. ڕۆژ و نەوشیروان مستەفا) زۆر بە باشی و ڕێکوپێکی ڕۆڵی خۆیان بینی”.

لە لاپەڕە ٢٢٩ نووسەر، باس لە ڕووداوێکی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکات، کە لە شاری دهۆک ڕوویداوە و ئەویش سوتاندنی بارەگای یەکگرتووی ئیسلامی بووە. نووسەر وەک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەهێزترین کەسایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات کە هەم هێرشکردنەکە کارێکی خراپ بوو، هەمیش هێرشەکانی یەکگرتوو زۆر ئیستیفزازی بوون. بەڵام لەمانە گرنگتر نووسەر ئاماژە بەوە دەدات، کە ”پێویستە بگوترێت پارتی لەمبارەوە کەمتەرخەمی کردبوو. پێویست بوو ڕێگە لە هێرش بۆ سەر بارەگاکانی یەکگرتوو بگرێت”. لە ڕاستیدا دانپێدانان بە کەمتەرخەمی، گەورەیی کەسەکە دەردەخات.

لە لاپەڕە ٢٣٢ نووسەر باس لە سەردانی یەکەم شاند بۆ هەرێمی کوردستان دەکات لە دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٥ی پەرلەمانی عێراق. یەکەم شاند، شاندێکی ئێرانی بووە کە لە ڕێککەوتی ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٥ سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو؛ هەروەک جارانی پێشوو شاندەکە لە کەسایەتی سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران پێکهاتبوو. ئەوەی جێگەی تێڕامان بێت ئێران لیستی تەوای پاڵێوراوەکانی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و تەنانەت وەزارەتەکانیش دیاری دەکرد و هەر ئەو کەسانە دەبوونە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، کە ئێران دیاری دەکرد و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان ڕۆڵی ئەتۆی نەبووە.

 

ئێران لیستی تەوای پاڵێوراوەکانی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و تەنانەت وەزارەتەکانیش دیاری دەکرد و هەر ئەو کەسانە دەبوونە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران

 

ڕووداوێکی گرنگ کە نووسەر لە لاپەڕە ٢٦٥ ئاماژەی پێدەدات بریتیبووە لە هەڵوێستی عەرەبی سووننە لە ناو پەرلەمانی عێراق لەبەرانبەر کوردەکان. بەپێی ڕێککەوتنی نێوان کورد و سووننە کوردەکان دەنگیان بە ئوسامە نوجەیفی دا و وەک سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا، کە بەربژێری سووننەکان بووە بۆ ئەم پۆستە. بەڵام لە کاتی دەنگدان بۆ پاڵێوراوی کوردەکان، واتە جەلال تاڵەبانی، بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، سووننەکان هۆڵی پەرلەمانیان بەجێهێشت و دەنگیان بە بەربژێری کوردەکان نەدا، تەنیا چەند ئەندام پەرلەمانێکی کەمی سووننە نەبێت کە هۆڵەکەیان بەجێنەهێشت.

لە لاپەڕە ٢٧٠-٢٧٢ نووسەر باس لە نەخۆشکەوتنی مام جەلال دەکات لە شەوی ١٧ لەسەر ١٨ کانوونی دووەمی ٢٠١٢ کە لە دوای سەردانی مالیکی بۆ لای مام جەلال و ڕۆیشتنەکەی، مام جەلال تووشی جەڵتەی مێشک دێت. نووسەر لە زۆربەی لاپەڕەکان ئاماژە بە ناکۆکی قووڵی نێوان جەلال تاڵەبانی و نوری مالیکی دەدات. دوای ئەم ڕووداوە، نێچیرڤان بارزانی لە ڕێگەی تەلەفونەوە مەسعوود بارزانی لە نەخۆشکەوتنی مام جەلال ئاگادار دەکاتەوە و مەسعوود بارزانیش، نێچرڤان بارزانی ڕادەسپێرێت کە گشت ڕێکارە پێویستەکان بگرێتەبەر و تیمێکی پزیشکی لە ئەڵمانیا بێنیت بۆ گواستنەوەی مام جەلال بۆ ئەڵمانیا. هەروەها نێچیرڤان بارزانی ڕادەسپێرێت کە شەو و ڕۆژ بەدواداچوون و چاودێری کارەکانی پێوەست بە چارەسەرکردنی مام جەلال بکات. نووسەر ئاماژە بەوە دەدات کە نێچیرڤان بارزانی هەموو ئاسانکارییەکی کرد و تەرتیباتی پێویستی گرتەبەر.

