سیاسیكۆمه‌ڵایه‌تی
ئاراستەکان

ڕێزگرتن لە شکۆی کەس؛ ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی مافی مرۆڤ لە عێراق

ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەبارەی مافی مرۆڤ لە عێراق لە ساڵی ٢٠٢٣دا، جەخت دەکاتەوە، کە لە ماوەی ساڵەکەدا دۆخی مافی مرۆڤ خراپتر بوو، بەهۆی زیادبوونی ئاستەنگەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئازادییە بنەڕەتییەکان و فەزای مەدەنی.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ڕاپۆرتەکە، لە حەوت بەشی سەرەکی پێکهاتووە، کە “ڕێزگرتن لە شکۆی کەس، ڕێزگرتن لە ئازادییە مەدەنییەکان، ئازادیی بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیی، گەندەڵیی لە حکوومەت، هەڵوێستی حکومیی لەسەر چاودێریی و لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی و ناحکومیی بۆ بانگەشەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، جیاکاریی و پێشێلکاریی کۆمەڵایەتی و مافەکانی کرێکاران” دەگرێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پاڵپشت بە ڕاپۆرت و تۆمارەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان، سەرچاوە میدیایی و هەواڵدەرییەکان، ڕاگەیەندراوەکانی حکوومەت و لایەنە فەرمییەکانی دیکە، ڕاپۆرتەکەی داڕشتووە.

لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بەشێکی جیاواز بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان نەکراوە و هەر لەچوارچێوەی عێراق ئاماژەی بۆ کراوە، بەڵام دۆخی هەرێمی کوردستان، بەپێی تەوەر و بابەتەکان و یان ئەو دۆسیانەی سەرنجیان لەسەر چڕکراوەتەوە، جیاکراوەتەوە. وا دەردەکەوێت، دۆخی مافی مرۆڤ بەگشتی لە هەرێمی کوردستان بەراورد لەگەڵ باشوور و ناوەڕاستی عێراق لەبارتر بێت، بەڵام هێشتا، چەندین پێشێلکاری زەق و مەترسیدار لە زۆرینەی ئاستەکاندا هەن، وەک ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتەکەیدا تۆماری کردووە، لەناویاندا پێشێلکارییەکان دژ بە ئازادییە کەسییەکان، ئازادی ڕادەربڕین، مافەکانی ژنان و منداڵان، کرێکاران و ئەوانی دی.

 

لەخوارەوە، پێشەکی (پوختەی کارگێڕی) و بەشی یەکەمی ڕاپۆرتەکە، کە پێوەستە بەڕێزگرتن لە شکۆی تاکەکەس، وەک خۆی خراوەتەڕوو و زێدپرێس وەک بەڵگانەمەیەکی گرنگ، هەر شەش بەشەکەی دی، بە زنجیرە بڵاودەکاتەوە.

 

پوختەی کارگێڕیی

لە ماوەی ساڵەکەدا دۆخی مافی مرۆڤ خراپتر بوو، بەهۆی زیادبوونی ئاستەنگەکانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئازادییە بنەڕەتییەکان و فەزای مەدەنیی. رووداوەکانی ساڵ بریتی بوون لە پەلاماری پچڕپچڕ لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا و شانە پەیوەستەکانی؛ پێکدادانی لێرەولەوێ لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی عێراق و دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا لە ناوچە دوورەدەستەکان؛ ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لەدژی بنکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە عێراق؛ هەروەها هەبوونی میلیشیا کە بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتدا نین، لەوانە یەکەکانی حەشدی شەعبی کە پەیوەستن بە ئێرانەوە؛ لەگەڵ روودانی تووندوتیژی بە پاڵنەری مەزهەبیی، ئیتنیکیی و دارایی.

چەندین گرفتی گەورەی مافی مرۆڤ هەبوون، وەک راپۆرتی متمانەپێکراو لەسەر: کوشتنی نایاسایی یان هەڕەمەکیی، هەروەها کوشتنی بێ دادگاییکردن؛ بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ؛ ئەشکەنجە و کەیسەکانی مامەڵە یان سزای دڕندانە، نامرۆڤانە و شکۆشکێن لەلایەن کاربەدەستانی حکومەت؛ دۆخی سەخت و مەترسی لەسەر ژیان لە بەندیخانە؛ دەستگیرکردن و راگرتنی هەڕەمەکیی؛ دەستوەردانی هەڕەمەکیی یان نایاسایی لە تایبەتمەندی (خصوصیة)؛ سزادانی ئەندامانی خێزان لەسەر بانگەشەی تاوانی ئەنجامدراو لەلایەن تاکەکەس؛ پێشێلکاریی گەورە لەکاتی ناکۆکیی، وەک پەلامار کە بۆتە هۆی مردن یان برینداربوونی کەسی مەدەنیی؛ سنووردارکردنی بەرچاوی ئازادیی ڕادەربڕین و راگەیاندن، هەروەها تووندوتیژی یان هەڕەشەی بەکارهێنانی تووندوتیژی دژی رۆژنامەنووسان؛ دەستگیرکردن و دادگاییکردنی بێبنەما لەدژی رۆژنامەنووسان، سانسۆر، هەروەها هەبوونی یاساکانی تاوانی ناوزڕاندن؛ سنووردارکردنی زۆر لەسەر ئازادیی ئەنتەرنێت؛ دەستوەردانی گەورە لە مافی گردبوونەوەی ئاشتیانە و ئازادیی رێکخراوەیی؛ بەربەستی یاسایی لەسەر ئازادیی جووڵەی ئافرەتان؛ هەروەها گەڕاندنەوەی زۆرەملێی ئاوارە ناوخۆییەکان بۆ ئەو شوێنانەی هەڕەشە لەسەر ژیان و ئازادییان هەیە؛ گەڕاندنەوەی زۆرەملێی پەنابەران بۆ ئەو وڵاتانەی رووبەڕووی ئەشکەنجە یان چەوساندنەوە دەبنەوە، لەوانە ئازاردانی گەورەی وەک هەڕەشە لەسەر ژیان  یان ئازادیی یان مامەڵەی خراپی تر کە بە تەنها پێکهێنەری پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤن؛ گەندەڵیی زۆری حکومیی؛ بەربڵاوی تووندوتیژی جێندەریی، لەوانە تووندوتیژی خێزانیی و شێوەی تری ئەم جۆرە تووندوتیژییە؛ تاوانەکانی تووندوتیژی یان هەڕەشەی بەکارهێنانی تووندوتیژی لەدژی ئەندامانی گروپە کەمینەکان، ئاوارە ناوخۆییەکان و ئاوارە گەڕاوەکان؛ تاوانەکانی تووندوتیژی یان هەڕەشەی بەکارهێنانی تووندوتیژی دژی کەسانی هاوڕەگەزخواز، جووتڕەگەزخواز، رەگەزگۆڕاو و رەگەزتێکەڵ؛ بازرگانیکردن بە مرۆڤ، لەوانە کاری زۆەملێ؛ سنووردارکردنی زۆر لەسەر ئازادیی رێکخراوەیی کرێکاران؛ هەروەها هەبوونی خراپترین جۆرەکانی کارکردنی منداڵ.

حکوومەت هەندێک هەنگاوی ناوە بۆ دەستنیشانکردن، لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن و سزادانی ئەو بەرپرسانەی لەوانەیە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤیان ئەنجام دابێت.

حکومەت لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی ئەنجامداوە لەدژی تۆمەتبارانی داعش بە تۆمەتی ئەئجامدانی تاوانەکان و پێشێلکارییەکانی تر، لە هەندێک کەیسدا، راپۆرت دراوە لەسەر حوکمدانی ئەندامانی گومانلێکراوی داعش بەپێی یاسای دژەتیرۆر.

 

بەشی یەکەم: ڕێزگرتن لە شکۆی کەس

بێبەشکردنی هەڕەمەکیی لە ژیان و جۆرەکانی تری کوشتنی نایاسایی یان کوشتن بە پاڵنەری سیاسیی

چەندین راپۆرت هەبوون کە حکومەت یان کاربەدەستەکانی کوشتنی نایاسایی یان هەڕەمەکییان ئەنجامداوە، لەوانە کوشتنی بێ دادگاییکردن. بانگەشە دەکرێت، لە 25 ئەیلول، میلیشیاکانی پەیوەست بە ئێران کە بەشێکن لە هێزەکانی حەشدی شەعبی وابەستە بە حکومەت، تەقەیان کردوە لەکەسایەتی هاوڕەگەخوازی ناسراوی تیکتۆک و هونەرمەندی ئارایشت (نور ئەلسەفار) و کوشویانە. پێش تەقەکردنەکە، ئەلسەفار رووبەڕووی پێشێلکاریی و گێچەڵی ئۆنلاین بۆتەوە بەهۆی شوناسی رەگەزیی و جێندەرییەوە.

