ژینگه‌هه‌واڵ

ئاگرەکەی شارباژێڕ بە سووتانی ٢٠٠ دۆنم پاوان و درەختی سروشتی کۆتایی هات

بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە سنوری شارباژێڕ، نزیکەی ٢٠٠ دۆنم پاوان و درەختی سروشتی و چەند باخێکی هاووڵاتییان سووتان.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، ئاگرکەوتنەوەکە، دوێنێ شەممە، ٢٤ی ئاب لە سنوری گوندەکانی (گۆڕەدێم و موبڕە) ڕوویدا.

مەفرەزەتەکی پۆلیسی دارستان و ژینگەی شارباژێڕ “دەستبەجێ” بەرەو شوێنی ڕووداوەکە چوون، بەمەبەستی کوژاندنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە.

پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، لە ڕاگەیەندراوێکی تایبەت بە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکە، باسی لەوە کرد، بەهۆی ئاگرەکەوە، نزیکەی ٢٠٠ دۆنم پووش و پاوان، درەختی سروشتی و ڕەز و باخی هاووڵاتییان سووتان.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، مەفرەزەکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی شارباژێر، بە هاوکاری ئاگرکوژێنەوەی شارۆچکەی چوارتا و خەڵکی ناوچەکە توانیویانە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و ڕێگە لە زیاتر تەشەنەسەندنی بگرن.

“چەندین ڕەز و باخی تر لە سووتان پارێزران”، پۆلیسی دارستان و ژینگە وا دەڵێ.

ئاشکرایشی کردووە، بە تۆمەتی هۆکاری ئاگرەکە و بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، هاووڵاتییەک دەستگیر کراوە.

هەر دوێنێ شەممە، ٢٤ی ئاب، پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، بەتۆمەتی ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە سنوری شارەدێی بازیان، هاووڵاتییەکیان دەستگیر کردووە.

ئاگرەکە لە سنوری گوندی (باریکە) کەوتەوە و بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی پۆلیسی دارستان و ژینگە، بەهۆیەوە نزیکەی دوو دۆنم لە پووش و پەرێزی گەنم و ژمارەیەک دار سنەوبەر سووتاون.

ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە پاوان و ناوچە دارستانییەکاندا، یەکێک لە هۆکارەکانی کەمبوونەوە و لەناوچوونی ڕووبەری دارستانن لە هەرێمی کوردستاندا.

فڕێدانی پاشماوەی نەکوژێنراوەی جگەرە، یەکێکە لە هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە لە دەغڵودان، پووش و پەڵاش و ناوچە دارستانییەکاندا. ئامارێکی بەرگری شارستانی هەولێر، کە تۆماری ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە ماوەی نۆ مانگی یەکەمی ٢٠٢٣ پیشان دەدات، ڕوونیکردووەتەوە، لەو نۆ مانگەدا، ٥٧٣ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە پووش و پەڵاش، پاوان و ناوچە دارستانییەکاندا ڕوویانداوە و هۆکاری زیاتر لە ٩٠ ئاگرکەوتنەوەی لەو جۆرە، فڕێدانی جگەرەوە بووە.

بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەماوەی پەنجا ساڵی ڕابروودا، ڕێژەی ٥٠٪ی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕینەوە، سووتان و گۆڕینی ناوچەی دارستانی بۆ نیشتەجێبوون لەناوچوون. ڕووبەری دارستان لە هەرێمی کوردستان لە پێنج ملیۆن دۆنمەوە بۆ تەنیا دوو ملیۆن و نیو دابەزیوە.

زۆرترین ڕووبەری ناوچەی دارستانی کەوتووەتە سنووری پارێزگای دهۆک، پارێزگای سلێمانی بە جیاوازییەکی زۆرەوە لە پلەی دووەم و لە نزمترین ئاستیشدا پارێزگای هەولێر دێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...