
ئاریان سەلاحەدین ئەسعەد*
بڕیاری ژمارە (6496)ی ڕۆژی 16ـی تەممووزی 2025ی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، کە ئاڕاستەی زانکۆکانی مووسڵ، کەرکووک و دیالەی کردووە، فەرمانیکردووە، پرسیاری تاقیکردنەوەکان نەکرێنە کوردی و جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کە زمانی خوێندن عەرەبییە و ئەو بابەتانەی ئینگلیزیین، دەبێت تەنیا ئەو دوو زمانە بەکار بهێنرێن. بەوەش هەزاران قوتابی کورد لە زانکۆکانی ئەو سێ پارێزگایەدا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە و ئاییندەیان دەخرێتە تونێلێکی تاریکەوە، بەو پێیەی بێبەش دەبن لە تێگەیشتنی پرسیارەکان و ڕەنج و کۆششی زانکۆیان ڕووبەڕووی مەترسی دەرنەچوون و دواکەوتن تا ڕادەی وازهێنان لە خوێندن دەکرێتەوە.
نەک هەر ئەوە، بەڵکوو بڕیارەکە دەبێتە هۆی پوکانەوەی خوێندنی کوردی بە تایبەت لە پارێزگای کەرکووک و کاریگەرییەکی گەورە دەکاتە سەر ئەوەی چیدیکە هاووڵاتییانی کورد لە پارێزگاکە منداڵیان نەخەنە بەر خوێندنی کوردی، بەو پێیەی لە زانکۆ زمانی خوێندن عەرەبی دەبێت.
ئەم بڕیارە جگە لە لێکەوتە و کاریگەرییە مەترسیدارەکانی و شەڕێکی شاراوەیە دژ بە زمانی کوردی و کودەتایەکی ڕوونە بەسەر ئەو هەموو دەقە دەستووری و یاساییانەی لە بارەی هاوشانیی زمانی کوردی و عەرەبی لە دەستوور و یاساکارپێکراوەکانی عێراقی فیدڕاڵدا چەسپێنراون.
بە نموونە لە ماددەی (4)، بڕگەی یەکەمی دەستووری عێراقدا بە ڕوون و ڕاشکاوی هاتووە: زمانی کوردی شانبەشانی زمانی عەرەبی، زمانی ڕەسمییە لە دەوڵەتدا.
هەروەها لە یاسای ژمارە (7)ی ساڵی 2014 کە تایبەتە بە زمانە ڕەسمییەکانی عێراق و دەقەکەی لە ژمارە (4311)ی ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراق لە شوباتی 2014 بڵاوکراوەتەوە و لە ماددەی سێیەمی یاساکەدا زۆر بە ڕوونی هاتووە، “زمانی عەرەبی و زمانی کوردی دوو زمانی ڕەسمین لە عێراقدا”.
لە یاساکەدا، نەک تەنیا زمانی کوردی و عەرەبی هاوشانن، بەڵکوو حکوومەت و دامەزراوە فیدڕاڵییەکان پابەند کراون بەوەی مامەڵەی یەکسان لەگەڵ زمانی کوردی بکەن و کار بۆ پێشخستن و گەشەپێدانی زمانەکە بکەن و لە نووسراوەکانی دەوڵەتدا، وەک یەک بەکاربهێنرێن.
گرنگە هەموو لایەک چاوکراوە و هۆشیار بین لە ئاست ئەو پێشێلکارییە دەستووری و یاساییانەی بەرانبەر بە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان دەکرێن. نەک تەنیا مافە سیاسیی و دارایی و یاساییەکان، بەڵکوو مافە کەلتووری و ڕۆشنبیریی و فەرهەنگییەکانیشمان دەبێت بپارێزین و بە پشتبەستن بە دەستوور و یاسا کارپێکراوەکانی فیدڕاڵی ڕووبەڕووی هەر هەوڵێکی نایاسایی ببینەوە، کە دژایەتی کەلتوور و فەرهەنگ و زمانی کوردی دەکات.
- بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان



