سیاسی
ئاراستەکان

ئازادی لە بەرژەوەندی گەشەسەندندایە

ئامارتیا سێن

لە ئینگلیزییەوە: د. هیوا مەجید خەلیل

 

لەم ساڵانەی دوایدا، شتێک لەبارەی تیۆری گشتی، پەیوەندی لە نێوان ئازادیی سیاسیی و بوژانەوەی ئابووریی، لە لایەن لی کین یو سەرۆک وەزیرانی پێشوی سەنگاپور خرایەڕوو. لی لە ستایشکردنی سوودە گریمانەکراوەکانی دەوڵەتی ڕەق (the hard state) بۆ دەستەبەرکردنی گەشەسەندنی ئابوریی، بە تەنیا نییە و ئەم بیرۆکەیە مێژوویەکی دوورودرێژی لە ئەدەبیاتی گەشەسەندندا هەیە. تەنانەت ڕەشبینییەکانی گۆنار میردال (Gunnar Myrdal) لە وتاری ‘درامای ئاسیایی’دا، لەبارەی ئەو شتەی کە ئەو بە دەوڵەتی نەرم ناوی دەبات، سەرکەوتنی سیاسەتی وشک بۆ بەدیهێنانی ئابوورییەکی باش، شرۆڤە کراوە.

ئەگەرچی ئەو ڕاستییەی کە هەندێ وڵاتی خاوەن سیستەمی ستەمکاری وەک سەنگاپور لە ژێر فەرمانڕەوای لی، یان کۆریای باشور لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی فەرماندە سەربازییەکان، یاخود چین لەم ساڵانەی دواییدا، بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی وەک هیند و کوستاریکا و جامایکا کە خاوەن دەسەڵاتی کەمتر ستەمکار بوون، سەنگاپور ئاستی بوژانەوەی ئابووری باشتری بەخۆوە بینیووە. سەرەڕای ئەمەش، وێنەکە زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە لەم ڕوانینە سادەیەی سەرەوەدا دەرنجامگیری بکەین. لێکۆڵینەوە ئامارییە سیستێماتیکەکان، بەڵگەیەکی ئەوتۆ بۆ پشتگیریی لەو ڕوانگەیە کە لە نێوان کارایی ئابووریی (economic performance) لە لایەک و مافە مەدەنییەکان لە لایەکیترەوە دژ بوونێک هەیە، ناخەنەڕوو. لە ڕاستیدا بیرمەندانی وەک پارتا داسگۆپتا، عەباس پورگرامی و سورجێت بهارا بەڵگەنامەی بەهێزیان خستووەتەڕوو سەبارەت بە کاریگەری ئەرێنی مافە سیاسیی و مەدەنییەکان لەسەر پێشڤەچوونی ئابووریی. کۆمەڵێک توێژەری تر نموونەی جیاوازیان سەبارەت بەم پەیوەندییە خستووەتەڕوو. لە کاتێکدا هەندێ توێژەری وەک ژۆن هێلوێل ئاماژە بەوە دەکەن کە بەپێی ئەو زانیارییانەی تا هەنووکە لەبەردەستن ‘لێدوانی خۆشبینانە لەسەر دەرەنجامە گشتییەکانی [دیموکراسی] ئاماژەن بەوەی کە دیموکراسی کە لە ڕووکەشدا بەهایەکی سەربەخۆی لە کاریگەرییە ئابوورییەکانی هەیە، پێشبێنی دەکرێت کە بەدیهاتنەکەی تێچووی کەمتری هەبێت بە بەراورد لەگەڵ ئەو بوژانەوە ئابوورییانەی کە لە دوای دیموکراسی دێت’. لە گشت ئەم بەڵگەنامانەدا شتێکی وەها نەدۆزراوەتەوە کە پشتگیری لە گریمانەکانی لی کوان یو بکات، کە ئەم گریمانەیە پشتبەستراوە بە پێکدادانی نێوان مافە سیاسییەکان و کارایی ئابووری.

بیرۆکەی گشتی (general thesis) کە ستایشی دەوڵەتە ڕەقەکان دەکەن نە تەنیا بە دەست ئەزموونگەراییەکی هەرەمەکی (casual empiricism) دەناڵێنێت، کە بەسەر چەند نموونەیەکی هەڵبژێردراودا تاقیکراوەتەوە، بەڵکو لە دەست لێکجیاوازیی چەمکیشەوە (conceptual discrimination) دەناڵێنێت. مافە سیاسیی و مەدەنییەکان فرە چەشنن و دەستێوەردانی دەسەڵاتخوازانەش چەندین شێوازیان هەیە. هەڵەیە کۆریای باشور و کۆریای باکور پێکەوە لەسەر دەستدرێژیکردنە سەر مافە سیاسییەکان بەراورد بکەین و یەکسان هەژماریان بکەین؛ ئەگەرچی هەر دوو سیستەم چەندین جار پێشێلی ئەم مافانەیان کردووە. ئەو توندوتیژییەی کە پارتە سیاسییەکان لە کۆریای باشور ڕووبەڕووی بوونەوە، لەگەڵ سەرکوتکردنی پارتە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە کۆریای باکور بەراورد ناکرێت. هەندێک لە ڕژێمە دەسەڵاتخوازەکان، جا چەپگەرا بن یان ڕاستگەرا، وەک ڕژێمەکانی زەئیر، سودان، ئەسیۆپیا و خومێرە سورەکانی کەمبۆدیا، زۆرتر دژایەتی مافە سیاسییەکان دەکەن، نەک ئەو رژێمانەی دەسەڵاتخواز کە بە ڕژێمی ڕاستگەرا ناودەبردرێن.