حکومەت هەنگاوی زیاتری ناوە بۆ دادگاییکردنی ئەوانەی بەپرسن لە کوشتنی بێ دادگاییکردن. بۆ نموونە، لە 25 حوزەیران، دادگای تاوانی زیقار حکومی هەتاهەتایی سەپاند بەسەر مقدم عمر نزار لە یەکەی وەڵامدانەوەی بەپەلەی وەزارەتی ناوخۆ، لەسەر سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی 2019 کە بووە هۆی کوشتنی بەلای کەمەوە 25 کەس و برینداربوونی 200 کەسی تر.

کوشتنی بێ دادگاییکردن لەلایەن چەکداری نەناسراو و تووندوتیژی بە پاڵنەری سیاسیی چەندبارە روویانداوە لە سەرانسەری وڵات. لە مانگی تەموز سێ کاربەدەستی باڵا لە هەرێمی کوردستان کوژران. پۆلیس راپۆرتیدا لە کوژرانی (محمد میرزا سیندا)، کاربەدەستێکی باڵای پێشووی هەواڵگریی سەربە پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئەنجامی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلەکەی لە شاری زاخۆ لە پارێزگای دهۆک. ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەرپرسە لە کوشتنەکە؛ بەڵام نوێنەرانی یەکینەکانی پاراستنی گەل، باڵی چەکداریی پەکەکە، نکوڵیان کرد لە تێوەگلانی پەکەکە.

لە 7 تەموز، چەکداران لە سلێمانی دوو ئەندامی پارتی دیموکراتی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کە بنکەیان لە باکورە، کوشت و یەکێکی تریان بریندار کرد. لە مانگی مایس، کاروان گەزنەیی، سیاسەتمەداری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بانگەشەی کرد کە لە هەوڵێکی کوشتن رزگاری بووە.

میلیشیا ناحکومییەکان و وابەستەکانی داعش بەشداربوون لە کوشتنەکان. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ راپۆرتیانداوە کە گروپە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کە هاوپەیمانی ئێرانن، لە سەرانسەری وڵات بەشداربوون لە کوشتن، رفاندن و بەزۆر پارەسەندن (ابتزاز)، بەتایبەتی لە پارێزگا تێکەڵەکان لەڕووی ئیتنیکیی و ئاینییەوە.

چالاکوانانی مافی مرۆڤ، بەتایبەتی ئەوانەی رەخنەیان گرتووە لە سیاسەتمەداران و میلیشیاکان، دەڵێن رووبەڕووی گێچەڵ بوونەتەوە. لە 25 مایس، لە دیالە چالاکوانی مافی مرۆڤ (عمر جلال ئەلقەسیسی) لە هەوڵێکی کوشتن رزگاری بوو، پاش ئەوەی گروپێکی چەکدار بەتووندی هێرشیان کردە سەری و لێیاندا.

لە 1 کانونی دووەم، داعش دوو کەسیان کوشت کە ساڵی 2021 لە کەرکوک رفێندرابوون. لە کۆتایی ساڵەکەدا، هێشتا لێکۆڵینەوە بەردەوامە.

 

بێسەروشوێنکردن

راپۆرتی بەردەوام هەبوو لەسەر بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لەلایەن یان لەجیاتی دەسەڵاتەکانی حکومەت، لەناویاندا پۆلیسی فیدراڵی و یەکەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی. لەمانگەکانی نیسان و ئەیلول، کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ (UN Committee on Enforced Disappearances) داوای لە حکومەت کرد پێداویستیی و مافەکانی قوربانییان دابین بکات، لەوانە ناساندنی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ وەک تاوانێکی سەربەخۆ لە یاسای نیشتیمانیدا بۆ یارمەتیدانی دادگاییکردن و داڕشتنی ستراتیژێکی هەمەلایەنی گەڕان و لێکۆڵینەوە، هەروەها دڵنیاییکردن لەوەی هەموو دەستبەسەرکراوان تۆمارکراون.

روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ د ەڵێت نزیکەی 12،000 خێزانی عێراقی راپۆرتیان پێشکەشکردوە لەسەر کەسانی بێسەروشوێن لەنێوان 2017 و 2023، هەروەها جەخت دەکاتەوە لەوەی پێدەچێت ژمارە راستەقینەکە بەرزتر بێت. لە 30 ئاب، کۆمسیۆنی نێودەوڵەتی خاچی سوور (ICRC) راپۆرتیدا لەسەر وەرگرتنی 994 داواکاریی گەڕان بۆ کەسانی بێسەروشوێن لە نیوەی یەکەمی ساڵەکە. چارەنووس و شوێنی 171 کەس یەکلای کرایەوە و پێنج کەس شادبوونەوە بە خێزانەکانیان لە دەرەوەی وڵات. لە مانگی حوزەیران، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (Amnesty International) داوای لە دەسەڵاتداران کرد هەنگاوی کۆنکریتی بنێن بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی بەلای کەمەوە 643 پیاو و کور کە لە حوزەیرانی 2016 بە زۆرەملێ بێسەروشوێنکراون لەلایەن یەکەکانی حەشدی شەعبی لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردنی فەلوجە لە داعش. لێبوردنی نێودەوڵەتی تێبینی کردوە کە لێپرسینەوە لە هیچ یەکەیەک نەکراوە لەسەر بێسەروشوێنەکردنەکان.

 

ئەشکەنجە و مامەڵە یان سزای دیکەی تووند، نامرۆڤانە و شکۆشکێن و پێشلێکاریی تری پەیوەندار

دەستوری فیدراڵی ئەشکەنجە و دانپیانانی زۆرملێی قەدەغە کردوە، بەڵام راپۆرتی متمانەپێکراو هەبوون لەسەر بەکارهێنانیان لەلایەن بەرپرسانی حکومەتەوە. یاسا چوارچێوەی یاسایی و مەرجە رێکارییەکانی دیاری نەکردووە بۆ رێگرتن لە ئەشکەنجە. ئەشکەنجە لە بەندیخانەکان، بنکەکانی دەستبەسەرکردن و زیندانەکان زۆرجار شاراوەن لە چاودێریی کارای یاسایی. ئەو جۆرە رەفتارانەی دەچنە خانەی ئەشکەنجە، بە یاسا پێناسە نەکراون، هەروەها یاسا دەسەڵاتی تەواوی بەخشیوە بە دادوەران، بۆ بڕیاردان لەسەر پەسەندکردنی دانپیانانی تۆمەتبار وەک بەڵگە و زۆرجار بەبێ رەچاوکرنی شێوازی وەرگرتنی دانپیانان. دادگاکان بەشێوەیەکی رۆتینی دانپیانانی زۆرەملێیان وەک بەڵگە پەسەندکردوە، کە لە زۆر کەیسی دژەتیرۆری پەیوەست بە داعش، تاکە بەڵگەی رەچاوکراو بوون. چەندین راپۆرتی رێکخراوە ناحکومییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان ئاماژەیانداوە بەوەی کاربەدەستانی حکومەت ئەشکەنجە و مامەڵە یان سزای دیکەی تووند، نامرۆڤانە و شکۆشکێنیان بەکارهێناوە. پۆلیسی فیدراڵ، هێزەکانی حەشدی شەعبی و چەند یەکەیەکی دیاریکراوی ئاسایشی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی ناوخۆ، بێ لێپسینەوە کاریان کردوە. بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی بەرچاوی ناوە بۆ رێزگرتن لە سەروەریی یاسا لەناو دامەزراوەکانی ئاسایش، لەوانە پێشکەشکردنی راهێنان بە زیاتر لە 400 ئەفسەری پێشمەرگە و فەرمانبەر لەسەر بابەتەکانی مافی مرۆڤ، هەستیاری جێندەریی و پاراستنی کەسانی مەدەنیی.

راپۆرتی متمانەپێکراو هەبوون لەسەر ئەوەی کە هێزە حکومییەکان، لەناویاندا پۆلیسی فیدراڵی، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، و هێزەکانی حەشدی شەعبی، پێشێلکاریی و ئەشکەنجەیان ئەنجامداوە لەدژی خەڵک، بەتایبەتی عەرەبی سوننە، لەکاتی دەستگیرکردن، راگرتنی پێش دادگایکردن و بەندکردنی پاش حوکمدان. بەندکراوانی پێشوو، راگیراوان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دۆکۆمێنتی کەیسەکانی ئەشکەنجە و مامەڵە یان سزای دیکەی تووند، نامرۆڤانە و شکۆشکێنیان کردوە لە دەزگاکانی سەربە وەزارەتی ناوخۆ، هەروەها، تاڕادەیەکی کەمتر، لە بەندیخانەکانی وەزارەتی بەرگری. بەپێی بەرپرسانی دادپزیشکیی، هەندێک قوربانیی نیشانەی لێدانی تووندیان هەبووە، لەگەڵ شکاویی ئێسک. رێکخراوە ناحکومەییە ناوخۆییەکان راپۆرتیانداوە لەسەر کەیسەکانی مردن لە بنکەکانی راگرتنی پێش دادگاییکردن، بنکەکانی دیپۆرتکردن و بەندیخانەکان، بەهۆی بەردەوامیی ئەشکەنجەی سیستیماتیک و هەلومەرجی خراپی بنکەکانی دەستبەسەرکردن.

لە مانگی مایس، سەرۆکی پێشووی “لیژنەی 29” بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی فەریق ئەبو رەغیف دەستگیرکرا و راگیرا پاش “فەرمانێکی ڕوونی”ی وەزیری  ناوخۆ لە ئەنجامی تۆمەی گەندەڵیی و کاری نامرۆڤانە.

سەرەتای ساڵی 2021، راگیراوان کاربەدەستانیان ئاگادارکردەوە لە تۆمەتی ئەشکەنجەدان لەلایەن لیژنەی 29 بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانان. لە مانگی مایس، سەرۆک وەزیران راسپاردەکانی لیژنەی تایبەتی لێکۆڵینەوەی پەسەندکرد بۆ رادەستکردنی بەڵگەنامەکانی لێکۆڵینەوە لە لیژنەی 29 بە دەسەڵاتی دادوەریی بۆ دڵنیایی بوون لە لێپرسینەوە. قاسم حەمود مەنسور، بەرپرسێکی حکومی دەستگیرکراو لەلایەن لیژنەکە، لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کرد؛ وێنە بینراوەکان لەلایەن رۆژنامەنووسان بەڵگەیان دەرخست لەسەر برینداربوونی سەری و کەوتنی ددانەکانی لە ئەنجامی بەکارهێنانی هێز. راپۆرتدراوە کە تۆمارە پزیشکییەکان و وێنەکان پاڵپشتی بانگەشەی برینداربووونی راگیراوانی تر دەکەن لەکاتی راگرتن. لەناو میتۆدەکانی ئەشکەنجەدان کە باسکران لەلایەن راگەیاندنەکانەوە و  پشتڕاستکرانەوە لەلایەن چاودێرانی مافی مرۆڤەوە، لێدان بە تێلی  ئاسن و کارەبادان لە کۆئەندامی زاوزێ هەبوون.

لە مانگی ئاب، رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ (Human Rights Watch) راپۆرتیدا لەسەر روودانی مردن بەشێوەی هەفتانە لەناو بەندیخانەکانی حکومەت لە ئەنجامی ئەشکەنجە، لێدان یان بەدخۆراکیی، بەتایبەتی بەندیخانەی ئەلهوت لە پارێزگای زیقار و بەندیخانەی ناوەندیی ئەلرەسافە و بەندیخانەی ئەلحیلە. هاوکات بەندیخانەکان رووداوەکانی خۆکوشتنیان تۆمارکرد، هەروەها پەرلەمانتاران هۆشدارییاندا لە “ئەشکەنجەدانی سیستماتیک” لە بەندیخانەکان. خانمە رۆژنامەنووسی کوردی ئێرانی (نەزیلە مەعروفیان)، بانگەشەی ئەوەی کرد لە مانگی کانونی یەکەم بۆ ماوەی 13 رۆژ لە بەندیخانەیەکی سلێمانی ئەشکەنجەدراوە.

سەرۆکی رێکخراوی ناحکومیی سەنتەری ستراتیژیی بۆ مافەکانی مرۆڤ، فازل ئەلغەراوی، ئاماژەی بەوە کرد کە لە تشرینی دووەمی 2022 ئۆفیسی سەرۆک وەزیران لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ وەرگرتنی سکاڵاکانی ئەشکەنجە لە بەندیخانەکان. لە کۆتایی ساڵدا، هیچ زانیارییەکی گشتی بەردەست نەبوو سەبارەت بە کاری لیژنەکە یان ژمارەی سکاڵا وەرگیراوەکان. لە مانگی ئاب، وەزارەتی داد لێکۆڵینەوەیەکی راگەیاند لەسەر گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکراوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە بەندکراوێک نیشان دەدات کە ئەشەکەنجە دەدرێت تا مردن لە بەندیخانەی ناوەندیی تاجی لە باکوری بەغداد.

 

دۆخی بەندیخانە و بنکەکانی دەستبەسەرکردن

دۆخی بەندیخانە و بنکەکانی دەستبەسەرکردن سەختن و زۆرجار مەترسین لەسەر ژیان، بەهۆی کەمی خۆراک، قەرەباڵغی لەڕادەبەدەر، ئازاردانی جەستەیی و دەستنەگەیشتنی گونجاو بە شوێنەکانی خاوێنی و چاودێریی تەندروستی، هەروەها هەڕەشەی نەخۆشییە گوێزراوەکان.

دۆخی ئازاردانی جەستەیی: ژمارەی تۆمەتباران بە ئەندامێتی داعش کە دەستبەسەرکراون لەلایەن حکومەتەوە بۆتە هۆی خراپتربوونی قەرەباڵغی بەسیستەمکراوی ناو بەندیخانە حکومییەکان. فەرمانگەی چاکسازیی عێراق، کە بەشێکە لە وەزارەتی داد، 29 چاکسازیی لە ناو ووڵات بەڕێوەدەبات. وەزارەتەکانی داد، بەرگری و ناوخۆ 24 بنکەی دەستبەسەرکردن بەڕێوەدەبەن. هەروەها خزمەتگوزاری دژەتیرۆر بەلای کەمەوە یەک بنکەی راگرتنی پێش دادگاییکردن بەڕێوەدەبات. لە مانگی نیسان، وەزارەتی داد پشتڕاستی کردەوە کە بەندیخانەکان گەیشتوونەتە 300 لەسەدی توانای خۆیان. وەزارەتی داد رایگەیاند کە بەڕێوەبەری بەندیخانەی رەسافە لەسەرکارلابراوە پاش دووپاتکردنەوەی ئەوەی بەندیخانەکە گەیشتۆتە 400 لەسەدی توانای خۆی.

ئەندامانی لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجومەنی نوێنەران، دۆخی بەندیخانەکانی ئافرەتانیان سەرکۆنە کرد وەکو پێشێلکاریی مافەکانی  مرۆڤیان ناساند و رایانگەیاند کە زۆرینەی بەندکراوان لەو خێزانەناوە هاتوون کە پەیوەستبوون بە داعشەوە. بەپێی وەزارەتی داد، دەسەڵاتدارەکان  منداڵی تا تەمەنی 12 ساڵانیان لەگەڵ دایکیان بەندکردوە کە تۆمەتبارن بە پەیوەستبوون بە داعشەوە. لەماوەی ساڵەکەدا، بەپێی هەندێک راپۆرت، 100 منداڵ لەگەڵ دایکیان لە بەندیخانە بوون. راپۆرتەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نزیکەی 60 بەندکراوی گەورە مردوون. بەلای کەمەوە 400 ئافرەت لە بەندیخانەیەکی ئاسایش-تووند لە بەغداد دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد وەک ناڕەزایی بەرامبەر حکومدانیان وەک ئەندامی داعش و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە دادگاییکردنەکانیان نادادپەروەرانە بوون، هەروەها بۆ دەرخستنی هەلومرجی خراپی بەندیخانە. رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی راپۆرتیداوە کە دادگاکان سزای بەندکردنی درێژ و سزای مردنیان سەپاندووە بەسەر کەیسە پەیوەستەکان بە داعش “پاش حکومدان بەزۆری لەسەر بنەمای دانپیانان کە بانگەشە دەکرێت لەڕێگەی ئەشکەنجەوە وەرگیراون.” بەپێی رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ، زۆربەی پیاوەکان لەسەر تیرۆر حوکمدراون و لەسێدارەدراون بەبێ شەفافیەت، ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و توانای پەیوەندیکردن بە خێزانەکانیان یان پارێزەرەکانیان. رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەمە داوە وەک یەکەم “لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ” پاش ئەوەی بەگشتی ئەم پیادەکردنە لەلایەن حکومەتی پێشووەوە لە ساڵی 2020 راگیرا.

لە مانگی ئەیلول، موسعەب ئالوسی، هاوکار لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی کەنداو (Gulf International Forum) راپۆرتیدا کە دەسەڵاتداران  راگیراوەکانیان بۆ ماوەی درێژ هێشتۆتەوە پێش دەرکردنی سزاکانیان، هەروەها پاسەوانی بەندیخانەکان راگیراوانیان رووبەڕووی چەندین جۆر ئەشکەنجە کردۆتەوە. هەروەها گوتی میلیشیاکان، پارتە سیاسییەکان، تاقمە خێڵەکییەکان و تاقمەکانی تر دەیان “بنکەی دەستبەسەرکردنی نهێنیی” بەڕێوەدەبەن کە تێیدا ئەشکەنجەی سیستماتیک پیادەدەکەن.

لە مانگی تەموز، وەزارەتی داد دانینا بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان لە بەندیخانەکان بەهۆی قەرەباڵغیی و رایگەیاند هەماهەنگی دەکات لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی بۆ باشترکردنی هەلومەرجی تەندروستی بەندکراوان. وەزارەت روونیکردەوە “دۆخی تەندروستی لەناو بەندیخانەکان” یەکێکە لە “گەورەترین بەربەستەکان کە رووبەڕووی کاری وەزارەت دەبێتەوە”، لەبەرئەوەی “نەخۆشییەکان لەناو بەندکراوان بڵاوبوونەتەوە” لە ئەنجامی قەرەباڵغیی.

گروپە نێودەوڵەتیی و ناوخۆییەکانی مافی مرۆڤ راپۆرتیانداوە کە دەسەڵاتداران لە چەندین رووداودا ڕێگرییان  کردوە لە سەردانی کەسوکار بۆ لای ڕاگیراوان و حوکمدراوان. لە چەندین کەیسدا، کەسوکاری ڕاگیراوان ناچاربوون بەرتیلی گەورە بدەن بەرامبەر سەردانی کەسی بەندکراویان لە بەندیخانە. بانگەشە دەکرێت کە پاسەوانەکان داوای بەرتیلیان کردوە یان لە بەندکراوانیان داوە کاتێک بەندکراوان داوایان کردووە پەیوەندی بکەن بە کەسوکارەکانیان  یان پارێزەرەکانیان.

لە سەرانسەری هەرێمی کوردستانی عێراق، شەش بنکەی چاکسازیی هەیە: سێ بۆ پیاوانی بەندکراو و سێ بۆ ئافرەتان و نەوجەوانانی بەندکراو. چاکسازییە تەرخانکراوەکان بۆ ئافرەتان و نەوجەوانان بە تێکەڵیی سزادراو و راگیراوی پێش دادگاییکردنی تێدایە، لەکاتێکدا ڕاگیراوانی پیاو لە بەشەکانی ڕاگرتنی بنکەکانی پۆلیس دەهێڵرێنەوە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستانی عێراق. کۆی ژمارەی بەندکراوان زیاترە لە توانای هەر یەکێک لە چاکسازییەکان بەڕێژەی 157 لەسەد. بەپێی کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆی ژمارەی بەندکراوان دەگاتە 4،922 کەس، لەناویاندا 181 نەوجەوان هەیە. دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەندێک لە چاکسازییەکان و بنکەکانی ڕاگرتنی پۆلیس، نەوجەوانان لەگەڵ گەوران لەهەمان قاوش دانراون، لەبەرئەوەی لە هەرێمی کوردستان تەمەنی بەرپرسیارێتی یاسایی 11 ساڵە.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان، کە کۆمیسیۆنێکی سەربەخۆیە و بەرپرسیارە بەرامبەر پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، راپۆرتیداوە کە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، کۆمەڵێک گرفتی درێژخایەنیان هەیە، وەک قەرەباڵغیی، خراپی خزمەتگوزارییەکانی ئاو، ئاوەڕۆ، خاوێنی، بەکارهێنانی تووندوتیژی لەماوەی ڕاگرتنی پێش دادگاییکردن و کۆنیی ژێرخانی چاکسازیی ئافرەتان و نەوجەوانان. ژمارەی سنوورداری کارمەندانی تەندروستی کە ناتوانن خزمەتگوزارییە تەندروستییە گونجاوەکان پێشکەش بە هەموو بەندکراوان بکەن .

کارگێڕیی: حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێن هەنگاویان ناوە بۆ چارەسەرکردنی تۆمەتەکانی خراپ مامەڵەکردن لە بەندیخانە و بنکەکانی ڕاگرتنی حکومەت؛ بەڵام ئاستی ئەم هەنگاوانە بەتەواوی نەزانراون.

کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتیانداوە کە بەندینخانەکانی هەرێمی کوردستان چاودێریی دەکرێن لەلایەن کۆمسیۆنی نێودەوڵەتی خاچی سوور (ICRC) و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (UNAMI) و بەندکراوان دەتوانن راپۆرت بدەن لەسەر کەیسەکانی ئەشکەنجە لەڕێگەی کارگێڕیی بەندیخانە، داواکاری گشتی یان ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ. سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانییەکان، دەسەڵاتداران نیشانە جەستییەکانی ئەشکەنجەیان پشتگوێ خستووە، هەروەها ڕێکارەکانی سکاڵاکردن نادادپەروەرانەن ناکاریگەرن. زۆر لە بەندکراون بڕیاردەدەن راپۆرت نەدەن لەسەر مامەڵەی خراپ بەهۆی نەبوونی متمانە بە دەسەڵاتەکان یان ترس لە تۆڵەسەندنەوە.

چاودێریی سەربەخۆ: بەندیخانەکانی سەربە فەرمانگەی چاکسازییەکانی عێراقی فیدراڵ رێگەدەدەن بە سەردانی بەردەوامی چاودێرانی سەربەخۆی ناحکومیی. وەزارەتی داد راپۆرتیدا لەسەر 68 سەردان بۆ چاکسازییەکانی گەوران و 23 سەردان بۆ چاکسازییەکانی نەوجەوانان.

کۆڕبەندی نێودەوڵەتی کەنداو (Gulf International Forum) ڕایگەیاند وەزارەتی داد نەک تەنها رێگری کردووە لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ سەردانی بەندیخانەکان بکەن، بەڵکو هاوکات رەتیکردۆتەوە هەلومەرجی بەندیخانەکان ئاشکرا بکات.

 

دەستگیرکردن و بەندکردنی نایاسایی

دەستوری فیدراڵ و یاسا، دەستگیرکردن و بەندکردنی نایاسایی قەدەغە دەکەن، هەروەها ماف دەدەن بە هەر کەسێک لە دادگا تانەبدات لە یاساییبوونی دەستگیرکردن و بەندکردنی. بەڵام سەرەڕای ئەم گەرەنتیانە، چەندین راپۆرت هەبوون لەسەر دەستگیرکردن و بەندکردنی نایاسایی، بەزۆری لەدژی عەرەبی سوننە و ئاوارە ناوخۆییەکان.

 

ڕێکارەکانی گرتن و مامەڵەی بەندکراوان: بەپێی یاسا، گرتن و هێشتنەوەی کەسەکان قەدەغەیە بەبێ فەرمانی دادوەر یان دادگا، یان ئەگەر هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا تۆمەتبار لەکاتی ئەنجامدانی کردەی تاواندا دەستگیربکەن. یاسا قەدەغەی کردوە، جگە لە دەسەڵاتە رێگەپێدراوەکان بە یاسا، هیچ دەسەڵاتێکی تر کەس دەستبەسەربکات. بەڵام چالاکوانانی ناوخۆیی مافی مرۆڤ راپۆرتیانداوە کە یەکەکانی حەشدی

راگەیاندنە ناوخۆییەکان و گروپەکانی مافی مرۆڤ راپۆرتیانداوە، کە دەسەڵاتداران گومانلێکراویان دەستگیرکردوە لە هەڵمەتی پشکنیکی ئاسایشی بێ مۆڵەت، بەتایبەتی بەپێی یاسای دژەتیرۆر، هەروەها زۆرجار ئەم دەستگیرکراوانەیان بۆ ماوەی درێژ بەندکردوە بەبێ تۆمارکردن یان بردنە پێش دادگا. حکومەت هەندێک جار دەستگیرکراوانی ئازادکردوە، بەگشتی پاش ئەنجامگیری کە بەڵگەی پێویست نەبووە بۆ حوکمدانیان لە دادگاکان، بەڵام زۆری تر لە بەندیخانە ماونەتەوە لە چاوەڕوانی یەکلاکردنەوەی تۆمەتی تر.

