سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

گفتوگۆی حکوومەتی تورکیا و سەرکردەکانی باکوور لە چ ئاسۆیەکدایە؟

موفید محەمەد نووری

 

کاتێک فەلەستینییەکان، بە نێوانگیری ئەمریکا لە ساڵی(١٩٩٢)دا لەگەڵ حکوومەتی ئیسرائیلیدا کەوتنە گفتوگۆ و واژۆی تێگەیشتنی ئاشتییان لە ئۆسلۆی (پایتەختی نۆرویج) ئەنجامدا. بەمشێوەیە ئەنجامدانی گفتوگۆ لەو بارودۆخە سەختەی نێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکاندا بۆ وەدیهێنانی ئاشتی نێوانیان، ئەوا هەموو کاتێک هەلومەرجە سیاسییەکان و داواکاری خەڵک بە سەریاندا سەپاوە و لەسەرەوە بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەو گفتوگۆیانە هەتا ئێستا شکستیان خواردووە؛ ئەوەش ئەو ڕاستییەیە کە لە وتارەکانی پێشووترمدا ڕوونکردنەوەم بۆیداوە.

کاتێک سوپای کۆماری ئێرلەندی IRA، کە باڵی سەربازیی بزووتنەوەی ڕزگارییخوازیی ئێرلەندییەکان بوو، دەستیان کرد بە گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی بەریتانیدا، هەستان بەدانانی “راماپۆزە” کەسایەتی سیاسی بەناوبانگ و سەرکردەی کۆنگرەی ئەفریقی ANC، وەکوو چاودێر لەسەر چەک داماڵینی IRA . ئەوە بوو IRA چەکە قورسەکانی خۆی شکاند و کەوتە قۆناغی گفتوگۆی سیاسی، بەوەش سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا و لە ئەنجامدا ڕێککەوتنی (هەینی پیرۆز) لە مانگی نیسانی ١٩٩٨دا مۆرکرا، کە بە ڕێککەوتننامەی بلفاست ناسراوە و هەتا ئەمڕۆش ئامانجەکانی ئەو گفتوگۆیە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت و بەشدارن لە بەڕێوەچوونی حکوومەتی ئێرلەندییدا.

ئەگەر حاکمی عەسکەری و سیاسی هندستان (مان باتن) لە ساڵی ١٩٤٧دا  بیزانیایە کە سەرکردەی ڕزگاری نیشتمانی پاکستان تەنها ساڵێکی ماوە لە ژیاندا، ئەوا هەرگیز سەربەخۆیی پاکستانی پەسەند نەدەکرد؛ ئەوەبوو سەربەخۆیی ئەو وڵاتە لە ساڵی ١٩٤٨دا، ساڵێک پێش مردنی “محەمەد عەلی جەنا” وەدەستهات و بەئامانجی خۆی گەیشت، بەمشێوەیە هێز و خۆڕاگری محەمەد عەلی جەنا وای کرد کە ئیمپریالیزمی بەریتانی چارەی نەمێنێت و چۆکی بۆ دابدات. لێرەدا پێویستە ئەوە بزانرێت کە محەمەد عەلی جەنا خوێندنی لە بەریتانیا تەواو کردووە و شارەزایی زۆرباشی لە یاسا و هەلومەرجە نێودەوڵەتییەکاندا هەبووە.