 

هیچ بەڵگەیەک لەبەردەست نییە بۆ سەلماندنی ئەم گریمانەیە کە ئەم سیاسەتە ئابووری و کۆمەڵایەتییانە لەگەڵ دیموکراسیدا تەریب نەبوونە، یاخود بۆ بەردەوامبوون و درێژخایەنی ئەم سیاسەتانە پێویستی بە دەسەڵاتێکی ستەمکار (دەسەڵاتخواز) لە کۆریای باشوردا هەبووە

 

سەرەڕای ئەمەش پێویستە خوێندنەوەیەکی وردتر بۆ پرۆسەی هەڕەمەکی (casual process) بکەین، کە بووەتە بناغەی گشتبێژییە باوەکان سەبارەت بە کاریگەری دەسەڵاتخوازی لەسەر بوژانەوەی ئابووریی (prosperity). لەم سەرەدەمەدا دەتوانین بە باشی لەو پرۆسانە تێبگەین کە بوونەتە هۆی سەرکەوتنی ئابووری وڵاتێکی وەک کۆریای باشور. هۆکاری جۆراوجۆر لەم سەرکەوتنەدا بەشداربوونە؛ بۆ نموونە کەڵک وەرگرتن لە بازارەکانی جیهان، کرانەوە بەرەو ڕکابەرێتی، بەرزی ئاستی خوێندەواری، چاکسازیی لە دابەشکردنی زەویی كشتوکاڵی (land reform)، دابینکردن و پشتگیری هاندەرە دیاریکراوەکان (selective incentives) بۆ هاندانی بوژانەوە و هەناردەکردن. هیچ بەڵگەیەک لەبەردەست نییە بۆ سەلماندنی ئەم گریمانەیە کە ئەم سیاسەتە ئابووری و کۆمەڵایەتییانە لەگەڵ دیموکراسیدا تەریب نەبوونە، یاخود بۆ بەردەوامبوون و درێژخایەنی ئەم سیاسەتانە پێویستی بە دەسەڵاتێکی ستەمکار (دەسەڵاتخواز) لە کۆریای باشوردا هەبووە.

گرنگی بنچینەیی مافە سیاسییەکان، سەرەڕای هەندێ بانگەشە لە بارەی کاریگەری نەرێنی ئەم مافانە لەسەر کارایی ئابووری، لەبەین ناچێت. لە ڕاستیدا، لە بارودۆخێ بێبەشی ئابوورییدا، پەیوەندییە ئامرازییەکان (instrumental connections) دەتوانێت ڕۆڵێکی ئەرێنی بە مافە سیاسییەکان بدات. وەڵامدانەوە یان وەڵامنەدانەوەی حکوومەت [لە کاتی لێپێچینەوە لەسەر چۆنیەتی کارکردەکانی] و چۆنیەتی وەڵامدانەوە بۆ پێداویستییە سەرەکییەکان و کارەساتەکان، پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ بوون یان نەبوونی گوشار خستنەسەر حکوومەتەوە هەیە. خودی ئەم گوشار خستنەسەر یان نەخستنەسەر حکوومەت گرێدراوە بە بەکارهێنانی مافە سیاسییەکان، واتە گرێدراوە بە بەکارهێنانی مافی دەنگدان، مافی ڕەخنەگرتن و مافی ناڕەزایی دەربڕین. بۆ نموونە، گرفتی برسێتی بێننە بەرچاو؛ من لە بابەتێکیتردا هەوڵمداوە بە بەڵگەوە بیسەلمێنم کە بوون و بەکارهێنانی ئازادی و مافە سیاسییە جۆراوجۆرەکان وەک مافی ڕادەربڕین دەبیتە هۆی دوورکەوتنەوە لەم جۆرە کارەساتە ئابوورییانە بە شێوەیەکی ئاسانتر. لە ڕاستیدا یەکێک لە خەسڵەتە مێژووییەکانی نەبوونی برسێتی ئەوەیە کە هیچ کات نەمانبینیوە قاتوقڕیەکی کوشندە لە وڵاتێکی خاوەن ڕێکاری دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندنی ئازاددا ڕووبدات. ئەم قاتوقڕییە لەم جۆرە کۆمەڵگایانەی کە لە خوارەوە ئاماژەی پێدەدەین، سەریهەڵداوە؛ واتە لە کۆمەڵگا پاشایەتییە کۆنەکاندا، لە سیستەمی دەسەڵاتخوازی نوێدا و لە کۆمەڵگا خێڵەکییە سەرەتاییەکاندا، لە دیکتاتۆرییە تەکنۆکراتەکانی مۆدێرندا، لە ئابوورییە کۆڵۆنیاڵیەکاندا کە لە لایەن ئیمپریالیستەکانی باکوری گۆی زەوی بەڕێوە دەبردران، لە وڵاتە تازە سەرهەڵداوەکانی باشوری گۆی زەوی، کە لە لایەن سەرکردە میللییە ستەمکارەکانەوە یاخود لە لایەن تاک حزبێکی نالێبوردەوە فەرمانڕەوای دەکرێن.

بەڵام قاتوقڕی هیچ کات لە وڵاتێکدا سەریهەڵنەداوە کە بە سەربەخۆیی و بە ڕێکوپێکی هەڵبژاردنەکان بەڕێوە دەبات. وڵاتێک کە ئۆپۆزسیۆنی ڕەخنەگری هەیە. وڵاتێک کە ڕێگە بە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن دەدات بە ئازادانە زانیارییەکان بگوازنەوە و بەبێ سانسۆرێکی لە ڕادەبەدەر، عەقڵانی بوونی بڕیارەکانی حکوومەت بخاتە ژێر پرسیارەوە.

