پەرلەمانی کوردستان هەشت جار تەمەنی خۆی درێژکردووەتەوە
"هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی دەوڵەمەندتری لە دواخستنی هەڵبژاردن هەیە تا بە ئەنجامدانی"
“ڕاپۆرتی چاودێریی و هەڵسەنگاندنی كارەكانی پەرلەمانی كوردستان”، نوێترین ڕاپۆرتی (دامەزراوەی پەی)ە، کە ساڵانێکە چاودێری کارەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکات و تا ئێستا چەندین ڕاپۆرتی چاودێری پێوەست بە کارەکانی پەرلەمان بڵاوکردوونەتەوە.
لە ڕاپۆرتە نوێیەکەیدا، دامەزراوەکە، بەوردی شیکردنەوەی بۆ حاڵەتەکانی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لەماوەی خولی یەکەمەوە بۆ ئێستا، چڕ کردووەتەوە و هاوکات هۆکارەکانی دواخستنی هەڵبژاردنەکانی لە هەرێمی کوردستان ڕوونکردوونەتەوە و هەر لەناونیشانی ڕاپۆرتەکەشیدا پێداگیری لەسەر ئەوە کردووە، کە هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی دەوڵەمەندتری لە دواخستنی هەڵبژاردن هەیە، تا بە ئەنجامدانی.
دامەزراوەی پەی ئاماژە بەوە دەکات، “هێزە سیاسییەكان بۆ دواخستنەكان هەمیشە پاساویان هێناوەتەوە، بەڵام پاساوەكان بنەمای لۆژیكیان نەبووە، چونكە هۆكاری سەرەكی ململانێ و دەستشكانەوەی نێوانیان و لەدەستدانی جەماوەریان بوو، هەربۆیەش بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات هانایان بۆ دواخستن بردووە”.
دامەزراوەی پەی دەڵێ: “سەركردایەتی سیاسیی كوردستان تا ئەمڕۆشی لەگەڵدابێت نامۆیە بە كەلتووری دیموكراسی و هەڵبژاردن و ڕادەستكردنی دەسەڵات. هەر بۆیە هیچ كام لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان لە وادەی خۆیاندا ئەنجامنەدراون و لایەنە سیاسییەكان پەیوەست نەبوونە بە یاساوە و ئامادەی طادەستكردنی دەسەڵات نەبوون و بەزەبری هێز و پارە و هاوكاریی دەوڵەتە دراوسێكان هەوڵی مانەوەیان لەدەسەڵات داوە”.
“هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی دەوڵەمەندتری لە دواخستنی هەڵبژاردن هەیە تا بە ئەنجامدانی”
هەر لە پێشەکی ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێ: “ناكرێ بانگەشەی دیموكراسیەت بكەین و هیچكام لە هەڵبژاردنەكانیش لە ساتی خۆیاندا ئەنجامنەدرێن و هەمیشە دوابخرێن، هەر جارەی بە بیانوو و هۆكارێك، هەرجارەی لایەنێك بۆ سەپاندنی مەرجەكانی خۆی، پەكی پڕۆسەكە بخات و هەرێم بخرێتە بۆشایی یاساییەوە”.
زیاتر دەڵێ: “ئەگەر ئەم ڕەوشەی دەگوزەرێت بەردەوامبێت، تەواوی پڕۆسەی سیاسی لە هەرێم و هاووڵاتییانی ڕووبەڕووی تەنگژەیەكی تر دەبنەوە، بەرەو تونێلێك دەبردرێن كە كۆتاییەكەی نەك هەر ڕوون نییە، بەڵكو مەترسیداریشە، دوور نییە هەرێمی كوردستان بكەوێتە قەیرانێكی ترەوە كە چارەسەركردنی ئەستەم بێت. لەبەر ئەوە چاكتر وایە هەوڵبدرێت دەرچەیەكی سیاسی و یاسایی بدۆزرێتەوە و هەرێم و خەڵكەكەی لەو تەنگژە پڕ مەترسییە دەرباز بكرێن، بەجۆرێك كەمترین زیانی لێ بكەوێتەوە”.
بەهۆی بایەخی پەرلەمان و ڕەهەندە جیاجیاکانی پێوەست بە هەڵبژاردن، زێدپرێس، وەک بەڵگەنامەیەکی گرنگ ڕاپۆرتەکەی دامەزراوەی پەی، بە چەند بەشێک بڵاو دەکاتەوە و لەخوارەوە، بەشی یەکەمی ڕاپۆرتەکە هاتووە؛
پەرلەمانی كوردستان
پاش شكستهێنانی گفتوگۆكانی نێوان بەرەی كوردستانی و ڕژێمی بەعس، لە 26/10/1991 حكوومەتی عێراق دەستی كرد بە كێشانەوەی دامودەزگا كارگێڕییەكانی لە ناوچەكانی كوردستان، ئەوەش بۆشاییەكی یاسایی و كارگێڕی دروست كرد، بەرەی كوردستانیش كە لەو كاتەدا لە حەوت حزب پێكهاتبوو، وەكوو دەسەڵاتی ناوچەكە لە ئاست ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەنگژە سیاسی و ئیداری و یاساییەدا و لەپێناو بەڕێوەبردنی هەرێم و دانانی دەسەڵاتی یاسا، بیری لە دامەزراندنی سیستمێكی پەرلەمانی كردەوە لەڕێی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی سەربەخۆی ئازاد و دیموكراتییەوە. بۆ ئەمەش سەركردایەتیی بەرەی كوردستانی لیژنەیەكی تایبەتی (15) كەسی لە دادوەر و پارێزەر و مافپەروەران و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكانی ناو بەرە پێكهێنا، ئەم لیژنەیە دوای چەند دانیشتنێك لە نێوان 23/12/1991 تاوەكوو 28/1/1992 پڕۆژە یاسایەكیان پێشكەش بە سەركردایەتیی سیاسی بەرەی كوردستانی كرد، لە ڕۆژی 28/4/1991 لەلایەن بەرەی كوردستانییەوە بڕیاری لەسەر درا و بەناوی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992 یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردستان ـ عێراق پەسەند كرا. ئەوە بوو یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 19/5/1992 ئەنجامدرا. كە تا ئێستا (1992-2024) پەرلەمانی كوردستان پێنج خولی هەڵبژاردنی بەخۆوە بینیوە.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی، پەرلەمانی كوردستان لە هەرێمدا، باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێریكردنە، مەرجەعی سیاسی و یاساییە.
