هه‌واڵ
ئاراستەکان

لیژنەی ئەمنیی سلێمانی: کاتی خۆپیشاندان نییە

لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی، ڕایدەگەیەنێت، ئەنجامدانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتی لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکەی پێدا تێپەڕدەبێت؛ گونجاو نییە.

 

لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی، ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، ئەوان پاڵپشتیی تەواوی خۆیان، بۆ ماف و داوا ڕەواکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەخۆران بەگشتیی دەردەبڕن و، “باری دژواری ژیان و گوزەرانی مووچەخۆران بەهۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەوە لەبەرچاودەگرین”، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێ: “بە هەموو لایەکی ڕادەگەیەنین؛ کە دەنگی مووچەخۆران و ناڕەزایەتییەکانیان گەیشتووەتە هەموو دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدڕاڵ، بەڵام ئەنجامدانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتی لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکەی پێدا تێپەڕدەبێت؛ گونجاو نابێت”.

 

ڕاگەیەندراوەکەی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی، لەکاتێکدا دێت کە ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، بڕیاریانداوە لە کۆتایی ئەم هەفتەیە دەست بە خۆپیشاندانەکانیان بکەن بەرانبەر بە نەبوونی مووچە.

 

لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی، لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە: “وەک چۆن پێشتر هاوکار و هەماهەنگ بووین لەپرسی پاراستن و هێنانەکایەی ژینگەیەکی گونجاو بۆ خۆپیشاندان و سەلامەتیی گیانی خۆپیشاندەران، ئەمجارە بەسوپاس و پێزانینەوە، داوا دەکەین؛ خۆپیشاندانەکە بۆ کاتێکی سەقامگیرتر دوابخەن تا هاوکار و هەماهەنگ بین لەگەیاندنی پەیامەکانیان بەشێوەیەکی شارستانییانە و دوور لەهەر ئەگەرێکی توندوتیژی و ڕووداوی نەخوازراو”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button