 

دەنگدان و قاتوقڕی (voting and famine)

ئایا ئەم پەیوەندییە مێژووییە لە نێوان ئازادی سیاسیی و نەبوونی قاتوقڕی پەیوەندییەکی هۆکارەکییە یاخود پەیوەندییەکی بە ڕێککەوتە (accidental connection)؟ کاتێک دەبینین وڵاتانی دیموکراسی دەوڵەمەندتر و لە کارەساتەکانی برسێتی و کارەساتەکانیتر بە دوورن، ئەو ئەگەرە لە ئارادایە کە پەیوەندی لە نێوان ئازادییە سیاسییە دیموکراتیکەکان و نەبوونی قاتوقڕی لەوانەیە پەیوەندییەکی دەستکرد (bogus correlation) بێت. سەرەڕای ئەمەش نەبوونی قاتوقڕی لە وڵاتانی دیموکراتیکی وەک هیند و زیمبابوی و بۆتسوانا دەبینرێت. لەم میانەیەدا دەکرێت باس لەو شتە بکەین کە بە بەڵگەی کاتی (intertemporal evidence) ناودەبردرێت. واتە کاتێک کە وڵاتێک لە قۆناغی ڕاگوزەر بەرەو دیموکراسی دەرباز دەبێت. هیند تا ساڵی سەربەخۆیی لە ١٩٤٧دا، تووشی گرفتی برسێتی بوو. دواین قاتوقڕی کە گەورەترین قاتوقڕی بوو، قاتوقڕی بەنگال بوو لە ساڵی ١٩٤٣دا، کە دوو تا سێ ملیۆن کەس گیانیان لەدەست دا. لە دوای سەربەخۆییەوە بۆ بونیاتنانی سیستەمێکی دیموکراتیک و فرە پارتی، سەرەڕای کێماسی زۆر لە بەرهەمهێنان و دورینەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و کەمی کاڵا خۆراکییەکان، لە ساڵانی ١٩٦٨، ١٩٧٣، ١٩٧٩ و ١٩٨٧، ئەو جۆرە برسێتییە زۆر و قوڵەی کە جاران ڕووی دەدا، ڕووی نەدایەوە.

 

بوونی ڕاگەیاندنی ئازاد و ئۆپۆزیسۆنی سیاسیی چالاک باشترین سیستەمی ئاگادارکردنەوەی لە ناکاون (early warning system) بۆ ئەو وڵاتەی کە ڕووبەڕووی مەترسی برسێتی دەبێتەوە.

 

بۆچی دەبێ ئێمە وەها پێشبینی بکەین کە پەیوەندییەکی گشتی لە نێوان دیموکراسی و ڕوونەدانی قاتوقڕیدا لە ئارادایە؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە کارێکی سەخت نییە. برسێتی دەبێتە هۆی کوشتنی ملیۆنان کەس لە ئاستی جیهاندا، بەڵام نابێتە هۆی لە ناوبردنی کاربەدەستان. پاشا و سەرۆک کۆمارەکان، بۆرۆکرات و بەڕێوەبەرە پلە بەرزەکان، فەرماندەکانی سوپا، هیچ کات تووشی برسێتی نابن. هەر بۆیەش ئەگەر هەڵبژاردنی گشتی لە ئارادا نەبێت، ئەگەر پارتە سیاسییەکان لە پانتایی سیاسەتدا بوونیان نەبێت، ئەگەر شوێنێک بۆ ڕەخنەگرتنی سیاسیی و دوور لە سانسۆر بوونی نەبێت، کەواتە دەسەڵاتداران هیچ ترسێکیان نییە لە لێپیچینەوەیان سەبارەت بە شکستیان لە ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانی قاتوقڕی. لە هەمبەر ئەمەدا، لە سیستەمی دیموکراسیدا تاقمی دەسەڵاتدار و سەرکردە سیاسییەکان ناچارن بەرپرسیارێتی کردەوەکانیان لە ئەستۆ بگرن. هەروەها گەیاندنی زانیاری بابەتێکی گرنگە. ڕاگەیاندنی ئازاد و پیادەکردنی دیموکراسی کاریگەری زۆری لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەو زانیارییانە دەبێت کە دەبنە ڕێگر لە سەرهەڵدانی برسێتی و قاتوقڕی. زانیارییەکانی وەک ڕاستییە بەرچاوەکانی بەدواهاتەکانی وشکەساڵی و لافاو. چەمک و کاریگەرییەکانی بێکاری گرنگن. یەکەمین سەرچاوەی زانیاری سەبارەت بە سەرهەڵدانی برسێتی و مەترسییەکانی، بریتین لە کەناڵەکانی هەواڵدەری؛ بە تایبەتیش ئەگەر بێتوو هەمان هاندەرەکانی بڵاوکردنەوەی زانیاری کە لە سیستەمی دیموکراسیدا هەن، لە ئارادا بیت. ئەویش لە پێناو خستنەڕووی ئەو زانیارییانەی کە حکوومەت تووشی گرفت دەکات و حکوومەتە نادیموکراسییەکانیش حەز لە سانسۆرکردنیان دەکەن. لە ڕاستیدا من لەو بڕوایەدام کە بوونی ڕاگەیاندنی ئازاد و ئۆپۆزیسۆنی سیاسیی چالاک باشترین سیستەمی ئاگادارکردنەوەی لە ناکاون (early warning system) بۆ ئەو وڵاتەی کە ڕووبەڕووی مەترسی برسێتی دەبێتەوە.