لەسەر ئەو ڕاستییانەی سەرەوە و لەژێر ڕۆشنایی هەواڵی گفتوگۆی نێوان حکوومەتی تورکیا و سەرکردایەتی بزاوتی ڕامیاریی باکووری کوردستان، سێ سەرچاوە هەواڵیی گرنگی ئەم بابەتە پەیوەندییان کردووە بە دەزگای ڕۆژنامەگەری ئەلمۆنیتۆر و ئەوەیان پشتڕاست کردۆتەوە، کە گفتوگۆ لە نێوان حکوومەتی تورکیا و ئۆجەلاندا هەیە و تا ئێستاش بەردەوامە. “ئەمبەرین زەمان” ڕۆژنامەنووسی بە ڕەگەز بەنگلادیشی کە لە لەندن دەژی و پسپۆڕە لە بواری ڕۆژهەڵاتناسی و بەتایبەتیش پرسی کورداندا، دەڵێت: پێش دوو هەفتە لەمەوبەر لە کردنەوەی پەرلەمانی تورکیادا، “دیڤالیت باخچەلی” سەرۆکی پارتی ڕاستڕەوی تورکی ‘MHP’، دەستی تەوقەی بۆ ئەندامانی پارتی DEM درێژکردووە کە پارتێکی سەر بە کوردانی باکوورە و پشتیوانی خەباتی گەلی کورد دەکات بۆ بەدەستهێانای مافەکانی لەو بەشەی کوردستاندا.

لەم پەیوەندەدا جێگای ئاماژە بۆکردنە کە ئەمە بۆ یەکەمینجارە باخچەلی و پارتەکەی پشتیوانی ئۆردوگان دەکەن، لە گفتوگۆیاندا لەگەڵ سەرانی کوردی باکوور.

لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە چی گۆڕاوە بۆ تورکیا؟ کە دوای نزیکەی (١٠) ساڵ دەیەوێت جارێکی تر گفتوگۆ دەستپێبکاتەوە؟ زانیارییەکانی ئەم وتارە کە لە ئەلمۆنیتۆری ئەمریکییەوە وەرگیراوە، ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، کە گفتوگۆ لەگەڵ عەبدولڵا ئۆجەلاندا کراوە و هەمان سەرچاوە ئەوەی پشتڕاست کردۆتەوە کە عەبدولڵا ئۆجەلان پەیوەندی بە باڵی سەربازیی PKKوە کردووە، بەڵام ئەوان زۆر توند بوون لە وەرگرتنەوەی وەڵامەکان و گفتوگۆکانیان ئاسان نەبووە. هەتا ئێستا سەرچاوەکانی قەندیل لەمبارەوە هیچ شتێک ناڵێن، بەڵام جۆرێک لە نائومێدییان پێوە دیارە و لەسەر ئەو پەرەسەندنانە توڕە و بێزارن، هەروەها ئەو سەرچاوانە ئەوە نادرکێنن چۆن پەیوەندییەکانی ئۆجەلان و قەندیل ڕێکخراوە.

لە پەیوەند بەو زانیارییانەی سەرەوەدا دەمەوێت ئەوە ڕوون بکەمەوە، کە بۆچی تورکیا و حکوومەتەکەی ئەردۆگان ئەم کاتەیان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ عەبدولڵا ئۆجەلاندا هەڵبژاردووە کە زیاتر لە ٢٤ ساڵە لە زیندانەکانی ئەو وڵاتەدا بەسەردەبات؟ سەبارەت بەم پڕۆسەیەی گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا چەند خاڵێکی گرنگ هەیە کە پێویستە پێشچاوبخرێن، کە بریتین لەمانەی خوارەوە:

 

یەکەم: باخچەلی و پارتە ڕاستڕەوەکانی تورکیا کە (لە سەرەتای مانگی (١٠)ی کردنەوەی پەرلەماندا) بۆ تەوقەکردن لەگەڵ ئەندامانی پارتی  DEM هاتوونەتە پێشەوە، ئەو هەنگاوە هەڵگری ئەو پەیامەیە کە دەیانەوێت بە سەرانی کورد بڵێن، ئەوان ئامادەن بۆ گفتوگۆکردن بەڵام بەمەرجی کۆتایهێنان بە تیرۆر و چەکداماڵین لە لایەنی بەرانبەر، ئەوەش بۆ ئەوەی PKK ببێتە بەرەیەک لە دژی دوژمنان، نەک بەرەیەک لە دژی دەوڵەتی تورکیا.

