یەکەم – دۆخەکە بەم جۆرەیە: چەند کۆمەڵێك دەستیان گرتووە بەسەر هەموو لایەنێكی ژیانی کوردستان و حوکمی ڕەهایان لە دەستە. یەکێك لەم لایەنانە ژینگەیە، دارستان، زەویوزار، گرد و چیا، کانی، چەم و ڕووبار، هەرچیەکیان بوێ داگیری دەکەن. هەندێكیان گەڕەکی نێو شاری داخستووە، تەنیا ڕێ بەوانە دەدەن کە لەوێدا دەژین. هەمان دەسەڵاتی سیاسی حوکمڕانی ڕەهایە، خاوەنداری هەموو موڵکی کوردستانە، هەموو دارایی و ئابووری کوردستانی داگیر کردووە. لە بەرانبەر هیچ دەستگایەکی هەڵبژێردراودا بەرپرس نییە. بە چەکی دەسەڵات خەڵك سەرکوت دەکات تا ژینگەی کوردستان کاولبکات و بۆ بەرژەوەندی دارایی خۆی بیفرۆشێتەوە. هیچ یەکێك لەوانەی دەسەڵاتی سیاسی بە دەستە، شەرعیەتی قانوونی نییە، بە دەنگدان لە دەسەڵاتدا نییە، بە دژەتیرۆ، پاراستن، ئاسایش و میلیشای حزب حوکم دەکات. بە کورتی، حوکمێکی بێوێنەیە، پێشینەی نییە. کۆمەڵێك پارێزگایەك لە هەرێمێك و لە وڵاتێك بە ئارەزووی خۆیان کاول بکەن بەبێ ئەوەی هیچ شەرعیەتێکیان هەبێت، بە ڕاستی جێی تێڕامانە.
دووەم – پاراستنی ژینگە ئاوەدانکردنەوەیە: کامپەینی خۆڕسکی پارێزگاری ژینگەی کوردستان دژی ئاوەدانکردنەوە نییە. ئاوەدانکردنەوە جیاوازە لەگەڵ داگیرکردن و کاولکردنی ژینگەدا. چیای ڕووتەڵە، دەکرێت بکرێت بە جێی حەواندنەوەی خەڵکی ماندوو یان بە جێی پاراستنی ژینگەیەك نزیك لەنێوچوونەوە، جا گیانداری کێوی بووبێت یان دارودرەختی دەگمەنی کوردستان.
کاولکارانی کوردستان، هیچ زانیارییان دەربارەی ژیانی کێوی نییە لەنێو ئەو چیایانەدا کە کاولی دەکەن: چ جۆرە گیاندارێك و زیندەوەرێك لەنێویاندا دەژین. بایۆدایڤێرستی بەشێکی گرنگە لە ژینگەی کوردستان و تێکدانی خەتی سوورە. ئەمەی کاولکاران دەیکەن جیاوازی چییە لەگەڵ سیاسەتی بەعس، پڕکردنەوەی سەرچاوەی ئاوی کوردستان و بڕینەوەی دارودرەختی!
بووژاندنەوەی ژیانی کێوی کوردستان زۆر سەخت نییە. خۆ دەکرا بەری چەند چیایەك بگیرایە و تەنیا بە باراناو ببووایە بە دەریاچەیەکی شیرین، کە هەزاران جۆر باڵندە و گیانداری کێوی بانگ بکردبا و سەدان جۆر دەرختی کێوی لەدەور ڕوابووا. هەروەك دەبووە جێی پشووی سەدان خێزان، کە ڕۆژانە سەریان لێدەدا. هەڵبەت دەسەڵاتی ئەمڕۆ خەیاڵی تەنیا لە گیرفانە، نەك پڕۆژەی بووژاندنەوەی کوردستان.
سێیەم: هەموو پڕۆژەیەکی ئاوەدانکردنەوە، پێویستی بە توێژینەوەیە تا بزانرێت کاریگەری لەسەر ژینگە و دانیشتووانی ناوچەکە چ دەبێت. هەندێك توێژینەوە لە وڵاتانی شارستاندا چەند ساڵێکیان پێدەچێت. هەڵبەت چاوەنواڕی باشترە لە گۆڕینی دیمۆگرافی وڵات. ئێچ ئێس تو – خێراترین شەمەندەفەرە، سەر و خواری بەریتانیا پێکەوە دەبەستێتەوە. پاش چەند ساڵێك بڕیاری لەسەر درا، ئەویش بە مەرجێك ئاسایشی هەردووك ژینگە و دانیشتووان لەبەرچاو بگیرێت. بەگوێرەی نزیکی لە کاری هێڵی ئەم شەمەندەفەرەوە، هەموو دانیشتووان بەدرێژایی ئەو هێڵە دوور و درێژە قەرەبوو کرانەوە، بەرلەوەی یەك تاقە پاچ لە زەوی بدرێت. کاولکارانی کوردستان بە ئارەزووی خۆیان دەڕووخێنن، بەبێ ئەوەی ئاسایشی خەڵك و ژینگە لەبەرچاو بگرن.