 

هێڵە ونبووەکانی ماو (Mao’s missing link)

دەکرێت بە ڕەچاوکردنی وڵاتی چین وەکو نموونەیەک و سەرهەڵدانی قاتوقڕی بەرفرەوان لەم وڵاتەدا لە نێوان ساڵانی ١٩٥٨-١٩٦١، پەیوەندی لە نێوان مافە سیاسییەکان و پێداویستییە ئابوورییەکان بۆ ڕێگری لە سەرهەڵدانی برسێتی (famine prevention) دیاری بکەین. تەنانەت پێش چاکسازییە ئابوورییەکانی ئەم دواییانەش، چین لە ڕووی گەشەسەندنی ئابوورییەوە زۆر لە هیندستان سەرکەوتووتر بوو. بۆ نموونە، ئاستی ئۆمێد بە ژیان لە چین زۆر پێشتر لە هیند بەرزبوویەوە. پێش چاکسازی ئابووری لە ساڵی ١٩٧٩دا، تێکڕای ئاستی تەمەن بۆ ٧٠ ساڵ بەرزبووەوە. لەگەڵ ئەمەشدا، تا هەنووکەش چین ناتوانێت ڕێگری لە سەرهەڵدانی برسێتی بکات. قاتوقڕی ساڵانی ١٩٥٨-٦١ بووە هۆی گیان لە دەستدانی نزیکەی ٣٠ ملیۆن کەس. واتە ١٠ قات زۆرتر لەو برسێتییە گەورەیەی هیند کە لە ساڵی ١٩٤٣دا ڕوویدا. سیاسەتی بازدانی گەورە بۆ پێشەوە (great leap forward) کە لە ساڵی ١٩٥٠ لە چین جێبەجێ کرا، شکستێکی گەورە بوو. بەڵام سەرەڕای ئەمەش نەک تەنیا حکوومەتی ئەوکاتەی چین دانی بە شکستی خۆی نەنا، بەڵکو بۆ ماوەی سێ ساڵیتر و بە شێوەیەکی دۆگمایی درێژەی بەم سیاسەتە کارەساتبارە دا.

 

نەبوونی سیستەمێکی ئازاد بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی و هەواڵەکان تەنانەت دەبێتە هۆی بەلاڕێدابردنی خودی حکوومەت. لەم شێوازەدا، حکوومەت بڕوا بە پڕوپاگەندەی تایبەت بە خۆی دەکات

 

سەختە ئەم جۆرە سیاسەتە لە وڵاتێکدا ڕووبدات کە خەڵک بە ڕێکوپێکی بەرەو سندوقەکانی دەنگدان دەچن و ڕاگەیاندنی ئازاد بوونی هەیە. بە درێژایی ئەم ڕووداوە کارەساتبارە، حکوومەتی چین لە لایەن ڕاگەیاندنەوە ڕووبەڕووی هیچ گوشارێک نەبووەوە، چونکە خودی ڕاگەیاندن لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتدا بوون. ڕاگەیاندنی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنیش بوونی نەبوو، چونکە خودی ئەم پارتانە دەرفەتی بوونیان پێ نەدرابوو. نەبوونی سیستەمێکی ئازاد بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی و هەواڵەکان تەنانەت دەبێتە هۆی بەلاڕێدابردنی خودی حکوومەت. لەم شێوازەدا، حکوومەت بڕوا بە پڕوپاگەندەی تایبەت بە خۆی دەکات، کە لە ڕێگەی ڕاپۆرتەکانی دوور لە ڕاستی و لە لایەن بەرپرسە ناوچەییەکانی حزب ئامادە کراون، کە بۆ وەرگرتنی پلە و پایە لە دەسەڵاتدارانی پەکین، ململانێی یەکتر دەکەن. هەرەوها بەڵگە هەن کە لەو کاتەی قاتوقڕی بەوپەڕی خۆی دەگەشت، دەسەڵاتدارانی چین لەو بڕوایەدا بوون کە ئەوان خاوەن سەد ملیۆن مەتری سێجار، دانەوێڵەی پاشەکەوتکراون. خودی ماو کە زۆر بە ڕادیکاڵانە پشتگیری لە سیاسەتی بازدانی گەورە بۆ پێشەوەی دەکرد، کاتێک کە زانی ئەم سیاسەتەی چین تووشی شکست بووە، دانینا بە گرنگی ڕۆڵی زانیاری بەخشینی سیستەمی دیموکراسی.

لە ساڵی ١٩٦٢، کاتێک کە قاتوقڕی گیانی ملیۆنان خەڵکی وەرگرت، ماو لە ناو گردبوونەوەی حەفت هەزار کادیری حزبەکەیدا ڕایگەیاند، کە بەبێ بوونی دیموکراسی [لە ڕاگەیاندندا]، ئێوە نازانن کە چ شتێک ڕوودەدات، بارودۆخەکە تەمومژاوییە، ئێوە ناتوانن بیر و بۆچوونی تێروتەسەلی گشت لایەنەکان بزانن، ئەگەر هیچ پەیوەندییەک لە نێوان کاربەدەستانی سەرەوە و خوارەوەی حزبدا بوونی نەبێت. دامەزراوە (offices) باڵاکانی سەرکردایەتی بۆ بڕیاردەرکردن لەسەر بابەتەکان پشت بە زانیاری یەک لایەنە و نادروست دەبەستن [واتە لە خوارەوە بۆ سەرەوە]، هەر بۆیەش سەختە کە مرۆڤ لە بێلایەنی (subjectivist) دووربکەوێتەوە و سەختە کە یەکبوونێک لە تێگەیشتن و یەکبوونێک لە کارکردندا بێتەدی و لە ئەنجامدا سەختە ناوەندگەرایی ڕاستەقینە دەستەبەر بکرێت.

