هه‌واڵ

چەند پەیامێک لە مەسرور بارزانییەوە بۆ مووچەخۆران

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سوپاسی مووچەخۆران دەکات کە بە پشوودرێژی و خۆڕاگییان توانیویانە بەر بە “پیلانێک بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان” بگرن و دەشڵێ هیوادارن لەماوەیەکی نزیکی پێش جەژن مووچەی هێزە ئەمنییەکان و تەواوی مووچەخۆران دابەش بکرێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەم، ٩ی ئایاری ٢٠٢٤، لە میانەی بەشداریکردن لە کردنەوەی ناوەندێکی پۆستە و گەیاندن لە هەولێر، بەناوی “ئیگڵ پۆست”، کە پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان کەرتی گشتی و تایبەتە، وتارێکی پێشکەش کرد و لە چوارچێوەی وتارەکەشیدا، ئاماژەی بە پرسی بودجە و مووچە کرد.

مەسرور بارزانی گوتی: “دەمەوێت لێرەوە سوپاس و پێزانینی خۆم ئاڕاستەی هاووڵاتییان و بەتایبەت مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکەم، کە پاڵپشت و پشتیوان و پشوودرێژ و خۆڕاگربوون بەرانبەر ئەو پیلانەی کە هەندێک کەس و لایەن بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان ویستیان قەوارەی هەرێمی کوردستان بەوە لاواز بکەن، کە داوای ئەوە بکەن مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان دابەش بکرێتە سەر پارێزگاکان. خۆڕاگری ئێوە وایکرد ئەم پیلانە سەرنەگرێت”.

جەختی لەوەش کردەوە: “ئێمە بەردەوام لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ لە پەیوەندیدا بووین و گەیشتووینەتە قۆناغی کۆتایی و هیوادارم کە توانیبێتمان کارێکی وا بکەین بابەتی مووچە و بودجە بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت”.

لەبارەی دابەشکردنی مووچەیشەوە گوتی: “هیوادارین لەماوەیەکی نزیکی پێش جەژن، تەواوی مووچەی مانگی چواری هێزە ئەمنییەکان و هیی مانگی پێنجیش بۆ هەموو هاووڵاتییان دابین بکرێت. هیوادارم چیتر مووچە نەبێتە هەواڵ و نوچەی میدیاکان و بتوانین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی بخەینە سەر ئاستێکی دروست و بەرەو پەیوەندیی باشتریش هەنگاو بنێین”.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button