هه‌واڵ
ئاراستەکان

ئەنجوومەنی دادوەری هەرێم: دادگای فیدڕاڵی زیادەڕۆیی لە دەسەڵاتەکانی کردووە

سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق زیادەڕۆیی لە دەسەڵاتە یاساییەکانی کردووە کە لەدەستوردا ھاتووە، بە شێوەیەک مافی بەخۆی داوە کە لە ھەموو بابەتێکی گەورە ‌و بچووکێکی ھەرێم دەستێوەردان بکات.

 

ئەمڕۆ چوارشەم، ١٣ی ئازاری ٢٠٢٤، دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی لەمەڕ دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق و بڕیارەکانی ئەو دادگایە لەمەڕ هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەوە بیردەخاتەوە کە دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق لە بنەڕەتدا بەگوێرەی دەستووری هەمیشەیی عێراق پێکنەهێنراوە و زیاتر لەوەیش هەڵوەستە لەسەر زیادەڕۆییەکانی دادگاکە دەکات لەو دەسەڵاتانەی کە بەپێی دەستووری عێراق بۆی دیاریکراوە.

سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان، هەر لەو ڕاگەیەندراوەیدا ڕەخنە لە بڕیاری ئەمدواییەی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق دەگرێت، سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ڕوونی دەکاتەوە، کە سەرەڕای ئەوەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بڕیاری کۆتایین، بەڵام پێویستە پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت، بەجۆرێک کە ڕەچاوی دادپەروەری و یەکسانی بکات.

سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێم، ئەوەش ڕوون دەکاتەوە، کە دادگای فیدڕاڵیی عێراق لە بڕیاری هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، خۆی لە شوێنی یاسادانەر داناوە و بەوەش سنووری دەسەڵاتەکانی خۆی بەزاندووە.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان:

 

عێراق بەپێی یاسای ئیدارەی دەوڵەت لە قۆناغی گواستنەوە لە ساڵی ٢٠٠٤ گۆڕا بۆ دەوڵەتێکی فیدراڵی و تێیدا سیستەمی حوکم بەپێی مادەی چوار لەو یاسایە دەستنیشان کرا، بە شێوەیەک لەسەر بنەمای راستیی مێژوویی و جوگرافی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بەپێی دەستور لەنێوان ناوەند و ھەرێمی کوردستان بوو. دوای پەسەندکردنی دەستوریش لە ساڵی ٢٠٠٥ لە مادە ١١٧ / یەکەم دان بە ھەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانی دەنێت و مافی بەکارھێنانی دەسەڵاتەکانی پێی داوە تەنیا دەسەڵاتە دیاریکراوەکانی فیدراڵی (الصلاحيات الحصرية للسطات الاتحادية) نەبێت و ئەوەی باسی نەکردووە لە دەسەڵاتە دیاریکراوەکان لە دەسەڵاتی ھەرێمدایە و تەنانەت لەبەرامبەر یاسا فیدراڵییەکان ئەولەویەتی بە یاساکانی ھەرێم داوە. ھەروەھا ئەوەی پەیوەستە بە دەسەڵاتە ھاوبەشەکان کە لەمادەکانی ١١٠ تاکو ١١٥ی دەستوردا ھاتووە مافی ھەموارکردنەوەی جێبەجێکردنی یاساکانی فیدراڵی بە ھەرێم داوە، کاتێک ھاودژی یان ناکۆکی لەگەڵ یاساکانی ھەرێمدا ھەبێت و لێرەدا باڵادەستی بۆ یاساکانی ھەرێمە.

 

ھەروەھا شایەنی ئاماژەپێکردنە کە ناکرێت لەژێر ھیچ پاساوێک دەستکاری مادە دەستورییەکان بکرێت لەبەر ئەوەی دەستوریین و گشت لایەک دەبێ پێوەی پابەند بن، لەنێویشیاندا دادگای فیدراڵی کە پێویستە پێوەی پابەند بێت و کێشەی بۆ دروست نەکات یان پێشێلی نەکات بە بیانووی نابەجێ. لەسەر ئەو بنەمایانەش، مافی ھەرێمی کوردستانە لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراق مافە دەستورییەکانی خۆی بەکار بهێنێت.

 

بەڵام دادگای باڵای فیدراڵی سەرەڕای ئەوەی دامەزراندنەکەی بە پێچەوانەی حوکمەکانی مادە ٩٢ی دەستور و یاسای دادگای فیدراڵی ژمارە ٣٠ ساڵی ٢٠٠٥ی ھەموارکراوە، زیادەڕۆیی لە دەسەڵاتە یاساییەکانی کردووە کە لەدەستوردا ھاتووە، بە شێوەیەک مافی بەخۆی داوە کە لە ھەموو گەورە ‌و بچوکێکی ھەرێم دەستێوەردان بکات ھەروەک لە بڕیاری ژمارە ٨٣ی ساڵی ٢٠٢٤ خۆیدا کە بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی کۆتاکانی لە یاسای ھەموارکراوی ژمارە یەکی ساڵی ١٩٩٢ی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کردووە و ھەڵوەشاندنەوەی یازدە کورسیی پەرلەمان و کەمکردنیان بۆ سەد کورسی، کە بە وردبوونەوە لەو بڕیارە بە ئاشکرا دەردەکەوێت کە بە پێچەوانەی ئەو دەستورەیە کە لەژێر سایەیدا کار دەکات، چونکە دەستور دانی بەوەدا ناوە کە باڵادەستی بۆ یاساکانی ھەرێمی کوردستانە کاتێک ناکۆک یان ھاودژ بێت لەگەڵ یاسا فیدراڵییەکان، بەڵام یاسای نێوبراو ھیچ شتێکی نادەستوریی تێدا نییە و دادگای فیدرالی لە بڕیارەکەیدا، خۆی لەشوێنی یاسادانەر داناوە کاتێک ھەستاوە بە ھەموارکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان و یاسای ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠٠٧ی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، کاتێک دابەشکردنی ناوچەکانی ھەڵبژاردن لە دەسەڵاتەکانی دیاریکراوی پەرلەمانی کوردستانە و بە دوور و نزیک ھیچ پەیوەندییەکی بە دادگای فیدراڵیەوە نییە، بە شێوەیەک کە وا دەخوازێت پێداچوونەوە بە بڕیاری دادگاکەدا بکرێت.

سەرەڕای ئەوەی بڕیارەکە کۆتاییە و ھەموو دەسەڵاتەکان دەبێ پێوەی پابەند بن، بەڵام پێویستی بە پێداچوونەوە ھەیە بۆ ئەوەی رەچاوی دادپەروەری و یەکسانی بکات، چونکە یەکسانی و دادپەروەری بناغەی حوکمڕانییە و پەیڕەوکردنی لەنێو خەڵکدا ھێز و پێگە و سەنگ و قورسایی لەنێو کۆمەڵگەدا پتەو دەکات، ئەویش بۆ گەرەنتیکردنی ماف و کەرامەتی ھاووڵاتییان بەبێ جیاکاری ئیتنی و دینی و نەتەوەیی و مەزھەبی یان رەگەزیی.

 

دادوەر

عبدالجبار عزیز حسن

سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی ھەرێمی کوردستان

١٣/٣/٢٠٢٤

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...