پشتگیریی ماو لەم چوارچێوەیەدا بۆ دیموکراسی زۆر سنوردارە. ماو تەنیا جەخت لەسەر لایەنی زانیاری بەخشین دەکات و ڕۆڵی هاندەرانەی دیموکراسی پشتگوێ دەخات. ئەمەو سەرەڕای چاوپۆشینی لە گرنگی خودی جەوهەری دیموکراسی. لەگەڵ ئەمەشدا، ئەوە گرنگە کە خودی ماو درکی بەوە کرد، کە تا چ ڕادەیەک سیاسەتی کارەساتباری کاربەدەستان، هەڵقوڵاوی نەبوونی زانیاری بووە، کە لە زۆربەی سیستەمە دیموکراسییەکاندا دەکرێت ئەم زانیارییانە دەستەبەر بکرێن.

 

سیاسەتی فەرمی چین پشتبەستراو بووە بە بەفەرمی ناساندنی گرنگی هاندەرە ئابوورییەکان بەبێ داننان بە گرنگی هاندەرە سیاسییەکان

 

ئەم بابەتە تا هەنووکەش لە وڵاتی چین هەر بەردەوامە. لە چاکسازیی ئابووری ساڵی ١٩٧٩ بەدواوە، سیاسەتی فەرمی چین پشتبەستراو بووە بە بەفەرمی ناساندنی گرنگی هاندەرە ئابوورییەکان بەبێ داننان بە گرنگی هاندەرە سیاسییەکان. کاتێک کە گشت شتەکان بە باشی بەڕێوە دەچن، لەوانەیە گرنگی زۆر بە ڕۆڵی دیسپلینکاری دیموکراسی نەدرێت. بەڵام کاتێک کە هەڵەی سیاسیی گەورە ئەنجام دەدرێت، نائامادەیی ئەم ڕۆڵە کارەساتبار دەبێت. پێویستە لە ژیر ڕۆشنایی ئەم بابەتەوە، خوێندنەوە بۆ گرنگی هەبوونی بزاڤە دیموکراتیکەکان لە وڵاتی چیندا بکەین.

 

کارەساتەکانی ئەفریقیا

نموونەکانی دی بریتین لە وڵاتانی خوارووی بیابانی ئەفریقیا (sub-Saharan Africa)؛ یاخود ئەو وڵاتانەی کە لە سەرەتای ساڵانی ١٩٧٠ بە دواوە تووشی کارەساتی قاتوقڕی بوونەتەوە. کۆمەڵێک فاکتەر بەشدارن لەم قاتوقڕییەدا؛ بۆ نموونە، کاریگەرییەکانی ئێکۆلۆژی، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، کاریگەرییەکانی سەر ڕادەی بەرهەمهێنانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، دەرەنجامە نەرێنییەکانی جەنگە شاراوە و چەکدارییەکان. بەڵام خودی ناوەڕۆکی سیستەمی ستەمکاری/دەسەڵاتخوازی زۆرێک لە سیستەمە سیاسییەکانی وڵاتانی خوارووی بیابانی ئەفریقیا، پەیوەندی بە ڕوودانی قاتوقڕی بەردەوامەوە هەیە.

 

ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانانی ئامادەبوون پشتگیری لە هەر حکوومەتێکی نادیموکراتیک بکەن ئەگەر ئەم حکوومەتانە لە دژی کۆمیۆنیزم وەستا بووانەوە. تا چ ئاستێک حکوومەتەکە دژی یەکسانخوازیی بێت هیچ گرنگ نەبوو

 

بزاڤە نەتەوەخوازەکان دژی کۆلۆنیالیزم بوون، بەڵام لایەنگری سیستەمی دیموکراسیش نەبوون. تەنیا لەم ساڵانەی دواییدا پێداگری لەسەر بەها دیموکراسییەکان، تا ڕادەیەک ڕێزی سیاسیی (political respectability) بۆ وڵاتانی خوارووی بیابانی ئەفریقیا هێناوەتەدی. لەم کەشوهەوا سیاسییەدا، جەنگی ساردیش بە هیچ شێوەیەک یارمەتیدەر نەبوو. ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانانی ئامادەبوون پشتگیری لە هەر حکوومەتێکی نادیموکراتیک بکەن ئەگەر ئەم حکوومەتانە لە دژی کۆمیۆنیزم وەستا بووانەوە. تا چ ئاستێک حکوومەتەکە دژی یەکسانخوازیی بێت هیچ گرنگ نەبوو. یەکێتی سۆڤیەت و حکوومەتی چین، خۆ لە خۆدا حکوومەتی ستەمکار بوون. کاتێک لە وڵاتانی دژە کۆمۆنیست، پارتە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکان قەدەغە کران و ڕاگەیاندنی ئازاد سەرکوت کرا، ناڕەزایەتییەکی زۆر کەمی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتدا لێکەوتەوە. هیچ کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات کە هەندێ لە حکوومەتەکانی کیشوەری ئەفریقیا، تەنانەت لە سیستەمە تاک پارتییەکانیشدا، نیگەرانی زۆریان لە ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانی برسێتی هەبووە. بۆ نموونە، وڵاتێکی بچووکی وەک کیپ ڤێرد (Cape Verde) و تانزانیا. لەگەڵ ئەمەشدا، نەبوونی ئۆپۆزسیۆن و سەرکۆتکردنی ڕاگەیاندنی ئازاد، ئەم جۆرە حکوومەتانەیان لەبەرانبەر گوشاری سیاسیی و ڕەخنەی کۆمەڵایەتی پاراست و ئەم حکوومەتانە سیاسەتی نامرۆڤانەیان گرتەبەر.

