هه‌واڵ

یادگار مەحموود: هەرکەس پێی وابێت نەوت سەروەری دروست ناکات حەز بە کۆیلایەتی دەکات

زێدپرێس

 

یادگار مەحموود ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سەرچاوەی ناکۆکییەکانی هەرێم و بەغدا پەیوەندی بە نەوت و گازەوە هەیە و هەر میللەتێکیش خاوەنی سەروەت و سامانی خۆی نەبوو، سەروەری و ئازادی خۆی لە دەست دەدات و دەڵێ “هەر کوردێکیش پێی وایە پێچەوانەکەی ڕاستە، ئەوا گومانم لە حەزکردنی بە کۆیلایەتی نییە!”.

 

یادگار مەحموود ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، سەرچاوەی کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا پەیوەندی بە سەرچاوە سروشتییەکانی وەک نەوت و گازەوە هەیە. لە پێناو کۆنتڕۆڵکردنی ئەو سەرچاوانەدا، ناوەند و دراوسێکان ڕۆژانە کێشە و قەیرانمان بۆ دروست دەکەن، چونکە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو سەرچاوە گرنگانە واتە بوونی هێز و هەژموون و بەزەبری هێز مانەوە لە ژێر ڕکێف و داگیرکاریدا. بێجگە لەوەی کە دەبنە خاوەنی ئەو داهاتە.

زیاتر دەڵێ “یاسای نەنووسراوە؛ هەر میللەتێک خاوەنی سەروەت و سامانی خۆی نەبوو، سەروەری و ئازادی خۆی لە دەست دەدات، هەر کوردێکیش پێی وایە پێچەوانەکەی ڕاستە، ئەوا گومانم لە حەزکردنی بەکۆیلایەتی نییە!”.

ڕوونی دەکاتەوە، بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو یاسا نەنووسراوەش چاوێک بخشێنە بە مێژووی گەلانی دی دا، هەروەها بڕوانە پڕۆژە یاساکانی نەوت و گازی ساڵانی ڕابردوو، بۆ نموونە ساڵی ٢٠٠٧ کە تێیدا کورد ڕۆڵێکی ئەوتۆی پێنەدرابوو لە پێدانی دەسەڵات و ئیدارەدانی نەوت و کۆکردنەوەی ئەو داهاتە، ئەو ڕۆڵە لاوازەش پێچەوانەی ماددەکانی ١١١ و ١١٢ بوون.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، لەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا و بەمزووانە چاوەڕێی ناردنی پڕۆژە یاسایەکی نوێ دەکەن، کە دەبێت بەپێی ئەو ماددانە ڕۆڵی کورد بە ڕوون و ئاشکرا تێیدا بنووسرێتەوە، وەک خاوەنی ئەو سەرچاوانە و هەروەها گرنگە کێڵگەکانی پێش دەستور و دوای دەستور ئاماژەیان پێبدرێت، لەبارەی ئیدارەدان و دەرهێنان و بەبازاڕکردن و کۆکردنەوە و دابەشکردنی داهاتەکەی، هەروەها لە چوارچێوەی یاسای بودجە قەرەبووی پارێزگا زیانلێکەوتووەکانی وەک سلێمانی و هەڵەبجە بەدەستی ڕژێمی ڕووخاو بکرێنەوە.

زیاتر دەڵێ “بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەش، بێگومان ئەوەی ئەرکی ئێمەی نوێنەرە درێغی ناکەین و ئومێد دەکەم کە یاسایەک بێتە دانان، کە جێی ڕەزامەندی هەرێم و ناوەندیش بێت بۆ گەیشتن بە کەناری ئارامی سیاسی و بەتایبەتی چی دی قووت و گوزەرانی دانیشتووی هەرێم نەکرێت بە کارتی فشار و مزایەدەی سیاسی و مەیدانی تەراتێنی ئەجێندای دەرەکی و دوژمنانی عێراق!”.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...