
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، عێراق مامەڵەیەکی نایەکسان و جیاوازی لە نێوان جووتیارانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق دەکات.
ئەمڕۆ سێشەم، ٥ی ئایاری ٢٠٢٦، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان سێ چوار ساڵە بڕی بەرهەمی بنەتۆوی زۆر زیادکردووە و بەهۆیەوە هاوردەکردن بە ڕێژەیەکی زۆر کەم بووەتەوە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر، وەزیری کشتوکاڵ گوتی: “بەگوێرەی تایبەتمەندیی ناوچەکان، بەرهەمی بنەتۆو بەرهەمێندراوە بۆ ئەوەی بڕشتی باشیان هەبێ و جووتیاران بتوانن سوودی باشی لێ ببینن. ئەمساڵ بەرهەمی بنەتۆومان لە پار زیاتر دەبێ کە 11 هەزار تۆنمان بە نرخی پاڵپشتی بە جووتیاران دا. دەمانەوێ هەرێمی کوردستان بتوانێت بنەتۆوی هێندە زۆربێ بەرهەمی ناوخۆ پڕبکاتەوە”.
بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کرد: “عێراق سیاسەتێک پیادە دەکات کە ناچێتە ناو هیچ چوارچێوەیەکی هاوئاهەنگی یەکدییەوە، چونکە جیاوازی دەکرێ لە نێوان جووتیارانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق. ئێمە هەموو داتا پێویستییەکان بۆ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەنێرن، بەڵام تا ئیستا دان بەوەدا نانێن مامەڵەیەکی یەکسانمان لەگەڵدا بکەن”.
عێراق بڕیاریداوە ئەمساڵ تەنیا 292 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، بێگەرد تاڵەبانی دەڵێت بەو بڕە ڕازی نابن.
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان گوتی: “نووسراوی تایبەتمان ئاڕاستەی جەنابی سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە کە ڕەزامەند نین بەو بڕەی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، ئەوە پێشێلکردنی مافی جووتیارانە”.
بێگەرد تاڵەبانی ڕوونیکردەوە، بەگوێرەی ئەو بڕە گەنمەی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، “بۆ هەر جووتیارێک لە چەند کیلۆیەک گەنم تێپەڕ ناکات، لەکاتێکدا بۆ جووتیارانی عێراق سەدان کیلۆ دەبێت”.
لە ١٥ی ئەیلوولی ئەمساڵ، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد، عێراق تەنیا بڕی ٢٩٢ هەزار تۆن گەنمی دیاریکردوو بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی وەرگرتن لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستاندا، لەکاتێکدا ئەمساڵ سەرووی سێ ملیۆن دۆنم زەوی بەگەنم داچێنراوه و ئاستی پێشبینیی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان لە نێوان ملیۆنێک و نیو بۆ دوو ملیۆن تۆن دەبێت و ڕێژەی بارانبارین بەمسۆگەری چەندین هێندەی ساڵانی پێشووە.
هەرئەوکات، لێژنەی تایبەتمەند لە هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی وەزارەتی کشتوکاڵ، ڕایگەیاند: بڕی ئەو گەنمەی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، ڕەتدەکاتەوە.
لێژنە تایبەتمەندەکە ئاماژەی بەوەش کردبوو، ئەو پێوەرانەی بۆ وەرگرتنەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن عێراقەوە دانراون، نازانستی و ناواقیعین، لەبەر ئەوە وەکوو لێژنەی تایبەتمەند لە هەرێمی کوردستان ناوەڕۆکی ئەو پێشنیازەمان ڕەتکردووەتەوە کە بە هەرێمی کوردستان دراوە.
لێژنەکە داوایشی کرد، پێویستە مافی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هەمان ئەو مافە بێت کە بۆ جووتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق فەراهەمکراوە، لە پڕۆسەی بەبازاڕکردن و وەرگرتنەوەی گەنم لە سایلۆکاندا.