نووسەری پەرتووکەکە دواتر لە لاپەڕە ٢٨٧، دێتە سەر بابەتی پێشمەرگە و دەستوری عێراق لەم بارەیەوە. نووسەر ئاماژە بەوە دەدات، کە سەرەڕای گشت ڕێککەوتنەکان لەگەڵ حکوومەتی بەغدا و لایەنە شیعەکان و واژۆکردنی ڕێککەوتنەکانیش سەبارەت بە بودجە و دابینکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ پێشمەرگە و پشکی پێشمەرگە لە مەنزومەی بەرگری عێراق، بەڵام بەغدا لە گشت بەڵێنەکانی پاشگەز بووەوە و تەنانەت قەناعەتیان بە ئەمریکییەکانیش هێنابوو کە یارمەتی هێزی پێشمەرگە نەدەن. بۆیە ئەوان وەک سەرکردایەتی سیاسیی کورد، ناچاربوونە لە ڕێگەی ترەوە چەک بۆ پێشمەرگە دابین بکەن.

 

بەغدا لە گشت بەڵێنەکانی پاشگەز بووەوە و تەنانەت قەناعەتیان بە ئەمریکییەکانیش هێنابوو کە یارمەتی هێزی پێشمەرگە نەدەن

 

بە هەمان شێوە نووسەر لە لاپەڕەکانی ٢٨٧-٢٩٠ باس لە سێ تەوەری سەرەکی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات، کە بریتین لە پرسی یاسای نەوت و گاز، بودجە و مادەی ١٤٠. بەڵام لە گشت گفتوگۆکان وەها دەردەکەوێت کە لایەنە شیعەکان لە دژی هەر بابەتێک بوونە، کە مافی هەرێمی کوردستان بێت یاخود ببیتە هۆی بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان. سەبارەت بە ماددەی ١١٢ی تایبەت بە نەوت و گاز نووسەر دەڵێت لە سەر وشەیەک تووشی ناکۆکی بوون. شیعەکان وشەیەکی ماددەکەیان گۆڕیبوو. واتە لە بری وشەی (معا) وشەی (بالتنسیق) نووسرابوو. نووسەر دەڵێت دوای گفتوگۆیەکی زۆر لەسەر یاسای نەوت و گاز ڕێککەوتین و پاشکۆیەک لە ڕێککەوتنەکەدا نووسرا ”کە ئەگەر هەتا مانگی ئایاری ٢٠٠٧ یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمان پەسەند نەکرا، هەر لایەنێک مافی ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکانی نەوتیان هەیە”. کەواتە بەپێی ئەم پاشکۆیە بێت گشت ڕێککەوتنە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان یاسایی بوونە.

لە لاپەڕە ٣١٤ نووسەر باس لە کێشەکانی تایبەت بە پرسی بودجە دەکات. ئەوەی جێگەی تێڕامانی هەوڵی دوو سەرکردەی کورد بوونە بۆ بڕینی بەشە بودجە و سەرچاوە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا. نووسەر ئاماژە بەوە دەکات، کە لایەنە ئیسلامییەکانی شیعە هەوڵیان دەدا کە ڕێگەیەک بدۆزنەوە کە بودجەی هەرێمی کوردستان ببڕدرێت یاخود وەها کەم بکرێتەوە، کە هیچ سوودێکی بۆ هەرێمی کوردستان نەبێت. نووسەر ئاماژە بەوە دەدات کە سەبارەت بە بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان ”عادل موراد ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، سەردانی نوری مالیکی و هاوپەیمانیی نیشتمانی کردبوو و پێشنیازی کردبوو کە بودجەی هەرێمی کوردستان ببڕدرێت بۆ ئەوەی پارتی تووشی شکست بێت. دوابەدوای ئەوە، بەرهەم ساڵح ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، پێشنیازی بۆ مالیکی کردبوو، هێز دژی هەرێمی کوردستان بەکاربێنێت و بە زەبری هێزی سەربازیی نەوتی کوردستان لە دەست هەرێمی کوردستان دەربهێنێت”. کێشە ناوخۆییەکان بەم شێوەیە لە نیوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بەردەوام دەبن.