هەر بەپێی بڕیاری ژمارە (1)ی ساڵی 2005 پەرلەمانی كوردستان، تاكە مەرجەعی سیاسی و دەستوورییە بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە چارەنووسسازەكانی گەلی كوردستانی عێراق و لە دیاریكردنی پەیوەندی دەستووری لەگەڵ دەسەڵاتەكانی كۆماری عێراقی فیدڕاڵدا و دەبێت نوێنەرانی گەلی كوردستان لە كۆمەڵەی نیشتمانی عێراقی دا، لەكاتی خستنەڕووی هەر حوكم و مادەیەك، كە پەیوەندی ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆی بە بەرژەوەندی گەلی كوردستانەوە هەبێت، لەكاتی داڕشتنی دەستووری هەمیشەیی عێراق دا، بگەڕێنەوە سەر پرس و ڕای پەرلەمانی كوردستان.
بەپێی پەیڕەو، پەرلەمانی كوردستان چەند ئەرك و دەسەڵاتێكی هەیە كە بریتین لە:
1-دەرچوواندنی یاسا
2-بڕیاردان لەسەر ڕێككەوتننامەكان و یەكلاكردنەوەی كێشەی چارەنووسیی گەلی كوردستان و دەستنیشانكردنی پەیوەندیی یاسایی لەگەڵ دەسەڵاتی فیدڕاڵ.
3-ناولێنانی سەرۆكی وەزیرانی هەرێم و متمانەدان بە ئەنجوومەنی وەزیران و كێشانەوەی متمانە لێیان.
4-پەسندكردنی بودجەی گشتیی و نەخشەكێشانی گەشەپێكردن و بڕیار لە سەردانیان.
5-چاودێریكردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردن.
خولەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان
خولی یەكەم
خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان لە (19/5/1992) هەڵبژاردنی بۆ كرا و لە (4/6/1992) یەكەم دانیشتنی خۆی ئەنجامدا، تا (4/6/2005) بەردەوام بوو، تەمەنی ئەم خولە (13 ساڵ) بوو، (4) جار تەمەنی خۆی درێژ كردووەتەوە و ماوەی (9 ساڵ) لە تەمەنی یاسایی خۆی لایداوە. لەم خولەدا هەریەك لە (جەوهەر نامیق، ڕۆژ نوری شاوەیس و كەمال فوئاد) سەرۆكایەتی پەرلەمانیان كردووە، لە درێژایی تەمەنیدا (169) پەرلەمانتار ئەندامێتیان كردووە، لەو ماوەیەدا (172) یاسا و (118) بڕیارە یاسای دەركردووە.
سروشتی ئەم خولە ئەوە بوو كە یەكەم خولی هەڵبژاردن بوو، سەركردایەتی كورد لە سەرەتادا ئەزموونی نەبوو، شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەكێتی هەبوو و دوو ئیدارەیی لێ كەوتەوە، دەستڕاكێشانی لەشكری بێگانە لەلایەن هێزە كوردییەكانەوە بووە مایەی ئەوەی لە 31/8/1996 سوپای عێراقی بچێتە ناو پەرلەمانەوە و گۆڕەپانی پەرلەمان وەك پاركی وەستانی تانك و زرێپۆشەكانی سوپای عێراق ببینرێت. دوای ڕێكکەوتنامەی واشنتنی نێوان پارتی و یەكێتی ئەم خولەی پەرلەمان قۆناغێكی ڕاگوزەر (خولی گواستنەوە)ی بەخۆوە بینی كە لە تشرینی یەكەمی 2002ەوە دەست پێدەكات تا (4/6/2005)، لەو ماوەیەدا بەپێی ڕێككەوتنەكەی نێوان پارتی و یەكێتی هەموو سێ مانگ جارێك (ڕۆژ نوری شاوەیس) لە پارتی دیموكراتی كوردستان و هەموو دوو مانگ جارێك (كەمال فوئاد) لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرۆكایەتی پەرلەمانیان دەكرد.
خولی دووەم
خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان لە (30/1/2005) هەڵبژاردنی بۆ كراو لە (4/6/2005) یەكەم دانیشتنی خۆی ئەنجامدا، تا (20/8/2009) بەردەوام بوو، تەمەنی ئەم خولە (4) ساڵ و (2) مانگ و (16) ڕۆژ بوو، (1) جار تەمەنی خۆی درێژ كردووەتەوە بۆ ماوەی (دوو مانگ و شانزە ڕۆژ) لە تەمەنی یاسایی خۆی لایداوە. لەم خولەدا (عەدنان موفتی) سەرۆكایەتی پەرلەمانی كردووە، لە درێژایی تەمەنیدا (114) پەرلەمانتار ئەندامێتیان كردووە، لەو ماوەیەدا (88) یاسا و (15) بڕیارە یاسای دەركردووە.
خولی دووەم لە ڕووی یاسادانانەوە بە چالاكترین خول دادەنرێت، هەر لەم خولەدا پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان ئامادە كرا، بەڵام بەهۆی ململانێی لایەنە سیاسییەكانەوە نەخرایە ڕاپرسییەوە.
سروشتی ئەم خولە ئەوە بوو كە هەرێمی كوردستان لە كەشێكی ئارامدا بوو، لەئەنجامی پڕۆسەی ئازادیدا ڕژێمی بەعس نەما بوو، لە هەڵبژاردنەكەدا سەرجەم لایەنە سیاسییەكان (جگە لە كۆمەڵی ئیسلامی و حزبی زەحمەتكێشان) بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنەكەیان كردبوو، ئەم خولە لە ڕووی یاسادانانەوە بە چالاكترین خول دادەنرێت، هەر لەم خولەدا پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان ئامادە كرا، بەڵام دواتر بەهۆی ململانێی لایەنە سیاسییەكانەوە نەخرایە ڕاپرسییەوە.
