
دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی “ماڵی وەفایی” نوێترین ڕۆمانی دەرهێنەر و نووسەری ناوداری کورد، هنێر سەلیم بە ناونیشانی “کۆنسێرت بۆ کەڕان” چاپ و بڵاودەکاتەوە. چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم و سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا، ڕۆمانەکە بکەوێتە بەردیدی خوێنەران، هاوکات بە ئامادەبوونی نووسەر مەراسیمێکی تایبەت بۆ ناساندن و واژۆکردنی کتێبەکە لە هەولێر ساز بکرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی ماڵی وەفایی، ڕۆمانی “کۆنسێرت بۆ کەڕان” هاوشێوەی هەردوو ڕۆمانی پێشووی نووسەر بە زمانی فەڕەنسی نووسراوە، بەڵام ئەوەی ئەم بەرهەمە لە کارەکانی پێشوو جیادەکاتەوە شێوازی وەرگێڕانەکەیەتی، ڕۆمانەکە بە مۆدێلی هاوبەشیی ڕاستەوخۆی نێوان هنێر سەلیم و ڕێبین فەتاح وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی. دەزگاکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوە یەکەمین ئەزموونی هاوشێوەیە لە مێژووی وەرگێڕانی ئەدەبیی کوردیدا کە تێیدا نووسەری دەقەکە و وەرگێڕ بە شێوەیەکی هاوبەش و ڕاستەوخۆ کار لەسەر گواستنەوەی زمانەوانیی دەقێک بکەن، ئەمەش پارێزگاریی لە ڕۆح و ڕەسەنایەتیی دەقەکە دەکات.
هاوشێوەی کارەکانی پێشووی، هنێر سەلیم لەم ڕۆمانەشدا شێوازێکی داڕشتنی وێنەیی بەکارهێناوە. خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەی دەقەکەدا خۆی لەبەردەم زمانێکی سینەماییدا دەبینێتەوە، ئەوەش خەسڵەتێکی دیاری نووسینەکانی ئەو نووسەر و سینەماکارەیە کە سنووری نێوان شاشەی سینەما و لاپەڕەی کتێبەکانی کاڵ کردووەتەوە.
هنێر سەلیم پێشتر بە دوو ڕۆمانی سەرکەوتوو پێشوازییەکی گەرمی لەلایەن خوێنەرانی کورد و جیهانەوە لێکراوە. یەکەمین ڕۆمانی بە ناونیشانی “تفەنگەکەی باوکم” کە پاش بڵاوکردنەوەی لە فەڕەنسا لە ساڵی ٢٠٠٤، دەنگدانەوەی گەورەی دروستکرد و تا ئێستا بۆ زیاتر لە ٣٠ زمانی زیندووی جیهان (وەک ئینگلیزی، ژاپۆنی، ئەڵمانی، ئیتاڵی، ئیسپانی، تاملی، کەتەلانی، باسکی، پورتوگالی، هۆڵەندی، یۆنانی، تورکی، عەرەبی و هتد) وەرگێڕدراوە. بەهۆی بەرفرەوانی بڵاوبوونەوەی ئەم بەرهەمەوە ڕەخنەگرانی ئەدەبی نازناوی “باڵیۆزی مێژوو، خەبات و ئازاری کورد”یان پێبەخشیوە.
ڕۆمانی “ئەز و ئەز، ژیانی دوای مردنم” دووەمین ڕۆمانی هنێر سەلیم بوو کە بە فەڕەنسی بڵاوکرایەوە و هەر ساڵی ڕابردوو ڕاستەوخۆ وەرگێڕدرایە سەر هەردوو شێوەزاری کوردیی ناوەندی (سۆرانی) و کوردیی سەروو (کرمانجیی ژووروو)، هاوکات بە زمانەکانی وەک تورکی و عەرەبیش چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
هەردوو ڕۆمانەکەی پێشووی نووسەر لەلایەن ماڵی وەفایی لە شاری هەولێر چاپکراون و پێشوازییەکی کەموێنەیان لەلایەن خوێنەرانی کوردزمانەوە بەدەستهێناوە.
هنێر سەلیم لە ئازاری ١٩٦٤ لە شارۆچکەی ئاکرێ لە باشووری کوردستان لەدایکبووە. لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا بەهۆی زوڵم و چەوساندنەوەی ڕژێمی بەعس، زێدی لەدایکبوونی جێهێشت و ڕووی لە ئیتاڵیا کرد و ئێستا لە فەرەنسا دەژیت.
هنێر سەلیم، لەپای کار و بەرهەمە داهێنەرەکانی چەندین خەڵات و ڕێزلێنانی نێودەوڵەتی پێدراوە. دیارترینیان بەدەستهێنانی خەڵاتی سان مارکۆ بوو لە فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنیز لە ساڵی ٢٠٠٣ بۆ فیلمی بەناوبانگی “Vodka Lemon”. فیلمی “My Sweet Pepper Land” لە ساڵی ٢٠١٣دا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و خەڵاتی تایبەتی لیژنەی دادوەرانی لە فێستیڤاڵی فیلمی ئەبوو زەبی، خەڵاتی باشترین فیلم لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی شیکاگۆی پێبەخشرا. ساڵی ٢٠٠٥، فیلمی کیلۆمەتر سفر، بە شێوەیەکی فەرمی لە کێبڕکێی سەرەکیی فێستیڤاڵی فیلمی کان وەرگیرا، ئەوە دەستکەوتێکی بێپێشینە بوو لە مێژوودا کە فیلمێکی کوردی بەو ئاستە بگات. هاوکات، هنێر سەلیم لە پای کۆی بەشداری و کارە هونەری و کەلتوورییەکانی، لە ساڵی ٢٠٠٥دا میدالیای شۆڤالیێ بۆ ئەدەب و هونەر لەلایەن حکومەتی فەڕەنساوە پێبەخشراوە.
ڕۆمان و فیلمەکانی هنێر سەلیم زیاتر ڕەنگدانەوەی ئازار، ناسنامە، و کێشەکانی گەلی کوردن بە شێوازی کۆمیدیای ڕەش و درامی.



