ئابووری

پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و بیناسازی بەخێرایی پاشەکشە دەکەن

دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و بیناسازی لە هەرێمی کوردستان پاشەکشەیەکی گەورەی کردووە، بەڕادەیەک کە ساڵی ٢٠١٨ بەراورد بە ٢٠١٣ بەڕێژەی زیاتر لە ٦٤٪ کورتهێنان لە ژمارەی مۆڵەتەکانی بیناسازی و دروستکردنی خانوو تۆمارکراوە. هەریەک لە دەستەی ئاماری کوردستان و دەستەی وەبەرهێنان داتای جیاواز لەبارەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دەخەنەڕوو. بەپێی دەستەی ئاماری کوردستان مۆڵەتی ٣٣٩ پڕۆژەی نیشتەجێبوون دراوە و تەنیا ٦١ پڕۆژەیان تەواوکراون، بەڵام بەپێی داتاکانی دەستەی وەبەرهێنان تەنیا مۆڵەتی ١٩١ پرۆژەی نیشتەجێبوون دراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان کە داتای ژمارەکانی مۆڵەتی بیناسازی لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٨ لەخۆگرتووە، پاشەکشەیەکی گەورە لە کەرتی بیناسازی لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان ڕوویداوە.

ڕاپۆرتەکە ڕوونی دەکاتەوە، لە ساڵی ٢٠١٣دا لە هەرێمی کوردستان ٢٧ هەزار و ٢٦٩ مۆڵەتی بیناسازی دراوە؛ ٢٠ هەزار و ٣٣٩ مۆڵەتی بیناسازی لە ٢٠١٤دا؛ ١٥ هەزار و ٤٧ مۆڵەتی بیناسازی لە ٢٠١٥دا؛ ١١ هەزار و ٢٩٣ مۆڵەتی بیناسازی لە ٢٠١٦دا؛ لە ساڵی ٢٠١٧یشدا تەنیا نۆ هەزار و ١١٠ مۆڵەتی بیناسازی و لە ساڵی ٢٠١٨یشدا ژمارەکە بۆ تەنیا نۆ هەزار و ٧٥٦ مۆڵەتی بیناسازی لە کورتی داوە. ڕاپۆرتەکە تەنیا داتای ئەو خانووانە دەگرێتەوە کە بەڕێژەی ١٠٠٪ تەواوکراون.

شەپۆڵی بیناسازی لە هەرێمی کوردستاندا بۆ ساڵانی دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ دەگەڕێتەوە. هەرچەند لە ساڵانی سەرەتای نەوەدەکاندا، پرۆسەکە بە سستی دەڕوات، بەڵام لە کۆتایی نەوەدەکاندا کاراتر دەبێت و لە پاش ڕووخانی بەعسی عێراقی لە ٢٠٠٣یشەوە، شەپۆڵەکە گوڕ و تینی تەواو پەیدا دەکات.

لە ساڵی ١٩٩١دا لە تەواوی سنووری شارەوانی سلێمانی، تەنیا مۆڵەتی ٩٧ یەکەی نیشتەجێبوون دراوە، بەڵام لە ٢٠٠٧دا بۆ سێ هەزار و ٣٦٨ یەکەی نیشتەجێبوون بەرزبووەتەوە. لە ساڵی ٢٠٠١دا، پێنج هەزار و ٢٥٤ مۆڵەتی بیناسازی لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، دهۆک و سلێمانی دراوە(هەولێر ١٣٥٥؛ دهۆک ١٨١٠؛ سلێمانی ٢٠٨٩ مۆڵەت)، ژمارەکە لە ٢٠٠٧دا بۆ ١٤ هەزار و ٩٣١ مۆڵەتی بیناسازی بەرزبوویەوە(هەولێر ٥٥٣٨؛ دهۆک ٤٠٧٢؛ سلێمانی ٥٣٢١ مۆڵەتی بیناسازی).

ئامارەکانی سەرەوە، تەواوی مۆڵەتەکانی بیناسازی لەخۆدەگرن، لە یەکەی نیشتەجێبوونەوە تا فرۆشگا، کۆگا، دوکان و باڵەخانە بازرگانییەکان، بەڵام نزیکەی ٩٠٪ی یەکەی نیشتەجێبوونن.

مۆڵەتی بیناسازی و بەدیاریکراوی یەکەی نیشتەجێبوون، کە پێشتر لەلایەن شارەوانییەکانەوە دەدرا، لە دوای ٢٠٠٦ەوە، لەپاڵ شارەوانییەکاندا، پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە دەستەی وەبەرهێنانیشەوە مۆڵەتیان پێدەدرێت.

یاسای وەبەرهێنان، مۆدێلێکی نوێی نیشتەجێبوونی دروستکرد، لە ڕێگەی مۆڵەتدانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونەوە. چیتر مۆڵەتی بیناسازی لەلایەن شارەوانییەکانەوە کەمبوونەوە و مۆڵەتی بیناسازی بۆ دەستەی وەبەرهێنان گوازرایەوە.

پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بەپێی مۆدێلی وەبەرهێنان، چەند بەرژەوەندییەکیان بۆ وەبەرهێنەران لە کەرتی تایبەت و حکوومەت دروستکرد. وەبەرهێنەرانی خاوەن مۆڵەتی نیشتەجێبوون توانیان سەرمایەگوزارییەکی گەورە لە کەرتی نیشتەجێبووندا بکەن و سەرمایەیەکی زەبەلاح پێکەوە بنێن(سەرمایەگوزاری لە کەرتی نیشتەجێبووندا ١٧ ملیار و ٧٩٠ ملیۆن دۆلارە). لەبەرانبەردا حکوومەت ئەرکی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنچینەییەکانی وەک ئاو و ئاوەڕۆ، ڕێگەوبان، کارەبا، بنکەی تەندروستی، قوتابخانە و …هتد لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبووندا لە کۆڵ بوویەوە و ئەرکەکە دەکەوێتە ئەستۆی وەبەرهێنەرانی خاوەن مۆڵەتەکانی نیشتەجێبوونەوە.

هەڵکشانی ژمارەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە ڕێگەی دەستەی وەبەرهێنان بە داکشانی مۆڵەتەکانی نیشتەجێبوون لە شارەوانییەکان کۆتایی هات. لەپێناو برەودان بە نیشتەجێبوون بە مۆدێلی وەبەرهێنان، ڕێپێدان بە دروستکردنی خانوو لە سەر دەیان هەزار پارچە زەوی دابەشکراو، ڕاگیرا.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، هەڵکشانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و مۆڵەتەکانی بیناسازی لە هەرێمی کوردستاندا، لە دوای ساڵی ٢٠١٣ەوە، بەخێرایی بەرەو دابەزین دەچێت.

بەپێی داتاکەی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ٢٠١٣ بەژمارە ٢٧ هەزار و ٢٦٩ مۆڵەتی بیناسازی دراوە و لە ساڵی ٢٠١٨دا ژمارەکە بۆ نۆ هەزار و ٧٤٦ مۆڵەت لە کورتیداوە. بەوەش دروستکردنی خانوو لە کوردستان، لە ساڵی ٢٠١٣ بەراورد بە ٢٠١٨ بەڕێژەی (٦٤.٢٪) پاشەکشەی کردووە.

سەرمایە و تێچووی بیناسازی لە ٢٠١٣دا، بڕی (٢٠٤٦.٣) ملیار دینار بووە و بۆ تەنیا (٦٥٨.٢) ملیار دینار لە ساڵی ٢٠١٨دا دابەزیوە.

 

پاشەکشەی ژمارەی مۆڵەتەکانی بینا لە هەرێمی کوردستان، دابەزینێکی بێوێنەی لە سەرمایە و تێچووی کەرتی بیناسازی لێکەوتووەتەوە. بەجۆرێک کە سەرمایە و تێچووی بیناسازی لە ٢٠١٣دا، بڕی (٢٠٤٦.٣) ملیار دینار بووە و بۆ تەنیا (٦٥٨.٢) ملیار دینار لە ساڵی ٢٠١٨دا دابەزیوە. لەسەر ئەو بنەمایەش سەرمایەکە بەڕێژەی (٦٧.٨٪) لەکورتیداوە.

دەستەی ئاماری کوردستان هۆکاری ئەو پاشەکشەیە، بۆ دروستبوونی شەڕی داعش، قەیرانی ئابووری و دابەزینی نرخی نەوت دەگێڕێتەوە.

زۆرترین مۆڵەتی بیناسازی لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستاندا، بەدرێژایی هەموو ساڵەکان، لە پارێزگای هەولێر وەرگیراوە. بەنموونە لە ساڵی ٢٠١٨دا لە پارێزگای هەولێر چوار هەزار و ٤١٩ مۆڵەتی بیناسازی وەرگیراوە، لە پارێزگای سلێمانییش سێ هەزار و ١٨٥ مۆڵەت، لە پارێزگای دهۆک هەزار و ٥٦٧ مۆڵەت و لە ئیدارەی گەرمیان تەنیا ٥٧٥ مۆڵەتی بیناسازی وەرگیراوە و تەواوکراوە.

ساڵی ٢٠١٣ تەنیا لە هەولێر ١١٧٥٦ مۆڵەتی بیناسازی لەلایەن شارەوانییەوە دراوە، بەڵام لە ٢٠١٨دا بە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تەنیا ٩٧٤٦ مۆڵەتی بیناسازی وەرگیراوە.

 

ژمارەی ئەو یەکانەی لەماوەی ساڵی ٢٠١٨دا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دروستکراون بە تەنیا کەمترە لە ژمارەی ئەو یەکانەی کە لەماوەی ساڵی ٢٠١٣دا تەنیا لە پارێزگای هەولێر دروستکراون. لەکاتێکدا ساڵی ٢٠١٣ تەنیا لە هەولێر ١١ هەزار و ٧٥٦ مۆڵەتی بیناسازی لەلایەن شارەوانییەوە دراوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨دا بە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تەنیا نۆ هەزار و ٧٤٦ مۆڵەتی بیناسازی وەرگیراوە.

بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بۆ ئەو پرۆژانەی نیشتەجێبوون تەرخانکراوە، کە لە دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان پێدراوە.

دەستەی وەبەرهێنان پاڵپشت بە یاسای وەبەرهێنان، کە بە ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠٠٦ لە پەرلەمانی کوردستان پەسندکراوە، مۆڵەتی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دەدات. بەگوێرەی نوێترین داتای دەستەی وەبەرهێنان، لە ئابی ٢٠٠٦ەوە تا ٧ی تەمووزی ٢٠٢٢، دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتی بە ١٩١ پڕۆژەی نیشتەجێبوون داوە، لەکۆی هەزار و ٥٧ پڕۆژەی وەبەرهێناندا. بەڵام داتاکەی دەستەی ئاماری کوردستان، ئاماژە بە ٣٣٩ مۆڵەتی نیشتەجێبوون دەدات، کە لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە دراوە. لەو چوارچێوەیەشدا، تا ساڵی ٢٠١٨ تەنیا ٦١ پرۆژەی نیشتەجێبوون تەواوکراون و ٢٧٨ پڕۆژەی نیشتەجێبوون بە تەواونەکراوی ماونەتەوە.

 

وەک دەردەکەوێت جیاوازییەکی گەورە لە نێوان داتاکانی دەستەی وەبەرهێنان و دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستاندا هەیە.

سەرمایەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بە ١٧ ملیار و ٧٩٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی خەمڵێندراوە، لەکۆی ٦٦ ملیار و ١٥١ ملیۆن دۆلار لە تێکڕای سەرمایەی وەبەرهێناندا.

ئامارەکەی دەستەی ئاماری کوردستان، داتای وردی لەخۆگرتووە. پرۆژەکان بەشێوەیەکی جیاواز لەسەر ئاستی پارێزگاکاندا دابەش بوون. لە پارێزگا هەولێر مۆڵەتی ١٢٨ پرۆژەی نیشتەجێبوون دراوە، بەڵام تەنیا ٢٨ پرۆژە تەواوکراون و ١٠٠ پرۆژەش بە تەواونەکراوی ماونەتەوە. لە سلێمانی مۆڵەتی ٨٤ پرۆژەی نیشتەجێبوون دراوە، تەنیا ١٥ پرۆژە تەواوکراون و ٦٩ پرۆژەی تەواونەکراویش هەیە، لە پارێزگای دهۆک مۆڵەتی ١٢٧ پرۆژەی نیشتەجێبوون دراوە، بەڵام تەنیا ١٨ پرۆژە تەواوکراون و ١٠٩ پرۆژەیش بە تەواونەکراوی ماوەتەوە.

 

پڕۆژه‌ ته‌واوكراو و ته‌واونه‌كراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان 2018-2013

پڕۆژه‌ ته‌واوكراو و ته‌واونه‌كراوه‌كانی هه‌ولێر 2018-2013

پڕۆژه‌ ته‌واوكراو و ته‌واونه‌كراوه‌كانی سلێمانی 2018-2013

پڕۆژه‌ ته‌واوكراو و ته‌واونه‌كراوه‌كانی دهۆك 2018-2013

     

    تەواونەکردنی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لەکاتێکدایە، کە پێشتر ئەو پرۆژانە لەلایەن هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانەوە تێچووەکەیان بە کۆمپانیا جێبەجێکارەکان دراوە، بەڵام کۆمپانیاکان شکستیان هێناوە لە دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون و حکوومەتیش نەیتوانیوە کۆمپانیاکان پابەند بکات بەو گرێبەستانەی لەگەڵ هاووڵاتییانی کڕیاریان ئیمزاکردووە، بە تەواوکردنیان لەکاتی دیاریکراودا.

    ئایاری ٢٠٢٣ مۆڵەتی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان ڕاگیرا. وا دەردەکەوێت پڕۆژە تەواونەکراوەکانی پێشوو، هۆکارێکی کاریگەر بێت لە دەرکردنی بڕیارەکەدا. لەکاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت ڕاگرتنی مۆڵەتی نوێی نیشتەجێبوون، بازاڕی پڕۆژە مۆڵەتدراوەکان گەرمتر بکات.

    هێشتا کەرتی نیشتەجێبوون، یەکێک لە کەرتە چالاکەکانی هەرێمی کوردستانە، لە ڕاکێشان و بەگەڕخستنی سەرمایەدا. پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە شاری هەولێر، بوونەتە جێی سەرنجی دانیشتووانی پارێزگاکانی عێراق و هەزاران یەکەی نیشتەجێبوون لەلایەن عەرەبی عێراقییەوە لە هەولێر کڕدراون و هێشتایش، ئەوان کڕیاری گەورەی یەکەکانی نیشتەجێبوونن لە شارەکەدا.

    بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

    سه‌رنجێک بنووسە

    پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

    Back to top button