خولی سێیەم
خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان لە (25/7/2009) هەڵبژاردنی بۆ كرا و لە (20/8/2009) یەكەم دانیشتنی خۆی ئەنجامدا، تا (6/11/2013) بەردەوام بوو، تەمەنی ئەم خولە (4) ساڵ و (2) مانگ و (11) ڕۆژ بوو، دەبووایە یەكەم دانیشتنی خۆی لە (1/11/2013) ئەنجام بدات، بەڵام لەوادەی خۆی درەنگتر كۆبوویەوە و شەش ڕۆژ هەرێمی كوردستان لە بۆشایی یاساییدا بوو، (1) جار تەمەنی خۆی درێژكردووەتەوە بۆ ماوەی (دوو مانگ و یانزە ڕۆژ) لە تەمەنی یاسایی خۆی لایداوە. لەم خولەدا هەریەك لە (كەمال كەركووكی و ئەرسەلان بایز) سەرۆكایەتی پەرلەمانیان كردووە، لە درێژایی تەمەنیدا (124) پەرلەمانتار ئەندامێتیان كردووە، لەو ماوەیەدا (76) یاسا و (3) بڕیارە یاسای دەركردووە.
سروشتی ئەم خولە ئەوە بوو كە سەرەتاكانی ئۆپۆزسیۆنێك سەری هەڵدا، كە بریتی بوون لە (بزووتنەوەی گۆڕان 25 كورسی)، (یەكگرتووی ئیسلامی 6 كورسی) و (كۆمەڵی ئیسلامی 4 كورسی)، كە بەهەموویانەوە دەیكردە (35) كورسی ئۆپۆزسیۆن، هەر ئەمەش بوو كە خولی سێیەم جیابكاتەوە لە خولەكانی پێشووی كە گەرموگوڕییەكی زیاتری بە كاری پەرلەمانی بەخشی بوو.
خولی چوارەم
خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان لە (21/9/2013) هەڵبژاردنی بۆ كرا و لە (6/11/2013) یەكەم دانیشتنی خۆی ئەنجامدا، تا (6/11/2018) بەردەوام بوو، تەمەنی ئەم خولە (5) ساڵ و (5) ڕۆژ بوو، (1) جار تەمەنی خۆی درێژ كردووەتەوە بۆ ماوەی (یەك ساڵ و پێنج ڕۆژ) لە تەمەنی یاسایی خۆی لایداوە. لەم خولەدا (یوسف محەمەد سادق) سەرۆكی پەرلەمان بوو، بەڵام لە (12/10/2015) لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە ڕێگری لێكرا و ماوەی (دوو ساڵ) پەرلەمان داخرا، لە (15/9/2017) دووبارە پەرلەمان بەبێ (یوسف محەمەد)ی سەرۆكی پەرلەمان دەستی بەكارەكانی كردەوە، (جەعفەر ئیمنیكی) كە جێگری سەرۆكی پەرلەمان بوو سەرۆكایەتی پەرلەمانی دەكرد و (بێگەرد دڵشاد) وەك سكرتێری پەرلەمان. لە درێژایی تەمەنیدا (119) پەرلەمانتار ئەندامێتیان كردووە، لەو ماوەیەدا (31) یاسا و (8) بڕیارە یاسای دەركردووە.
لە خولی چوارەمدا گرفتی بەسەرچوونی ماوەی سەرۆکی هەرێم سەریهەڵدا و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ململانێ لە نێوان زۆرینەی هێزەکان لەلایەک و پارتی لەلایەکی دی دروست ببێت
سروشتی ئەم خولە ئەوە بوو كە سەرۆكایەتی لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە دەكرا و ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان بوو (یوسف محەمەد) گەنجێكی تازە بوو و جیاواز لە سەرۆكەكانی پێشووتر كە هەمیشە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی یا یەكێتی بوون، لەم خولەدا گرفتی بەسەرچوونی ماوەی یاسایی سەرۆكی هەرێم سەری هەڵدا، هەر ئەمەش بووە مایەی ئەوەی ململانێ لەنێوان زۆرینەی هێزە سیاسییەكانی ناو پەرلەمان لەلایەك و پارتی دیموكراتی كوردستان لەلایەكی ترەوە دروست ببێت، ئەنجامی ئەوەی لێكەوتەوە كە لە (12/10/2015) لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە ڕێگە لە (یوسف محەمەد) بگیرێت و لە بازگەی پردێ ڕێگەیان پێنەدا بچێتە پەرلەمان لە هەولێر، هەر ئەمەش وایكرد بۆ ماوەی دوو ساڵ پەرلەمان پەكی بخرێت و تا تەواوبوونی خولەكەش پەرلەمان بێ سەرۆك بمێنێتەوە.
سروشتێكی تری ئەوە بوو كە هەر لەماوەی ئەم خولەدا پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە (25/7/2017) ئەنجامدرا و دەرەنجامەكانی كاریگەریان لەسەر پڕۆسەی سیاسیی هەرێم و پەرلەمان هەبوو، ئەمە وایكرد سەرۆكی هەرێم (مەسعود بارزانی) دەستبەرداری پۆستەكەی بوو و لە (29/10/2017) دەستی لەكاركێشایەوە و دەسەڵاتەكانی بەیاسایەك بەسەر هەریەك لە سەرۆكایەتییەكانی (ئەنجوومەنی وەزیران، پەرلەمان و ئەنجوومەنی دادوەری)دا دابەشكرا.
خولی پێنجەم
خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە (30/9/2018) هەڵبژاردنی بۆ كرا و لە (6/11/2018) یەكەم دانیشتنی خۆی ئەنجامدا، دەبووایە تا (6/11/2022) بەردەوام بێت، بەڵام تەمەنی خۆی درێژكردەوە و دواتر لەلایەن دادگەی ئیتیحادییەوە درێژكردنەوەكەی بە نایاسایی دانرا و خولەكە پەكی كەوت. تەمەنی ئەم خولە (4) ساڵ و (6) مانگ و (13) طۆژ بوو، (1) جار تەمەنی خۆی درێژ كردووەتەوە بۆ ماوەی (یەك ساڵ و شەش مانگ)، لە تەمەنی یاسایی خۆی لایداوە. لەم خولەدا هەریەك لە (ڤالا فەرید و ڕێواز فایەق) سەرۆكایەتی پەرلەمانیان كردووە، لە درێژایی تەمەنیدا (123) پەرلەمانتار ئەندامێتیان كردووە، لەو ماوەیەدا (44) یاسا و (5) بڕیارە یاسای دەركردووە.
