ئابووریشرۆڤه‌
ئاراستەکان

لێبڕینی خانەنشینی

د. یوسف محەمەد

سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان

 

دوابەدوای سەرکەوتنی داواکەمان لە دادگای باڵای فیدڕاڵی بە ژمارە (212/ فیدڕاڵی/ 2022) و، دەرچوونی بڕیاری دادگا سەبارەت بە هاوتاکردنی مووچەی سەرجەم خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ خانەنشینانی عێراق و، جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە (9)ی ساڵی 2014ی هەموارکراو، دەسەڵاتدارانی هەرێم پاش دەستی دەستییەکی زۆر دواجار لەمانگی 7ی ساڵی ڕابردووەوە دەستیان کرد بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی.

 

یەکێک لەو کێشانەی لە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2014 هاتووەتەکایەوە، نەبوونی سندووقی خانەنشینییە لە هەرێم، هەرچەندە بەم دواییانە بڕیاری دروستکردنی سندووقەکە دراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئەم سندووقە لە ڕابردوودا، کۆی لێبڕینی خانەنشینیی فەرمانبەرانی هەرێم و بەشداریی دەوڵەت بۆ سندووقی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان دیار نییە و نازانرێت چیی لێکراوە!؟

 

لەم ڕۆژانە لە میدیاکانەوە بابەتی لێبڕینی خانەنشینی بە بڕی (3%)ی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ هەموو ساڵەکانی دوای (1/ 1/ 2014) وروژێندرا، گوایە لەسەر داوای حکوومەتی فیدڕاڵییە، دواتریش «نووسراوێکی وەزارەتی دارایی»ـی هەرێمم بەدەست گەیشت کە ڕێنمایی ئەم لێبڕینەیە و وێنەکەی لە خوارەوە هاوپێچکراوە.

دوای لێکۆڵینەوەی ئەم شێوازە لە لێبڕین و بەو شێوەیەی لەو نووسراوەدا هاتووە، دەردەکەوێت کە ئەو لێبڕینە هیچ پەیوەندییەکی بە حکوومەتی فیدڕاڵییەوە نییە، بەڵکوو لەسەر خواستی دەسەڵاتدارانی هەرێمە. بەڵام ئەگەر لەسەر خواستی حکوومەتی فیدڕاڵییش بێت، ئەوا داواکارییەکی ناڕەوایە و، لە ڕوی یاساییەوە هەڵەیە و لە هەمان کاتیشدا ستەمێکی گەورەیە لە فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم لەبەر ئەم چەند خاڵەی خوارەوە:

 

  1. ئەوە ڕاستە کە بە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2014، پێویستە بەپێی (مادەی 17/ یەکەم)ـی یاساکە لێبڕینی خانەنشینیی فەرمانبەران لە (7%)ەوە بگۆڕێت بۆ (10%)، بەڵام ئەی (7%)ەکەی کە لە پێشووتر لە مووچەی فەرمانبەران بڕدراوە کوا؟! ئەی باشە هەر بەپێی هەمان مادە و بەند دەبێت بەشداریی خەزێنەی گشتی لە لێبڕینی خانەنشینی (15%) بێت، ئەی بۆ باس لەوە نەکراوە و ئەوەش نەکراوەتە قەرز لەسەر «حکوومەتی هەرێم» و مانگانە (15%)ی مووچەی بنەڕەتیی فەرمانبەران وەک قەرز لەسەر خۆیان هەژمار بکەن بۆ هەموو ساڵەکانی دوای (1/ 1/ 2014) و بیدەنەوە؟!

 

  1. لەو نووسراوەدا ئاماژە بەوە نەدراوە کە ئەم پارەیە لە مووچەی مانگەکانی داهاتووی فەرمانبەران و خانەنشینان دەبڕدرێت، دەچێت بۆ کوێ!؟ خۆی لێبڕینی خانەنشینی لە فەرمانبەر و لە دەوڵەت کە دەکاتە (25%)ی مووچەی بنەڕەتیی فەرمانبەر، بەپێی یاسای خانەنشینی دەبێت بە داهات بۆ سندووقی خانەنشینی. ئایا وەک هەموو لێبڕینی خانەنشینییەکانی پێشووی فەرمانبەرانی هەرێم ون دەکرێت و کەس نازانێت چیی لێدێت؟! ئایا چی دەکەن بۆ بەستنەوەی لێبڕینی خانەنشینیی فەرمانبەرانی هەرێم بە سندووقی خانەنشینیی عێراق؟!

