
د. نیکۆلا ئەشرەف شاڵی
ئەمریکا ئەو هێزانەی خۆی کە لە ڕۆژانی ڕابردوو بەهۆکاری ئەمنی و بە پاڵنەری ستراتیژی لە بنکەکانی (عەین ئەسەد و ڤیکتۆریا) جێگۆڕکێی پێکردوون، بەهیچ جۆرێك ئاڕاستەی بنکەی (هەریر)ی نەکردوون بەمەبەستی مانەوەیان و کارێکی لەو جۆرەش ناکات و نەیکردووە، بەڵکوو ڕاستەوخۆ ئەو هێزانەی بردووەتە بنکەکانی (تەنەف، تاوەری٢٢- T22، عەدید).
لەهەمان کاتدا، پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان لەوپەڕی خراپیدایە، بەجۆرێك جگە لە ئۆفیسی سەرەکی هەماهەنگی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزمی جیهانی داعش، سەرجەم لقەکانی تری بۆ تەنسیق کردن و هەماهەنگی ڕاگیراون.
پەیوەندییەکانی هەرێم (چ وەك حکوومەت یان حزب) لەگەڵ ئەمریکا لەوپەڕی خراپیدایە، کە بەدرێژایی (٣٤) ساڵی ڕابردوو دۆخی خراپی لەو جۆرەی بەخۆیەوە نەدیوە و هەرێم هاوشێوەی عێراق، ئیستا دۆخی ئەمنی لە زۆنی پرتەقاڵیدایە.
باشوری کوردستان، بە هەڵەی ستراتیژی سەرکردە سیاسییەکانی (بەبێ جیاوازی) گەورەترین دەرفەت و قۆناغی زێڕینی خۆی لەدەستدا، لە سەروو هەموویانەوە ئەگەری گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووك (لانیکەم لەم قۆناغەدا کە گفتوگۆکان بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن ئەمریکاوە ڕاگیران).
ئێمە زۆر هاوارمان کرد حەکیمامە مامەڵە بکەن و جەمسەرگیری مەکەن، تەنانەت ئەمجارە شەفاعەت و پەیوەندییەکانی بەڕێز (مەزڵوم عەبدی) و نێوەندگیرییەکانیشی لەلای ئەمریکییەکان فریامان ناکەوێت.
ئەمانە و چەندین بابەت و پێشهاتی تر، تەنها لەبەر هەستیاری بابەتەکە و پەیوەندیداری بە ئاسایشی نەتەوەییمان نایانخەمەڕوو.
تێبینی؛
– هەواڵی چەواشەکاری هەیە لەسەر بەهێزی پێگەی هەرێمی کوردستان، بۆیە ئەم بابەتەم خستەڕوو.
– بنکەی تەنەف، دەکەوێتە سێ کوچکەی سنوری نێوان سووریا و عێراق و ئەردەن.
– بنکەی تاوەری ٢٢ (T22) دەکەوێتە ئەردەن.
– بکەی عەدید، دەکەوێتە قەتەر.