 

لایەنە ئیسلامییەکانی شیعە هەوڵیان دەدا کە ڕێگەیەک بدۆزنەوە کە بودجەی هەرێمی کوردستان ببڕدرێت یاخود وەها کەم بکرێتەوە، کە هیچ سوودێکی بۆ هەرێمی کوردستان نەبێت

 

دواتر نووسەر لە لاپەڕە ٣٧٤، باس لە یەکهەڵوێستی کوردەکان دەکات. نووسەر دەڵێت لە ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٠٧ بانگێشتی کۆنفڕانسی سۆشیال دیموکراتەکان کراوە و لەوێ چەندین کەسایەتی جیهانی ئامادە بوونە و شاندی پارتی کۆماریی تورکیا بە سەرۆکایەتی دنیز بایکال تێدا بەشدار بوونە. نووسەر دەڵێت کاتێک کە مام جەلال گوتاری پێشکەش کرد، دنێز بایکال وەک ناڕەزایەتی هۆڵەکەی بەجێهێشت. نووسەر دەڵێت مام جەلالم ئاگادار کردەوە هەر کات دەنیز بایکال گوتاری پێشکەش کرد هۆڵەکە بەجێدێڵین. لە کاتی پشکەشکردنی گوتاری مام جەلال تەنیا شاندەکەی دنیز بایکال چوونە دەرەوە، بەڵام کاتێک دنیز بایکال گوتاری پێشکەش کرد، گشت پارتە کوردییەکان و دۆستە بیانییەکان کە نزیکەی نیوەی هۆڵی کۆنفرانسەکە بوونە، هۆڵەکەیان بەجێهێشتووە. لە ڕاستیدا ئەمەش نیشانەی بەهێزی کوردە لە کاتی یەک هەڵوێستی و یەک گوتارییدا.

لە لاپەڕە ٣٩٠-٣٩٣، نووسەر دێتە سەر بابەتێکی گرنگ کە پەیوەستە بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، دوای ماوەیەکی درێژ لە گرژی و ناکۆکی. بۆ ئەم مەبەستە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعوود بارزانی، لە ڕێککەوتی ٢ی حوزەیرانی ٢٠١٠ سەردانی تورکیا دەکات. ئەردۆگان بە کوردی بە خێرهاتنی سەرۆک مەسعوود بارزانی دەکات و دەڵێت (بەخێر هاتی).  ئەردۆگان داوا لە مەسعوود بارزانی دەکات، کە پشتیوان بێت لە پڕۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکە. نووسەر دەڵێت لە گەڕانەوەی بۆ کوردستان چاوی بە موراد قەرەیلان (جەمال) دەکەوێت و سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی موراد قەرەیلان هاوڕای بووە و هەنگاوی کردەیی ناوە لە پێناو پڕۆسەی ئاشتی. بەڵام کاتێک جەمیل بایک (جومعە) جڵەوی سەرکردایەتی پەکەکەی گرتە دەست پڕۆسەی ئاشتی تێکدا و ”گەڕایەوە سەر ڕێبازی شەڕ و کوشتار و تێکدان”.