یاسا رێگەدەدات بە ئازادکردن بە کەفالەتی کەسیی بۆ دەستگیرکراوان لەسەر تاوان (بەڵام ئاسایش نا). دەسەڵاتداران بەدەگمەن دەستگیرکراوان بە کەفالەت ئازاد دەکەن. یاسا دەسەڵات دەدات بە دادوەر، پارێزەری بێبەرامبەر دیاریبکات بۆ نەداران. پارێزەرانی دیاریکراو لەلایەن دادگاوە زۆرجار سکاڵا دەکەن لە دەستنەگەیشتنی گونجاو بە بەندکراوان کە دەبێتە ڕێگر لە ڕاوێژکاریی نێوان پارێزەران و دەستگیرکراوان. لە زۆر کەیسدا، دەستگیرکراوان نەیانتوانیوە پارێزەرەکانیان ببینن تا رۆژی دیاریکراوی دادگاییکردن.

دەستگیرکردنی نایاسایی: چەندین راپۆرت هەبوون لەسەر دەستگیرکردن و ڕاگرتنی نایاسایی لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە، لەوانە هێزەکانی ئاسایشی عێراق، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، هێزەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان. ئامارێکی دروست بەردەست نەبوو لەسەر ژمارەی کرداری لەم جۆرە یان ماوەی دەستبەرسەرکردنەکان. دەسەڵاتداران زۆرجار خێزانی دەستگیرکراوانیان لە گرتن و شوێنی دەستبەرسەرکردن ئاگادارنەکردۆتەوە، ئەمەش بۆتە هۆی دەستبەسەرکردن بەبێ پەیوەندی، ئەگەر نەڵێین بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ. هاوکات ڕێکخراوە مرۆییەکان راپۆرتیانداوە کە لە زۆر دۆخدا، دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵ، بەندکراوانیان لە هۆکاری دەستگیرکردن یان تۆمەتی ئاڕاستەکراو ئاگادارنەکردۆتەوە. زۆربەی راپۆرتەکان لەسەر دەستگیرکردن و ڕاگرتنی نایاسایی، پەیوەستن بە کەیسی گومانلێکراوان یان هەوادارانی داعش و وابەستەکانیان و ئەندامانی خێزانەکانیان.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، چالاکوانان و رۆژنامەوانان، ڕاپۆرتی چەندبارەیان داوە کە دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نایاسایی ڕۆژنامەنووس، چالاکوان و خۆپیشاندەرانیان دەستگیرکردوە. ئەوانەی دەستگیرکراون بانگەشەی ئەوە دەکەن زانیاریان پێنەدراوە لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان کراوە و دواجار بەبێ بردنە پێش دادوەر ئازادکراون، هەروەها هەندێکیان ڕاپۆرتیانداوە کە مامەڵەی خراپیان لەگەڵ کراوە. لە مانگی ئاب، کارمەندانی هەواڵگریی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە زاخۆ رۆژنامەنووس (ئیسماعیل کاشانی)یان دەستگیرکرد، پاش ئەوەی کاشانی رەخنەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرت لەسەر ئەگەری گەندەڵیی و خراپ بەڕێوەبردنی موچەی فەرمانبەرانی گشتی. دوو رۆژ دواتر ئازادکرا، بەڵام بەپێی راپۆرتەکانی راگەیاندنە ناوخۆییەکان، دەسەڵاتداران فەرمانی دەستگیرکردنی کاشانیان نیشان نەداوە، ئەگەرچی پاش دەستگیرکردنی ماڵەکەیان پشکنیوە.

ڕاگرتنی پێش دادگاییکردن: وەزارەتەکانی داد، بەرگری، ناوخۆ و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەسەڵاتی یاساییان پێدراوە بۆ هێشتنەوەی ڕاگیراوان پێش دادگاییکردن. هەروەها خزمەتگوزارییەکانی ئاسایش، کە راستەخۆ بەرپرسیارن بەرامبەر ئۆفیسی سەرۆک وەزیران، لە هەندێک دۆخی سنووردار و بۆ ماوەی کورت دەتوانن ڕاگیراوان پێش دادگاییکردن ڕابگرن. ڕاگرتنی پێش دادگاییکردن بۆ ماوەی درێژ، کێشەیەکی سیستماتیکی بوو و زۆرجار ماوەکە یەکسان یان زیاتر بووە لە زۆرترین ماوەی سزای دیاریکراو بۆ ئەو تۆمەتانە، بەبێ پەیڕەوکردنی ڕێکاری دادوەریی یان پێداچوونەوەی دادوەریی، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی کە تۆمەتبار بوون بە پەیوەندی لەگەڵ داعش. لە مانگی ئەیلول کۆڕبەندی نێودەوڵەتی کەنداو (Gulf International Forum) ڕایگەیاند هەندێک ڕاگیراو بە دەستبەسەرکراوی هێڵراونەتەوە بۆ ماوەی چەندین مانگ یان ساڵ پێش حوکمدانیان، لەکاتێکدا کەسانی تر لە بەندیخانە ڕاگیراون بەبێ ئەوەی بەفەرمی تۆمەتیان ئاراستە بکرێت.

بەپێی چاودێران، دەوڵەت و تاکەکەسەکان تۆمەتی فەرمییان ئاراستەی 28،000 ڕاگیراو کردووە، لەکاتێکدا 29،000 ڕاگیراوی تر هێشتا چاوەڕوانی تۆمەتەکانیانن.

بەپێی ڕێکخراوە ناحکومییەکان، زۆری ژمارەی ڕاگیراوانی پێش دادگاییکردن دەرئەنجامی کەڵەکەبوونی دادبینی کەیسەکانە لە دادگاکان، سەرەڕای چەند هۆکارێکی تری وەک زۆری ژمارەی بەندکراوان، ڕاگرتنی تۆمارنەکراو، هێواشیی پرۆسەی لێکۆڵینەوەی تاوان، کەمیی ژمارەی دادوەران و کارمەندی دادوەریی ڕاهێنراو، ناکارایی یان خەمساری دەسەڵاتداران بۆ بەکارهێنانی کەفالەت یان مەرجەکانی تری ئازادکردن، نەبوونی ئاڵوگۆڕی زانیاری، بەرتیل و گەندەڵیی.

ڕاگرتنی پێش دادگاییکردن بۆ ماوەی درێژ، بەتایبەتی بەربڵاوبوو لەو ناوچانەی کە لە داعش ئازادکراون، کە ژمارەیەکی زۆر دەستبەسەرکراوی پەیوەست بە داعش و بەکارهێنانی شوێنی هەموارکراو، بۆتە هۆی قەرەباڵغی زۆر و نەگونجاوی خزمەتگوزارییەکان. ڕاپۆرت هەبوو لەسەر هێشتنەوەی بەندکراوان پاش بڕیاری دادوەریی بۆ ئازادکردنیان، هەروەها ئازادکردنی نایاسایی. ڕاپۆرت هەبوو کە دەسەڵاتداران هەندێک کەسیان بەبێ دادگایکردن بۆ ماوەی چەندین مانگ یان ساڵ پاش گرتنیان هێشتا بە دەستبەرسەری هێشتۆتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی بەپێی یاسای دژەتیرۆر دەستگیرکراون. هەندێک کات دەسەڵاتداران چەندین دەستگیرکراویان بەدابڕاوی و بێ پەیوەندیی دەستبەسەردەکەن، بەبێ دەستگەیشتن بە پارێزەر یان بەبێ بردنە بەردەمی دادوەر لە ماوەی ڕێگەپێدراوی یاساییدا. دەسەڵاتەکانی بەندیخانە و بنکەکانی ڕاگرتن، هەندێک کات ئازادکردنی ڕاگیراو یان بەندکراویان دواخستوە کە بێتاوانیان سەلمێنراوە، بەهۆی نەبوونی تۆماری بەندکراو یان گرفتی تری ڕۆتین، یان بەرتیلیان سەندوە لە بەندکراوان پێش ئازادکردنیان پاش تەواوکردنی ماوەی سزاکانیان.

