شرۆڤه‌كه‌لتوور

ئیشراق و واتای ماددی و واتای ناماددی

هۆشەنگ شێخ محەمەد

 

(١)

ئەقڵی ئیشراقی دەبینێت مرۆڤ بوونەوەرێکە جیا لە بوونەوەرەکانی تر، لە واتا -مەعنا- دەگەڕێت، دەیەوێت مانا بە بوون، جیهان و ژیان بدات. هۆکاری گەڕانی مرۆڤ لە مانا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە بە ئیرادەوە ئەزموونی بوون و جیهان و ژیان دەکات، بوونەوەرەکانی تر بە زەروورەت بوون و ژیان دەکەن، بێ ئەوەی هۆشیاری کاریگەری لەسەر بوونیان هەبێت.

مرۆڤی ڕەسەن لە ڕێی هۆشیاریدا پێوەندی لەگەڵ بوون دەبەستێت، دەیەوێت خۆی بناسێت، بوون بناسێت و ئەزموونی ژیان و جیهانی پێ بکات، واتا مرۆڤی ڕەسەن لە ڕێی ناسینی خۆیەوە، جیهان و ژیانیش دەناسێت، بە دەربڕینێکی تر مرۆڤ کە هۆشیاری بە بوونی خۆی پەیدا دەکات، هۆشیاری بە بوون و جیهان و ژیانیش پەیدا دەکات.

پێوەندی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی هۆشیار بە بوون، ڕەهەندێکی ماددی و ڕەهەندێکی ڕووحانی تێدایە، بەهەردوو ڕەهەندەوە پرسیار لەبارەی جیهانی ماددی و مەعنەوی دەکات. هەم لە واتای ماددیی جیهان و هەم لەواتای ڕووحانی جیهان دەگەڕێت، وەڵامگەلی ماددیش لەبارەی جیهانەوە بەس نییە بۆ ئەوەی بە هەقیقەتی بگەیەنن، بۆیە هەردەم پرسیارگەلێکی وجوودی دەکات کە سنووری ماددە دەبڕن و بە بانسروشت و میتافیزیک دەگەن.

مرۆڤ کە هەم ماددەیە و جیهانی هەستەکی دەپشکنێت، هەمیش ڕووحە و جیهانی مەعنەوی دەپشکنێت. لە ڕێی پرسیار و پشکنینەکانی هەم (مەعنا) بە بوونی ماددی دەدات، هەمیش (مەعنەوییەت) بە جیهانی موقەدەس و میتافیزیک دەدات. بۆیە دەیەوێت بزانێت ئەم جیهانە ماددییە چییە و ڕەهەندە ڕووحانییەکەی چییە؟ هەمیش چۆن لەنێو ئەم جیهانە ماددییەدا بژیەت و چۆن مرۆڤێکی ڕەسەن و ڕووحانی دەبێت؟ تا هەم لایەنە ئۆنتۆلۆجییەکەی کامل بکات و هەمیش لایەنە ئەخلاقییەکەی کامل بکات. دواتریش چۆن ئەموونی ڕووحانی خۆی لەنێو جیهانی ماددەدا بکات؟

مرۆڤی هۆشیار دەپرسێت چ جۆرە ژیانکردنێک شایستەی مرۆڤە؟ وەزیفەی مرۆڤ لەنێو جیهان و بووندا چییە؟ چ جۆرە ئەزموونێک چاکە و واتای چاکە چییە؟

