گسکی کارەبایی بەکاردەهێنیت؟
ئەو پرسیارەی سەرەوە یەکێکە لە پرسیارەکانی فۆڕمی ئەلیکترۆنی سەرژمێری کە لە هاووڵاتییان دەپرسێت، دواتر بە وردی دێینەوە سەر ئەو پرسیارە و ڕووناکی دەخەینە سەری.
جاران، دەگوترا سەرژمێری، بەڵام ئێستا وەکوو لە ناونیشانەکەیدا دیارە هەر سەرژمێری خەڵک نییە بە تەنها، بەڵکوو لەپاڵیدا سەرژمێری نیشتەجێبوونیشە، ئەمەش پڕۆسەکەی گشتگیر و فرەوانتر کردووە، کە تەنها زانیارییە کەسییەکانی هاووڵاتییان تۆمار ناکەن، بەڵکوو چەندین زانیاری تر دەربارەی ماڵ و ژیان و باری خێزان و ئاستی خوێندەواری و زۆر بواری تری ژیانی خەڵک تۆمار دەکەن. فۆڕمە لە شەش بڕگەی زانیاری گشتی پێکهاتووە کە ئەمانەی خوارەوەن:
- زانیاری خۆناساندن.
- زانیاری دەربارەی سروشتی خێزان.
- زانیاری دەربارەی ناسنامە و کارتی نیشتمانی.
- زانیاری دەربارەی تایبەتمەندی ماڵ و نیشتەجێبوونی خێزان و زانیاری کۆبۆنی خۆراک.
- زانیاری دەربارەی مردووەکان.
- خاوەندارێتی خێزان بۆ کەلوپەل و شمەک.
بێگومان هەر یەکێک لەو ناونیشانە سەرەکییانەی سەرەوە، لە ژێریدا دەیان پرسیاری وردی بۆ دانراوە، بۆ ئەوەی زانیاری هەمەلایەن کۆبکرێتەوە.
جاران سەرژمێری بەشێوەی دەستی بوو، واتە کارمەندی ژمێرکار لە ڕێگای فۆڕمێکی کاغەزییەوە زانیارییەکانی بە پێنووس دەنووسی، ئەمەش کارێکی قورس و گران بوو، جگە لەوەش بە سەدان هەزار کارمەندی پێویست بوو، بۆیە پڕۆسەکە وەختێکی زۆری پێدەچوو، لەوەش گرنگتر جاران ئینتەرنێت و کۆمپیوتەر نەبوو، بۆیە ئەم هەموو زانیارییانە پاش ساڵێک دەتوانرا کۆبکرێنەوە و یەک بخرێن، هەر بۆیە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ پاش چەند ساڵێک ئینجا دەوڵەت توانی ئەنجامی کۆتایی ڕابگەیەنێت. ئێستا بەهۆی پێشکەوتنی زانستی و تەکنۆلۆژیای ژمارەییەوە، گۆڕانکاری جەوهەری ڕوویانداوە، ئەم سەرژمێرییەی ئەم ساڵ کە بڕیاروایە لە ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت، سەرژمێری جۆری ئەلیکترۆنییە، دەستەی ئاماری فیدڕاڵی بەرنامەسازی ئەلیکترۆنی داناوە، پرسیارەکانی فۆڕمەکە کراون بە ئەلیکترۆنی، ڕۆژانی سەرژمێری کارمەندەکان ئایپادێکیان پێیە کە بەشێوەی ئەلیکترۆنی پڕی دەکەنەوە و هیچ قەڵەم و کاغەزێکیان پێ نییە و ڕاستەوخۆ زانیارییەکان دەگوازرێتەوە بۆ ناوەندی سەرەکی زانیارییەکان لە بەغدا.