لە مانگی ئەیلول، ڕاگەیاندنە ناوخۆییەکان راپۆرتیاندا لەسەر چیرۆکی شەش بەندکراوی ئازادکراو کە باسی مامەڵەی خراپ و ڕاگرتنی درێژخایەنی پێش دادگاییکردنیان کرد لەکاتی بەندکردنیان لە بەندیخانەکانی وەزارەتی داد، هەروەها ئاماژەیاندا بە هەندێک بەندکراو کە ناچاکراون بەرتیل بدەن بۆ دیاریکردنی رۆژی دادگاییکردنیان و خۆپاراستن لە ڕاگرتن بۆ سێ ساڵ پێش دادگاییکردن. ڕێکخراوە ناحکومییەکان راپۆرتیانداوە کە دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوانیان هێشتۆتەوە بۆ ماوەی درێژ لە قۆناغی پێش دادگاییکردن. دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێبینی ئەوەیان کردوە کە داواکارانی گشتی و پارێزەرانی بەرگری زۆرجار رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە لە ڕاپەڕاندنی کارەکانیان و دادگایکردنەکان بەشێوەی ناپێویست دوادەخرێن لەبەر هۆکاری کارگێڕیی. بەپێی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان، هەندێک بەندکراو لە بنکەکانی ئاسایشی ناوخۆیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی درێژکراوە ڕاگیراون، تەنانەت پاش دەرکردنی فەرمانەکانی دادگا بۆ ئازادکردنیان. پارێزەرانی دابینکراو لەلایەن ڕێکخراوێکی ناحکومیی نێودەوڵەتییەوە دەستگەیشتنی بەردەوامیان هەبووە و نوێنەرایەتی یاساییان پێشکەش کردوە بە تۆمەتبارانی نەوجەوانی پەیوەست بە داعش کە دادگا پارێزەری بۆ دیاری نەکردون، هەروەها بۆ هەموو نەوجەوانانی نوێنەرایەتی نەکراو لە هەرێمی کوردستان.

 

بێبەشکردن لە دادگاییکردنی دادپەروەر و کراوە : دەستوری عێراق دامەزرێنەری دادوەرییەکی سەربەخۆیە، بەڵام هەندێک ماددەی یاسایی سەربەخۆیی و بێلایەنی دەسەڵاتی دادوەرییان سنووردار کردووە. دادگای باڵای فیدراڵی بڕیار دەدات لەو پرسانەدا کە پەیوەستن بە فیدراڵیزم و دەستورەوە، هەروەها ئەنجومەنێکی باڵای دادوەریی جیاواز بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیاری سیستمی دادگایە، لەناویاندا بابەتەکانی تەمبێکردن (ڕێککاریی).

بەپێی ڕاپۆرتەکان، گەندەڵیی و تەنگپێهەڵچنین کاریگەرییان هەیە لەسەر هەندێک دادوەر لە کەیسەکانی تاوان لە ئاستی دادگاییکردن و لە ئاستی تێهەڵچوونەوە لە دادگای تێهەڵچوونەوە. چەندین هەڕەشە و کوشتن لەلایەن پێکهاتەی مەزهەبیی، خێڵەکیی، توندڕەوی تووندوتیژ و تاوانکار، بوونەتە هۆی زیانگەیاندن بە سەربەخۆیی دادوەریی و زۆرجار دادوەران، پارێزەران و ئەندامانی خێزانەکانیان رووبەڕووی هەڕەشەی کوشتن و پەلامار دەبنەوە. بۆ نموونە لە مانگی نیسان، سەندیکای پارێزەران راپۆرتیدا کە پارێزەرێک هەڕەشەی لێکراوە و پەلاماردراوە لەلایەن داواکارانەوە لە دۆسییەکی دادگادا کە پارێزەرەکە پێشکەشی کردبوو. سەندیکا ڕایگەیاند کە پەلامارەکە بەشێکە لە دیاردەی زیادبوونی پەلامارەکان لەدژی پارێزەران، کە ژمارەکە لەنێوان پێنج تا دە پەلامارە لە مانگێکدا لە سەرانسەری وڵات.

ئەنجومەنی دادوەریی کوردستان لەڕووی یاسایی، دارایی و کارگێڕییەوە سەربەخۆیە لە وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەپێی راپۆرتەکان، سەرکردە باڵاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاریگەرییان هەبووە لەسەر کەیسە هەستیارەکان لەڕووی سیاسییەوە. هەروەها راپۆرت هەبوو کە بەهێزترین حیزبەکانی هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کاریگەرییان هەیە لەسەر دامەزراندنی دادوەران و بڕیارەکانی دەسەڵاتی دادوەریی.

ڕێکخراوە نێودەوڵەتیی و ناوخۆییەکانی مافی مرۆڤ دووپاتیان کردەوە کە زۆرجار دادوەران لێکۆڵینەوەیان نەکردووە لە بانگەشەی متمانەپێکراو کە هێزەکانی ئاسایش ئەشکەنجەیان بەکارهێناوە لەدژی گۆمانلێکراوانی تیرۆریزم و زۆرجار تۆمەتبارانیان حوکمداوە تەنها لەسەر بنەمای دانپیانانی زۆرەملێ.

 

ڕێکارەکانی دادگاییکردن : دەستور و یاسا مافی دادگاییکردنی ڕەوا و کراوەی داوە بە هەموو هاووڵاتیان، بەڵام دەسەڵاتی دادوەریی ئەم مافەی بۆ هەموو تۆمەتباران جێبەجێ نەکردووە. هەندێک بەرپرسی حکومەت و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەوانە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (UNAMI) راپۆرتیانداوە کە ڕێکارەکانی دادگاییکردن لە ئاستی ستانداردە نێودەوڵەتییەکاندا نەبوون.

بەپێی یاسا کەسی تۆمەتبار مافی هەیە وەک بێتاوان مەزەندە بکرێت تا تاوانەکەی دەسەلمێنرێت. ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەیانداوە بەوەی دادوەران لە کەیسەکانی پەیوەست بە داعش، هەندێک جار تاوانباریی تۆمەتبارییان سەلماندوە تەنها لەڕێگەی ئامادەبوونی کەسەکە لە شوێنێکی جوگرافیی نزیک لە چالاکییەکانی گروپە تیرۆریستیەکە، یان بەهۆی پەیوەندیی هاوسەریی یان خزمایەتیی لەگەڵ تۆمەتبارێکی تر. بەپێی یاسا، پێویستە ڕاگیراوان بەخێرایی ئاگاداربکرێنەوە لە وردەکارییەکانی تۆمەتی ئاراستەکراو و مافیان بۆ دادگایکردنێکی ڕەوا و کراوە و خێرا. بەڵام، بەشێوەیەکی ڕۆتینیی بەرپرسان سەرکەوتوو نەبوون لە ئاگەدارکردنەوەی خێرای ڕاگیراوان یان لە پێشکەشکردنی وردەکاری تۆمەتەکانیان کە ئاڕاستەیان کراوە. دادگاییکردنەکان کراوە بوون، تەنها لە هەندێک کەیسی ئاسایشی نیشتیمانیی نەبێت. چەندین تۆمەتبار ڕووبەڕووی دواکەوتنی ناپێویستی دادگاییکردن بوونەتەوە.

مافەکانی تۆمەتبار بەپێی یاسا بریتین لە مافی ئامادەبوون لەکاتی دادگاییکردن و مافی دیاریکردنی پارێزەری تایبەت یان دیاریکراو لەلایەن دادگاوە لەسەر تێچووی گشتی ئەگەر پێویستی کرد. تۆمەتباران زۆرجار کات و ڕێوشوینی گونجاویان نەبووە بۆ ئامادەکردنی پەراوی بەرگریی. دەستنەگەیشتنی گونجاوی تۆمەتباران بە پارێزەری بەرگری کەموکوڕییەکی بەرچاو بووە لە ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە، دادگاییکردن و تێهەڵچوونەوە. ئەمە بەتایبەتی باو بووە لە دادگاکانی دژەتیرۆر، کە کارمەندانی دادوەریی هەوڵیانداوە بەخێرایی حوکم و سزای هەزاران گومانلێکراوی داعش بدەن، هەندێک جار لەڕێگەی دادگاییکردنی بەکۆمەڵ.

هاوکات بەپێی یاسا تۆمەتباران مافیان هەیە وەرگێڕی بێبەرامبەر بەکاربهێنن، ئەگەر پێویستی کرد. تواناکانی وەرگێڕەکان جیاوازی زۆری هەبووە. هەندێک کات شاندە دیپلۆماسیە بیانییەکان خۆیان وەرگێڕیان دابین کردوە، کاتێک هاووڵاتی خۆیان دادگاییکراون. کاتێک وەرگێڕ بەردەست نەبووە، دادوەرەکان دانیشتنی دادگایان دواخستوە و تۆمەتبارانی بیانییان گەڕاندۆتەوە بۆ زیندان.

دادوەرانی لێکۆڵینەوە بەڵگەکان کۆدەکەنەوە و بڕیاردەدەن پرسەکە ڕەوانەی دەستەی دادگا بکرێت. دەستەی دادگا لە دۆسیەی لێکۆڵینەوە دەڕوانێت، دانیشتنی دادگا ئەنجام دەدات و دادبینیی دەکات لەسەر تاوانباری یان بێتاوانیی.

