هه‌واڵ

سلێمانی؛ بەڵێندەرێک بە فێڵ ملیارێک دیناری هاووڵاتییان دەبات

زێدپرێس

 

لە یاداشتنامەیەکدا بۆ ڕای گشتی و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک هاووڵاتی ئاماژە بە بەڵێندەرێک دەدەن و ڕایدەگەیەنن، بە فێڵ پارەی دەیان کەسی بردووە، کە بڕیاربووە خانوویان بۆ دروست بکات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لە یاداشتنامەکەدا، کە ناو و واژۆی ژمارەیەک لە دانیشتووانی شارەکەی لەسەر هاتووە، کە پارەیان بە بەڵێندەرەکە داوە، باس لەوە دەکەن، “بەڵێندەرێکی عەرەب بەناوی فەواز فەرحان مونسی (ناسراو بە ئەبو مستەفا)، کە ئێستا لە لایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیرکراوە، پارەی ئێمە و دەیان ها٢وڵاتی تری دانیشتووی سلێمانی خواردووە، ئێستا زۆربەمان سکاڵامان لەسەر تۆمارکردووە، لەبەر ئەوەی پارەیەکی زۆری لێوەرگرتووین تا خانوومان بۆ دروست بکات، یان خانوومان بۆ نۆژەن بکاتەوە. بەڵام نە خانووەکەی بۆ دروست کردووین و نە پارەکەشمان بۆ دەگەڕێنێتەوە”.

ئەو کەسانە، لە یاداشتنامەکەدا، دەڵێن “وا مەزەندە دەکرێت ئەبومستەفا بە بەهای زیاتر لە یەک ملیار دینار (هەزار ملیۆن) پارەی خەڵکی سلێمانی خواردبێت بەم جۆرە، بەشێکی کەمی ئیشی خانووەکانی کردووە، کە زۆربەی هەر بنچینەکەی بۆ دروستکردوون، جێی هێشتووە”.

زیاتر دەڵێن “ئەبو مستەفا، جگە لەوەی پارەی خانووەکانی خواردووە، هاوکات ئەو کرێکار و کاسبکارانەش کە هێناویەتی بۆ ئەوەی بەشێکی ئیشەکانیان پێ بکات، بە قەرز هێناونی و پارەی بە کەسیان نەداوە. ئەندازایار و کرێکار و نەخشەسازی بینا و شارەزای بواری کارەبایی و بۆڕی ئاوی هێناوە و کاری پێکردوون بە قەرز، هێشتا پارەی هیچیانی نەداوە بەگوێرەی گوتەی ئەو کەسانەیان کە سکاڵایان تۆمارکردووە لە سەری. ”

هەر بەپێی یاداشتنامەکە، بەڵێندەرەکە “چیمەنتۆ و شیش و لم و بلۆک و هەموو کەرەستەکانی تری بیناسازی بە قەرز لە سلێمانی کڕیوە و پارەی نەداوە، ئێستا دەیان کەس سکاڵایان لەسەر تۆمار کردووە و داوای پارەی کەرەستەکانیان دەکەن”.

ئەو خاوەن مافانەی واژۆیان لەسەر یاداشتنامەکە کردووە، داوا لە حکوومەتی هەرێم دەکەن “بەهانامانەوە بێت و یاسا سەروەربکات لەم کەیسەدا و نەهێڵێت ئەم بەڵێندەرە لە سلێمانی هەڵبێت هەتا ماف و پارەکانمان بۆ دەگەڕێنێتەوە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...