لەلایەن حکوومەتی هەرێم و دانیشتووانی ناوچەکانی کەرکووک و ماددەی ١٤٠ی دەستوور، ترس و نیگەرانی هەبوون بەو هۆیەی کە لە فۆڕمەکەدا، لە ڕۆژی سەرژمێری، هاووڵاتی لەو کاتەدا لە هەر شارێک ئامادەبووایە، ئەوا ڕێکوپێک لەسەر ئەو شارە ناونووسیان دەکرد. ئەمەش بۆ چارەنووسی کەرکووک ئێجگار مەترسیدار دەبوو، لەهەمان کات ئەمە جەوهەری ئامانجی سەرژمێری دەگۆڕی؛ لە پڕۆسەیەکی گرنگی گەشەپێدان و پلاندانەوە دەبوو بە هۆی گۆڕانکاری دیمۆگرافی لە ناوچەکەدا، لە هەفتەی ڕابردوو وەفدی ڕەسمی حکوومەتی هەرێم چوون بۆ بەغدا، لەوێ لە کۆشکی سەلام لە بارەگای سەرۆکایەتی کۆمار لەگەڵ سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف ڕەشید کۆبوونەوە و تێبینی و سەرنجی خۆیان پێشکەش کرد و داوایان کرد سەرۆک کۆمار ڕۆڵی خۆی بگێڕێت بۆ چارەسەرکردنی تێبینییەکانیان، دواتر سەرۆک کۆمار کۆبوونەوەیەکی گرنگی سەرۆکایەتی لە کۆشکی بەغدا ڕێکخست بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیرانی فیدڕاڵ و وەزیرە پەیوەندیدارەکانی فیدڕاڵ و وەفدی حکوومەتی هەرێم، دووبارە تیمی هەرێم بەدوورودرێژی و بە وردی سەرنج و تێبینییەکانیان خستەڕوو، جەوهەری تێبینی هەرێم لەسەر خاڵێک بوو لە پاڵ چەند سەرنجێکی تر، ئەویش (بەگوێرەی فۆڕمی سەرژمێری هاووڵاتییان لە ڕۆژی سەرژمێرییدا لەسەر ئەو شارە تۆمار دەکرێن کە لێی نیشتەجێن، ئەمەش دەبێتە گۆڕینی دیمۆگرافی، بەڵکو پێویستە خەڵک تۆمار بکرێت بەگوێرەی شوێنی ئەسڵی نیشتەجێبوونیان کە لە کارتی نیشتمانیدا تۆمار کراوە)، پاش گفتوگۆیەکی چڕوپڕ سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاری پێویست بۆ چارەسەرکردنی تێبینییەکان دەردەکەن، ڕۆژی سێشەم وەکوو وەڵامێک بۆ کۆبوونەوەکەی سەرۆک کۆمار لە کۆشکی بەغدا، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری پێویستی دەرکرد کە پێکهاتووە لە حەوت بڕیاری باش و چاک. ئەمەی لای خوارەوە پوختەی جەوهەری حەوت بڕگەکەی بڕیارەکەیە:
- حکوومەتی عێراق پابەندی خۆی دووپات کردەوە، بە بڕیارێکی پێشووی دادگای فیدڕاڵی کە لە ساڵی ٢٠١١ دەرچووە، بڕیارەکە مەسەلەی پرسیارکردنی دەربارەی نەتەوە و مەزهەب لە هاووڵاتییان قەدەغە کردووە و هەروەها دەڵێت: ئەنجامی سەرژمێری نابێت بۆ چارەنووسی کەرکووک و ماددەی ١٤٠ حیساب بکرێت.
- بۆ کەرکووک و ناوچەکانی تری ماددەی ١٤٠ لە بری ئەوەی یەک کارمەند کاری سەرژمێری بکات، تیمێکی سێ کەسی لە نەتەوەکانی کورد و عەرەب و تورکمان سەرژمێری دەکەن. لەو ناوچانەشی کە زۆرینەی مەسیحیین، لە بری تورکمان لە نەتەوەی مەسیحی کارمەند هەڵدەبژێرن.
- هەردوو دەستەی ئاماری هەرێم و فیدڕاڵ پێکەوە، بەهاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی فیدڕاڵ پاش تەواوبوونی سەرژمێری هەڵدەستن بە بەراوردکردنی زانیارییە تۆمارکراوەکان بۆ ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ و بەراوردی دەکەن بە داتای سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧. لەهەمان کاتدا بەراوردی دەکەن لەگەڵ تۆماری ئاوارەکانی وەزارەتی کۆچبەران، بۆ نموونە هاووڵاتییەک کە لە ڕۆژی سەرژمێرییدا لە کەرکووک دانیشتووە و خۆی لەوێ تۆمارکردووە، ئەم لیژنە هاوبەشە سەیری تۆمارە کۆنەکەی ساڵی ١٩٥٧ دەکەن، بزانن لە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ ناوی هەیە و تۆمارە یان بە پێچەوانەوە، ئەگەر تۆمار نەبوو، ئەوا لەسەر کەرکووک ناونووس ناکرێن و دەخرێنەوە سەر شارە ئەسڵییەکانیان، نموونەیەکی تر، هاووڵاتییەک ئاوارەی سەلاحەددینە و لە کەرکووک دانیشتووە، لەسەر کەرکووک تۆمارکراوە، دووبارە پاش سەرژمێری، لیژنە هاوبەشەکە بەراوردی ناوەکەی دەکات بە ئاماری کۆچبەران، ئەگەر ناوی هەبوو لە تۆماری کۆچبەراندا، کەواتە خەڵکی کەرکووک نییە و لەسەر سەلاحەددین ناونووس دەکرێت.
