سیاسیشرۆڤه‌

ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگاکان پاش ٢٤ کاتژمێر ڕادەگەیەنرێت؟

ئاشکرایە چەند پڕۆسەی دەنگدان گرنگە، دوو ئەوەندە ئەنجامی دەنگدانەکە گرنگە، ئەنجامی هەڵبژاردن نەک لە وڵاتانی پێشکەوتوی ئەوروپی، بگرە لە وڵاتانی دراوسێی عێراق وەکوو تورکیا، پاش چەند کاتژمێرێک لە دوای تەواوبوونی دەنگدان ڕادەگەیەنرێت و ئیتر هەموو شتێک تەواو دەبێت، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی هەرێم و عێراق وەکوو نەریتێکی لێهاتووە، نەک لە پاش ٢٤ کاتژمێر، بەڵکو زیاتر لە مانگی پێدەچێت. ئەمەش زۆر هۆکاری زاتی و بابەتی هەیە، کە پەیوەستە بە بونیادی دامەزراوەیی دەوڵەت و ژیانی سیاسی و ژیاریی کۆمەڵگاوە و ناتوانرێت تەنیا ئۆباڵی بخرێتە سەرشانی کۆمیسیۆن، بۆ دەنگدانی گشتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەم چەند زانیارییە گرنگە دەخەینەڕوو:
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

١: دەنگدان تەنیا بە کارتی بایۆمەتری درێژخایەن دەبێت کە وێنەی دەنگدەرەکەی لەسەرە، بە پێچەوانەوە بە کارتی دەنگدانی کورتخایەن کە وێنەی دەنگدەری لەسەر نییە، ناتوانرێت دەنگ بدرێت.

٢؛ دەنگدەر لە پاڵ کارتی بایۆمەتری درێژخایەن، هاوکات  پێویستە، بەڵگەنامەیەکی تری فەرمی خۆپێناساندنی پێبێت، وەکوو (کارتی نیشتمانی، پاسپۆرت، تەسکەرە، جنسییە).

٣: دەنگدان لە کاتژمێر (٧)ی سەرلەبەیانی دەستپێدەکات و کاتژمێر (٦)ی ئێوارە کۆتایی پێ دێت و سندووقی ئەلیکترۆنی دەنگدان کە پێی دەڵێن پیکۆس، خۆی بەشێوەی ئۆتۆماتیکی لە کاتژمێر (٦) ڕادەوەستێت.

٤: دوو ئەنجامی دەنگدان دیاری دەکرێت، یەکەمجار ئەنجامی دەنگدان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت، لە ڕێگای سندووقی پیکۆسەوە. پاشان بۆ جاری دووەم جیاکردنەوە و ئەژماری ئەنجامی دەنگدان بەشێوەی دەستی دەبێت. ئەگەر هاتوو ئەنجامی ئەلیکترۆنی و دەستی کتومت وەکوو یەکتری نەبوون، پشت بە ئەنجامی دەستی دەبەسترێت، ئەگەر جیاوازی ئەنجامی ئەلیکترۆنی و دەستی بەرێژەی ٥٪ بوو، ئەوا ئەو سندووقە، دەستی بەسەردا دەگیرێت و دەبردرێت بۆ ناوەندی وردبینی پارێزگا، کە لە هەموو شارێکدا کۆمیسیۆن ناوەندێکی بۆ وردبینی بۆ ئەو مەبەستە درووستکردووە.

٥: لە کاتی چوون بۆ دەنگدان، دەنگدەر یەکەم هەنگاو پێویستە کارتەکەی بخاتە ناو ئامێری لێکۆڵینەوەی ئەلیکترۆنی (جهاز التحقق الالكترونی) و پاشان وێنەیەکی پەنجەمۆری ئەلیکترۆنی بگیرێت، لە هەندێک وێستگەی دەنگدان ئامێرەکە، یان کارتەکە ناخوێنێتەوە، یان پەنجەمۆری ئەلیکترۆنی پەنجەی دەنگدەر تۆمار ناکات، بەپێی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن دەتوانرێت پەنجەمۆری ئەلیکترۆنی فەرامۆش بکرێت، بەمەرجێک لە ٥٪ی کۆی دەنگدەرانی وێستگەکە تێپەڕ نەکات.

٦: ناردنی ئەنجامی دەنگدان لە ناوەندەکانی دەنگدانەوە بۆ ناوەندی سەرەکی داخڵکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت لە ڕێگای مانگی دەستکردەوە بەهۆی ئامێری (ئارتی ئێس) کە لە هەموو ناوەندێکدا هەیە، ئەنجامەکان دەگوازرێتەوە بۆ ناوەندی سەرەکی داخڵکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لە بەغدا.

٧: پڕۆسەی گواستنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن لە ڕێگای ئامێری (ئارتی ئێس)وە، لە ڕوانگەی تیۆرییەوە بیرۆکەیەکی نایابە، بەڵام لە ڕووی کردارییەوە،  ئەوە سێیەمین پڕۆژەی هەڵبژاردنە کە ئەم سیستەمە تاقی دەکرێتەوە، لە ئەنجامی ئەزموونکردن دەرکەوتووە کە کێشەی گەورەی هونەری تێدایە.

