سیاسیشرۆڤه‌

نەخشەی هەژموونی ئێران لەبەردەم مەترسیدایە

 

چەند فاکتەرێک بوونە هۆکاری فرەوانبوونی هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا: ڕووخانی سەدام، بەهاری عەرەبی و شەڕی داعش و بە ئێرانیکردنی ئیخوانیزم بە شێوەیەکی گەورە. لەسەرووی هەموویەوە سیاسەتێکی دیاریکراوی ئەمریکا، بە تایبەت دیموکراتەکان زیاتر پەیڕەوی دەکەن، پێیانوایە هەژموونی ئێران سوودی بۆ ئەمریکا هەیە. هەژموونی ئێران گەیشتە قۆناغێک کە بەغدا و دیمەشق و سەنعا و بەیرووت و غەززە حوکم بکات لە ڕێگەی میلیشیاکانییەوە. ئەم پڕۆژەیە، کە فرەوانترە لە هیلالی شیعە، ئێستا لەبەردەم چەندین قەیران و مەترسییە:

 

  • گەورەترین و مەترسیدارترین هەڕەشە بریتییە لە جەنگەکەی غەززە. داگیرکردنی غەززە لە لایەن سوپای ئیسرائیل و سڕینەوەی بەشێکی گەورەی کەرتەکە، یەکەم هەنگاوی لەدەستدانی ئێرانە بۆ یەکێک لە شار و ناوچەکانی سەر بە پڕۆژەکەی. غەززە بە نزیکترین دەستی ئێران دادەنرێت لە ئیسرائیلەوە و هێڵی یەکەمی پاسدارانە بەرانبەر بە ئیسرائیل. ئێستا ئەو شارە بە تانکی ئیسرائیل تەنراوە. دەرئەنجامی جەنگەکە هەرچییەک بێت، ئیتر حەماس و جیهاد ناتوانن لە غەززە بەو شێوەیە حوکم بکەن کە پێشتر دەیانکرد، بێگومان لە ئەگەری دووبارە گەڕانەوەیان بۆ دەسەڵات. چونکە بەرەی سعوودییە و ئیماڕات، کە دەسەڵاتی فەڵەستینییە، بەشدار دەبێت لە حوکمڕانی غەززەی دوای جەنگەکە. لە دۆخێکی وادا، دەسەڵاتی فەڵەستینی دەکرێت بەهێزتر بێت لە حەماس و جیهادی سەر بە پاسداران. خودی غەززە، بە خەڵک و دەسەڵاتەوە، تا ساڵانێکی زۆر تەواو لاواز و پڕ قەیران دەبێت.

٢. پێش شەڕەکەی غەززە، ساڵی پار، ڕژێمی سووریا لە هەندێک ناوچەی وڵاتەکە تا ڕادەیەک دەسەڵاتی لەدەستداوە یان بەرەو لاوازی چووە. بە تایبەت لە هەندێک ناوچەی باشووری سووریا و ناوچەی ئیدلیب و ناوەڕاستی سووریا. ئەمەش بەهۆی سەرقاڵی ڕووسیا بە شەڕی ئۆکڕانیاوە، چالاکییەکانی داعش، لیدانە بەردەوامەکانی ئیسرائیل لە میلیشیاکانی سەر بە ئێران و جەنەراڵەکانی پاسداران، هەروەها بێزاری خەڵک بەهۆی ئەو قەیرانە ئابوورییە گەورەیەی لە وڵاتەکەدا هەیە. هاوکات، لە پەیوەندیدا بە جەنگەکەی غەززە، ئەگەرێک هەیە ئیسرائیل گورزێکی بەهێز لە حزبوڵا بدات و دووری بخاتەوە لەسەر سنوورەکان. هەموو ئەمانە لێدانە لە هەژموونی ئێران.

 