تۆمەتباران، بەپێی یاسا، نابێت ناچاربکرێن وتە یان دانپیانان پێشکەش بکەن. بەڵام هەمیشە تۆمەتباران و پارێزەرەکانیان مافی دەستگەیشتنیان پێنەدراوە بە بەڵگەکان، یان بەرپرسانی حکومەت داوای بەرتیلیان کردوە بەرامبەر دەستگەیشتن بە پەراوەکانی کەیسەکە. لە چەندین کەیسدا، دادوەران پشتیان بەستوە بە دانپیانانی زۆرەملێ یان ناچارەکیی، وەک بەڵگەی سەرەکیی یان تاکە بەڵگە بۆ سزادان، بەبێ پشتڕاستکردنەوە بە بەڵگەی پزیشکی دادوەریی یان وتەی شاهیدی سەربەخۆ. یاسا حوکمی داناوە بۆ دووبارە دادگاییکردنەوەی ئەو بەندکراوانەی حوکمدراون لە ئەنجامی دانپیانانی زۆرەملێ یان ناچارەکیی یان بەڵگەی دابینکراو لەلایەن هەواڵدەری نهێنییەوە، بەڵام رێکخراوە ناوخۆییەکان راپۆرتیانداوە کە ئەم یاسایە بەشێوەیەکی هەڵبژێردراو جێبەجێ دەکرێت.  

تا مانگی ئادار، شێروان شێروانی و گوهدار زێباری هێشتا لە زیندان بوون، دوو لە بەندکراوانی “بادینان”، کە ئاماژەیە بۆ ئەو ناوچەیەی پارێزگای دهۆک کە ئەفسەرانی هێزەکانی ئاسایش و هەواڵگری پارتی دیموکراتی کوردستان (پاراستن) دەیان چالاکوان، ڕۆژنامەوان و خۆپیشاندەریان لە ساڵی 2020 دەستگیرکرد. بڕیاربوو شێروانی و زێباری لەماوەی ساڵەکەدا ئازادبکرێن، بەڵام سزاکەیان درێژکرایەوە پاش ئاراستەکردنی تۆمەتی نوێ، ڕاستەوخۆ پێش ڕێکەوتی دیاریکراو بۆ ئازادکردنیان.  لە مانگی تەموز، هێزەکانی ئاسایشی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دهۆک رۆژنامەنووس (ئومێد بەڕۆشک)یان دەستگیرکرد، پاش ئەوەی بەڕۆشکی لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا رەخنەی گرت لە درێژکردنەوەی ماوەی سزای شێروانی و داوایکرد لەدژی بڕیارەکە خۆپیشاندان بکرێت.

 

زیندانیی و ڕاگیراوی سیاسی : ڕاپۆرت هەبوو لەسەر هەبوونی زیندانیی و ڕاگیراوی سیاسیی. بەڵام سەخت بوو هەڵسەنگاندن بکرێت بۆ ئەم بانگەشانە، بەهۆی نەبوونی شەفافیەتی حکومەت، بەربڵاوی گەندەڵی لە رێکارەکانی دەستگیرکردن، هێواشی بەڕێکردنی کەیس و دەستگەیشتنی زۆر سنووردار بە بەندکراوان، بەتایبەتی ئەوانەی لە زیندانەکانی دژەتیرۆر، هەواڵگری و شوێنە سەربازییەکاندا دەستبەسەرن. حکومەت هیچ بەندکراوێک وەک زیندانیی یان ڕاگیراوی سیاسیی نابینێت و بانگەشە دەکات کە هەموو دەستبەسەرکراوان یاساکانی تاوانیان پێشێلکردوە. بەڵام نەیارانی سیاسیی حکومەت بانگەشە دەکەن حکومەت خەڵکی زیندانیی کردوە، بەهۆی چالاکیی یان بڕوای سیاسیی، لەژێر پەردەی تۆمەتی تاوانەکانی وەک گەندەڵیی تا تیرۆریزم و کوشتن. ڕێکخراوە ناحکومییە ناوخۆییەکان ڕاپۆرتیانداوە کە رۆژنامەوانان و چالاکوانانی سیاسیی ڕووبەڕووی دەستگیرکردن و گێچەڵ بوونەتەوە بەدرێژایی ساڵ بەهۆی وتەی ڕەخنەیی لەدژی حکومەت، ئێران و میلیشیاکان.

 

ساڕێژکردنەوە (قەرەبووکردنەوە)ی قۆناغی ڕاگوزەر: چەند چالاکوانێکی بزووتنەوەی تشرینی 2019 کە لە تاراوگە لە وڵاتانی بیانیی دەژین، ڕاپۆرتیانداوە کە هەڕەشەی چەندبارە لە سەلامەتی خۆیان و خێزانەکانیان کراوە، لەوانە هۆشداری لەوەی ئازاریان پێدەگات ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ عێراق. هەندێک لە چالاکوانەکان چوونە دەرەوەی وڵات بەهۆی کردنەوەی دۆسیەی تاوان لەدژیان، کە لەو بڕوایەدان بە ئامانجی رێگرتنە لە پیادەکردنی مافی ئازادیی رادەبڕین و تۆڵەسەندنەوەیە بەرامبەر سەرکردایەتیکردنی خۆپیشاندانەکان لەدژی حکومەت.

 

دەستبەسەراگرتن و گەڕاندنەوەی موڵک : دەستوری فیدراڵ و یاسا دەستبەسەرداگرتنی موڵک قەدەغە دەکەن، تەنها بۆ سوودی گشتی نەبێت، ئەویش بەرامبەر قەرەبووی دادوەرانە. دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵک لە ساڵی ڕابوردودا بەردەوام بوو لە کەمبوونەوە، بەتایبەتی موڵکی  دەستبەسەراگیراوی پێکهاتە ئاینیی و ئیتنیکییەکان یان گومانلێکراوان بە ئەندامێتی داعش.

لە مانگی مایس، دەزگا هەواڵییە هەرێمایەتییەکان ڕاپۆرتیاندا لەسەر دەستبەسەراگرتنی بەربڵاوی موڵک لە ناوەڕاستی بەغداد لەلایەن میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێران عەسائیبی ئەهلی حەق، کەتائیبی حیزبوڵا و ڕێکخراوی بەدر، بە هەڕەشە و تەنگپێهەڵچنین لەدژی خاوەن موڵکەکان و لەڕێگەی یەکەکانی حەشدی شەعبی پەیوەست بە خۆیان. لە مانگی ئاب، سەرۆک وەزیران، وەزیری ناوخۆی ڕاسپارد لێکۆڵینەوەیەک بکاتەوە لەم ڕاپۆرتانەی دەستبەسەراگرتنی نایاسایی موڵک.

 

دەستوەردانی هەڕەمەکیی یان نایاسایی لە تایبەتمەندیی، خێزان، ماڵ یان پەیوەندییەکان : دەستوری فیدراڵ و یاسا، کرداری لەم جۆرە قەدەغە دەکات، بەڵام چەندین ڕاپۆرت هەبوون کە حکومەت رێزی لەم قەدەغەکردنانە نەگرتووە. هێزە حکومییەکان زۆرجار چوونەتە ماڵان، بەبێ مۆڵەتی دادوەری یان ڕێگەپێدانی گونجاو.

راپۆرت هەبوو کە دەسەڵاتداران هاوسەر یان ئەندامانی تری خێزانی کەسانی هەڵهاتویان دەستگیر کردوە – بەتایبەتی عەرەبی سوننە کە داواکراون بە تۆمەتی تیرۆریزم – ئەمەش بۆ ناچارکردنی هەڵهاتوان بۆ خۆبەدەستەوەدان.

 

پێشێلکارییە پەیوەستەکان بە ناکۆکیی: پێشێلکارییە پەیوەستەکان بە ناکۆکیی سەرچاوەیان گرتووە لە پەلامارە پچڕپچڕەکانی داعش و شانە پەیوەستەکانی؛ پێکدادانی لێرەولەوێ لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی عێراق و داعش لە ناوچە دوورەدەستەکان؛ هەبوونی میلیشیاکان کە بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتدا نین، لەوانە یەکەکانی حەشدی شەعبی کە پەیوەستن بە ئێران؛ ناکۆکیی چەکداریی بەردەوامی نێوان تورکیا و پەکەکە؛ هەروەها تووندوتیژی بە پاڵنەری مەزهەبیی، ئیتنیکیی و دارایی. داعش پەلاماری هەڕەمەکیی ئەنجامداوە لەدژی خەڵکی مەدەنیی، زۆرجار لەناو کۆمەڵگە شیعییەکان. حکومەت چەند سکاڵایەکی فەرمیی دەرکردوە سەبارەت بە پەلامارەکانی تورکیا لەناو خاکی سەروەری عێراق.

