سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

ئارگۆمێنتێکی هەڵە لەبارەی پرسی ئيسڕائيل و فەڵەستين

 

لە ناو عەرەب و فەڵەستينييەکان، لەسەر ئاستی ميديا و خەڵک و سياسی و ئەکاديميست، بۆچوونێک باوە کە پێي وایە لە دوای جەنگی دووەمی جيهانييەوە، هيچ داگيرکارييەک تا سەر سەرکەوتوو نەبووە و لە هەموو کەيسەکاندا بزووتنەوە ڕزگاريخوازەکان سەرکەوتوو بوونە لە گەيشتن بە ئامانج و دەرکردنی داگيرکەران. پاشان ئەم ئارگۆمێنتە جێبەجێ دەکەن بەسەر دۆخی ئيسڕائيل و فەڵەستين. لێرەوە، زۆربەیان پاساو دەهێننەوە بۆ حەماس گوایە لەگەڵ ئەو هەموو قوربانیدان و زیانەی بەر غەززە کەوتووە، ئەوا لە کۆتاييدا هەر حەماس سەردەکەوێت و ئيسڕائيل شکست دەهێنێت و فەڵەستين ئازاد دەبێت. بۆیە هەموو قوربانی و کاولبوونێک پاساوی هەیە و بەشێکە لە پڕۆسەی سەربەخۆیی.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەم ئارگۆمێنت و تێڕوانينە، هەر چەند لە زۆر ڕووەوە ڕاستی تێدایە، بەڵام کاتێک بۆ پرسی ئيسڕائيل و فەڵەستين بەکاردەهێنرێت، لە چەندين ڕووەوە تووشی کێشە دەبێت و بە هەڵە دەخرێتەوە. لێرە تەنيا ئاماژە بە یەک ڕەهەندی دەدەم.

ڕاستە داگيرکارییەکانی بەريتانيا و فەڕەنسا و ئيسپانيا…هتد لە وڵاتانی ئەفريقيا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمريکای باشوور کۆتاییان هات و ئەو وڵاتانە سەربەخۆییان وەرگرت. بەڵام لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەو داگيرکارييانە، نە بەريتانيا نە فەڕەنسا نە ئيسپانيا… وەک دەوڵەت کۆتاییان نەهات، بەڵکو هەر وەک دەوڵەتی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری و بەهێز و کاريگەر مانەوە. بۆ نموونە ڕاستە داگيرکاری ئەمريکا لە ڤێتنام و ئەفغانستان کۆتایی هات، بەڵام دەوڵەتی ئەمريکا هەر وەک خۆی مایەوە.

ئەمە بۆ پرسی ئيسڕائيل و فەڵەستين تەواو جياوازە. حەماس و ئيخوانييەکان و زۆرێکی تر پێيان وایە کە کۆتایی هاتنی داگيرکاریی ئيسڕائيل لە فەڵەستين و گەيشتنی بزووتنەوەی ڕزگاريخوازی فەڵەستين بە ئامانج، واتە درووستکردنی دەوڵەتێکی فەڵەستينی لەسەر کۆی ئەو خاکەی پێی دەڵێن فەڵەستين، کە هەموو ئيسڕائيليش لەسەر ئەو خاکەیە. ئەمە مانای سڕينەوەی ئيسڕائيلە وەک دەوڵەت کە زۆر جياوازە لە کەيسی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازەکانی دژ بە بەريتانيا و فەڕەنسا، هەر بۆیە لەم ڕەهەندەوە حەماس بە بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخواز دانانرێت، هاوشێوەی بزووتنەوە ڕزگاريخوازەکانی جيهان نييە. چونکە حەماس تەنيا دەوڵەتێکی سەربەخۆی ناوێت بۆ فەڵەستينييەکان، بەڵکو دەيەوێت دەوڵەتە داگيرکارەکەش بسڕێتەوە و لەناو ببات. هەر چەند حەماس لە ٢٠١٧ەوە هەندێک گۆڕانکاری ڕووکەشی لە تێڕوانينی خۆی ئەنجامداوە لەو بارەیەوە، بەوەی کە چارەسەری دوو دەوڵەتیی قبوڵە، بەڵام بۆ ماوەیەکی کاتی و لە کۆتاييدا دەبێت ئيسڕائيل لەناوبچێت.