 

دووەم: ئۆردوگان لە ساڵی ٢٠٢٨دا بۆ ئەوەی بتوانێت دەستووری تورکیا بگۆڕیت پێویستی بە پشتیوانی پارتی DEM هەیە، ئەوەش بەئامانجی مسۆگەرکردنی سەرۆکایەتی ئۆردوگان  بۆ جاری سێیەم لەو وڵاتەدا؛ ئەوە بەزانین ئەوەی کە ئەو ئامانجە هیچ چارەسەرێکی سەرەکی بۆ کێشە سەرەکییەکانی تورکیا تێدا نییە، کە گرنگترینییان کێشەی کوردانی باکوورە.

 

سێیەم: تورکیا دەیەوێت ئەو بەشە لە بودجەی وڵاتەکەی کە بۆ تێچوونی جەنگی لەگەڵ PKK تەرخانی کردووە، بگۆڕێت بۆ بونیادنانی ژێرخانی ئابووری؛ واتە ئابووری دەوڵەتەکەی لە هەموو بەشەکانیدا لە ئابووری جەنگەوە بگۆڕێت بۆ پەرەپێدانی ئابووریی.

 

چوارەم: (تینک تانک)ی تورکی، یەکێکە لەو دەزگایانەی کە سەربەخۆن، هەرچەندە لە بواری یاساداناندا کاریگەرییان نییە، بەڵام باوەڕیان وایە کە ئۆردوگان وەک سەرکردەیەکی تۆتالیتاریی هاتۆتەخۆگرتن و لەبەر ئەو مۆدێلە ئابوورییەی کە ئۆردۆگان پشتیوانی دەکات بۆ تورکیا ئاستی ژیانی خەڵک لە تورکیادا هاتۆتە خوارەوە، هەرچەندە کە ئەو مۆدێلە بنەمای زانستی لە دەستداوە. هەروەها تینک تانکی تورکی باوەڕی وایە، کە دەستتێوەردانی تورکیا لە سیاسەتی ئەورووپا و دەستێوەردان لە وڵاتانی وەکوو لیبیا، سووریا و ئازرباینجان، بووەتەهۆی درووستکردنی تەنگژە و کێشەی ئابووریی قووڵ بۆ تورکیا.

 

لێرەدا ئەو پرسیارە گرنگە دێتەپێشەوە کە بۆ دەبێ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی لە باکوور بەرانبەر بە بەڵێنەکانی تورکیا هۆشیار بێت؟

 

لە وەڵام بەوەدا دەڵێین کە ئۆجەلان لە ساڵی ١٩٩٩وە لە زینداندایە و لە مانگی دووی ٢٠٢٥دا دەبێت بە ٢٥ ساڵ لە بەسەربردنی تەمەنی لەکونجی زیندانەکانی تورکیادا، هەربۆیەکە ڕەفتارکردن لەگەڵ ئەو سەرکردە زیندانییە لەسەر ئاستی ڕەفتاری مرۆڤایەتی بچووکترین ڕەچاوکردنی بۆ نەکراوە.

لێرەدا گرنگە ئەو لێدوانەی باخچەلی بزانرێت کە دەڵێت: “دەبێت ئۆجەلان ئازاد بکرێت و بێتە ئەم پەرلەمانە و دەبێت بڵێت، کە کۆتایی بە تیرۆر دەهێنێت و PKK چەک دادەنێت؛ بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی کە تیرۆری بەرپا کردووە حکوومەتی تورکیا و ئەوانەیە کە لەو پڕۆسەیەدا بەشداریان کردووە. سیلان ئەکا ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی تورکیی و ڕاوێژکاری حکوومەتەکەی “تورگوت ئۆزاڵ” لە (١٩٨٩- ١٩٩٣)، یەکێکە لەو ئەندامە چالاکانەی ناو پارتی DEM، کە باوەڕی بەوەیە حکوومەتی تورکیا بەپێی هەلومەرج ویستی خۆی پڕۆسێسی ئاشتی ئەنجامبدات.