خولی پێنجەم نەک بە ئەرکەکانی خۆی هەڵنەستا، بەڵکو زۆرترین پێشێلکاریی یاساییان کرد و نەیانتوانی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن بکەن و لە بەرانبەردا بەبێ هیچ پاساوێکی لۆژیکی تەمەنی خۆیان درێژکردەوە
سروشتی ئەم خولە ئەوە بوو كە (جگە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ) هیچ ئۆپۆزسیۆنێكی تر لە پەرلەماندا نەبوو، جیا لە خولەكانی پێشوو كۆمسیۆنی هەرێم لە بری عێراق هەڵبژاردنەكەی ئەنجامدا بوو، بەڵام لە درێژەی تەمەنیدا نەك هەر بە ئەركەكانی خۆی هەڵنەستا، بەڵكو زۆرترین پێشێلكاری یاسایی ئەنجامدا، نەیتوانی یاسای هەڵبژاردن هەموار بكات، تۆمارێكی دەنگدەرانی پوخت دروست بكات، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كە چوار ساڵ بوو بەنایاسایی بەڕێوە دەچوو نەیتوانی كارای بكاتەوە، نەیانتوانی ئامادەكاری بكەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا، هەر بۆیەش بەبێ هیچ پاساوێكی لۆژیكی تەمەنی خۆیان درێژ كردەوە.
دواخستنەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان
هۆكاری جیاوازی تەمەنی خولەكانیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بەهۆی ململانێی نێوان پارتە سیاسییەكانەوە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا ئەنجامنەدراوە و هەمیشە خولەكانی پەرلەمان تەمەنی خۆیان درێژكردووەتەوە، هەر وەك لەو خشتەی خوارەوەدا دەردەكەوێت كە پەرلەمان لەماوەی تەمەنیدا (8) جار تەمەنی خۆی درێژكردووەتەوە، لە خولی یەكەمدا چوار جار و لە هەر چوار خولەكەی تریشدا هەریەكە و جارێك تەمەنی خۆیان درێژكردووەتەوە.
یەكەم دواخستن
لە ڕۆژی (25/7/1995) لە دانیشتنی نائاسایی خۆیدا لە گوندی (دارەبەن)ی هەولێر بەپێی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (1995) لە خولی یەكەمدا بە سەرۆكایەتی (جەوهەر نامیق) پەرلەمانی كوردستان هەڵبژاردنی دواخست و بە پاساوی شەڕی ناوخۆ بۆ ماوەی (یەك ساڵ) تەمەنی خۆی درێژكردەوە.
دووەم دواخستن
لە ڕۆژی (3/6/1996) لە دانیشتنی نائاسایی خۆیدا لە مەیدانی ئاژەڵان لە نێوان (شاوەیس و مەلائۆمەر) بەپێی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (1996) لە خولی یەكەمدا بە سەرۆكایەتی (جەوهەر نامیق) پەرلەمانی كوردستان هەڵبژاردنی دواخست و بە پاساوی شەڕی ناوخۆ بۆ ماوەی (سێ مانگ) تەمەنی خۆی درێژكردەوە.
سێیەم دواخستن
لە ڕۆژی (3/9/1996) بەپێی یاسای ژمارە (2)ی ساڵی (1996) لە دانیشتنی نائاسایی خۆیدا لە خولی یەكەمدا بە سەرۆكایەتی (جەوهەر نامیق) پەرلەمانی كوردستان هەڵبژاردنی دواخست و بە پاساوی شەڕی ناوخۆ (كە تەنیا پارتی و پێكهاتەكان و چەند ئەندامێكی كەمی یەكێتی لەپەرلەمان ئامادە بوون) بۆ ماوەی (دوو ساڵ) تەمەنی خۆی درێژكردەوە.
چوارەم دواخستن
لە ڕۆژی (14/4/1998) بەپێی یاسای ژمارە (2)ی ساڵی (1998) لە خولی یەكەمدا بە سەرۆكایەتی (جەوهەر نامیق) پەرلەمانی كوردستان هەڵبژاردنی دواخست و بە پاساوی شەڕی ناوخۆ بۆ ماوەیەكی نادیار (تا هەڵبژاردنی خولی تازەی پەرلەمان) تەمەنی خۆی درێژكردەوە.
پێنجەم دواخستن
لە ڕۆژی (13/5/2009) بەپێی بڕیاری ژمارە (6)ی ساڵی (2009) لە خولی دووەمدا بە سەرۆكایەتی (عەدنان موفتی) پەرلەمانی كوردستان هەڵبژاردنی دواخست و بە بیانووی هۆكاری تەكنیكی بۆ ماوەیەكی نادیار (تا هەڵبژاردنی خولی تازەی پەرلەمان) تەمەنی خۆی درێژكردەوە كە (4) ساڵ و (2) مانگ و (16) ڕۆژی خایاند.
شەشەم دواخستن
لە ڕۆژی (30/6/2013) بەپێی یاسای ژمارە (18)ی ساڵی (2013) لە خولی سێیەمدا بە سەرۆكایەتی (ئەرسەلان بایز) پەرلەمانی كوردستان هەڵبژاردنی دواخست و بە بیانووی هۆكاری تەكنیكی تا بۆشایی یاسایی دروست نەبێت بۆ ماوەی (دوو مانگ و یازدە ڕۆژ) تەمەنی خۆی درێژكردەوە.
حەوتەم دواخستن
لە ڕۆژی (24/10/2017) بەپێی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (2017) لە خولی چوارەمدا بە سەرۆكایەتی (جەعفەر ئیمنیكی) پەرلەمانی كوردستان هەڵبژاردنی دواخست بە بیانووی ناهەمواری ئەو ڕەوشە سیاسییەی لە هەرێمدا هاتبووە كایەوە لەئەنجامی پڕۆسەی ڕیفراندۆم و نەبوونی تۆمارێكی دەنگدەرانی پێویست، بۆ ماوەی (یەك ساڵ و پێنج ڕۆژ) تەمەنی خۆی درێژكردەوە.
