ڕاگەیەندراوێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە
زێدپرێس
ئەمڕۆ چوارشەم ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە زاری “سەرچاوەیەک”ییەوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هەڵوەستەی لەسەر ئەو چەواشەکارییە کرد، کە هەندێک لە دامودەزگاکانی سەر بە ئێران لە بەرانبەر هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر دەستیان پێکردووە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
دوای ئەو هێرشە مووشەکییە ترسنۆکانەی سەر هەولێر و کاردانەوەی توندی حکوومەتی فیدڕاڵ لە ئیدانەکردن و پێکهێنانی لێژنەی لێکۆڵینەوە، هەندێ دامودەزگای سەر بە ئێران بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و وێنەی ساختە و ناپەیوەندیدار، دەستیان بە چەواشەکاری کردووە تاکوو پاساو بۆ کردارە دڕندانەکەیان بێننەوە.
دامودەزگاکانی هەرێم هەموو هاوکارییەکی ئەو لێژنەیە دەکەن کە لە لایەن حکوومەتی فیدڕاڵی پێکهاتووە و زۆر ئاشکرایە کە ئەم هێرشە خەڵکی سڤیلی هەرێمی کوردستانی کردۆتە ئامانج و ئەم هەوڵانەش ناتوانن ئاڕاستەی ڕای گشتیی توڕەی هەرێم و عێراق لە بەرانبەر ئەو تاوان و پێشێلکارییە بگۆڕن.
هەرێمی کوردستان پابەندی دەستوور و یاساکانی عێراق و هەرێمە و، ئەو بەشەی هێزی هاوپەیمانانیش کە لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە بە ئاگاداری و ڕەزامەندیی حکوومەتی فیدڕاڵییە.
پێویستە لە ئاستی ناوخۆی عێراق و لە ئاستی نێوەدەوڵەتیش هەنگاوی ڕژد بنرێت تاکوو سەروەریی عێراق و هەرێم بپارێزرێت و هاووڵاتییانمان لە مەترسیی ململانێ ناوچەییەکان بپارێزین.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
17/01/2024