سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

بەهای دۆلار و کێشەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق

ئەو ماوە کورتە لە ئاشتی نێوان ئەمریکا  و حەشد، کە پێش شەڕەکەی غەززە هەبوو، وا دیارە کۆتایی پێهات. ئێستا حەشد زیاتر و جددیتر داوای کشانەوە هێزەکانی ئەمریکا دەکات لە عێراق. ئاشکرایە حکوومەت و پەرلەمان و دادگای عێراق لە ژێر دەسەڵاتی ئەوانە. دەنگۆی ئەوە هەیە لە ئایندەیەکی نزیک پرسی دەرکردنی ئەمریکییەکان لە عێراق دەبردرێتەوە پەرلەمان. سەرۆک وەزیرانیش لە لێدوانەکانییدا دەردەکەوێت کە ناچارکراوە پشتگیری ئەو پرسە بکات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لە ئەگەری ئەوەی فشارەکانی ئێران و حەشد گەیشتە قۆناغێکی جددی و توندتر، واتە حکوومەت و پەرلەمان و میلیشیاکان داوا بکەن ئەمریکا بچێتە دەرەوە، ئەوا چەند ئەگەرێک و سیناریۆیەک هەن:

 

  • هەوڵە دپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی حکوومەتی عیراقەوە کە ئەو پرسە دابخات و دوابخات. ئەمەش قورسە، بەتایبەت کە شەڕەکەی غەززە هەر بەردەوامە.

 

  • گوێنەدان بە داواکارییەکانی عێراق و مانەوەی ئەمریکا لە عێراق. لەم دۆخەدا پێویستە ئەمریکا چاوەڕوانی هێرشی گەورەتر و زیاتر بکات. هەروەها ئەگەر هەیە سەربازە ئەمریکییەکانی ناو عێراق ڕووبەڕووی مەترسی ببنەوە، چونکە ئەو هێزەی ئەمریکا کە لە عێراقە، هێزێک نییە بتوانێت شەڕێکی فرەوان بکات. پێویستە ئەمریکا هێزی زیاتر بهێنێت. ئەم ئەگەرە زیاتر وەک پڕۆسەی داگیرکردنی عێراقە؛ قورسە ئیدارەی بایدن ئەو هەنگاوە بنێت.

 

  • بەردەوامیدان بە ئیدارەکردنی ململانێکە لەو چوارچێوەیەیی ئێستا هەیە تا کۆتایی هاتنی جەنگەکەی غەززە. واتە بەردەوامی حەشد لەو جۆرە هێرشانە و بەردەوامی ئەمریکا لەو جۆرە وەڵامانە. تا ئێستا هەردوولا ململانێیەکی کۆنتڕۆڵکراو و سنووردار دەکەن. ئەمەیان ئەگەرێکی واقعییە.

 

  • کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق هاوشێوەی ساڵی ٢٠١١ بۆ دوورکەوتنەوە لە تێوەگلانی لە جەنگێکی تر لە ناوچەکەدا. بەڵام ئەمجارە کشانەوەکە بە ناچاری و دەرکردنە، نەک کشانەوەیەک لە چوارچێوەیەکی فەرمی و بە ڕێککەوتن. لەم ئەگەرەدا ئەمریکا کارتە ناسەربازییەکانی بەکاردەهێنێت، کە گرنگترینیان دۆلارە. لە دۆخێکی وادا دەتوانێت لە ماوەیەکی کورت بەهای سەد دۆلار بگەیەنێتە سەرووی دوو سەد هەزار دینار و زیاتریش. پێویستە حکوومەت و بازاڕ و خەڵکی هەرێم لە ئێستاوە ئەم ئەگەر و مەترسییە لەبەر چاوبگرن. چونکە مەترسییەکە لە دەرەوە دێت و کورد ناتوانێت ڕێگەی لێ بگرێت و بیگۆڕێت. لەوانەیە هەڵگرتنی پارە بە دۆلار، یەکێک بێت لەو ئامرازانەی کە تا ڕادەیەکی کەم لەو مەترسییە کەم بکاتەوە.

 

  • سیناریۆ و ئەگەری تریش هەن، یەکێک لەوانە گواستنەوەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراقەوە بۆ هەرێم، دەکرێت وەک ئەگەرێک هەرێم تەماشای بکات و مامەڵەی لەگەڵدا بکات. ئەمەش سوود و زیانی خۆی هەیە.

 

ڕه‌نج نه‌وزاد

نووسه‌ر و توێژه‌ر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button