 

کێشە هونەرییەکانی گواستەوەی ئەلیکترۆنی ئەنجامی هەڵبژاردن:

لە ڕاستیدا لە وێستگەکانی دەنگدان، سێ ئامێری تەکنۆلۆژی دەنگدان بەکاردەهێنرێت، ئەوانیش:

١: ئامێری لێکۆڵینەوەی ئەلیکترۆنی (جهاز التحقق الالكترونی) کە ئەمە تایبەتە بە خوێندنەوەی کارتی بایۆمەتری دەنگدان و تۆمارکردنی پەنجەمۆری ئەلیکترۆنی دەنگدەر، ئەم ئامێرە چەندین هەڵبژاردنە بەکاردەهێنرێت و سێ کێشەی سەرەکی هەیە و هەموو هەڵبژاردنێک لە ژمارەیەک وێستگە دووبارە دەبێتەوە، ئەوانیش (کارنەکردنی ئامێرەکە، نەخوێندنەوەی کارتی دەنگدان، تۆمارنەکردنی پەنجەمۆری ئەلیکترۆنی)، کۆمیسیۆن بۆ هەموو هەڵبژاردنێک بەرنامەی سۆڤتوێرەکەی تازە دەکاتەوە (ئاپ دەیت)، بەڵام تاڕادەیەک هەر کێشەکان ماون.

٢: سندووقی ئەلیکترۆنی دەنگدان (پیکۆس) ئەم سندووقە قەباخی سەری سندووقە ئامێرێکی سکانەرە، پێی دەڵێن (ئامێری خێراکردنی ئەنجامی دەنگدان). ئەم ئامێرە پێویستە پێشوەخت شەحن کرابێت و بە کارەباوە ببەسترێتەوە، چونکە بەبێ وزەی کارەبا ئیش ناکات، ئەو کاتەی کارەبای لێ ببڕدرێت، شاحینەی پێوەیە کە دەتوانێت بۆ چەند کاتژمێرێک کاربکات، ئەم ئامێرە فلاش میمۆرییەکی لێ بەستراوە کە داتاکاتی تێدا خەزن دەکرێت، ئەم سندووقی ئەلیکترۆنییە چەند کێشەیەکی هونەری هەیە، لە هەندێک شوێن، خۆبەخۆیی خۆی ڕیستارت دەکاتەوە و لە وەرگرتنی کارتی دەنگدان دەوەستێت، هەندێکی تریان لە کۆتایی پڕۆسەکەدا پسوولەی ئەنجام دەرناکات و لۆگین دەبێت، کە ئەمانەش کێشەی پڕۆگرامن و هەندێک جاری تر بە هۆکاریی مرۆیی کێشە درووست دەبێت. لەگەڵ ئەوەی کە کۆمیسیۆن ڕاهێنانی بە هەموو کارمەندەکانی کردووە، بەڵام هەندێک لە کارمەندەکان بە پەرۆشییەوە گوێیان نەگرتووە و باش فێرنەبوون.

٣: ئامێری ئارتی ئێس، یان پێشی دەڵێن فیسارت. ئەم ئامێرە بە مانگی دەستکردەوە بەستراوەتەوە و ئەنجامی دەنگدانی سندووقی پیکۆس، بەشێوەی هەوایی دەگوازێتەوە بۆ ناوەندی داخڵکردنی ئەنجامەکان، ئەم ئامێرە بەکێبڵ دەبەسترێتەوە بە سندووقی پیکۆس، بۆ تۆمارکردنی ئەنجامەکان یان سیم کارتی پیکۆسەکەی لێ دەبەسترێت، کێشەکانی ئەم ئامێرە گرنگە جۆراوجۆرن، زۆرجار کۆنێکت نابێت، یان ناردن ناکات (عدم ارسال)، هەندێک جاری تر ناردنی کردووە، بەڵام داخڵی سەنتەری سەرەکی نەبووە، جگە لەوەش کێشەی شەبەکە و لەهەمان کات کەشوهەوا کاریگەری هەیە.

 

ئەنجام:

بەو هۆیانەی کە لەسەرەوە باسمانکرد، زەحمەتە بتوانرێت لە پاش ٢٤ کاتژمێر ئەنجامی سەرەتایی دەنگدان ڕابگەیەنرێت، تەنانەت ئەگەر ئەنجامی سەرەتایی بڵاوبکەنەوە، ئەوا ئەنجامێکی ناتەواو دەبێت، چونکە ئەنجامی سەرەتایی دەبێت بەلانی کەمەوە ئەنجامی لە ٩٥٪ی وێستگەکان بێت و نابێت لەگەڵ ئەنجامی کۆتایی جیاوازی زۆری هەبێت. بەڵام ئەگەر ئەنجامی لە ٦٠٪ یان لە ٧٠٪ی وێستگەکان ڕابگەیەنن، ئەوا لە ڕاستیدا بە ئەنجامی سەرەتایی ئەژمار ناکرێت. چونکە ئەو ڕێژەیە زۆر کەمە و لەگەڵ ئەنجامی کۆتایی جیاوازییەکی زۆر گەورەی هەیە.

بەهیوام پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە بە سەرکەوتوویی تەواو بێت و ئەو کێشانەی باسمانکرد چارەسەر بن.

هاوڕێ تۆفیق

شارەزای یاسایی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button
Loading...