هەشتەم دواخستن
ڕۆژی (24/2/2022) سەرۆكی هەرێم لە مەرسوومێكدا ڕۆژی (1/10/2022)ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان. بەڵام لە ڕۆژی (9/10/2022) بەپێی یاسای ژمارە (12)ی ساڵی (2022) لە خولی پێنجەمدا بە سەرۆكایەتی (ڕێواز فایەق) پەرلەمانی كوردستان هەڵبژاردنی دواخست و بە بیانووی ڕێگریكردن لە دروستبوونی بۆشایی یاسایی، گەرەنتیكردنی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەكان، تەواوكردنی ڕێكسازییە یاسایی و كارگێڕی و هونەرییەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، دەستەبەركردنی تۆماری بایۆمەتری پاك و بێگەرد و ڕەخساندنی ژینگەیەكی سیاسی لەبار بۆ هێنانەدی یەكڕیزی و كۆدەنگی نیشتمانی، بۆ ماوەی (یەك ساڵ و چوار مانگ) تەمەنی خۆی درێژكردەوە.
نۆیەم دواخستن
ڕۆژی (26/3/2023) سەرۆكی هەرێم لە مەرسوومێكی تردا ڕۆژی (18/11/2023)ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، بەڵام بەهۆی بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی كە لە 30/5/2023 دەرچوو و درێژكردنەوەی پەرلەمانی كوردستانی بە نادەستوری دانا و هەموو ئەو كارانەش كە پەرلەمان لەدوای وادەی درێژكردنەوەیدا كردبوونی پووچەڵی كردنەوە، بەمەش كۆمسیۆنی هەرێم كە لە (22/3/2023) كارا كرابوویەوە بە پووچەڵ دانرا، بەمەش ئەم وادەیەش هەڵبژاردن نەكرا.
دەیەم دواخستن
ڕۆژی (3/8/2023) سەرۆكی هەرێم لە مەرسوومێكی تردا ڕۆژی (25/2/2024)ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان. بیانووی ئەم دواخستنە ئەوە بوو كە پێشتر بەهۆی ململانێی لایەنە سیاسییەكانەوە پڕۆسەی سیاسی پەكی كەوتبوو، ئەمجارە گوایە سەرۆكایەتی هەرێم دوای ڕاوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، گەشتنە ئەو ئەنجامەی ئەم مێژووە دیاری بكەن بۆ هەڵبژاردن، هەرچەندە گوتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێم (دڵشاد شەهاب) ئاماژەی بەوەكرد، كە هەموو لایەنەكان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو ڕۆژەدا یەكدەنگن. هەروەها ئەوەشی دووپات كردەوە كە بە ئەگەرێكی زۆرەوە ئەمە دواهەمین مەرسوومە بۆ دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن لە هەرێم، پێویستە لایەنەكان بە زووی بگەنە ڕێككەوتن لەسەر ئەو ڕێككەوتە، بەڵام دیسانەوە لایەنە سیاسییەكان نەگەیشتنە ڕێكکەوتن و دیسانەوە هەڵبژاردن لەم وادەیەدا نەكرا.
یازدەم دواخستن
ڕۆژی (3/3/2024) سەرۆكی هەرێم لە مەرسوومێكی تردا ڕۆژی (10/6/2024)ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان. بەپێی فەرمانەكە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان پابەند دەبن بە ئەنجامدانی كاری پێویست بۆ هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بۆ جێبەجێكردنی فەرمانەكە، بەڵام دیسانەوە بەهۆی بایكۆتی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە هەڵبژاردنەكە ئەنجامنادرێت.
دوازدەیەم دواخستن
دیسانەوە لەو مێژووەی دیاریكراوە (10/6/2024) هەڵبژاردن ئەنجام نادرێت، بەگوێرەی نووسراوێكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە ڕۆژی ٢٨ی ئایاری ٢٠٢٤ بە واژۆی عومەر ئەحمەد سەرۆكی ئەنجوومەنی كۆمسیاران، ئاڕاستەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كراوە. تیایدا ئاماژە بەوە دراوە، كە بەهۆی ئەو فەرمانە وەلائییەی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق، بەدوای سكاڵاكەی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەریكرد و بەهۆیەوە سەرجەم ڕێكارە تەكنیكی و داراییەكانی تایبەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ڕاگیران، ئەوەش كاریگەری لەسەر كارەكانی كۆمسیۆن كردووە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكە لەكاتی دیاریكراودا. لەو ڕوانگەیەوە، كۆمسیۆن داوای لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كردووە، بە مەرسوومێكی تایبەت ڕۆژێك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری بكات. هەر لەو نووسراوەدا، كۆمسیۆن پێشنازی كردووە، كە ڕۆژی ٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە دیاری بكرێت.
دواخستنێكی تریش قەرزارین بۆ سێزدەمین جار
سەرباری ئەوەی بڕیارە هەڵبژاردن بۆ مانگی ئەیلوول یان تشرینی دووەمی ساڵی 2024 دوابخرێت، بەڵام ئەگەر ڕەوشەكە بەم شێوازە بەڕێوە بچێت، لەوە ناچێت لەو وادەیەشدا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت كە هێشتا دیارینەكراوە و بە فەرمی ڕانەگەیەنراوە، ئەگەر هەیە جارێكی تریش دوابخرێت بۆ ساڵی 2025 تا لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەیەكەوە ئەنجام بدرێت.
خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان
خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، بە لاوازترین خول دادەنرێت، دیارە هۆكارگەلێك بوونە مایەی ئەوەی سەرەنجامی بەو ڕۆژگارە بگات، لەوانە: نەبوونی ئیرادەیەك بۆ گۆڕانكاری ئەرێنی لای هێزە سیاسییە باڵادەستەكان و خواستیان بۆ بەردەوامیی مانەوەیان لە دەسەڵات، سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆنێكی هەناسەكورتی پۆپۆلیست كە نەیتوانی گۆڕانكاری بكات و لە ئاستی ئەو پەیامانەیدابێت كە هەڵیگرتبوون، لاوازی كاندیدانی حزبەكان بۆ پەرلەمان، لاوازی و دەستەمۆیی و بەرژەوەندپەرستیی سەرۆكایەتییەكەی، هەموو ئەمانە بوونە مایەی ئەوەی ڕۆژ بە ڕۆژ كاری پەرلەمانی بەرەو دواوە بگەڕێتەوە.