لەم پێناوەدا مرۆڤ پێویستی بە مەعریفەیە، بۆ ئەوەی ببێتە مرۆڤێکی هۆشیار و پەی بە کاملبوونی خۆی ببات. مەعریفەی مرۆڤیش لەگەڵ پەیدابوونی مرۆڤ دەست پێ دەکات، لەنێو جیهانی ماددیدا جیا لە بوونەوەرەکانی تر بیر دەکاتەوە و بە هۆشیارییەوە بە دوای وەڵامی پرسیارگەلی وجوودیدا دەگەڕێت. ئەگەر پێوەندی بوونەوەرەکانی تر لەگەڵ بووندا پێوەندییەکی (زەرووری)یانە بێت، واتا ئیرادەی تێدا نەبێت، تەنیا زەروورەت پەیدایان بکات و لەنێو نەزمێکی سروشتیدا بەردەوامیان پێ بدات، ئەوا مرۆڤ بەم شێوەیە ئەزموونی بوونی خۆی ناکات، مرۆڤ جیا لە بوونەوەرەکانی تر هۆشیاری هەیە کە جیهانی ماددی لەژێر هەژموونی هێزێکی ڕەها دایە، هێزێک لەسەرووی مرۆڤ ئەم جیهانەی پەیدا کردووە و نەزمێکی ورد و سەرنجڕاکێشی بۆ داناوە و کۆمەڵە یاساییەکی گەردوونی ڕایدەگرێت و بەڕێوەی دەبات، ئەم هێزە ناوی خودا، جەزب، وزە، توانا، ئەقڵ، عشق و هەر ناوێکی تری هەبێت، دەربڕین لە هێزێکی باڵا و ژیانبەخش دەکات، کە ڕووح بە بوون و مرۆڤ و بوونەوەرەکان دەبەخشێت.

 

(٢)

ئەو مەعنەویەت و ڕووحانییەتەی ئیشراق پێشکەشی دەکات، واتای ئەمە دەدات کە مرۆڤی هۆشیار بە جەستە و ئەقڵ و سۆزەوە لەنێو بووندا حزووری هەبێت، زانینێک پێشکەش دەکات کە تێگەیشتنێکی ئەقڵی و قودسی لە خۆ دەگرێت، ئەم تێگەیشتنە لەسەر بنەمایەکی هزری و فەلسەفی دەوەستێت، بەڵام بە بەڵگەی زانستی و ئەقڵانی تەنیا واتایەکی ماددی بە جیهان و شتەکان نادات، بەڵکوو سنووری ماددی تێدەپەڕێنێت و بەرەو بانسروشت بەرز دەبێتەوە.

ئەگەر جیهان تەنیا بە (واتا) ماددییەکەی وەربگرین، واتای (واتا) ئەمەیە: “پێناسەکردنی جیهان و شتەکان بە ئەندازەیەکی ماددی”، بەڵام ڕووحانییەت و مەعنەوییەت دەبێتە: “پێناسەکردنی جیهان و شتەکان بە ئەندازەیەکی ئەقلی و هۆشەکییەوە”.

ڕووحانییەت و مەعنەوییەت مەیلێکی مرۆییە بەرەو میتافیزیک و بەخشینی واتایەکی ڕووحانی و ناماددی بە جیهان و شتەکان، واتایەک لە سەرووی واتای ماددی و ئاسایی بێت. ڕووحانییەت جیهانی باتن و هەقیقەتی جیهانی ماددییە، یان ڕووحی جیهان و شتگەلی ماددییە، بەواتایەکی تر جیهانی نوور و نووری خودایە. ئەو مرۆڤەی هۆشیاری بەم جیهانە ڕووحی و باتنی و خوداییە پەیدا بکات، دەبێتە مرۆڤێکی ڕەسەنی ڕووحانی یان مەعنەوی!

 

(٣)

مرۆڤی ڕووحانی زەمینەیەکی هزری جیاواز لە ماددییەکان دادەڕێژێت، لەم زەمینە جیاوازە هزرییەوە خۆی و جیهان و هەقیقەت و بوون و خودا دەناسێت. هەروەها لەسەر ئەم بنەمایە پێوەندی خۆی لەگەڵ مرۆڤ و جیهان و شتەکان دادەڕێژێت.

بەم تێگەیشتنە هەم لە واقعی ئۆنتۆلۆجی بوون دەکۆڵێتەوە و دەیناسێت، هەمیش واقعێکی ئەخلاقی لەنێو جیهان و کۆمەڵگەدا بۆ خۆی دادەنێت.

مرۆڤی ڕووحانی پەی بە لایەنە مەعنەوییەکەی مرۆڤ و بوون و جیهان دەبات، بەم پەیبردنە بەرەو جیهان و ژیانی قودسی و ئەزموونی ئیمانی ئازادی خۆی دەڕوات. واتا مرۆڤی هۆشیار خۆی بە هۆشیارییەکەی پێوەندی خۆی لەگەڵ هێزی ڕەهادا ڕێکدەخات.

