
ڕۆژی چوارشەم، ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، بڕیارە پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی تایبەت بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمان ئەنجام بدات. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی سێشەم، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا سەرجەم پەرلەمانتارانی ئاگادار کردەوە و بانگهێشتی کردن بۆ ئامادەبوون لە هۆڵی پەرلەمان.
دکتۆر ڤاڵا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند کە ئەم بانگهێشتە لەسەر بنەمای داواکاری سەرۆکی هەرێم و بەپێی ماددەکانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و پەیڕەوی ناوخۆ ڕێکخراوە، بە مەبەستی ڕاپەڕاندنی بەرپرسیارێتییە مێژووییەکان و کاراکردنەوەی دامەزراوەی پەرلەمان. بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە کاتژمێر ١١:٠٠ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەم زەنگی کۆبوونەوەکە لێ بدرێت.
کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان پێویستی بە ئامادەبوونی ٥٠+١ی پەرلەمانتاران هەیە، ڕوون نییە کە ئایا ڕێژەی پێویست بۆ کۆبوونەوەکە لە هۆڵی پەرلەمانی کوردستان ئامادە دەبن یان نا.