ئەگەرچی لە ساڵی ٢٠١٠ پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا ئاسایی بووە، بەڵام دەکرێت ڕێککەوتی ٢٩ی ئازاری ٢٠١١ بە ڕۆژی وەرچەرخانی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە هەژمار بکەین. نووسەر لە لاپەڕە ٣٩٨ ئاماژە بە هاتنی ئەردۆغان بۆ هەولێر دەکات بە مەبەستی کردنەوەی فڕۆکەخانەی هەولێر کە لەلایەن کۆمپانیایەکی تورکییەوە دروستکراوە. ئەردۆغان ئۆباڵی تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەدەپەی خستە ئەستۆی خودی هەدەپە و دەڵێت کە ئەحمەد تورک و سەلاحەدین دەمیرتاش بەر لە دوو ساڵ سەردانیان کردم. بەڵام ئەوان لە جیاتی ئەوەی هاوکاری ئێمە بن، هاوکاری مەهەپە و جەهەپەیان کرد. ئەردۆغان لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی فڕۆکەخانەی هەولێر دەڵێت ”ئەو ڕۆژە بەسەرچوو نکوڵی لە بوونی گەلی کورد دەکرا”. لە ڕاستیدا بەشێک لەم هەڵویستەی ئەردۆغان و نەرمی نواندنەکەی بۆ دەستپێشخەری خودی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەگەڕێتەوە، چونکە بەپێی بابەتەکانی ناو پەرتووکەکە، کاتێک کە شاندە ئەمریکی و ئەوروپییەکان بۆ چەندین جار سەردانی مەسعوود بارزانی دەکەن و داوای لێدەکەن ڕێگەچارەیەک بدۆزێتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە، مەسعوود بارزانی پێشنیاز دەکات کە باشترین چارەسەر بۆ کێشەی نێوان تورکیا و پەکەکە، ڕاگەیاندنی دەسپێشخەری ئاشتییە لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە. ئەگەرچی سەرەتا حکوومەتی ئەردۆغان پێشنیازەکە قبووڵ ناکات، بەڵام دواتر پەسەندی دەکات و پڕۆسەکە ڕادەگەیەنێت.

دواتر نووسەری پەرتووکەکە دێتەوە سەر بابەتە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان. یەکێک لەو ڕووداوە سەرنجراکێشانەی کە نووسەر لە لاپەڕە ٤٢٠ باسی لێوەدەکات بریتییە لە دیداری نێوان مەسعوود بارزانی و قاسم سولەیمانی لە ڕێککەوتی ٢ی ئازاری ٢٠١٣، واتە لە دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال. دیارە دۆخی ناوخۆیی یەکێتی شپڕزەیە؛ بۆیە قاسم سولەیمانی داوا لە مەسعوود بارزانی دەکات کە ”زۆر گرنگ و پێویستە هەر دوو لامان هەوڵ بدەین بۆ ئەوەی یەکێتی هەڵنەوەشێتەوە”. لە ڕاستیدا ڕووداوەکانی دواتر ڕۆڵی سەرکردایەتی پارتیان وەدەرخست لە رێگری کردن لە هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی و هەروەها هۆکاری دەرەکیش یەکێکیترە لە فاکتەرەکانی هەڵنەوەشانەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە تا ئێستا. نووسەر لە پەراوێزی لاپەڕە ٤٢٨ ئاماژە بەوە دەدات کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ی پەرلەمانی کوردستان پارتی هەمان هەڵەی ڕابردووی دووبارە کردووەتەوە و زۆر چاوەڕوانی بڕیاری یەکێتی کردووە بۆ پێکهێنانی حکوومەت. نووسەر دەڵێت ”تەنیا هۆکاری بەیەکەوەبەستن و یەکڕیزییان دژایەتیکردنی پارتی بوو”.