چوارەم – نەبوونی خزمەتگوزاری بۆ دانیشتووان: کاولکاران دەیانەوێ کوردستان سووك بکەن بەوەی بەو چیا جوانە دەڵێن، ڕووتەڵە و لافی ئاوەدانکردنەوە لێدەدەن. تەنیا چەند کیلۆمەترێك لەم چیایانەوە کە کاول دەکرێن، تونێڵی سیتەك هەیە، پێشڕەو؛ بەراوردی بکەن بەو پڕۆژە زەبەلاحانەی لەسەر گۆیژە و ئەزمەڕ کراون بۆ خەڵکی بەدەرامەت؛ شەرمەزارییە، تیرەکەی چەند مەترێکە، تا تێدەپەڕیت وەختە بخنکێیت، نە تەلەفۆن و نە دەرکی فریادڕەسی تێدایە، تەڵەیەکە بۆ مەرگ. بڕوانن خزمەتی خۆیان چۆن دەکەن و خزمەتی خەڵك چۆن. ئایا شەرمەزاری نییە کە تونێڵی دەربەندیخان، لە ١٩٥٩ دروستکراوە، لەوی سیتەك پێشکەوتووترە!
پێنجەم: ئەم پڕۆژانە لەسەر موڵکی گشتی دادەمەزرێن، بە درێژایی مێژوو هەمووان توانیویانە چێژ و کەڵکی لێوەربگرن جا بۆ خۆیان بووبێت یان بۆ مەڕوماڵاتیان. ئێستا دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی، کە هەردووك یەکن، داگیری دەکەن، پوڵێکی لە حساب نەهاتووی لێ قازانج دەکەن. بەوەشەوە ناوەستن، شورای بەدەوردا دەگێڕن و دەرکێکی تێدەخەن. موڵکی خەڵك دەبێت وەك خۆی بمێنێتەوە. خۆ گەر دەستکاری دەکرێت، دەبێت لە خزمەتی خەڵکدا بێت، نەك چەند سیاسی/بازرگانی چاوچنۆك.
شەشەم – سیاسەتی دابەشکردنی خەڵك: ئەم گەڕەکانە هەموو شورا کراون و دەرکێك خڕ دایخستوون، پرسگەیەك لەوی دور الضباط-ی بەعس لەپێشی دامەزراوە. ئیدی کەس ناتوانێت بەو ناوەدا بڕوات ئەوانە نەبن، کە موڵکی داگیرکراوی خەڵكیان بە پووڵێکی زۆر پێفرۆشراوە. دەچی بۆ سەردانی نەنکت، سەردانی برات، سەردانی هاوڕێی خۆشەویستت، پرسگەیەك لەبەردەم دەرکی گەڕەکدا قوتبووەتەوە و دەبێت زانیاری تەواوی ئەو کەسە بدەیت کە دەچیە لای.
نەنکی ڕەحمەتیم لە کانیسکان دەژیا، هەرچ کاتێك بمویستایە دەچووم بۆلای و بە دەستی بەتاڵیش نەدەگەڕامەوە، هێلکەیەکی مریشکەکەشی پێدەدام. جیاکردنەوە و مۆڵکردنی خەڵك، حزبی کورد دایمەزراند.
پارەکردن و کوتکردنی دانیشتووان، بە قانوونی نێودەوڵەتی یاساغە. تەنانەت لە بەندی سەرەتای دەستووری عێراقدا دەنووسێ، هەموو عێراقییەك ئازادە لە سەرتاخواری عێراقدا موڵك بکڕێت و بگەڕێت. هەموو ئەمانە، پڕۆژەی جوداکردنەوەی خەڵكن، کە نە مۆڕاڵ دەرفەتیان پێدەدات، نە قانوون. بەشبەشکردنی خەڵك ناقانوونییە.
مەکینەی چەتەوڵ لە گیانی چیای گۆیژە دووربخەنەوە!