سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

کورسی پێکهاتەکانی (مەسیحی و تورکمان) دەگەڕێتەوە

هەموو حزبەكان دەتوانن لە ناو لیستەكانیان كاندیدی مەسیحی و توركمانیان هەبێت

هەرێم شێرە

 

سەرەڕای ئەوەی دادگای فیدڕاڵی سەرجەم کارەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگرتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمڕۆ کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق نووسراوێکی ئاڕاستەی گشت لقەکانی کۆمسیۆن لە پارێزگاکانی هەرێم کردووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لە نووسراوەکەدا داوا لە لقەکانی کۆمسیۆن دەکات کە داوا لە لیستە بەشداربووەکان بکەن، ئەگەر لە ناو لیستەکانیان کاندیدی مەسیحی یان تورکمان هەیە بە نووسراوی فەرمی ئاگاداری کۆمسیۆن بکەنەوە و کاندیدە (مەسیحی و تورکمان)ەكان دیاری بکەن. ئەمەش ئاماژەیەکی نوێیە بۆ گەڕانەوەی کورسی کۆتاکان.

لە مانگی شوباتی ئەمساڵ دادگای فیدڕاڵی بەپێی مادەی (14) لە دەستوری عێراق کورسی کۆتاکانی هەڵوەشاندەوە، دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی پارتی دیموکرات بایکۆتی هەڵبژاردنی کرد و چەند مەرجێکی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن خستەڕوو، کە گرنگترینیان دواخستنی هەڵبژاردن و گەڕانەوەی کورسی کۆتاکان بوو. ئێستا مەرجی یەکەم بۆ پارتی جێبەجێکراوە، چونکە بە هۆی سکاڵاکەی سەرۆکی حکوومەت بە دڵنییاییەوە هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێک دوادەخرێت. ئەوەی ماوە گەڕانەوەی 11 کورسییەکەی کۆتایە، کە تا ڕادەیەکی زۆر گەڕانەوەی مەحاڵە، چونکە دادگای فیدڕاڵی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکانی داوە.

بەپێی مادەی (94)ی دەستوریش بڕیاری دادگای فیدڕاڵی باتە و تەمیز ناکرێت. بۆیە پێدەچێت دادگای فیدڕاڵی بۆ ڕازیکردنی پارتی و پێکهاتەکان لەم (100) کورسییە گشتییە، (5) کورسی بۆ کۆتاکان دیاری بکات، دیاریکردنی ئەم (5) کورسییەش بەپێی مادەی (49)ی دەستور دەبێت. کە لە بەشێکی ئەم مادەیەدا هاتووە “دەبێت لە کورسییەکانی پەرلەمان نوێنەری پێکهاتەکان لەبەرچاو بگیرێت”. بەپێی ئەم مادەیەش دادگای فیدڕاڵی دەتوانێت ڕێگایەكی دەستوری و یاسایی بۆ ئەم (5) کورسییە بدۆزێتەوە.

دیاریکردنی ئەم (5) کورسییە چۆنە و چۆن دەبێت تا ئێستا گفتوگۆی جددی لەسەر نەکراوە، ئەگەر ئاماژە بە یاسای هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢ بکرێت کورسییەکان تەنیا بۆ مەسیحییەکان دەبن و تورکمان کورسیان نابێت، بەڵام ئەگەرێکی زۆرە لەم (5) کورسییە (3) کورسی بۆ مەسیحییەکان و (2) کورسیش بۆ تورکمانەکان دیاری بکەن.

بەم شێوەیە کۆمسیۆن دەبێت میکانیزمێک بۆ ئەم (5) کورسییە بدۆزێتەوە کە تا ئێستا ئەوەی گفتوگۆی لەسەر کراوە، ئەگەرێكی بەهێز هەیە کە شێوازی هەڵبژاردنی کاندیدەکان و شێوازی دابەشکردنی کورسییەکان بەسەر پارێزگاکان بەم شێوەیە بێت.

 

شێوازی هەڵبژاردنی کاندیدەکان

هەموو حزب و لایەنەكان دەتوانن لە ناو لیستەكەیان كاندیدی كۆتا (توركمان یان مەسیحی)یان هەبێت و بە ناوی كاندیدی كۆتا لە ناو لیستەكەیان تۆماردەكرێن، دوای تەواوبوونی هەڵبژاردن كاندیدی كۆتای هەموو لیستەكان دەكەونە كێبڕكێ و پێنج ئەندامی براوەی کێبڕکێیەکە دەبنە ئەندامی پەرلەمان كە وەک باسمان کرد ڕەنگە سێیان مەسیحی بن و دووانیشیان توركمان.

 

شێوازی دابەشکردنی کورسییەکان

ئەگەری یەکەم

پارێزگای هەولێر: 3 کورسی مەسیحی

پارێزگای سلێمانی: 1 کورسی مەسیحی

پارێزگای دهۆک: 1 کورسی مەسیحی

 

ئەگەری دووەم

پارێزگای هەولێر: 2 کورسی مەسیحی

پارێزگای سلێمانی: 2 کورسی مەسیحی

پارێزگای دهۆک: 1 کورسی مەسیحی

 

ئەگەری سێیەم

پارێزگای هەولێر: 1 کورسی مەسیحی، 2 کورسی تورکمان

پارێزگای سلێمانی: 1 کورسی مەسیحی

پارێزگای دهۆک: 1 کورسی مەسیحی

 

ئەگەری چوارەم

پارێزگای هەولێر: 1 کورسی مەسیحی، 1 کورسی تورکمان

پارێزگای سلێمانی: 1 کورسی مەسیحی، 1 کورسی تورکمان

پارێزگای دهۆک: 1 کورسی مەسیحی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...