ئەوەتا خولی پێنجەمی پەرلەمان سەرباری بەرەو پێشەوەچوونی ڕەوتەكە و گۆڕانكارییەكانی سەردەم، لە ماوەی چوار ساڵی تەمەنیدا:
– كەمترین یاسای دەركردووە.
– زۆرترین هەڵە و كەموكوڕی لەو یاسایانەدا هەیە كە پەسەندی كردوون.
– كەمترین دانیشتنی ئەنجامداوە.
– كەمترین بڕیارە یاسای پێویستی دەركردووە.
– هیچ یاسایەكی بودجەی پەسەند نەكردووە.
– كەمترین چاودێریی دەسەڵاتی جێبەجێكردنی كردووە.
– زۆرترین پێشێلكاریی پەیڕەویی كردووە.
– زۆرترین یاساشكێنی كردووە لەكاتێكدا یاساكان خۆیشی دەریكردوون.
– لە كۆی چوار دەستەی سەربەخۆ كە پەیوەندیداربوونە پێیەوە پەكی سێ دانەیانی خستووە، بەوەی نەیتوانیوە یاساكانی خۆی جێبەجێ بكات.
– بە نایاسایی تەمەنی خۆی درێژكردەوە و لەئەنجامدا هەرێمی خستە بۆشایی یاساییەوە.
– ماوەی چوار ساڵ نەیتوانی هیچ هەنگاوێك بنێت بۆ دروستكردنی تۆمارێكی دەنگدەرانی بێخەوش، یان هیچ نا ئەو تۆمارەی هەیە پاكی بكاتەوە.
نەك هەر ئەمانە، بەڵكو قەیرانیان دروست دەكرد تا هەڵبژاردن نەكرێت، ئەگەر وا نییە بە دانپێدانانی خودی سەرۆكی پەرلەمان پەیوەندییەكانی سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەماندا زۆرباش بووە، فراكسیۆنەكانی پارتی و یەكێتی لە هیچ پرسێكدا ناكۆك نەبوون، ئەی بۆچی لەكۆتاییدا ناكۆك بوون و گەیشتە ئاستێك ناكۆكییەكە سەری كێشا بۆ ئەوەی بەیەكەوە تەمەنی پەرلەمانیان درێژكردەوە، ئایا ئامانجی ئەم ناكۆكییە سیناریۆیەك نەبوو تا هەڵبژاردن نەكرێت؟
لەماوەی خولی پێنجەمدا بە ئەنقەست قەیران دروست دەکرا بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا ئەنجام نەدرێت
كاتێكیش لەئەنجامی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەماندا بڕیارەكەی دادگەی ئیتیحادی دەرچوو بە نەهێشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمان، سەرۆكایەتی پەرلەمان هیچ هەڵوێستێكی لە بەرانبەر ئەو بڕیارە چارەنووسسازە دەرنەبڕی، كە كۆتایی بەتەمەنی خولەكەی هێنا! نە قبوڵی كردووە و نە ڕەتی كردووەتەوە! سەرۆكایەتی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان كەوتبوونە سوڕی متبوونەوە و بێدەنگیان هەڵبژارد، كە شەرمێكی سیاسیی گەورە بوو، ئەگەر دادگا غەدری لێكردبوون دەبووایە ڕەتی بكەنەوە، ئەگەر غەدریش نەبوو دەبووایە بەفەرمی پێشوازی لێبكەن و ڕێكارەكانیان دەست پێبكردایە، كەچی بێدەنگیان هەڵبژارد و بەردەوامبوون لەسەر دەوام و وەرگرتنی ئیمتیازاتەكانیان. سەرۆكی پەرلەمان تا دوا چركە دەیویست لەناو پەرلەمانێكی نایاسایی ماوە بەسەرچووی بێئیش درێژە بە كارەكانی بدات، تا ئەو كاتەی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان تاك لایەنانە لە (26/6/2023) دەستیان لەكاركێشایەوە و بەمەش سەرۆكی پەرلەمان ناچار بوو دوای (33) ڕۆژ لە دەرچوونی بڕیارەكە لە (2/7/2023) بە بێدەنگی پەرلەمانی جێهێشت و ماڵئاوایی لە فەرمانبەرانی پەرلەمان بكات و بەمەش كۆتایی بە سیناریۆكە هات.
سەرباری هەموو ئەمانە، لەبەرانبەردا ئەندامانی خولی پێنجەم و سەرۆكایەتییەكەی جگە لەوەی زۆرترین پێشێلكاری یاساییان كردووە، لەڕووی ماددییەوە زۆرترین سودمەندبوونە تا ئاستی ئەوەی بەنایاسایی داهاتی هەرێمیان بەهەدەرداوە و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاریان هێناوە، ئەوەتا دوای تەواوبوونی تەمەنی یاساییان ماوەی هەشت مانگ بەنایاسایی مووچەی پەرلەمانتاریان وەرگرتووە. تا ئێستاشی لەگەڵدابێت (كە ساڵێك و شەش مانگە پەرلەمانی كوردستان لە ڕووی یاساییەوە نەماوە) كەچی زۆرینەی ئەندامەكانی لە خانوو و شوققەكانی پەرلەماندا نیشتەجێن و چۆڵیان نەكردووە، ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی تا ئێستاش چەندین ئۆتۆمبێل و مومتەلەكاتی پەرلەمانیان لایە و بەكاری دەهێنن، خانوو و شووقەكانیان چۆڵ نەكردووە و ڕادەستیان نەكردوونەتەوە.
پەرلەمانی كوردستان ئێستا دەبووایە لە چ قۆناغێكدا بێت؟
ئێستا پەرلەمانی كوردستان كە تەمەنی (32) ساڵە، دەبووایە هەشت خولی بەڕێكردبێت و لەم مانگەدا هەڵبژاردن بۆ خولی نۆیەمی بكرێت، بەڵام سەرباری ئەوەی تەنیا پێنج خولی بەڕێكردووە و سێ خول قەرزارە، واتە دوازدە ساڵ لە پاشە، لەبری ئەوەی ئێستا هەڵبژاردن بۆ خولی نۆیەمی بكرێت، كەچی هەڵبژاردنی خولی شەشەمیشی نادیارە و نازانرێت كەی دەكرێت.