 

  1. باشە ئێستا کە بە (أثر رجعی) لێبڕینی خانەنشینیی فەرمانبەران بەپێی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی ئاماژەپێدراو وەک قەرز دەبڕن، ئەی ئایا ئەو هەموو فەرمانبەرەی لە (1/ 1/ 2014)ەوە خانەنشین بوون و شایستەی خانەنشینییەکی زیاتر بوون بەپێی ئەو یاسایە، یان ئەوانەی پێش 2014 خانەنشین بوون و بەپێی یاساکە دەبوو لە 1/ 1/ / 2014ەوە مووچەکەیان هەموار بکرێتەوە، ئایا قەرەبووی هەموو ئەو ماوەیەیان بۆ دەکەنەوە و مووچەکانی ئەو ماوەیەیان هاوتا دەکەنەوە لەگەڵ یاساکە؟!

 

  1. لە ڕووی یاساییەوە و بەپێی مادەی (37/ یەکەم)ی پەیڕەوی ناوخۆی دادگای باڵای فیدڕاڵی ژمارە (1)ی ساڵی 2022، بڕیارەکانی ئەو دادگایە لە ڕۆژی دەرچوونیانەوە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە. بڕیاری (212/ فیدڕاڵی/ 2022) سەبارەت بە خانەنشینانی هەرێم و پابەندکردنی دەسەڵاتدارانی هەرێم بە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2014ی هەموارکراو، لە ڕۆژی (23/ 11/ 2022) دەرچووە. واتە لەو ڕێککەوتەوە ئەو یاسایە بەرکارە بۆ پرسی خانەنشینی بە لێبڕینی خانەنشینی و بە مووچەشەوە. واتە لەو ڕێککەوتەوە پێویستە لێبڕینی خانەنشینیی فەرمانبەر و دەوڵەت وەک یاسا بەرکارەکەی لێبکرێت و، بە هەمان شێوە لەو ڕێککەوتەوە مووچەی سەرجەم خانەنشینانی هەرێم هاوتا بکرێت، نەک لێبڕینی خانەنشینی هەموار بکرێت، بەڵام مووچەی خانەنشینی هاوتا نەکرێت! ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم دەیانەوێت یاسای خانەنشینیی بەرکار لە 2014ەوە بە (أثر رجعی) جێبەجێ بکەن ئەوا پێویستە هەمووی جێبەجێ بکەن نەک تەنها لێبڕینی خانەنشینی!

 

  1. هەمووان دەزانین دەسەڵاتی هەرێم لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا دەیان ملیۆن دیناری هەموو فەرمانبەران و خانەنشینان و مووچەخۆرانی تری هەرێم قەرزارن. دەبوو بەپێی مادەی (13) لەو یاسای «چاکسازی»یەی هەڵایەکی گەورەی بۆ کرا، «وەزارەتی دارایی»ـی هەرێم سەرجەمی ئەو پاشەکەوت و لێبڕینانە کە لە مووچەدا کراون هەژماریان بکات و بیانخاتە سەر ژمارە حسابێک، بۆ ئەوەی بەپێی ڕێنماییەک مووچەخۆران سوودمەندبن لێی، ئەی ئەم «وەزارەتی دارایی»یە بۆ ئەم ئەرکە یاساییەی خۆی جێبەجێ نەکردووە!؟ باشە بە هۆی «پاشەکەوت»ـی زۆرەملێ و «لێبڕنەوە»ەوە مووچەی هەندێک مانگی فەرمانبەران هەر نەدراوە، یانی چۆن دەیانەوێت لێبڕینی خانەنشینی لە مووچەیەک ببڕن کە هەر نەدراوە؟! پێویستە ئەو قەرزەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم لە لێبڕینی خانەنشینیی ئەم سێ ساڵەی ڕابردووش بخرێتە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم کە سەدان قاتی ئەو لێبڕینی خانەنشینییە قەرزاری فەرمانبەرانی هەرێمن.

 

لە کۆتاییدا جێی سەرسوڕمانێکی گەورەیە کە چۆن دەسەڵاتدارانی هەرێم بیریان لەو جیاوازیی لێبڕینی خانەنشینییەی فەرمانبەران کردەوە، بەڵام بیریان لە بەشەکەی خۆیان لەو لێبڕینە نەکردەوە یان بیریان لە هاوتاکردنەوەی مووچەی خانەنشینان نەکردەوە لەو کاتەوە؟! یان چۆن بیریان لەو هەموو مووچەیە نەکردەوە کە نەیانداوە بە مووچەخۆران، یان بیریان لەو هەموو لێبڕینەی تر نەکردەوە کە بەهۆی وەستاندنی نایاسایی پلەبەرزکردنەوەوە لە فەرمانبەرانی هەرێمی دەبڕن و، هەر بە هۆی ئەوەشەوە لە کاتی خانەنشینکردنیشیاندا ستەمێکی گەورەیان لێ دەکەن؟! ئەمانە هەر لێبڕین دەزانن، بەڵام ئامادەنین ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.

 

هەر بۆیەش ئەو نووسراوە، نایاساییە و پێویستە هەڵبوەشێنرێتەوە، ئەگەرنا فەرمانبەران و خانەنشینان دەتوانن لە دادگای کارگێڕی تانەی لێبدەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button