زۆرجار وەها هزر دەکرێت کە قاتوقڕی بۆ کۆمەڵگایەک بە میرات ماوەتەوە و ڕوودانی کارەساتەکان دەخرێتە ئەستۆی هۆکارە سروشتییەکان و غەدری وڵاتانیتر. وڵاتانی وەک سودان، ئەسیۆپیا، ئۆگاندا، چاد و وڵاتانی کەناری ئەفریقیا (Sahel countries) باشترین نموونەن لەسەر ئەوەی کە چۆن شتەکان بە خێرایی ڕوودەدەن ئەگەر پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی ڕێکخراو و ڕاگەیاندنی ئازاد بوونی نەبێت. بۆ نموونە، وڵاتی سۆماڵ بە درێژایی چەندین دەیە لە لایەن دەسەڵاتێکی توندوتیژخواز و ستەمکار و لاوازکردنی پرۆسەی سیاسیی نەزمدار، فەرمانڕەوایی کراوە.

 

شكستی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی پەیوەندی بە سیاسەتی گشتییەوە هەیە؛ سیاسەتی وەک دیاریکردنی نرخی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە لایەن حکوومەتەوە

 

ئەمەش بەو مانایە دێت کە هەمیشە قاتوقڕی لەم وڵاتانەدا پەیوەندی بە شکستخواردن لە بەرهەمهێنانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانەوە نییە. کاتێک کە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی تووشی شکست دەبێت، نەتەنیا کاریگەریی نەرێنی بەسەر دابینکردنی خۆراکەوە هەیە، بەڵکو کەرتی دامەزراندن و ئامرازەکانی بژێوی ژیانیش لەناودەبات. لەگەڵ ئەمەشدا، ئەم شکستە پەیوەندی بە سیاسەتی گشتییەوە هەیە؛ سیاسەتی وەک دیاریکردنی نرخی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە لایەن حکوومەتەوە، سیستەمی ئاودێری و توێژینەوەی کشتوکاڵی. تەنانەت ئەگەر بەرهەمهێنانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیش تووشی شکست ببێتەوە، دەکرێت لە ڕێگەی گرتنەبەری سیاسەتێکی عاقڵانەی دابەشکردن ڕێگە لە سەرهەڵدانی برسێتی بگیرێت. بۆ نموونە، لە بۆتسوانا بەرهەمهێنانی خۆراکی بە ڕێژەی ١٧٪ کەمی کردووە. لە ساڵانی نێوان ١٩٧٩-٨١ و ١٩٨٣-٨٤دا، زامبیا ڕێژەی بەرهەمهێنانی خۆراکی بە ڕێژەی ٣٨٪ کەمی کرد. لە هەمان ڕێککەوتدا، سودان و ئەسیۆپیا بە ڕێژەی ٢٪ تا ١٢٪ ئەم کەمکردنەیان بەخۆوە بینی. سودان و ئەسیۆپیا بە ڕێژەیەکی کەمتر، کەمی بەرهەمهێنانی خۆراکیان بینی، بەڵام ڕووبەڕووی ئاستێکی بەرزتری سەرهەڵدانی قاتوقڕی بوونەوە. کەچی بوتسوانا و زامبیا تووشی ئەم قاتوقڕییە نەبوونەتەوە. هۆکارەکەش بریتی بوو لە گرتنەبەری سیاسەتی گونجاو بۆ ڕێگریکردن لەم کارەساتە. هەروەها بوونی سیستەمێکی دیموکراسی و ڕاگەیاندنێکی کەمتر سانسۆرکراو، ئەم جۆرە سیاسەتانەی کاریگەرتر کرد. ئەگەر حکوومەتەکانی زامبیا و بۆتسوانا لەم سیاسەتەدا شکستیان هێنابا، ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان دەبوونەوە. لە بەرانبەردا، حکوومەتی سودان و ئەسیۆپیا ئەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنەیان نەبوو کە ڕووبەڕووی ئەم بەرتەسکییانەی دیموکراتیک ببنەوە.

 

هەندێ مەرج (Some Qualifications)