هەر لەم بارەیەوە سیلان ئەکا، دەڵێت: “نەبوونی متمانە لە نێوان ئەندامانی گفتوگۆکەردا بۆتەهۆی ئەوەی لە گفتوگۆکاندا هیوامان بە سەرکەوتن کەم بێت، بۆیە پێویستمان بە چاودێری نێودەوڵەتیی هەیە، وەکوو هەموو دانوستانە جیهانییەکان دەبێت کەسایەتی ناسراوی جیهانی ئەو کارە بەڕێوەببەن”.

لە ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگەدا ئۆجەلان لە نامەیەکدا دەڵێت: “توانای سیاسی و پراکتیزیم هەیە، کە بتوانم ئەم پرۆسێسە لە زەمینەی توندوتیژییەوە ببەمە زەمینەیەکی یاسایی و سیاسییەوە، بەجۆرێک کە چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە”.

لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە ترسی زۆربەی چاودێران ئەوەیە، ئەو هەڵەیەی کە (مەندێلا) لە زینداندا کردی، ئۆجەلان نەیکات. ئەوەبوو خوارووی ئەفریقا دوای ئازادبوونی مەندێلا لە خراپترین هەلومەرجی ئابووری و سیاسی خۆیدا دەرگییربوو، هەرچەندە کە مەندێلا جۆرێک لە ڕێککەوتنی لەگەڵ سەرۆکی ئەوسای ئەفریقا (کلارک) ئەنجامدا، بەڵام سوودی گەورەی بۆ خەڵکەکەی تێدا نەبوو.

خاڵێکی گرنگتری ئەم بابەتە بریتییە لەوەی کە گرووپێکی ناو پارتی کرێکاران بە سیاسەتەکانی ئۆجەلان ڕازی نین و تاوانباری دەکەن بەوەی کە هەندێکجار ڕەفتاری ستالینییانە پیادە دەکات؛ ئەوە لەکاتێکدا کە بزووتنەوەی ڕزگاریی نیشتمانیی لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا حەز دەکەن کە ئۆجەلان وەکو چیڤارا بێت!.

لەسەر ئەوەی لەسەرەوە ڕاڤە کرا دەگەینە ئەوەی کە متمانەی خەڵک بەم پرۆسێسی ئاشتییە زۆر کەمە، چونکە ئۆردوگان دەسەڵاتی ڕەهای تورکیادا هەیە و لە هەموو جارێک زیاتر دەتوانێت چی دەوێت ئەوە بکات، هەروەک چۆن بە دروستکردنی کۆمەڵێک تۆمەتی بێ بنەما توانیان “سەڵاحەددین دەمیرتاش” زیندانی بکەن. بەمشێوەیە ئەوەی ئۆردوگان دەیکات بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی تایبەتی خۆیەتی و، لەم نەخشە ڕێگایەدا ڕاستگۆ نییە. ئەوەش بەبەڵگەی ئەوەی کە هەزاران تێکۆشەری کورد وان لە زیندانەکانی تورکیادا و، لەناو شارەکانی تورکیا و لە باشووری کوردستانیشدا تورکیا بە درۆن ئەو تێکۆشەر و نووسەر و ڕۆژنامەنووسانە لەناودەبات و دەکوژێ کە ڕێگای ئاشتییانەی خەباتیان گرتۆتەبەر. لەمبارەوە و بەپێی سەنتەری ڕاوێستا لە دیاربەکر: کورد باوەڕی بەوەیە کە بەشێوازی دیموکراسییانە کێشەکانی لە باکوور چارە بکرێت، نەک بە شێوازی  توندوتیژییانە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا لە ئێستاوە وەکوو دەوڵەتێکی سەربازیی ڕەفتار دەکات و هیچی تر.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button