 

حەماس بە بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخواز دانانرێت، چونکە حەماس تەنيا دەوڵەتێکی سەربەخۆی ناوێت بۆ فەڵەستينييەکان، بەڵکو دەيەوێت دەوڵەتە داگيرکارەکەش بسڕێتەوە و لەناو ببات

 

لەناوبردنی ئيسڕائيل وەک دەوڵەت، پاشان درووستکردنی یەک دەوڵەتی فەڵەستينیی عەرەبی لەسەر ئەو خاکە، لە مەحاڵ مەحاڵترە. ئەمە نە پڕۆژەیەکی سياسی و یاسایی و واقعييە، نە نەتەوەیی، نە کاری بزووتنەوەیەکی سياسی و ڕزگاريخوازە. تێڕوانينێکە نايەوێت هيچ کێشەیەک چارەسەر بکات، بەڵکو تەنيا دەبێتە مایەی بەردەواميدان بە کاولکاری و جەنگ و لەدەستدانی خاک و ئاوارەبوونی فەڵەستنييەکان، وەک ئەوەی ئێستا لە غەززە ڕوودەدات.

هەرگيز دۆخێک درووست نەبووە کە مەترسی جددی و واقیعی هەبێت لەسەر بوونی ئيسڕائيل وەک دەوڵەت، ئەگەر دۆخێکی وا درووست ببێت، ئەوا فەڵەستينييەکان و ناوچەکە و جيهان دەکەونە بەردەم دوو بژاردە؛ یان ئەمريکا دەبێت ڕاستەوخۆ بە هەموو توانای خۆیەوە بێتە جەنگەوە و ئيسڕائيل بپارێزێت، یان ئيسڕائيل دوژمنەکانی دەداتە بەر بۆمبی ئەتۆمی. بۆیە سڕينەوەی ئيسڕائيل بە دەستی نەک حەماس، بەڵکو بە دەستی هەموو موسوڵمانان و عەرەبی جيهان، کارێکی مەحاڵە. کاتێک بزووتنەوەیەکی سياسی و چەکداریی ئەو ئامانجە مەحاڵە دەکاتە بەرنامەی سەرەکی و کۆتایی خۆی، کەواتە ئەو بزووتنەوەیە نياز و ويستی تری هەیە، نەک ڕزگارکردنی نەتەوەیەک و ڕاگەياندنی سەربەخۆیی.

 

ئارگۆمێنتی گەيشتنی هەموو بزووتنەوە ڕزگاريخوازەکان بە ئامانجی خۆیان، بۆ دۆزی فەڵەستين، تەنيا لە یەک کاتدا ئەگەرێکی واقیعیيە، ئەويش ئەگەری درووستکردنی دەوڵەتێکی فەڵەستينی لە تەنيشت ئيسڕائيلەوە

 

ئارگۆمێنتی گەيشتنی هەموو بزووتنەوە ڕزگاريخوازەکان بە ئامانجی خۆیان، بۆ دۆزی فەڵەستين، تەنيا لە یەک کاتدا ئەگەرێکی واقیعیيە، هەرچەند ئەویش قورسە، ئەويش ئەگەری درووستکردنی دەوڵەتێکی فەڵەستينی لە تەنيشت ئيسڕائيلەوە. واتە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنامەی ئۆسلۆ، کە ڕێکخراوی ڕزگاریی فەڵەستينی و دەسەڵاتی فەڵەستينی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێی ڕازين و ئيسڕائيليش بە ئيمزا ڕەزامەندی خۆی نيشانداوە بۆ ئەوە چارەسەرە. لەسەر ئەو بنەمایە لە ٢٢٪ی ئەو خاکە دەدرێت بە دەوڵەتی فەڵەستينی عەرەبی، واتە گەڕانەوە بۆ پێش سنوورەکانی جەنگی ٦٧.

لە باشترين دۆخدا، ئەگەر گۆڕانکاری گەورە لە سيستەمی جيهانی و هاوسەنگی هێز ڕووبدات، دۆخێک بێتە پێشەوە فەڵەستينييەکان بەهێز بن و ئيسڕائيل لە دۆخیکی لاوازدا بێت، ئەوا دەکرێت ئيسڕائيل و فەڵەستين بگەڕێنەوە بۆ بڕياری نەتەوە یەکگرتووەکانی ١٩٤٧ کە مافی بە ئيسڕائيل و فەڵەستين داوە دوو دەوڵەت درووست بکەن لەسەر ئەو خاکە کە ئيسڕائيل کەمێک زیاتر لە نيوە و فەڵەستينی عەرەبی کەمێک کەمتر لە نێوەی خاکەکەی بەردەکەوت. ئەمەش گريمانەیەکی ناواقیعی و نيمچە مەحاڵە، بەڵام لەمەشدا ئيسڕائيل وەک دەوڵەت هەر دەبێت بمێنێتەوە.

 

ڕه‌نج نه‌وزاد

نووسه‌ر و توێژه‌ر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...