دەبووایە سەدان یاسای تۆكمە و سەردەمییانەی پەسەند بكردایە و بۆشایی یاسایی لەهەرێمدا نەبووایە، یاسا كۆنەكانی هەموار بكردایەتەوە و لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سەردەمدا بیگونجاندنایە.
دەبووایە دەستورێكی سەردەمییانەی بۆ چەسپاندنی مافەكانی خەڵكی كوردستان پەسەند بكردایە.
دەبووایە چاودێرێكی لێهاتوو و چاوكراوە بووایە لە بەرانبەر دەسەڵاتی جێبەجێكردندا.
دەبووایە كارێكی بكردایە كەلتووری كاری پەرلەمانی لە هەرێمدا پەرە پێبدابووایە، لە بایەخ و گرنگیی پەرلەمانی زیاتر بكردایە و لای خەڵكی كوردستان خۆشەویستی بكردایە.
دەبووایە گومبەزی كۆكردنەوەی لایەنە سیاسییە ناكۆكەكان بووایە و هۆكاری پاراستنی باڵانسی نێوانیان بووایە لەپێناو بەردەوامیدان بە پڕۆسەی ئاشتی و خزمەت.
دەبووایە بە ڕاستی مەرجەعی خەڵكی كوردستان بووایە لە یەكلاكردنەوەی پرسە چارەنووسسازەكانیدا، بڕیاردەری هەنگاوەكانی سەركردایەتی كوردستان بووایە لە چارەسەركردنی قەیرانەكانی لەگەڵ عێراقی فیدڕاڵدا.
دەبووایە پارێزەری مافەكانی خەڵكی هەرێم بوایە لە هێنانەكایەی خۆشگوزەرانی بۆیان و فەراهەمكردنی كەشێكی ئارام لە كوردستانێكی ئاوەداندا.
پەرلەمان نەک کارێکی نەکرد بۆ وەرگرتنەوەی موڵک و ماڵی گشتی، بەڵکوو موڵکی گشتییان لەپێناو بەرژەوەندی شەخسی خۆیان بەکارهێنا
كە هیچ كام لەوانەی نەكرد، بووە هۆی ئەوەی هەڵبژاردن دوابخرێت، بووە هۆی ئەوەی دادگەی ئیتیحادی بڕیار لە نایاسایی بوونی درێژكردنەوەی بدات و كارەكانی ڕابگرێت، بووە هۆی ئەوەی دادگە بڕیاری بەمەرجەعبوونی لێ بسەنێتەوە، بووە هۆی ئەوەی تێڕوانینی هاووڵاتییان لەسەری بگۆڕێت بەوەی لەبری ئەوەی پەرلەمانتار بە پارێزەری مافی خەلك و دژەگەندەڵی بناسرێت، كەچی وەك بەرژەوەندپەرست بناسرێن، چونكە ببوونە پارێزەری ئیمتیازاتەكانی خۆیان و بەنایاسایی مووچەیان وەردەگرت.
نەك نەبوونە مایەی ئەوەی موڵك و ماڵی گشتی وەربگرنەوە، موڵكی گشتیان لەپێناو بەرژەوەندی شەخسی خۆیان بەكارهێنا و تا ئەم ساتەش سوود لە موڵكی گشتی دەبینن لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان.
هۆكارەكانی دواخستنی هەڵبژاردن
یەكەم: هۆكارە ڕووكەشەكان
پەرلەمانی كوردستان دوابەدوای ئەوەی بەهۆكاری نەگەیشتنە سازانی هێزە سیاسییەكان لەلایەك و لاوازی و بێئیرادەیی خۆیەوە نەیتوانی نەخشەڕێگایەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دابنێت و بەڕووسوری تەمەنی خولەكەی خۆی كۆتاپێبێنێت، ئەوە بوو لە (9/10/2022) بڕیاری درێژكردنەوەی تەمەنی خۆی بۆ ساڵێك و شەش مانگ دا، بۆ درێژكردنەوەكە چەند بیانوویەکی هێناوەتەوە، كە لە هۆكارەكانی دەرچوونی یاساكەدا هاتبوون، وەك:
1-ڕێگریكردن لە دروستبوونی بۆشایی یاسایی.
2-گەرەنتیكردنی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەكان.
3-تەواوكردنی ڕێكسازییە یاسایی و كارگێڕی و هونەرییەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
4-دەستەبەركردنی تۆماری بایۆمەتری پاك و بێگەرد.
5-ڕەخساندنی ژینگەیەكی سیاسی لەبار بۆ هێنانەدی یەكڕیزی و كۆدەنگیی نیشتمانی.
بەڵام لەڕاستیدا هۆكارە ڕاستەقینەكانی درێژكردنەوەكە لەوكاتەدا هیچ كام لەو بیانوانە نەبوون كە لە یاساكەدا ڕیزكرابوون، چونكە ئەو بیانووانەی هێنرابوونەوە دەرەنجام بوون نەك هۆكار.
ئەوە بوو بینیمان دوای درێژكردنەوەی تەمەنیشی، پەرلەمان هیچ كام لەو ئەركانەی جێبەجێ نەكرد، نە طێگری كرد لە دروستبوونی بۆشایی یاسایی، نە گەرەنتی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەكانی پێكرا، نە ڕێكسازییە یاسایی و كارگێڕی و هونەرییەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی تەواو كرد، نە تۆمارێكی بایۆمەتری پاك و بێگەردی دەستەبەر كرد و نە هیچ ژینگەیەكی سیاسی لەباری ڕەخساند بۆ هێنانەدی یەكڕیزی و كۆدەنگیی نیشتیانی. بەپێچەوانەوە نەك هەر ئەوانەی نەكرد بەڵكو دەستەی سەرۆكایەتی ماوەیەكی زۆر دانیشتنە ئاساییەكانیشیان پەكخست.