 

دیارە دۆخی ناوخۆیی یەکێتی شپڕزەیە؛ بۆیە قاسم سولەیمانی داوا لە مەسعوود بارزانی دەکات کە ”زۆر گرنگ و پێویستە هەر دوو لامان هەوڵ بدەین بۆ ئەوەی یەکێتی هەڵنەوەشێتەوە”

 

لە لاپەڕە ٤٢٤-٤٢٩ نووسەر باس لە هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٣ دەکات و بوونی گۆڕان بە لیستی دووەم و پاشەکشەکردنی یەکێتی لە هەڵبژاردنەکان. هەر بۆیەش یەکێتی گشت کۆسپ و تەگەرەیەک دەخاتە بەردەم ڕێڕەوی پێکهێنانی حکوومەت، ئەگەرچی پارتی دەیتوانی بە یاوەری گۆڕان و چەند پارتێکیتر حکوومەت پێکبهێنێت؛ چونکە لە ڕێککەوتی ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٣، نەوشیروان مستەفا سەردانی مەسعوود بارزانی کردبوو و ئامادەیی خۆی بۆ بەشداریکردن لە پێکهێنانی حکوومەت نیشاندابوو و دواتر گلەیی کردبوو لە درێژەکێشانی پێکهێنانی حکوومەت. نووسەر دەڵێت ”نیگەرانییەکەی نەوشیروان مستەفا لەجێی خۆی بوو”.

لە لاپەڕە ٤٣٣ نووسەر دەچێتە سەر پرسە دەرەکییەکان و باس لە سەردانی بۆ چەند وڵاتێکی ئەوروپا دەکات. لە ڕۆژی ٢٩ی ئایاری ٢٠١٤، نووسەری پەرتووکەکە کە ئەو کات سەرۆکی هەریمی کوردستان بووە، سەردانی ئیتاڵیا دەکات. لە سیمینارێکدا کە لەلایەن پەرلەمانی ئەم وڵاتەوە ڕێکخراوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر بە ڕاشکاوی باس لە پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەکات، واتە سێ ساڵ پێش گشتپرسییەکەی سەربەخۆیی، ئەم پرسە بە فەرمی وروژێنراوە. لە لاپەڕە ٣٤٥ نووسەر باس لەهەمان بابەت دەکات. نووسەر دەڵێت پێش سەردانەکەی بۆ ئەمریکا و بینینی باراک ئۆباما لە ڕێککەوتی ٢ی ئایاری ٢٠١٥، پێشتر لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکان کۆبووەتەوە و لێیان پرسیوە ”ئەگەر دەرفەت هەبێت بابەتی سەربەخۆیی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا باس بکەم یان نە؟ هەمووان بابەتەکەیان زۆر پێ خۆشبوو، پشتگیریی ئەو پێشنیازەیان کرد”.

 

پوختە

-ئەوەی کە لەم پەرتووکە تێبینی دەکرێت، هەر لە پڕۆسەی ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس تا سەرهەڵدانی ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی کوردستان، یەک هەڵوێستی و یەکڕیزی کورد، گەلێک دەستکەوتی هەبووە، بەڵام دەکرێ بڵێین سەرهەڵدانی ئۆپۆزیسیۆن کاریگەریی نەرێنی لەم یەک هەڵوێستییە کرد. تەنانەت بەپێی گێڕانەوەکانی ناو پەرتووکەکە، دۆستە ئەمریکییەکانی کورد، ئامۆژگاریی سەرکردایەتی سیاسیی کوردیان کردووە، کە یەک هەڵوێست بن بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی زۆرتر لە عێراقی نوێدا.

-بەپێی پەرتووکەکە دەتوانین بڵێین کە لە هەموو دیدار، هەڵوێست و کۆبوونەوەکان چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی عێراق  و هەرێمی کوردستان، چ لەسەر ئاستی هەرێمایەتیی و نێودەوڵەتی، هەر کاتێک کە مەسعوود بارزانی هەڵوێستێکی وەرگرتبێت پێوە پابەند بووە. ئەمەش بە دانپێدانانی گشت ئەو کەسایەتییانەی کە لە ناو ئەم پەرتووکەدا ئاماژەی پێدراوە، چ یار بووبن چ نەیار.

هیوا مه‌جید خه‌لیل

پسپۆڕ لە گەشەسەندنی سیاسی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...