
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ پێویستە داواکار کە لە دادگا داوا تۆمار دەکات، دەبێت دوو مەرجی سەرەکی تێدا هەبێت ئەوانیش (داواکە لە پسپۆڕی دادگای فیدڕاڵی بێت و نەچێتە پسپۆڕی دادگاکانی تر، داواکار خاوەنی بەرژەوەندی بێت لە داواکەدا). ماوەیەکە هەر داوایەک کە لەلایەن پەرلەمانتارەوە لە دادگای فیدڕاڵی تۆمار کرابێت، وەکوو لە کوردەوارییدا دەڵێن “بێ دوودڵی و بێ سێ و دوو”، داواکەی ڕەت دەکرێتەوە و دەنووسن: داواکار خاوەنی بەرژەوەندی نییە (بە عەرەبی دەڵێن؛ عەدەم ئیختیساس).
ئەم مەسەلەیە چییە و بۆچی وای لێهاتووە؟ لە ساڵی ٢٠١٨ پەرلەمانی عێراق بۆ ڕاپەڕاندنی ئیش و کارەکانیان، بەپێی دەسەڵاتی دەستوورییان قانوونی ئەنجوومەنی نوێنەران ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠١٨یان دەرکرد. هەریەک لە حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک پارێزەر تانەیان لە ژمارەیەکی زۆری ماددەکانی قانوونی پەرلەمان لە دادگای فیدڕاڵی کردووە، یەکێک لە خاڵەکان کە تانەیان لەسەری دابوو، ماددەی (٦) بڕگەی دووەمی قانوونی ئەنجوومەنی نوێنەران بوو، کە دەڵێ: ئەندام پەرلەمان بە خاوەنی بەرژەوەندی و مافی خەڵک دادەندرێت، چونکە نوێنەرایەتی سەد هەزار خەڵک دەکات و مافی هەیە لە جیاتی ئەوان لە بەردەم دادگاکان نوێنەرایەتی بکات و داوای دادبینی بکات. داواکار گوتوویەتی، ئەمە پێچەوانەی ماددەی (١٩) بڕگەی دووەمی دەستوورە، کە دەڵێ: “مافی دادبینی، مافێکی دابینکراوە بۆ هەموو خەڵک”. هەروەها ئەمە دژی ماددەی (٦١)ی دەستوورە، کە دەسەڵات و پسپۆڕی پەرلەمانی دیاریکردووە؛ ئەوانیش “دەرکردنی قانوون و چاودێریکردنی جێبەجێکردنی قانوون)ە. بە کورتییەکەی سکاڵاکاران دەڵێن: ئەندامی پەرلەمان مافی سکاڵاکردنی لە دادگای فیدڕاڵی نییە، چونکە خاوەنی بەرژەوەندی نییە و کاری ئەو تەنها قانوون دەرکردن و چاودێریکردنی جێبەجێکردنی قانوونەکانە. پەرلەمانتار بریکاری یاسایی خەڵک نییە و خاوەنی بەرژەوەندی نیتە، هەتاوەکوو لەبری خەڵک، خۆی بکات بە بریکاری یاسایی.
دادگای فیدڕاڵی ئەم داوایەی قبووڵکردووە و بە بڕیاری ژمارە (١٤٠) یەکخراوەکان ١٤١/ فیدڕاڵی/ ڕاگەیاندن: ٢٠١٨ بڕیاریداوە کە ماددەی (٦) بڕگەی دووەم لە قانوونی ئەنجوومەنی نوێنەران کە باسمانکرد، دژی دەستوورە و پەرلەمانتار خاوەنی بەرژەوەندی نییە و ناتوانێ لە دادگا شکات بکات.
ئێستا دادگای فیدڕاڵی، پاش چەندین ساڵ گەڕاونەتەوە سەر ئەم قەرارە و و دەڵێن: پەرلەمانتار خاوەنی بەرژەوەندی نییە و داواکەی ڕەتدەکەنەوە. لە ڕاستیدا پاش ئەم هەموو ساڵە بۆچی ئێستا دادگا ئەم بڕیارەی ساڵی ٢٠١٨ جێبەجێ دەکات؟
لە ڕاستیدا ژمارەیەک پەرلەمانتار، بۆ خۆدەرخستن و خۆبەپاڵەوانکردن هەموو ڕۆژێک لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵایان دەکرد، ئەوەندەی لە دادگای فیدڕاڵی بوون، ئەوەندە لە هۆڵی پەرلەمان نەبوون، لەلایەکی تر، جێگیریی سیاسی و چەسپاندنی قانوونی بۆ مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی پاشاگەردانی کە هەر ڕۆژەی بڕیارێک دەردەچوو، پێویستی دەکرد دادگای دەستووریی سنوورێک بۆ ئەم دیاردەیە دابنێت.
خاڵێکی گرنگتر، ئەندام پەرلەمان پارێزەر نییە، کاری پارێزەرایەتی پیشەیەکی سەربەخۆیە و پێی دەڵێن دادوەریی ئەهلی، مەرج و ڕێسای خۆی هەیە، هەر بۆیە ژمارەیەک پارێزەر لە پاڵ سەرۆکوەزیران سکاڵاکار بوون، لە ڕاستیدا نازاندرێت هەتاوەکوو کەی دادگای فیدڕاڵی لەسەر ئەو بڕیارەی سور دەبێت، بەڵام ئێستا دادگای فیدڕاڵی کار بەو بڕیارەی سەرەوە دەکات.




