ئابووری
ئاراستەکان

دەرمانی ساختە؛ کاریگەری ڕاستەقینە

شکۆ شێرکۆ

 

لە وتارێکی ڕێکخراوی دەستپێشخەری جیهانی لە دژی تاوانی ڕێکخراوەیی نێودەوڵەتی (GITOC)(١)، باس لە کاریگەرییەکانی دەرمانی ساختە کراوە و ڕۆژئاوای ئاسیا بە بازاڕێکی مەیدانی دانراوە بۆ ساغکردنەوەی ئەو دەرمانانە. ئەوەش گەیشتووەتە ئاستێک، کە دەرمانە ساختەکان نزیکەی سێیەکی دەرمانەکانی بازاڕ پێک دەهێنن و لە ئازارشکێنێکەوە بۆ چارەسەری نەخۆشییە درێژخایەن و جددییەکان درێژ دەبنەوە.

 

ڕۆژئاوای ئاسیا زیاد لە دەیەیەکە بەدەست جەنگ و ئاژاوە دەناڵێنێت و لە چەند ساڵی ڕابردوو پەتای کۆڤید-١٩ش کێشەکانی چڕتر کردووەتەوە. ئەوانە وایان کردووە هەوڵی حکوومەتەکان بە بەردەوامی لە کورتی بدا بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، بەهۆی تێکچوونی سیستەمەکانی تەندروستی و کەمی سەرچاوەکانی دەرمان. بۆیە، ئەو کێشانە دەرگای هاتنەناوەوەی دەرمانی قاچاغی کردووەتەوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانە.

 

دەرمانی قاچاغ ٣٥٪ی تێکڕای سەرچاوەکانی دەرمان پێک دەهێنێت، لە دژەزیندەیی و ڤاکسینەکانەوە، تاوەکوو ئەنسۆلین و دەرمانە کیمیایییەکان

 

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن دەرمانی قاچاغ ٣٥٪ی تێکڕای سەرچاوەکانی دەرمان پێک دەهێنێت، لە دژەزیندەیی و ڤاکسینەکانەوە، تاوەکوو ئەنسۆلین و دەرمانە کیمیایییەکان، کە بۆ چارەسەری نەخۆشییە باو و جددییەکانی شەکرە و شێرپەنجە بەکاردێن یەک لەدوای یەک. ئەو وڵاتانەشی بە تایبەت بەدەست ئەو کێشەیە دەناڵێنن، وڵاتانی عێراق، لوبنان، سووریا، تورکیا، ئێران و یەمەنن.

ئەو مامەڵە نایاساییانە دوو دیاردەی باویان دروست کردووە؛ یەکەم، کەمی دەرمانەکان لە بازاڕە یاساییەکان، کە وای کردووە دەرمانە ساختەکان بە ئاسانی لە بازاڕی ڕەش بدۆزرێنەوە. بەهۆی دەگمەنبوونیشیان لە بازاڕە یاساییەکان، نرخەکانیان ڕەنگە زۆر زیاتر بێت لە نرخی ئاسایی دەرمانە ڕاستەقینەکان، ئەگەرچی ساختەشن. دووەم، ئەگەر بەشێک لە دەرمانەکان لە بازاڕەکان باویش بن، ساختەکانیان لە بازاڕی ڕەش گەرموگوڕتر مامەڵەیان پێوە دەکرێت، ئەم حاڵەتەش لەبەر داشکاندنی نرخی دەرمانە ساختەکان و بەرزی نرخی دەرمانە یاساییەکان، ئەوەش زیاتر کاریگەری بەسەر چینە نەدارەکەی کۆمەڵگە و چینی مامناوەندەوە دەبێت، بەتایبەت دانیشتووانی گوندەکان، کەمینەکان و پەنابەران.

ئەگەرچی قاچاغی دەرمان هێشتا دیاردەیەکی باوە، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوو حکوومەتان ڕێوشوێنی توندیان گرتووەتەبەر بۆ بنبڕکردنی. لەبەر ئەوە، ئێستا بووەتە کارێکی پڕ-مەترسیی، بەڵام پڕ-قازانج.