لەنێو دینەکاندا دەبینین، مەعنەوییەت یان ڕووحانییەت، بە ڕێوڕەسم و شەریعەت و پەرستش و فەرمان و فەرزەکاندا بەستراوەتەوە، دینەکان دەیانەوێت سنوور بۆ ئەم جیهانە مەعنەوی و ڕووحانییەتە دابنێن، ئیمانی مرۆڤیش ئازاد نەبێت و لە چوارچێوەی ئەم دینەدا پێوەندی خۆی لەگەڵ جیهانی میتافیزیکدا پێڕەو بکات، بەڵام  بیرکردنەوەی مرۆڤ لەبارەی جیهانی ڕووحانی و مەعنەویدا، لە سنووری دین بەند نەبووە و مرۆڤی هۆشیار هەردەم هەوڵی داوە، بە ئەقڵ و هۆشیاریی ناوەوەی خۆی، ئەم جیهانە ماددییە و جیهانی ناماددی بناسێت و ئەزموونی تایبەتی خۆی تێدا پێرەو بکات.

هەوڵی زۆربەی دینەکان پتر لەم ڕەهەندەدا چڕ دەبێتەوە، کە ناسینی جیهان لە ڕێی نەقڵەوە بێت، ئەمەش پتر واتای ماددی بۆ مرۆڤەکان بەیان دەکات، بەڵام هەوڵی ڕووحانییەکان لە ڕێی ئەقڵەوەیە بۆ دەربازبوون لەم ماناگەلانەی دینێک دەیاندات، چونکە نەقل، جا لەنێو هەر نەزمێکی فکریدا پێڕەو بکرێت، مەحکوومە بە سنوور و کۆت و بەند، بۆیەشە ئیمانی مرۆڤی دینی ئەقڵانی و ئازاد نابێت.

لەلایەکی دیکەوە زۆر لە فەلسەفە و زانستەکانیش، سنوورێک بۆ بیرکردنەوەی ئەقڵانی مرۆڤ دەکێشن، بیرکردنەوەی مرۆڤ لە ماددە و هەستەکانەوە بەند دەکەن، زۆر ئایدیا و ڕێڕەوی هزری، گشت جۆرە بیرکردنەوەیەکی ناماددی ڕەت دەکەنەوە، بە بیانووی ئەوەی هەڵگری ناوەڕۆکێکی زانستی و فەلسەفی ماددی نین و دەچنە نێو ئەقڵێکی خورافی و ئەفسانەیی، ناتوانن بەڵگەی لۆجیکی و ئەقڵانی لەسەر تێزەکانیان پێشکەش بکەن، بەمەش ڕووحانییەت و مەعنەوییەت ڕەت دەکەنەوە.

ئەم دوو بۆچوونە چ دینی و چ زانستی و فەلسەفی ماددی، لە ناوەڕۆکدا یەکدەگرنەوە، ئەویش ڕەتکردنەوەی ڕەهەندی ڕووحانی جیهان و مرۆڤە. ڕەتکردنەوەی ئەم لایەنە ڕووحییە، ڕەتکردنەوەی بەشێکی گەورەی تێفکرینی مرۆڤە لە هەقیقەت و بوون و خودا و خۆی. چونکە ئەم لایەنە تەنیا ڕەهەندە ماددییەکەی مرۆڤ و جیهان دەبینێت و ڕەهەندە ڕووحانییەکەی فەرامۆش دەکات، یان دانی پێدا نانێت.

 

(٤)

لە جیهانی ئەمڕۆدا تەوژمگەلێکی هزری و فەلسەفی و زانستی، بەرەو ڕووحانییەت و مەعنەویەت دەگەڕێنەوە، بەڵام هەم هۆکار و هەم مەوداکەیان لەگەڵ فەلسەفەی ئیشراقدا جیاوازە.