- هەردوو وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و فیدڕاڵ، پێکەوە ئەو کارەی بڕگەی ٣ی سەرەوە ئەنجام دەدەن.
- پابەندکردنی وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ بە ئامادەکردنی خشتەی ئامار دەربارەی ئەو هاووڵاتییانەی کە بەشێوەی میوانداری لە شارێکی ترن، بۆ کاروکاسبی نیشتەجێن لە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ و باقی پارێزگاکانی تر، ئەمەش وەکوو وەڵامێک بۆ سەرنجەکانی هەرێم، بۆ نموونە، هاووڵاتییەکی عەرەب لە ڕۆژی سەرژمێرییدا لە هەولێر دانیشتووە و لەسەر ئەوێ تۆمار کراوە، بەڵام دواتر لیژنەکە بەراوردی دەکات لەگەڵ خشتەی ئامار کە ئامادەکراوە، دەردەکەوێ ئەو هاووڵاتییە بەئەسڵ خەڵکی هەولێر نییە، بۆیە لەسەر شارەکەی خۆی کە پێشووتر لێی بووە تۆمار دەکرێت، نەک لەسەر هەولێر.
- تیمی هونەری دەستەی ئاماری هەرێم، پێویستە لە ژووری ئۆپەراسیۆنی سەرژمێری کە لە بەغدایە هەر لەسەرەتای پڕۆسەکەوە هەتاوەکوو کۆتایی ئامادەبن، ئەمەش بۆ دڵنیایی و شەفافیەتی پڕۆسەکە.
- پێویستە دەستەی ئاماری هەرێم بە خێرایی پڕۆسەی ڕاهێنانی کارمەندانی سەرژمێری تەواو بکات.
لە ڕاستیدا، ئەوە گۆڕانکارییەکی جەوهەرییە بۆ پێدانی دڵنیایی بە خەڵکی کوردستان کە پڕۆسەکە تەنها ئامانجی زانستی و گەشەپێدانە و هیچ بەرنامەیەکی سیاسی لەپشتەوە نییە.
دەگەڕێینەوە سەر وەڵامی پرسیاری گسکی کارەبایی ماڵان! کە لە فۆڕمی سەرژمێرییەکەدا هەیە، لە ڕاستیدا هەندێک پرسیار دانراون کە لەسەرەتادا بۆ هاووڵاتی کەمێک سەیر و پێکەنیناویین! بەڵام ئەگەر لێییان وردببینەوە، دەردەکەوێت کە پرسیاری زانستیین و زانیاری ئاماژەن بۆ گەشەپێدان و پلاندانان. کاتێک پرسیارت لێ دەکات لە ماڵەوە گسکی کارەباییت هەیە؟ بەفرگرت هەیە، ڕاوتەری ئینتەرنێتت هەیە، پاسکیل، موبەریدە، جلشۆری ماڵ، تەلەفزیۆن؟ هتد.. ئەوانە بەگوێرەی پێوەری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئاماژەن بۆ دیاریکردنی هێڵی هەژاری و ئاستی خۆشگوزەرانی. هەقی خۆیەتی بڵێین، ئەم پڕۆسەیە خاڵێکی وەرچەرخانە بۆ بیناکردنی بنکەیەکی زانیاری ڕاست و دروست کە دەوڵەت و خەڵک و زانکۆ و کۆمپانیاکان، هەموو لایەک سوودی لێ وەربگرن.
لە کۆتاییدا لە فۆلکلۆری کوردیدا وتەیەکی بەناوبانگ هەیە، کاتێک کە حیکایەتخوان کۆتایی بە گێڕانەوەی حیکایەتەکەی دەهێنێت، هەمیشە دەڵێت: منیش تەواوبووم، هیچیان پێنەدام.