 

ئەوان دەرمانەکان بە شێوەیەک دروست دەکەنەوە، کە بە چاو جیاوازیان پێ نەکرێت لەگەڵ دەرمانە ڕاستەقینەکان، بەڵام لە ناوەوە، ڕەنگە پڕیان بکەن لە بۆیە، گەچ یان ژەهری جرج

 

گرووپە تاوانکارەکان بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبن، لە هەمان کاتدا بەربەستە حکوومی و کەسییەکان تێبپەڕێنن، هەوڵ دەدەن دەرمانەکانیان ڕێک لەسەر شێوەی دەرمانە ڕاستەقینەکان دروست بکەنەوە. تەنانەت، بۆ گواستنەوەی بارەکانیان، ئەو ژمارە تایبەتانە (serial number) بەکار دەهێنن، کە لە لایەن دروستکەرە ڕاستەقینەکانەوە بەکاردێن، ئەوەش مانای ئەوەیە لەڕێی پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی گەندەڵ لە سێکتەری تەندروستی دەستیان دەکەوێت. ئەوان دەرمانەکان بە شێوەیەک دروست دەکەنەوە، کە بە چاو جیاوازیان پێ نەکرێت لەگەڵ دەرمانە ڕاستەقینەکان، بەڵام لە ناوەوە، ڕەنگە پڕیان بکەن لە بۆیە، گەچ یان ژەهری جرج، بۆیە دەکرێت هیچ کاریگەرییان بەسەر نەخۆشەکە و نەخۆشییەکەوە نەبێت، بەڵام ئەگەریش هەیە بەکارهێنەرانیان تووشی حاڵەتی کوژەر بکات.

کێشەیەکی دیکەی پێوەست بە دەرمان، دەستبەسەرداگرتنی بەرهەمە یاساییەکانە. چەتەکان دەکرێت لەڕێی گەندەڵی و دزییەوە دەرمانی ڕاستەقینەیان دەست بکەوێت، دواتریش بۆ ناو بازاڕە نایاساییەکان ئاڕاستەیان بکەن و دەستکەوتێکی چاکیان هەبێت. گرووپە یاخییەکان و میلیشیاکانی پاڵپشتی ئەسەد لە سووریا، ناسراون بە قۆزتنەوەی ناسەقامگیری وڵات و تاڵانکردنی نەخۆشخانەکان. دەستبەسەرداگرتنی دەرمان لە لایەن گرووپە قازانج-ویستەکانەوە، کێشەی دیکەی وەک گواستنەوە، هەڵگرتن و ساختەکردنی ڕێککەوتی بەسەرچوونی لێدەکەوێتەوە.

لە ساڵی ٢٠٢٢ لە نەخۆشخانەیەکی یەمەنی، نزیکەی ١٨ منداڵ بەهۆی وەرگرتنی دەرمانی بەسەرچوو و پیسبوو گیانیان لەدەستدا و ٣٠ منداڵیش تووشی کێشەی جددی بوون(٢). ئەو دەرمانانە دەکرێت ئاودیوی سنوورەکانیش بکرێن بۆ بازاڕی ڕەشی ئەو ناوچانەی، کە تێیاندا دەتوانرێت بە نرخێکی زیاتر ساخ بکرێنەوە.

 

بڵاوبوونەوەی دەرمانی ساختە دەکرێت هۆکارێکی سەرەکی کەم-متمانەیی خەڵک بە کارمەندانی تەندروستی و سێکتەری تەندروستی لە کوردستان بێت، بووبێتە بیانگەیەک بۆ ئەوەی نەخۆشان بۆ چارەسەری پزیشکی سەردانی ئێران و تورکیا بکەن