لە جیهانی ئەمڕۆدا کە سستەمێکی ماددی قورس خەریکە مرۆڤ و جیهان دەپلیشێنێتەوە، مرۆڤی ماندوو کردووە و ئازاری دەدات، مرۆڤی خستووەتە نێو گوزەرانێکی بێ مەعنا و مەعنەوییەت، ئەم مرۆڤە ماندووە بەرەو سۆفیزم و عرفان و ڕووحانییەت دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەم جۆرە گەڕانەوەیە جیاوازە لەگەڵ ڕووحانییەت و مەعنەوییەتی ئیشراقی و مرۆڤی ڕەسەن. مرۆڤی ماندووی ئەم سەردەمە ماددییە، بێزارە لە واتاگەلی ماددی بۆ ژیان و جیهان و ئیمان و بوون، سستمی ماددی واتایەک بەم مرۆڤە دەدات کە لە ئەندازەیەکی ماددیدا بەند بووە، لەدەرەوەی ئەم سنوورە ماددییەدا هیچ واتایەکی تر بە مرۆڤ نابەخشێت، ئەم جۆرە ڕووحانییەتەش لە هەقیقەتدا هەڵاتنە لەو واقعەی واتای ماددی خەلقی دەکات، بێزاربوون لە واقع و جیهانی ماددی و هەستەکی، وا دەکات ئەم مرۆڤە ماندوو و بێزارە پەنا بباتە بەر ڕووحانییەت تا بحەسێتەوە، مانایەکی تر بە خۆی و جیهان بدات.

بەڵام ئەم هەڵاتنە لەم واقعە ماددییە سەختەدا، واتای مەعنەوییەت نادات، بەڵکوو لە هەقیقەتدا هەر واتایەکی ماددییە و شتێک لە هەقیقەت کەشف ناکات! چونکە ئەم واتایە بەرئەنجامی ئەقڵێکی ئیشراقی و مرۆڤێکی ڕەسەن نییە، چونکە لە فەلسەفەی ئیشراقدا، مرۆڤی ڕەسەن جیهانی ڕووحانییەت و مەعنەوییەت وەک نەزمێکی بیرکردنەوە وەردەگرێت، لەهەر دۆخ و سستمێکی ماددیدا بێت، بەرەو مەعنەوییەت دەڕوات، بۆ ئەو واقع و جیهان و بوون و هەقیقەت یەکن، جیاواز نین، بەشبەش نین، تا لە واقع هەڵبێت و بکەوێتە نێو جیهانەوە، بوون و واقع و جیهان، شوێنی مرۆڤی ڕەسەنن، بوون و واقع و جیهان دیوێکی ڕووحانیان هەیە و مرۆڤی ڕەسەن تێیدا ئەزموونی ژیانی خۆی دەکات!

مرۆڤی ڕووحانی لە واقع هەڵنایەت، بەڵکوو دیوە ڕووحانییەکەی واقع دەزانێت، هەروەها درک بەمە دەکات کە ئەم واقعە ماددییەی مرۆڤی ماندوو لێی ڕادەکات، بەرەو جیهانی ڕووحانی و هەقیقەتی نابات. ڕەنگە مەترسی ئەم جۆرە هەڵهاتنانە لە کۆمەڵی ماددیدا لەمەوە بێت، کە ئەم هەڵهاتنە لە واقعدا مرۆڤ بەرەو وەهم و خورافە و جۆرە سۆفیزمێکی ڕوالەتی و ڕووکەش و میللی ببات، کە ئەویش لە نێو ماددە و ڕەهەندە ماددییەکاندا نگووم بووە! بۆیە زۆر جار دەبینین کە سۆفیزم و عرفان بە هەڵهاتن لە واقع و جیهانی ماددی و بە چوونە نێو خورافە تۆمەتبار دەکرێن، سەرچاوەکەی بۆ ئەم تێگەیشتنە دەگەڕێتەوە کە سۆفیزم یان عرفان دژی ماددە و واقع و جیهانی نوێ و سستمی مۆدرنە بێت، بەڵام ئەمە بۆ ناسینی بابەتەکە بەس نییە، ڕاستە ستەمی دینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی هۆکارێکن بۆ ئەوەی مرۆڤ بەرەو ڕووحانییەت بگەڕێتەوە، بەڵام ئەمە بە تەنیا ناوەڕۆکی بابەتەکە نییە، بەڵکوو سۆفیزم و عرفان، یان مەیلی ڕووحانی مرۆڤ لەنێو جیهانی ماددەدا بەرەو جیهانی مەعنەوییەت و میتافیزیک، مەیلێکی کۆن و لەپێشینەیە، بەر لە زەبری سستمی کۆمەڵایەتی و ستەمی دینی و سیاسی هەبووە.

