سیاسیشرۆڤه‌كه‌لتوور

کاکە حەمەکەی ناخمان

کاکە حەمە چەندین ڕۆڵی جیاواز دەگێڕێت لە هەناو کەلتووری سیاسی کوردیدا. لە بنەڕەتدا ڕەنگە ۆرلۆردێکی محەلی بێت کە لە پاشماوەی جەنگاکانەوە درێژەی کێشاوە. یان دەربڕی دۆخی جەمسەرگیریی و شەڕی ناوخۆیی کوردییە، کە کورد وەک خەڵکێک و وەک نوخبەی سیاسی نازانێت و ناتوانێت لێیی دەربازبێت.

 

بەڵام لە دنیای بینراوی پڕ لە شۆدا، کاکە حەمە زۆرترین کاتی دەدرێتێ لە سەر شاشەکان و دەرباری زۆر بواری ناوخۆیی و جیهانی لێدوان و تیۆرە دەکات، هەر لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکاوە هەتا زۆر کێشەی تری ناوخۆ و ناوچەکە.

کاکە حەمە ئاوێنەی مرۆڤی کوردە بە هەموو ڕواڵەتێکەوە. ئەو ئەلترا ئیگۆی زۆرینەیە. خەڵکی لە نێوان سەرسامیی و گاڵتە و جنێو و ستایشدا بەردەوام ئەو وەک خۆی و فیگەرێک و قارەمانێک و نەفرەتلێکراوێک بەرهەم دەهێننەوە.

بەڵام ئەوەی زۆرینە بە دەستیەوە دەناڵێنێت ئەو کاکە حەمەیە کە لە ناخی زۆرینەدایە. ڕۆژانی ڕابردوو کاکە حەمە و براکەی بوو بە شەڕیان. شەڕی نێوان براکان لە سەر میرات بۆ کوڕەکانیان و موڵک و سامانیان، وەها دەبینرا کە کارێکی نەکردەیە، یان نەدەبوو ببووایە. بەڵام چونکە خەڵکی بە گشتی توانای بیرکردنەوە و مەعریفەیان نییە، تەنیا بە گاڵتە و هەڵچوون و جنێو ڕووبەڕووی دۆخەکە دەبنەوە.

ئەمە هەتا ئاستێکی زۆر مایەی مەترسییە، چونکە هەموو ئاماژەکان دەڵێن، دۆخی داهاتووی سیاسی و ئابووری کوردستان پڕ پڕیەتی لەم جۆرە شەڕانە.

بە کورتی قسە بکەین و چونکە ئەم پرسە ئازاربەخش و درک پێنەکراوە.

یەکەم، شەڕی براکان، چ برا بایۆلۆژییەکان و چ برا خەیاڵکراوەکان و چ برا مەجازییەکان، بەشێکی هەرە سەرەکی مێژووی ئەفسانەیی و هەروەها مێژووی حەقیقی ئەو ناوچەیە. تەنیا دوو نمونە لێرەدا بەسە، چیرۆکی قابیل و هابیل و مێژووی عوسمانییەکان. ئەوەی حەمە و عەبە کردیان، کردەیەکی ئێجگار باو و بڵاوی ناو کەلتوور و مێژووی ئێمەیە. تراژیدیاکە لەوەدایە، بە گاڵتە و سوکایەتی ئەم پرسە کۆتایی نایەت. بەڵکو بە دابڕانێکی مەعریفی ڕاستەقینە کە بوونی نییە.

دوو، کورد، هەروەها ئەوانی تریش لە ناوچەکە، هەتا سەردەمێکی نزیک لە گرووپی بچووک بچووکی پێکەوە ژیاون. لە هەناو ئەم گرووپە بچووکانەدا، دەرفەت و توانای عەقڵی دروستکردنی دەزگا و ئیدارە و حوکمداریی نەبووە، بەڵکو هەمیشە کەسەکان لە شەڕ و کوشتنیان وەک ئامرازێکی سەرەکی یەکلاییکردنەوەی پرسەکان بەکارهێناوە.

سێ، ئێستا کە سیاسەتی کوردی دەبێتە سیاسەتی خێزانی، هیچ کام لەو خێزانە سیاسییانە خاوەن کەلتوور و دەزگا و مەعریفەی وەهانین بتوانن دەزگا بونیادبنێن بۆ ئیدارەدانی دۆخی دەستاودەستی دەسەڵات، بۆیە هەمیشە، لە کەسێک زیاتر بە مافی خۆی دەزانێت کە دەسەڵاتی بۆ بمێنێتەوە، لە نەبوونی هیچ ڕێسایەک، ئەوا هەمیشە هێز و شەڕکردن دەبنە شێوازی سەرەکی یەکلاییکردنەوەی ململانێکان.

بۆ نمونە ئەوەی لە ناو یەکێتیدا ڕوویدا جۆرێک بوو لەم پڕۆسەیە. لە پاش مەسعوود بارزانیش پارتی ڕووبەڕووی دۆخی سەخت دەبێتەوە لەم ڕووەوە.

هەروەها ئەم دۆخە بۆ هەموو هێزەکانی تریش ڕاستە بەبێ جیاوازی بنەما و دید و ئایدیۆلۆژیایان.

چوارەم، کورد ناتوانێت دەزگا بونیادبنێت. چارەکە سەدەی ڕابردووی ئەمەی بە زەقی سەلماندووە. ئەمە تاوانی نوخبە و حوکمڕانان نییە، بەڵکو ئەوەی بۆدریۆ ناوی دەنێت هابیتۆس، ژینگەی کەلتووری و کۆمەڵایەتی کوردی دژ بە بونیادنانی دەزگایە. ئەوەی ئەمەی زیاتر قەیراناوی کردووە، کورد لە پەیوندی بە مۆدێرنەوە، ئالوودەی ئایدیۆلۆژیای سۆشیالیستی و نەتەوەییەکان بووە. یوڤال حەراری دەڵێت: سەدەی بیست سێ ئایدیۆلۆژیای بە سەردا زاڵبوو، سۆشیالیزم، فاشیزم لەگەڵ لیبرالیزم. سۆشیالیزم و فاشیزم دوو دیوی یەک دراون، سۆشیالیزم بڕوای وەهایە کە مێژوو بریتییە لە ململانێی نێوان چینەکان و پاش سەرکەوتنی چینی پرۆلیتاریا مێژوو کۆتایی دێت. فاشیزم بڕوای وەها کە مێژوو بریتییە لە ململانێی نێوان گەلان، لە ئەنجامدا گەلی باڵا سەردەکەوێت، یان دەبێت سەربکەوێت. بەڵام لیبرالیزم، بە پێچەوانەوە بڕوای بە ململانێ نییە وەک سروشتی مێژوو. بەڵام لیبرالیزم بە دنیای کوردی نامۆیە. بۆیە کودەتا و شۆڕش و سڕینە و زاڵبوون و دەرکردن و نەفیکردن خەسڵەتی سەرەکی دنیای سیاسەتی ناوچەکەن. خەڵکیش بە دڵ و بەگیان لەگەڵیدان.

دنیای کوردی هێندە جەنگەڵییە، لە ململانێی نێوان دوو لادا، کاتێک لایەک لاواز دەبێت، هەموو دژایەتی دەکەن یان ئامادەنین پشتیوانی لێبکەن. بەڵام خاوەنی هێز، خاوەنی جەماوەریشە. ئەمەم زۆر بە زەقی لە ململانێی پارتی و پەرلەماندا بینی.

سه‌ردار عه‌زیز

لێکۆڵەر و رۆژنامەڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...