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی میدیایی لە ٢٠١٧دا، وای بۆ دەچن ٤٠-٥٠٪ دەرمانی ئەوکاتی بازاڕەکانی هەرێم قاچاغ بووبن و ئاسایی لە گشت دەرمانخانەکان فرۆشرابن. ئەو دەرمانانە بە ستانداردی نزم دروستکراون و لەڕێی سنوورەکانی تورکیا و ئێران، بەشێکیشی لەڕێی کەرکووک لە عێراقەوە، هاتوونەتە ناو هەرێم. گومان دەکرا، پەڕاندنەوەیان لە سنوور، دەستی بەرپرسی حکوومی بەدەسەڵاتی تێدا بووبێت. هەروەها، بڵاوبوونەوەی دەرمانی ساختە دەکرێت هۆکارێکی سەرەکی کەم-متمانەیی خەڵک بە کارمەندانی تەندروستی و سێکتەری تەندروستی لە کوردستان بێت، بووبێتە بیانگەیەک بۆ ئەوەی نەخۆشان بۆ چارەسەری پزیشکی سەردانی ئێران و تورکیا بکەن، تەنانەت دەرمانیش لەوێ بکڕن(٣).

هەر چۆنێک بێت، گەیشتنی دەرمانی ساختە بە هەرێمی کوردستان ڕاستییەکە، بەڵام پێدەچێت دەستنیشانکردنی قەبارەی دەرمانی ساختە لە بازاڕدا ئاسان نەبێت. بەو حاڵەیشەوە، ئەو بڕە زۆرەی دەرمانی ساختە و قاچاغ کە دەستیان بەسەردا دەگیرێت و لەلایەن ناوەندە فەرمییەکانی حکوومەتەوە ئاشکرا دەکرێن، بەربڵاوی دەرمانی ساختە دەسەلمێنن. ئاسایی، قاچاغچیی و گرووپە تاوانکارەکان سوود لە هەر بۆشاییەک وەردەگرن بۆ گەیاندنی دەرمانی ساختە بە بازاڕەکان، وەک ئەوەی لە حوزەیرانی ٢٠٢٠دا، پارێزگاری پێشووی هەولێر ئاشکرای کرد، لەماوەی پەتای کۆڕۆنادا دەستیان بەسەر ١١٩ تۆن دەرمانی ساختە و ماوەبەسەرچوودا گرتووە(٤). لە نیسانی ٢٠٢٣دا، وەزارەتی تەندروستی هەرێم ئاشکرای کرد، تەنیا لە دەرمانخانەیەکی هەولێردا، دەستیان بەسەر ٤٥٠٠ پاکەت دەرمانی قاچاغ و ساختەدا گرتووە لە یەک جۆری دەرماندا(٥).

 

ئەو بەرهەمانەی بۆ ئامانجی غەیرە-تەندروستی بەکاردێن، وەک ماددەکانی زیادکردنی توانا یان دابەزاندنی کێش، لەڕێی پلاتفۆڕمەکانی وەک ئینستاگرام و تیک تۆک بە ئاشکرا بانگەشەیان بۆ دەکرێت

 

لەپاڵ ئەوانەش، ئێستا تاوانکاران هانی زیادکردنی خواست بۆ ڕێگە نازانستییەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشی دەدەن، وەک بەکارهێنانی دەرمانەکانی تووشکەری نەخۆشی بۆ هەمان نەخۆشی (Homeopathy)، یان ئەو بەرهەمانەی بۆ ئامانجی غەیرە-تەندروستی بەکاردێن، وەک ماددەکانی زیادکردنی توانا یان دابەزاندنی کێش. ئەو دەرمانانە لەڕێی پلاتفۆڕمەکانی وەک ئینستاگرام و تیک تۆک بە ئاشکرا بانگەشەیان بۆ دەکرێت و زیاتر لە وڵاتانی سعوودیە، بەحرەین و ئیماڕات باون(٦).