مرۆڤی یەکەم یان مرۆڤی پێشین “نێر و مێ” پرسیاری وجوودی لا دروست بووە و پەی بەمە بردووە کە جگە لەم  جیهانە ماددییە، جیهانێکی نادیار، ناماددی، بێکۆتایی، ڕووحانی و مەعنەوی بالاتر هەیە، لە ڕێی ئەقڵی مرۆییەوە درک بەم جیهانە دەکرێت و پەی پێ دەبردرێت.

ئەقڵی ئەفسانەیی، دینی، فەلسەفی و هونەری و زانستی و زانستگەلی نوێ بوونی جیهانێکی باڵاتریان وروژاندووە. ئەم جیهانە ناماددییە لەسەرووی ئەم جیهانە ماددییەیە، یان دیوێکی دیکەی ئەم جیهانە ماددییەیە. کە جیا لە واتاگەلی ماددی، واتاگەلی ناماددی لەنێو خۆیدا پەنهان کردووە!

لەلایەکی دیکەوە مەودای گەڕانەوەی ڕووحانییەتی نوێ لەنێو فەلسەفە و زانستگەلی نوێدا، بریتییە لە ماددە، بەواتای ئەمەی کە دین و زانست بەیەکدییەوە ناگەن و دژی یەکترن، هەم ئەقڵی زانستی و هەم ئەقڵی دینی داکۆکی لە بازنەی خۆیان دەکەن و وای دەبینن کە زانست و دین دژ بەیەکن، واتا دابڕانێک لەنێوان مەعریفەی زانستی و دینناسیدا هەیە و پێک ئاشت ئاشت نابنەوە. دیندارەکان بەتایبەتی ئیبراهیمییەکان زۆر جار هەوڵ دەدەن کەلامزانانە، بوون و هەقیقەت و خودا لە تێکستی دینیدا لە ڕێی ئەقڵەوە بسەلمێنن و هەر چی لەنێو دەقی موقەدەسدا وتراوە، بەڵگەی زانستی بۆ بێننەوە، لەنێو موسڵمانەکاندا ئەم هەوڵانە زۆر دەدرێن و کە هەر دۆزینەوەیەکی زانستی لەبارەی گەردوون و بوون و جیهان و ژیاندا ئاشکرا دەکەن، زوو هەندێ دیندار ئایەتێکی قورئانی دەڵێنەوە و لەسەر کەشفە زانستیەکە دەیکەنە بەڵگە! بێ گومان ئەم هەوڵە پێوەندی بەم ئەقڵە دینییە ڕەسەنە نییە، کە دەقی موقەدەس وەک زانست نابینێت و مەودای دەقی موقەدەس تێکەڵ بە مەودای زانست ناکات. تێکەڵکردنی مەودای دین لەگەڵ زانست بەم شێوە و ناوەڕۆکە، هەوڵێکی ماددییە و پێوەندی بە ڕووحانییەت و مەعنەوییەتەوە نییە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، ئەم هەوڵانە مەودای ڕووحانییەتی دین و مەعنەوییەتی دەقی موقەدەس لەبار دەبەن!

لەلایەکی تر مەودای ڕووحانییەتی نوێ لەنێو سستمگەلی زانستی و ماددیدا، مەعریفە لە مەعنەوییەت جیا دەکەنەوە و لە ماددەدا مەحکوومی دەکەن،  ڕەتکردنەوەی ڕەهایی و ڕێژەیی هەقیقەت و مەعریفە و نەبوونی یەقین و گومانکردن بە گشتی و لێکردنەوەی قودسییەت لە مەعریفە، وای کردووە مەعریفە و موقەدەس پێکەوە کۆ نەبنەوە، یان بە واتایەکی تر مەعریفە موقەدەس نییە!

جیاکردنەوەی مەودای مەعریفە لە موقەدەس و ڕووحانییەت و مەعنەوییەت، وا دەکات مەعریفە تەنیا دیوێکی ماددی هەبێت.

بۆیە گەڕانەوەی نوێ بۆ ڕووحانییەت لە چوارچێوە گشتییەکەیدا هۆکار و مەدواکەی، لە ئەسڵی بابەتی ڕووحانییەتەوە دوورکەوتووەتەوە، بۆیە لە باسکردنی ئەم بابەتەدا دەبێت ئاگاداری ئەمە بین، کە ڕووحانییەت هۆکاری مەودا ڕەسەنەکەی، لەگەڵ ئەم بزاوانەی ئێستا جیاوازە، ڕووحانییەت و مەعنەوییەتی ئیشراقی، بنەماکەی مرۆڤی ڕەسەنە، مرۆڤی هۆشیارە کە بۆ زانینی یەکەم و پێشین، حیکمەتی نەمر دەگەڕێتەوە.