بە خستنەڕووی ئەم جۆرە ئارگیۆمێنتانە، مەترسی زیادەبێژی لەسەر کارایی دیموکراسی لە ئارادایە. ماف و ئازادییە سیاسییەکان، وەک سوودی ئاسانکارییەکان (permissive advantages) هەژمار دەکرێن و کارایی ئەم سوودانەش پەیوەستن بە چۆنیەتی جێبەجێکردنیان. سیستەمە دیموکراسییەکان لە ڕێگریکردن بۆ سەرهەڵدانی کارەساتەکان زۆر سەرکەوتووبوونە و ئەم بابەتەش بە ئاسانی درکی پێدەکرێت. سەرکەوتنێک کە هەستی هاوخەمی، ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت. لەگەڵ ئەمەشدا، کۆمەڵێک کێشەی تر هەن کە چارەسەرکردنیان زۆر ئاسان نییە. ئەگەرچی حکوومەتی هیند لە ڕیشەکێشکردنی قاتوقڕی سەرکەوتنێکی بەرچاوی تۆمار کرد، بەڵام بە هەمان ئاست سەرکەتوو نەبووە لە نەهێشتنی بەدخۆراکی؛ یاخود سەرکەوتوو نەبووە لە چارەسەرکردنی کێشەی نەخوێندەواری و کەمکردنەوەی نایەکسانی ڕەگەزیی. لە کاتێکدا کە دۆخی ناڵەباری قاتوقڕی دەتوانرێت زۆر بە ئاسانی بە سیاسی بکرێت، بەڵام ئەم چەشنە بێبەشکردنەی خەڵک، پێویستی بە شرۆڤەکردنی قوڵتر و وردتر هەیە. ئەم کارەش پێویستی بە باشتر بەکارهینانی ڕاگەیاندنی جەماوەی (mass communication) و بەشداریی سیاسیی هەیە. بە پوختی، پێویستمان بە ڕاهێنانی زۆرتر لەسەر سیستەمی دیموکراسی هەیە.

 

بێبەشکردنێکی لە ڕادەبەدەر لە دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، پەروەردە و ژینگەی گونجاوی کۆمەڵایەتی بۆ ئەفرو-ئەمریکییەکان بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی مردنیان

 

دەکرێت ئەم شکستە لە زۆرێک لەو وڵاتانەی کە دیموکراسی تێدا بە کامڵبوون گەیشتووە، ببینین. بۆ نموونە، بێبەشکردنێکی لە ڕادەبەدەر لە دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، پەروەردە و ژینگەی گونجاوی کۆمەڵایەتی بۆ ئەفرو-ئەمریکییەکان بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی مردنیان. ئەمریکییە ڕەش پێستەکان چانسی کەمتریان لە ڕووی تێکڕای ڕێژەی تەمەن درێژییەوە نە تەنیا بە بەروارد لەگەڵ ئەمریکییە سپی پێستەکان، تەنانەت بە بەراورد لەگەڵ وڵاتیانی چین، سریلانکا و هەرێمی کێرالا (Kerala)ی هیند هەیە. ئەمەو سەرەڕای نزمی داهاتی تاکەکەسی لەم وڵاتانەدا، بەڵام گەلی ئەم وڵاتانە بە بەراورد لەگەڵ ڕەش پێستەکانی ئەمریکا، باشتر دەستیان بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان دەگات. تەنانەت لە ناو خودی ئەمریکییە ڕەش پێستەکانیشدا، هەندێ گرووپ لە ئەوانیتر بێبەشترن. دانیشتووانی ڕەگەزی نێر لە شاری هارلێم (Harlem) نەک تەنیا بە بەراورد لەگەڵ گرووپە هاوشێوەکانیان لە چین و سریلانکا و کێرالا شانسی کەمتریان بۆ زیندوومانەوە هەیە، تەنانەت لە دوای پیاوە بەنگلادیشییەکانیش دێن کە تێکڕای ڕێژەی تەمەن ٣٠ ساڵە.

بەهەرحاڵ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە لە میانەی سیستەمی دیموکراسیدا، تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە کردەنیکردنەوەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، گفتوگۆی جەماوەری و ئاڵوگۆڕکردنی بۆچوونەکان، دەستگەیشتن بە زانیاریی و پێشنیازە کۆنکرێتییەکان. بە دڵنیاییەوە کێشەکانی تایبەت بە بڕیاردان لەسەر دیارکردنی ئامرازەکانی پێویست بۆ ڕیشەکێشکردنی ئەم بێبەشکارییە، هەر بەردەوام دەبێت. تا هەنوکەش حەقیقەتی نەبوونی چارەسەری تەندروستی بۆ زۆرێک لە دانیشتووانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، لە سیاسەتەکانی ئەم وڵاتەدا دەبینرێت و پێویستی بە هەندێ هەنگاوی خێرا هەیە. هەمان هەنگاو بۆ وڵاتانی هەژاریش پێویستە بگرێتەبەر.

 

مافی کەمینەکان

پێویستە دان بەوەدا بنێین کە هەندێ گرفت لەبەردەم هێنانەدی دیموکراسیدا، پەیوەندی بە هەندێ جۆری تایبەت بە بێبەشکردنەوە هەیە؛ بە تایبەتیش لە ڕووی دابینکردنی پێداویستی کەمینەکان. پێویستە بزانین تا چ ڕادەیەک کەمینەیەک لە کۆمەڵگایەکی دیاریکراودا، هەست بە هاوخەمی دەکات زۆرتر لەوەی کە هەست بە بێگانەبوون بکات. کاتێک کەمینەیەک لە کۆمەڵگادا دەبێتە گرووپێکی جیاواز و پەراوێزخراو، لەوکاتەدا سەختە کە هاوخەمی زۆرینەی کۆمەڵگا بەدەست بهێنیت. لەم دۆخەدا ڕۆڵی بەرگریکارانەی دیموکراسیش زۆر بەرتەسک دەبێتەوە. بۆ نموونە، ناکارامەیی سیاسەتی هەڵبژاردن لە دابینکردنی ماف سیاسی و خۆشگوزەرانی بۆ گرووپە جوداخوازەکان بێننە بەرچاو، بە تایبەتیش سەبارەت بەو گرووپانەی کە ئامرازی تیرۆریستی بەکاردێنن یاخود پشت بە یارمەتی دەرەکی دەبەستن. ئەم نموونەیەش، لە نموونەی هیند و کەشمیردا بە ڕوونی بە دیار دەکەوێت. بەڵگەکان پێشێلکردنی مافە مەدەنی و ئازادییە تاکە کەسییەکان لە لایەن سوپای هیندەوە دەخەنەڕوو. نائومێدی کەشمیرییەکان هیچ کاریگەریی لەسەر زۆربەی هیندییەکان دروست نەکردووە. تەنانەت موسڵمانەکانی هیندیش کە لە سەرووی سەد ملیۆن کەسن هیچ جۆرە پشتگیریان لە مافی موسڵمانانی کەشمیر نەکردووە. جۆرە تەنگژەیەکیش لە نێوان موسڵمانانی جوداخوازی کەشمیر و موسڵمانانی تری وڵات کە بڕوایان بە ئیندیماج هەیە، لە ئارادایە. تەنانەت لە مۆدێلی ‘تیوری هەڵبژاردنی عەقڵانی’دا، کە مرۆڤ بە خۆ-بەرژەوەندیخواز (self-interest) ناودەبات، سەختە کەمینەکان ڕازی بکرێن کە دابینکردنی پێداویستییەکانیان بە دەنگی زۆرینەوە گرێدراوە.