یەک لە گەورەترین کێشەکانی دروستبوونی ئەو بازاڕە نایاساییانە، تێکەڵبوونی دەرمانی ساختەیە بە دامەزراوە حکوومییەکان و دەرمانخانە بڕواپێکراوەکان. لە هەندێک حاڵەتدا، دامەزراوە فەرمییە گشتییەکان و تایبەتەکان بە ویستی خۆیان لە بازاڕی دەرمانی ساختە بەشدارن. لە عێراق بە نموونە، لە ساڵی ٢٠٢٠، باسم خەشان، ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران، کۆمەڵێک کەیسی گەندەڵی وەزیرانی تەندروستی پێشوو، عادیلە حەموود و عەلا عەلوان، ئاشکرا کرد، کە لەڕێی کۆمپانیای گشتی بەبازاڕکردنی دەرمان و پێویستییە پزیشکییەکان (کیمادیا) ئەنجام دراون. گوایە کۆمپانیاکە دەرمانی ساختە و ستاندارد-نزمی لە هیندستان و چین بە قاچاغ هێناوە بۆ عێراق لەڕێی سنوورەکانی ئێرانەوە. بەگوێرەی قسەکانی باسم، کیمادیا، بە تایبەت وەزیرەکانی تەندروستی، بریکارەکان، بەڕێوەبەرە گشتییەکان و فەرمانگەی یاسایی، لە گەورەترین گەندەڵی لەسەر ئاستی وەزارەتەکان تێوەگلاون، لەڕێی ڕێککەوتنی ساختەوە پاڵپشتی دارایی زەبەلاحیان وەرگرتووە، کە ئەگەر بێت و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت، ملیاران دۆلار بۆ گەنجینەی دەوڵەت دەگەڕێتەوە(٧).

 

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، دەرمانخانە دیجیتاڵییەکان بە هۆکاری سەرەکی زیادبوونی دەرمانی ساختە لە جیهاندا دادەنێت

 

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، دەرمانخانە دیجیتاڵییەکان، کە بەهۆی پێشکەوتنە تەکنەلۆجییەکانی پیشەسازی دەرمان هاتوونەتە کایەوە، بە هۆکاری سەرەکی زیادبوونی دەرمانی ساختە لە جیهاندا دادەنێت. ئەو پلاتفۆڕمانە، دەرفەتی زیاتر بۆ ساختەکردنی شوێنی سەرچاوەگرتنی دەرمانەکان دەڕەخسێنن، وا دەکەن دەرمانسازە بەئەزموونەکانیش نەتوانن بە ئاسانی دەرمانی ساختە لە هیی ڕاستەقینە جیا بکەنەوە.

فرۆشتنی دەرمانی ساختە یەکێکە لەو چالاکییە نایاساییانەی کە زۆر بە خێرایی لەگەشەکردندایە، بە ملیۆنان دۆلار بۆ گرووپە تاوانکارییەکان بەرهەم دەهێنێت و بەگوێرەی داتای جیهانی، قازانجی فرۆشی دەرمانی ساختە بە ١٠ بۆ ٢٥ ئەوەندەی ماددە هۆشبەرەکان دەخەمڵێنرێ. لە کاتێکدا ڕێکخراوەکانی تاوانکاران زیاتر ئەو هەلانە دەقۆزنەوە، حکوومەتان شکستیان هێناوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کێشەیە، بەهۆی ئەوەی زۆربەی کات کێشەکان تەنیا لە کێشەی کۆپیڕایت تەسک دەکەنەوە. بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، پێویستە بابەتی ساختەکاری دەرمان بناسێنرێت و تێکەڵی ستراتیجییە گشتگیرترەکانی کۆنتڕۆڵکردنی دەرمان و تاوان بکرێت. هێندەش گرنگە ئاسانکاری بکرێت بۆ هاووڵاتیان بۆ ئەوەی دەستیان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بگات و ناچار نەبن پەنا بۆ دەرمانە ساختە هەرزانترەکان ببەن.

سه‌رچاوه‌
1. fake drugs, real impact: western asia’s counterfeit medicine epidemic  | global initiative2. yemen: investigation required regarding deaths of children who received expired drug (euromedmonitor.org)3. smuggled, substandard medicine floods kurdish... | rudaw.net4. ١١٩ تۆن دەرمانی ساختە و ماوەبەسەرچوو5. ٤٥٠٠ پاکەت دەرمانی قاچاغ و ساختە6. نائب يكشف عن فساد كبير بشركة تابعة لوزارة الصحة يكلف الدولة مليارات الدولارات ويتحدث عن المتورطين » وكالة بغداد اليوم الاخبارية (baghdadtoday.news)7. public alert no. 049/2022 – alert on the uae health authority warning against consumption of weight loss pills – nafdac

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...