ئابووریبودجه‌ی عێراقدۆسیه‌
ئاراستەکان

له ‌چاوه‌ڕوانیی زیادبوونی خه‌رجیی فیعلی له‌ عێراق

(مانه‌وه‌ له‌ خه‌ڵوه‌تی ساده‌ییدا)

چه‌ند ڕۆژێكه‌ هه‌ندێک له‌ په‌رله‌مانتاران و شرۆڤه‌كاران له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ له به‌ر چه‌ند هۆكارێك بڕی خه‌رجكراوی فیعلی له‌ بودجه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ عێراق له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا كه‌م بووه‌ و ئه‌مه‌یش هۆكارێكی سه‌ره‌كی بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ركه‌وته‌ی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی عێراق كه‌م بێت، باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ له‌‌ شه‌ش مانگی دووه‌می ئه‌مساڵدا‌ ئه‌و بڕه‌ زیاد ده‌بێت و ئه‌وه‌یش ده‌بێته‌ هۆی زیادبوونی به‌ركه‌وته‌ی هه‌رێم.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

پێم وایه‌ ئه‌م بۆچوونه‌ پێویستی به‌ پێداچوونه‌وه‌ و لێكدانه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه‌ و نابێت هیوایه‌كی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر هه‌ڵبچنرێت له‌به‌ر ئه‌م سه‌رنج و تێبینییانه‌ی خوارەوە‌:

یه‌كه‌م: بڕی خه‌رجكراوی فیعلی له ‌بودجه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ، واته‌ تا كۆتایی مانگی حوزه‌یران زیاتر بووه‌ له‌ (٦) ترلیۆن دینار، ئه‌م بڕه‌یش نه‌ك كه‌م نییه‌ به‌و جۆره‌ی باس ده‌كرێت، به‌ڵكو زۆر زیاتره‌ به‌راورد به‌ بڕی خه‌رجكراو له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌م له ‌هه‌موو ساڵانی ڕابردوودا. سەبارەت بە خه‌رجیی فیعلی ساڵانەیش له‌ بودجه‌ی وه‌به‌رهێنان له هه‌ر ١٢ مانگی ‌ساڵی ٢٠٢٢ ته‌نیا (١٢) ترلیۆن دینار بووه‌، له‌ ماوه‌ی پێنج ساڵی ڕابردوویشدا هیچ ساڵێك له ‌(١٣) ترلیۆن دینار تێنه‌په‌ڕیوه‌.

دووه‌م: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ ئه‌و خه‌رجییانه‌ له ‌شه‌ش مانگی دووه‌می هه‌موو ساڵه‌كاندا زیاتر بوون، ئه‌مساڵیش به‌هه‌مان شێوه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌كرێت، به‌ڵام بۆ ئه‌مساڵ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ناكرێت بڕی زیادبوونه‌كه‌ زۆر بێت، له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێک:

 

  1. له‌ ڕاپۆرته‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق، له‌ حیسابی پێشینه‌ی پڕۆژه‌كاندا ئه‌و بڕانه‌ی له‌ حیسابی (مدین)دان، زۆر كه‌من و زۆربه‌ی بڕه‌كان له‌ حیسابی (دائن)ن، ئه‌مه‌یش به‌و واتایه ‌دێت كه‌ زۆربه‌ی پێشینه‌كان تا كۆتایی مانگی حوزه‌یران بوونه‌ته‌وه‌ به‌‌ خه‌رجیی فیعلی (پێشینه‌كان بریتی بوون له‌ ده‌فعاتی سه‌ره‌تایی و پێشینه‌ی ته‌مویلی پڕۆژه‌كان كه‌ سه‌ره‌تا له‌كاتی پێدانی پێشینه‌دا له ‌حیسابی مه‌دین تۆمار ده‌كرێن، پاشان به‌پێی ئه‌نجامی ڕاپۆرتی پێوانه‌كاریی كاری جێبه‌جێكراو، ده‌بن به‌ خه‌رجیی كۆتایی و‌ به‌ خه‌رجیی فیعلی و ده‌خرێنه‌ سه‌ر حیسابی (دائن) و پاشتریش پێوانه‌ و پاكتاویی كۆتایی بۆ پڕۆژه‌كان ده‌كرێت). به‌و پێیه‌ ئه‌وه‌ی له‌و ڕاپۆرتانه‌دا هاتووه‌، ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بڕێكی ئه‌وتۆ له‌ پێشینه‌ی پاكتاونه‌كراوی پڕۆژه‌كان له‌ مانگه‌كانی پێشوو نه‌ماوه‌ته‌وه، تا چاوه‌ڕوان بكرێت له‌م چه‌ند مانگه‌دا پاكتاو بكرێت و بچێته‌ سه‌ر خه‌رجیی فیعلی.
  2. ئه‌و بڕانه‌ی كه‌ له ‌مانگی ئاب و پاشتره‌وه‌ وه‌ك پێشینه‌ بۆ پڕۆژه‌كان ته‌مویل ده‌كرێن، زۆر زه‌حمه‌ته‌ تا كۆتایی ساڵ پاكتاو بكرێن، بۆیه‌ زۆربەیان وه‌ك پیشینه‌ی پاكتاونه‌كراو ده‌مێننه‌وه‌ و له‌مساڵدا ناچنه‌ ‌سه‌ر بڕی خه‌رجیی فیعلی.