کوشتن: ڕێکخراوی ناحکومیی سەربەخۆ (ژماردنی تەرم لە عێراق – Iraq Body Count) کوژرانی خەڵکی مەدەنی لە وڵات تۆماردەکات، راپۆرتیداوە کە تا مانگی ئاب 398 کەسی مەدەنی بەهۆی پێکدادانی ناوخۆیی کوژراون.

راپۆرت هەبوو لەسەر کوژرانی مەدەنیی بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی سوپای تورکیا لە باکوری وڵات. لە مانگی نیسان، ڕاگەیاندنەکان ڕاپۆرتیاندا کە دوو کەسی مەدەنیی کورد لە دهۆک کوژراون لە ئەنجامی پەلاماری ئاسمانی تورکیا. لە مانگی ئاب، ڕاگەیاندنەکان ڕاپۆرتیاندا کە یەک کەسی مەدەنیی کوژراوە و یەک کەسی تر بریندار بووە لە ئەنجامی پەلاماری درۆن لە دهۆک، هەروەها چوار کەسی مەدەنیی کوژراون و یەکێکی تر بریندار بووە لە ئەنجامی پەلاماری ئاسمانی تورکیا لە سلێمانی. لە مانگی ئەیلول، ڕاگەیاندنەکان ڕاپۆرتیاندا کە هێزەکانی ئاسایش کوژرانی کەسێک و برینداربوونی کەسێکی تریان پشتڕاست کردۆتەوە لە ئەنجامی پەلاماری درۆنی تورکیا لەدژی ئامانجێک کە بانگەشە دەکرێت پەکەکە بێت لە ناحیەی سەنگەسەر لە پارێزگای سلێمانی.

سەرەڕای شکستی مەیدانیی، داعش هێشتا ئەنجامدەرێکی سەرەکیی پێشێلکاریی و تاوان بوو. پاشماوەی چەکدارانی داعش، بەشێوەی شانەی نوستوو و تیمی پەلاماردەر هەستاون بە پەلاماری نیشانشکێن، بۆسە، ڕفاندن و کوشتن لەدژی هێزەکانی ئاسایش و سەرکردە جڤاکییەکان. ئەم پێشێلکارییانە بەتایبەتی بەدیدەکران لە پارێزگاکانی ئەنبار، دیالە و کەرکوک. لە 26 ئادار، داعش بەرپرسیارێتی ڕاگەیاند لە کوشتنی سەربازێک و بریندارکردنی یەکێکی تر لەمیانەی پەلامارێک لە ئەنبار لە رۆژئاوای وڵات. لە 11 حوزەیران، وەزارەتی بەرگری ڕایگەیاند لە ئەنجامی پەلامارێکی داعش لە کەرکوک دوو ئەفسەر کوژراون و سێ سەرباز برینداربوون. رۆژی 8 ئەیلول، داعش پەلاماری خاڵێکی پشکنینی سوپایدا لە باکوری رۆژهەڵاتی وڵات و سەربازێک برینداربوو. رۆژی 30 تشرینی دووەم، داعش بۆمبێکی چێنراوی تەقاندەوە هاوکات لەگەڵ پەلامارێکی چەکداریی کە بووە هۆی کوژرانی 11 کەسی مەدەنیی و برینداربوونی فریاگوزاران و کەسانی ئاسایی لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دیالە.

ڕفاندن: راپۆرتی بەردەوام هەبوون لەسەر بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لەلایەن یان بەناوی هێزە حکومییەکان، لەوانە هێزەکانی ئاسایشی عێراق، هێزەکانی حەشدی شەعبی، هەروەها لەلایەن میلیشیاکانی دەرەوەی حەشدی شەعبی و باندە تاوانکارییەکان. ڕۆژی 3 ئاب، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند 2.644 (1.244 ئافرەت و 1.402 پیاو) لە کۆی 6.417 ئێزیدی رفێنراو لەلایەن داعش لە ساڵی 2014 هێشتا بێسەروشوێنن. ئەندامانی پێکهاتەکانی تر قوربانیی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ بوون کە هێزەکانی داعش ئەنجامیاندان.

ڕۆژی 21 ئادار، رۆژنامەنووس، توێژەر و چالاکوانی مافی مرۆڤ ئیلیزابێس تسێرکۆڤ (Elizabeth Tsurkov)، هەڵگری جووت رەگەزنامەی رووسیی-ئیسرائیلی، دیارنەما پاش دەرچوون لە شوقەکەی بە مەبەستی ئەنجامدانی توێژینەوە بۆ تێزەکەی. لە کۆتایی ساڵدا، هیچ کەس هەواڵی نازانێت لە پاش بێسەروشوێن بوونییەوە، بەڵام ڤیدیۆیەک لە وەتسئاپ بڵاوکرایەوە کە تسێرکۆڤ “داندەنێت” بە هاندانی ناکۆکیی شیعە-شیعە و بزووتنەوەی تشرین بە هەماهەنگی لەگەڵ “مۆساد و سی ئای ئەی”. چەند سەرچاوەیەکی جیاواز، لەوانە ڕاگەیاندنێکی رۆژنامەوانیی ئۆفیسی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کەتائیبی حیزبوڵایان تۆمەتبارکرد بە ڕفاندنەکە.

پێشێلکاریی تری پەیوەست بە ناکۆکیی: لەمیانەی ساڵەکەدا، ناکۆکیی بۆتە هۆی پچڕانی ژیانی سەدان هەزار کەس لە سەرانسەری ووڵات، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی بەغداد، ئەنبار، دیالە، سەلاحەدین و نەینەوا.

هێزە حکومییەکان، لەناویاندا هێزەکانی ئاسایشی عێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبی، خاڵی پشکنینیان لەسەر رێگەکان دانابوو کە بوونە هۆی ئاستەنگکردنی هاتوچۆی هاوکاریی مرۆیی بۆ ئەو کۆمەڵگەیانەی کە پێویستیان بوو، بەتایبەتی لە ناوچەکانی وەک دەشتی نەینەوا و شەنگال لە پارێزگای نەینەوا، کە ناکۆکیی هەیە لەنێوان حکومەتی ناوەندیی و حکومەتی هەرێم لەسەر سنوورە کارگێڕییەکان. لە مانگی ئەیلول، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەک ساڵ درێژکردنەوەی پەسەندکرد بۆ تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاندانی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش (UNITAD)، کە سەرەتا لە ساڵی 2017 پێکهێنرا بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵە ناوخۆییەکانی لێپرسینەوە لە داعش لەسەر ئەو کردارانەی لەوانەیە بچنە چوارچێوەی تاوانی جەنگ،. تاوان دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید، لەڕێگەی کۆکردنەوە، هەڵگرتن و پاراستنی بەڵگەکان.

ناکۆکییە خێڵەکییەکان بەردەوامبوون و چەکی بێ مۆڵەتیان تێدا بەکارهاتووە، ئەگەرچی دەسەڵاتەکانی ئاسایش دەستیانگرتوە بەسەر ئەم جۆرە چەکانەدا. وەزارەتی ناوخۆ، لەڕێگەی فەرمانگەی کاروباری هۆزەکان، زیاتر لە 2.400 ناکۆکیی خێڵەکیی چارەسەرکردوە و دەستیگرتووە بەسەر زیاتر لە 45.000 پارچە چەکی بێ مۆڵەت، پاش زیادکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی پەرەسەندوو. ڕاپۆرتی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی منداڵان و ناکۆکیی چەکداریی، کە رۆژی 5 تەموز بڵاوکرایەوە، پشتڕاستی کردۆتەوە لە ساڵی 2022 نزیکەی 202 پێشێلکاریی گەورە ئەنجامدراون لەدژی 173 منداڵ (125 کوڕ، 48 کچ)، لەناویاندا هەشت منداڵ کە قوربانیی چەند پێشێلکارییەک بوون. لە کۆتایی کانونی یەکەم 2022، “936 منداڵ (927 کوڕ و  9 کچ) هێشتا ڕاگیراون بە تۆمەتی پەیوەست بە ئاسایشی نیشتیمانیی، لەوانە لەسەر بانگەشەی وابەستەبوون یان وابەستەبوونی ڕاستەقینەیان بە گروپە چەکدارەکان، بەتایبەتی داعش.”

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...