دۆسیه‌یاسای نه‌وت و گاز
ئاراستەکان

سامانە سروشتییەکان: کۆمپانیاکان ناتوانن بەو بڕە پارەی لە بودجە دیاریکراوە نەوت بەرهەم بهێنن

زێدپرێس

 

ڕۆژی یەكشەم، ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، وەزیری نەوتی حکوومەتی فیدڕاڵ لەگەڵ شاندێکی باڵا، سەردانی هەولێریان کرد و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، ئامانج لە سەردانەکە ئامادەکاری بوو بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لەبارەی لێكتێگەیشتن و بەرەوپێشوەچوونی كارەكان، بەپێی ئەو ڕێكکەوتنەی لە نێوان هەرێم و فیدڕاڵ هەیە، كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، بە ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی ڕاگەیاند: “لە ڕووی هونەرییەوە، ئێمە کێشەیەکی وامان نییە، لایەنی تورکیش ئامادەییان دەربڕیوە بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، تەنیا کێشەکە لەوەدایە، ئەوەی لە بودجەی عێراقدا دەستنیشان کراوە، بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت بۆ كۆمپانیاكان، هەشت هەزار و ٦٠٩ دینارە، کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ئێمە ناتوانن بەو گوژمەیە بەرهەم بهێنن.”

 

كەمال محەمەد، ئاماژەی بەوەش دا، “شاندی عێراقی فیدڕاڵ، وەکوو وەزارەتی نەوت، کەسانی پسپۆڕیان تێدایە و دەزانن بەو ژمارەیە ناتوانرێت نەوت بەرهەم بهێنرێت، بەڵام ئەوان هەندێک داواکارییان هەبوو، کە نموونەیەک بدەینەوە ئەوان و ئێمەش پێمان داون، هەروەها سی ڤیی کێڵگە نەوتییەکانیشمان پێداون، بۆیە داوا کرا ئەو ژمارەیە ڕاست بکرێتەوە، تا کۆمپانیاکانیش بتوانن دەست بە بەرهەمهێنان بکەنەوە”.

زیاتر دەڵێ: “بۆ ئەوەش شاندی حکوومەتی فیدڕاڵ، داوای چەند داتایەکیان لە ئێمە کردووە تا بۆیان ئامادە بکەین، ئێمەش ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە، ئەو داواکارییەی ئەوانمان جێبەجێ کرد و بەشێوەیەکی فەرمی بۆمان ناردن، بۆیە ئێمە چاوەڕێین لە کاتێکی نزیکدا پێش یەکی كانوونی یەكەم، دەست بە دانوستاندن بکەینەوە.”

 

وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، جەختی كردەوە: “بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، لایەنی تورکی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەردوولا ئامادەین، تەنیا بابەتی بەرهەمهێنان و گواستنەوە چارەسەر بکرێت لەلایەن وەزارەتی نەوتی حکوومەتی فیدڕاڵییەوە، هەناردەی نەوت دەست پێ دەکاتەوە.”

 

بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێم “هەرێمی کوردستان ڕۆژانە توانای بەرهەمهێنانی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەیە، لە ٢٦ی حوزەیرانەوە تا ئێستا بە بەردەوامی ٨٠ تاوەکو ٨٥ هەزار بەرمیل لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە ڕادەستی حكوومەتی فیدڕاڵ کراوە و لەسەر ئەو بنەمایەش بودجەی هەرێم دابین دەکرێت”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...