هه‌واڵ

لە هەرێمی کوردستان ٧٣٥٤ مۆلیدەی کارەبای ئەهلی هەیە

زێدپرێس

 

لە هەرێمی کوردستان حەوت هەزار و ٣٥٤ مۆلیدەی کارەبایی تایبەت هەیە و زۆرینەیان کەوتوونەتە سنوری پارێزگای هەولێرەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی ڕووپێوێکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، دهۆک و سلێمانی، حەوت هەزار و ٣٥٤ مۆلیدەی کارەبایی ئەهلی هەیە، کە زۆرترینیان کەوتوونەتە پارێزگای هەولێرەوە.

ڕووپێوەکە پیشانی دەدات، لە سنوری پارێزگای هەولێر، سێ هەزار و ٧٧٦ مۆلیدە، لە پارێزگای سلێمانی هەزار و ٧٥٩ مۆلیدە و لە پارێزگای دهۆک هەزار و ٨١٩ مۆلیدە هەیە. لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستاندا بەڕێژەی ٩٠٪ی مۆلیدەکانی کارەبا کەوتوونەتە ناوەندی شارەکان و تەنیا ١٠٪ی مۆلیدەکان لە گوندەکانن.

بەگوێرەی ڕووپێوییەکەی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، مۆلیدەکان بەگشتی لە سێ هەزار و ١٠٨ شوێنی جیاواز داندراون، لەو ژمارەیەشدا ٨٠ شوێنی مۆلیدە تۆمارنەکراون. بەگشتی زیاتر لە مۆلیدەیەک لە شوێنی دانانی مۆلیدەکان هەیە.

دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ڕوونیکردووەتەوە، کە کۆی گشتی شوێنی کارپێکردنی مۆلیدە ئەهلییەکان لەماوەی ساڵانی نەوەدەکانەوە تەنیا ١٠٧ شوێن بووە، بەڵام لەماوەی ساڵانی ٢٠٠١ تا ٢٠٢١ دانانی مۆلیدەی ئەهلی ژمارەیەکی پێوانەیی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمار کردووە، بەهۆی زیادبوونی قەبارەی دانیشتووان و کەم بوونەوەی دابینکردنی کارەبای نیشتمانی.

بەگوێرەی ڕووپێوییەکە، بەکۆی گشتی حەوت هەزار و ٧٤٦ کرێکار لە مۆلیدە ئەهلییەکان کار دەکەن، کە سێ هەزار و ٩٠٨ کرێکاریان لە پارێزگای هەولێر، دوو هەزار و ٤٠ کرێکار لە پارێزگای سلێمانی و هەزار و ٧٩٨ کرێکاری دیکە لە مۆلیدە ئەهلییەکانی سنوری پارێزگای دهۆک کار دەکەن، کە ٢٢٢ کرێکاریان بیانیین.

هەروەها، لە کۆی سێ هەزار و ١٠٨ شوێنی کارپێکردنی مۆلیدە ئەهلییەکان، سێ هەزار و ٩٨ خاوەن مۆلیدە لە ڕەگەزی نێرینە و ١٤ خاوەن مۆلیدەش لە ڕەگەزی مێینەن، کە هەر ١٤ خاوەن مۆلیدە لە سنوری پارێزگای سلێمانیین.

هەرچی پەیوەندی بە هاوبەشانی مۆلیدە ئەهلییەکانەوە هەبێت، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان مۆلیدە ئەهلییەکان یەک ملیۆن و ٣١١ هەزار و ٥٩٨ هاوبەشیان هەیە، کە زۆرینەیان کەوتوونەتە سنوری پارێزگای سلێمانییەوە. بەو هۆیەوە کە ٥٠٢ هەزار و ٢٢٠ هاوبەشی مۆلیدە ئەهلییەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی، ٤٦١ هەزار و ٩٩٣ هاوبەشی مۆلیدە لە پارێزگای هەولێر و ٣٤٧ هەزار و ٣٨٥ هاوبەشی مۆلیدەی ئەهلی کەوتوونەتە سنوری پارێزگای دهۆکەوە.

ڕووپێوییەکە ڕوونیکردووەتەوە، داهاتی ساڵانەی مۆلیدە ئەهلییەکان لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە ٧٢٦ ملیار دیناری عێراقی دەبێت.

بەو هۆیەوە، کە لە هەرێمی کوردستاندا حکوومەت سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو بە مۆلیدە ئەهلییەکان نادات، ئەوەش وایکردووە کە نرخی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان زیاتر لەسەر هاووڵاتیان بکەوێت، بە پێچەوانەی باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە، کە حکوومەت بە نرخی پاڵپشتیکراو سووتەمەنی بۆ مۆلیدە ئەهلییەکان دابین دەکات و بەوەش کرێی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان کەمتر دەبێتەوە.

مۆلیدە ئەهلییەکان بڕە سووتەمەنییەکی زۆر بەکاردەهێنن؛ لەماوەی لوتکەی کارکردن کە دەکەوێتە مانگەکانی نیسان تا تشرینی یەکەم، کە لەو ماوەیەدا مۆلیدەکان زیاتر کاردەکەن، بە تێکڕای گشتی ٣١١ ملیۆن و ٢٥٠ هەزار و ٥٦٩ لیتر سووتەمەنی و لەماوەی دەرەوەی ماوەی لوتکەشدا بڕی ٤٤٣ ملیۆن و ٥٧١ هەزار و ٩٤٢ لیتر سووتەمەنیان بەکارهێناوە، کە بەشێوەیەکی ئاسایی مۆلیدەکان بە گازوایل کار دەکەن.

هەر بەگوێرەی ڕووپێوییەکە، زۆرینەی مۆلیدە ئەهلییەکانی کارەبا، کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، درووستکراوی وڵاتی سویدن، کە بە ژمارە چوار هەزار و ٨٢١ مۆلیدە دەکات و لە پلەی دووەم وڵاتی ئەڵمانیا ٩٩٧ مۆلیدە و لە پلەی سێیەم وڵاتی بەریتانیا کە ٧١٢ مۆلیدە دەکات. ئەوانی دیکەیش لە وڵاتانی ئەمریکا، ڕووسیا، ئیتاڵیا، کۆریا، چین، فەڕەنسا و ژاپۆنەوە درووستکراون و هاوردەکراون.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...