 

(٥)

سروش و ئیلهامی خودایی بەشێکن لە میتۆدی ئیشراقی، خۆزانی یان زانینی حزووری بنەمایەکی سەرەکییە بۆ زانین و ناسین، ئیشراق ساتی پەیدابوونی مەعریفەیە لەڕێی ئیشراقی ئەقڵ بەسەر ڕووحدا، هەم ئەقڵ و هەم ڕووح لە پەیداکردنی زانیندا بەشدارن، ئەم زانینە دەبێتە شهوود.

ئەم شهوودە لە ترس و لەپێناو دەربازبوون لە ئازاری جیهان یان واقعدا نییە، وەک لە واقعی دینی و زانستی نوێدا دەیبینین. بەڵکوو ئەم شهوودە لەپێناو دامەزراندنی سستمێکی زانینە کە شادمانی بۆ مرۆڤ دەستەبەر دەکات، مرۆڤ بە هەقیقەت و بوون دەگەیەنێت، نەوەک بە قازانج یان بەرژەوەندییەکی دنیایی یان ئاخیرەتی. بۆیەشە دەبینین ئەزموونی زۆربەی ڕووحانییەکان بریتییە لە نەترسان لە ژیان و لە مردن، بێباکی بەرانبەر بە کۆمەڵگە و تێگەیشتنگەلی فەرمی و دەستەجەمعی بۆ دین و خودا و ڕۆژی ئاخیرەت و حساب و پادداشت و سزا.

لە واقعی دینیدا ئاخیرەت، بریتییە لە قیامەت و ڕۆژی حساب، پادداشت و سزا، بەڵام لە واقعی ئیشراقیدا شادمانی مرۆڤ لێرەدا و لە ئێستادا بەگەیشتن بە هەقیقەت و ئەزموونکردنی ئەم هەقیقەتە لە ژیاندا ئامانجە!

لە واقعی ڕووحانییەتی ماددیدا، دەرچوون لەژێر فشاری ماددی و پارە و ئەخلاق و ژینگە و خێزان و کار و بارودۆخی ئەم دنیایە شێواوە ئامانجە، بەوەی ئەم مرۆڤە ماندوو و بێزارە وچانێک بدات و لە ڕێی شیعر و هونەر و ئەدەب و شانۆ و شتی تردا هەناسەیەکی ئارام هەڵبکێشێت. ڕووحانییەتی سەردەمی نوێ، دەیەوێت لە ئێستادا و لێرەدا دەستی ئەم مرۆڤە ماندووە بگرێت و لەئازارەکانی نەجاتی بدات.

لە واقعی ئیشراقیدا ڕووحانییەت بەرەو جۆرە ئیمانێکی ئازاد، جیهانێکی قودسی و بێگەرد دەڕوات، بە جۆرێک ناوەڕۆک و شێوازێکی هزری و ئەخلاقی پێشکەش بە مرۆڤ دەکات. نەزمێکی وجوودی و مەعریفی و ئەخلاقی بنیاد دەنێت، بەرەو چەمکگەلی وەک جوانی و عەشق و هەقیقەت و جەزب و مەعریفە و خۆناسین دەڕوات، پێوەندی مرۆڤ لە جیهانی ماددیدا لەگەڵ هێزی ڕەهادا ڕێکدەخات، مرۆڤ وەک بەشێک لە نووری خودا دەبینێت، وەک پاژێک لە حیکمەتی نەمردا، وەک خەلیفەی خودا لەسەر زەوی و هەوڵ دەدات گشت سیفەتەکانی هێزی ڕەها – خودا لەخۆیدا بەرجەستە بکات. بەمەش لە دیتنی فەرمی و نەریتی دین دوور دەکەوێتەوە، بۆ نموونە لەم تێگەیشتنە دوور دەکەوێتەوە کە خودا بۆ پەرستن بێت، یان ژیان تاقیکردنەوە بێت و پێوەندی نێوان مرۆڤ و خودا لە گوێڕایەڵی و پاداشت کورت بکرێتەوە.

 

  • لەهەژماری تایبەتی نووسەر وەرگیراوە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button