هۆكارە ڕاستەقینەكانی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان هیچ كام لەو بیانووانە نەبوون كە لە یاساكەدا ڕیزكرابوون، چونكە ئەو بیانووانەی هێنرابوونەوە دەرەنجام بوون نەك هۆکار
ئەوەتا لە (9/10/2022) كە بڕیاری درێژكردنەوەی تەمەنی خۆیاندا، ئەگەر بەڕاستیان بوو بۆ ئەو ئامانجانە تەمەنی خۆیان درێژكردبوویەوە كە لە هۆكارە پێویستییەكانی یاساكەدا هاتبوون، دەبووایە بە چڕی كۆبوونەوە بكەن و پڕۆژە یاسا ئامادە بكەن و هەوڵی سازانی نێوان لایەنە سیاسییەكان بدەن و كۆمسیۆنیان كارا بكردایەتەوە و هەوڵی پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەرانیان بدابووایە، بێگومان هەموو ئەمانە پێویستیان بە دانیشتنی پەرلەمان هەیە، بەڵام سەرۆكایەتی نەك هەر ئەوەی نەكرد، بەڵكو پەكی دانیشتنەكانی خست و لەو ماوەیەدا (9/10/2022-30/5/2023) كە نزیكەی حەوت مانگە، لەبەر زەرورەتی بابەتەكە دەبووایە پشووی وەرنەگرتایە و بەردەوامبووایە لەسەر كارەكانی، بەمەش بەپێی پەیڕەو و لە حاڵەتی ئاساییدا پێویست بوو (101) دانیشتنەی پەرلەمان ئەنجامبدات، كەچی ئەوان تەنیا (8) دانیشتنیان ئەنجامداوە، كە بە هەموو دانیشتنەكان (20:31) بیست كاتژمێر و سی و یەك خوولەكی خایاندووە و هیچ كام لە كۆبوونەوەكانیش پەیوەندیان بەو بابەتانەوە نەبووە كە تەمەنی پەرلەمانی لەسەر درێژكرابووەوە.
هەرچەندە ئەو كاتە لە گوتاری سیاسی هیچ كام لە لایەنەكاندا ئەوە نەدەبینرا دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بن، بەڵام لە هەمان كاتدا لە كرداریاندا هیچ هەنگاوێكی جددییان نەنا بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەكە. بۆیە ئەوانەی بەرپرسیاری سەرەكیی هاتنەكایەی ئەم ڕەوشەن، پەرلەمانی كوردستان و سەرجەم لایەنە سیاسییەكانن، هەریەكە و بەپێی قورسایی خۆیان ئۆباڵە مێژووییەكەیان دەكەوێتە ئەستۆ. چونكە ئەوەی لەو ماوەیەدا گوزەراوە، لە بەڕێوەچوونی كۆمیدیایەكی سیاسی بترازێت هیچی تر نەبوو! كە هەردوو لایەنی سەرەكیی پارتی و یەكێتی لێی بەرپرسیارن! ئەگەر وانییە:
1-بۆچی بەر لە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بە سازان چارەسەری گرفت و ناكۆكییەكانیان نەكرد؟ تا ماوەی درێژكراوە تەنیا بۆ كارە تەكنیكییەكانی كۆمسیۆن بووایە بەمەبەستی هەڵبژاردن.
2-بۆچی پەرلەمان لە چوار ساڵی تەمەنیدا هیچ هەنگاوێكی نەنا بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن؟ هیچ نا ڕاستەوخۆ دوای درێژكردنەوەی تەمەنی خۆی كۆمسیۆنی كارا نەكردەوە؟ چونكە نەنگییەكی گەورەیە بۆ پەرلەمان و لایەنە سەرەكییەكانی نوێنەریان لەو كۆمسیۆنەدا هەیە كە ماوەی چوار ساڵ بەنایاسایی بەڕێوە دەچوو!
3-بۆچی لە چوار ساڵی تەمەنیدا نە پەرلەمان و نە هیچكام لە لایەنەكان بەبێ جیاوازی، هیچ هەنگاوێكیان نەنا بەمەبەستی دروستكردنی تۆمارێكی بایۆمەتریی پاك و بێگەرد؟ كەچی لەكاتی بەسەرچوودا باسی لێوە دەكەن؟
4-بۆچی پەرلەمان ئەو ماوە زۆرەی لەبەردەم بوو كاری نەكرد لەسەر سازانی لایەنەكان بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن تا بەم شێوەیە بە چارەسەرنەكراوی نەمێنێتەوە؟
5-ئەگەر دوو لایەنە سەرەكییەكە مەبەستیان ئەنجامدانی هەڵبژاردن بوو، بۆچی ئەو هەموو كاتەیان لەبەردەست بوو بەفیڕۆیاندا و ڕێكارەكانیان دەستنیشان نەكرد و هەنگاویان بۆ نەنا؟
بۆ ئەوەی هیچیتر هەڵبژاردن دوانەخرێت و لەوە زیاتر ئەزمونی هەرێم لەبەر چاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دۆستەكانی لەكەدارتر نەبێت، پێویستە پارتی و یەكێتی بەتایبەت و لایەنەكانی تر بەگشتی، لەزووترین كاتدا كۆبوونەوەیەكی لوتكە بكەن بۆ پێداچوونەوە بەكۆی پرسە ناكۆكەكان و سازانی لەسەر بكەن. بەپێی یاساو ستاندارتی نێودەوڵەتی، هەڵسوكەوت لەگەڵ پرسی پێكهاتەكاندا بكرێت و لە كێشمەكێشمی بەكارهێنان و ئیستیغلالكردن دوور بخرێنەوە.
ئەگەر ئەمانە نەكرێن، سەرباری ئەو هەموو قەیرانە ناوخۆیی و دەرەكییانەی هەن، بەدڵنیاییەوە بارودۆخێكی نائاساییتر ڕووبەڕووی هەرێم دەبێتەوە، بەمەش ئۆباڵی شكستەكان و لێپرسراویەتیی مێژوویان دەكەوێتە ئەستۆ.
دووەم: هۆكارە حەقیقییەكان
هۆكارە هەقیقییەكانی دواخستنی هەڵبژاردن بریتی بوون لە:
1-خراپی ڕەوشی جەماوەریی لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان.
2-ترسی لایەنە سیاسییەكان لە هەڵبژاردن كە دەنگ و كورسییەكانیان كەم بێتەوە.
3-ململانێی ناتەندروستی لایەنە سیاسییەكان و باوەڕنەبوونیان بە دەستاودەستكردنی دەسەڵات.
4-دەست تێخستنی دەوڵەتە هەرێمییەكان لە كاروباری سیاسی هەرێمی كوردستان.
5-خراپی دۆخی ئابووری هاوڵاتییان و توڕەبوونیان لە حزبە دەسەڵاتدارەكان.