 

سێیه‌م: گریمان هه‌ردوو تێبینییه‌كه‌ی خاڵی دووه‌می سه‌ره‌وه‌ له‌ جێی خۆیاندا نین و ته‌نیا له ‌شه‌ش مانگی دووه‌مدا خه‌رجیی فیعلیی وه‌به‌رهێنان ده‌گاته‌ (١٠) ترلیۆن دینار، واته‌ (٤) ترلیۆن زیاتر له‌ هیی شه‌ش مانگی یه‌كه‌م. ئایا هه‌رێم چه‌ند سوودی لێ ده‌بینێت؟ له‌‌و (٤) ترلیۆن زیاده‌یه‌ لانی كه‌م (١.٥) ترلیۆنی به‌ر خه‌رجییه‌ سیادییه‌كان ده‌كه‌وێت، كه‌ پشكی هه‌رێم به‌جیا لێ حیساب ناكرێت، (٢.٥) ترلیۆن ده‌مێنێته‌وه،‌ كه‌ پشكی هه‌رێمی لێ ده‌درێت به‌ڕیژه‌ی ١٢.٦٧٪، بۆیه‌ له‌ باشترین باردا وه‌ك ده‌ره‌نجامی زیادبوونی خه‌رجیی فیعلی پڕۆژه‌كان له ‌عێراق بۆ شه‌ش مانگی دووه‌می ئه‌مساڵ، ته‌نیا نزیكه‌ی (٣٠٠) ملیار دینار بۆ هه‌ر شه‌ش مانگه‌كه بۆ به‌ركه‌وته‌ی هه‌رێم زیاد ده‌بێت‌، واته‌  مانگانه‌ نزیكه‌ی (٥٠) ملیار دینار.

له‌پاڵ ئه‌وه‌دا ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ خه‌رجییه‌كانی به‌گه‌ڕخستنیش له ‌شه‌ش مانگی دووه‌م بڕه‌كه‌یان زیاد بێت، ئه‌و‌ه‌یش كاریگه‌رییه‌كی ڕێژه‌یی له ‌گۆڕانی بڕی به‌ركه‌وته‌ی هه‌رێم دروست بكات.

به‌ڵام، هە‌موو ئه‌و زیادبوونانه‌ی كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، كه‌ به‌گشتی له‌ خه‌رجییه‌ فیعلییه‌كانی بودجه‌ی عێراق ڕووبده‌ن، نابنه‌ هۆی ئه‌وه‌ی به‌ركه‌وته‌ی فیعلیی هه‌رێم بگاته‌ سه‌رووی ٦٠٪ی پشكه‌كه‌ی كه‌ له ‌یاسای بودجه‌دا بۆی ته‌رخانكراوه‌، ئه‌وه‌یش له‌كاتێكدا كه‌ كۆی نه‌وت و داهاته‌ نانه‌وتییه‌كانیشی ڕاده‌ستی به‌غدا كردبێت و هه‌موو مه‌رجه‌كانیشی جێبه‌جێ كردبێت.

بۆیه‌ دیسان جه‌خت ده‌كه‌مه‌وه،‌ كه‌ به‌بێ چاره‌سه‌ركردن و هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی خه‌رجیی فیعلی له‌ ماده‌ی ١١ی یاسای بودجه‌، به‌جۆرێك كه‌ هه‌موار و چاره‌سه‌ره‌كه‌ ساڵی دارایی ٢٠٢٣یش بگرێته‌وه‌، ئه‌وا به‌شی زۆری پشكی بودجه‌ی هه‌رێم بۆ ساڵی ٢٠٢٤ و پاشتریش، ده‌بێته‌ بارمته‌ی ئه‌و قه‌رز و پابه‌ندییانه‌ی كه‌ له‌ ٢٠٢٣دا دێنه سه‌ر هه‌رێم. خۆ ئه‌گه‌ر بۆ ‌ساڵانی داهاتوویش چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، ئه‌وه‌ زۆر له‌ ئێستا خراپتر ده‌بێت.

جیهانگیر سەدیق گوڵپی

پسپۆڕی ئابوری و دارایی گشتی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...