٣. یەکێک لە قەیرانەکانی ئەم بەرەیە، بەرەی مقاوەمەی ئێران، بریتییە لە لایەنی شەرعیەت و یاسایی و حوکمڕانی. بەو مانایەیی لە هیچ کام لەو وڵاتانە میلیشیاکانی سەر بە ئێران دەسەڵاتێکی فەرمی و دانپێدانراویان نییە کە تەواوی وڵاتەکە حوکم بکەن. بۆ نموونە لە لوبنان، حزبوڵا دەسەڵاتە فیعلییەکەی تەنیا لە ناوچەی شیعەکانە. حووسییەکان نیوەی کەمتری یەمەن حوکم دەکەن، حەماس بەشێکی فەڵەستینی بەڕێوە دەبرد. بەشار ئەسەد هەر چەند سەرۆکە و حکوومەت بەڕێوەدەبات، بەڵام لە لایەن زۆربەی خەڵکی سووریا و دەوڵەتانی جیهانیش بە قەسابێک دادەندرێت، ئەویش بەشێکی گەورەی سووریا لە ژێر دەسەڵاتیدا نییە. حەشد لە هەموویان بەهێزترە، بەڵام هەر بەدەر نییە لەو کێشانە. بۆ نموونە هەرێمی کوردستان، بە تایبەت هەولێر لەو چوارچێوەیە نییە. جگە لەوەی خودی حەشد لەسەر ئاستی جیهان بە میلیشیایەک دادەندرێت. کاتێک هەژموونی دەوڵەتێک تەنیا پشت بە میلیشیای نایاسایی دەبەستێت، ئەوا ئەو هەژموونە بەردەوام لەبەردەم مەترسییە. بۆ نموونە کاتێک ئەمریکا لە حووسییەکان دەدات، بە لێدان لە یەمەن و حکوومەتەکەی هەژمار ناکرێت، بەڵکو لێدانە لە گرووپێکی تێکدەر لە ڕێڕەوە ئاوییەکان وەک چەتەکانی دەریا. لە ڕوویەکی ترەوە، بەشێکی گەورەی کۆمەڵگە لەو وڵاتانە، یا حکوومەتەکان، دژی ئەو گرووپانەن. بۆ نموونە دەسەڵاتی فەڵەستینی دژی حەماسە و پێیباشە لەناوببردرێت. حکوومەتی یەمەن و لوبنان بۆ حووسییەکان و حزبوڵا بەو شێوەیەن. سووننەکانی عێراق و بەشێک لە شیعەکانیش خۆشحاڵ دەبن ئەگەر گورز لە حەشد بدرێت.

 

٤. لایەنی ئابووری یەکێکە لە قەیرانەکانی ئەم بەرەیە. لە زۆربەی ئەو شوێنانەی ئێران هەژموونی هەیە، ژیان و گوزەران لە خراپترین دۆخە. دۆخی غەززە و لوبنان و یەمەن و سووریا ئەو ڕاستییە پیشاندەدەن. بەشێکی ئەم قەیرانە پەیوەندی بە خاڵی سێیەمەوە هەیە، کە پرسی شەرعییەت و نایاساییبوونە، ئەمەش دەبێتە هۆکاری سەپاندنی سزای نێودەوڵەتی بەسەر ئەو وڵاتانەدا. هاوکات، ئەو ناوچانەی ئێرانی تیایە، نوقم دەبن لە ماددەی هۆشبەر. سوریا گەورەترین بەرهەمهێنەری حەبی کەپتاگۆنە لە جیهاندا. حزبوڵا یەکێکە لە مافیا هەرە گەورەکانی بواری ماددەی هۆشبەر لەسەر ئاستی جیهان. حەشد و حووسییەکانیش بەدەر نین لەو بازرگانییە. ئێران تاکە دەوڵەتی جیهانە کە سوپا و حکوومەت و ڕابەرەکەی دەکرێت وەک بازرگانی ماددەی هۆشبەر پێناسە بکرێن. هەژموونی دەوڵەت بە مانا جیۆپۆلەتیکی و سیاسییەکەی، ئەوە نییە کە وەک گرووپێکی مافیایی و تیرۆریست دەسەڵات و هێزی هەبێت، بەڵکو لایەنی فەرمی و زانست و هێزی نەرم و ئابووری… ڕۆڵی سەرەکی دەبینن.

 

٥. هۆکارێکی سەرەکی دی، بریتییە لە بارودۆخی ناوخۆی ئێران. قەیرانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی لە لوتکەدایە. لەگەڵ لاوازبوونی باڵەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، دەکرێت ناوخۆی ئێران نزیک ببێتەوە لە تەقینەوە. هەر بۆیە ئێران هەموو هەوڵێک دەدات کە لە ڕێگەی باڵەکانییەوە فشار درووست بکات و هەژموونی خۆی بە بەهێزی بهێڵێتەوە و شەڕەکەش لە خۆی دووربخاتەوە. ئەگەر ئیسرائیل لە ڕێگەی زەمینییەوە پەلاماری حزبوڵا بدات، یان هێرشە مووشەکی و ئاسمانییەکانی گورزی زۆر بەهێز لە حزبوڵا بدەن، دەکرێت ئێران بەرەی حەشد و حووسییەکان زۆر چالاکتر و توندتر بکات. چونکە دووبارەبوونەوەی غەززە لە باشووری لوبنان، دەبێتە گورزێکی کەمەرشکێن بۆ پڕۆژەکەی ئێران.

ڕه‌نج نه‌وزاد

نووسه‌ر و توێژه‌ر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...