 

نائومێدی کەشمیرییەکان هیچ کاریگەریی لەسەر زۆربەی هیندییەکان دروست نەکردووە. تەنانەت موسڵمانەکانی هیندیش کە لە سەرووی سەد ملیۆن کەسن هیچ جۆرە پشتگیریان لە مافی موسڵمانانی کەشمیر نەکردووە

 

ئەم ڕەشبینییە تا ڕادەیەک شایانی پاساو بۆ هێنانەوەیە. تەنانەت ئەفریقییە ئەمریکییەکانیش ئەوە دەزانن کە ڕەش پێستەکان کەمینەیەکی بچووک لە دانیشتووانی ئەمریکا پێکدێنن. سیاسەتەکانی حکوومەتیش تا ئێستا بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی ئەم هەستە نییە و ئەم سیاسەتانە زۆرتر جەخت لەسەر بابەتەکانی بە سیاسیکراو دەکەنەوە و ئەو کەسانە بە خۆوە سەرقاڵ دەکات کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بەم بابەتەوە نییە. لە هەر وڵاتێکدا قوربانیانی برسێتی کەمینەیەکی بچووک پێکدێنن (٥٪ تا ١٠٪ دانیشتووان). کارایی دیموکراسیش لە ڕێگریکردن لە برسێتی پشتبەستراوە بە ڕادەی بە سیاسیکردنی کارەساتی قوربانیانی برسێتی. ئەم بە سیاسیکردنەش لە میانەی پڕۆسەی مشتومڕی جەماوەرییەوە دروست دەبێت کە دەبێتە هۆی هێنانەدی هاوبەندی سیاسیی (political solidarity). بێزاری دەربڕین لە بەرانبەر گیان لە دەستدان بەهۆی برسێتیەوە، دەبێتە هۆی جوڵاندنی هەستی ئەو مرۆڤانەی کە لە کارەساتی برسێتی دوورن.

 

دانیشتووان و ئازادی

لە ناو وڵاتانی لە دۆخی گەشەسەندندا، وڵاتی چین خۆی جیا کردووەتەوە بە بەکارهێنانی سیاسەتی زۆرلێکردن بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی دانیشتووان. ئەم سیاسەتەش لە هەندێ ناوچە لە ڕێگەی سیاسەتی تەنیا یەک منداڵ و لە هەندێ ناوچەی تریش لە ڕێگەی پەیڕەویکردنی سیاسەتی ئاسایشی کۆمەڵایەتی (social security) و مافە ئابوورییەکان وەک دابینکردنی خانوو و ڕۆڵی حکوومەت لە دیاریکردنی ژمارەی لە دایکبوون بەرزبووەتەوە. زۆرێک ستایشی ئەم سیاسەتە دەکەن و حکوومەتی چین لە کەمکردنەوەی ژمارەی دانیشتووان سەرکەوتوو بووە. زۆرجار ئەمەش بە سیاسەتی زۆرلێکردن (coercion) هەژمار دەکرێت. لە چین ڕێژەی لە دایکبوون بۆ ١٩ لە دایکبوون لە ١٠٠٠  کەسدا کەم بووەتەوە و زۆر کەمتریشە بە بەراورد لەگەڵ هیندستان، ٢٩ لە دایکبوون لە هەر ١٠٠٠ کەسدا. لە وڵاتە هەژارەکانی تردا ٣٧ کەس بە ١٠٠٠ کەسە.

لە ناوخۆی هیند گۆڕاوی زۆر هەن تا لە ڕێگەیانەوە ژمارەی دانیشتووان دیاری بکرێت. گۆڕاوەکان پەیوەندیان بە ڕێژەی مردنی منداڵ و ئاستی خوێندەواری و بە تایبەتیش خوێندەواری ئافرەتانەوە هەیە. هەرێمی کێرالا کە ٣٠ ملیۆن دانیشتووی هەیە، دانیشتووانی لە هیی کەنەدا زۆرترە. بەرزترین ئاستی ئومێد بە ژیان (life expectance) (سەرووی حەفتا ساڵ و ژنان حەفتا و چوار ساڵ، واتە زۆرتر لە چین) و بەرزترین ئاستی خوێندەواریش لە هیند لە کێرالایە و بەرزتریشە لە چین. لە کێرالا ڕێژەی لە دایکبوون لە میانەی چەند دەیەی ڕابردوودا تا ئاستێکی بەرچاو کەمی کردووە. ٤٤ کەس لە هەر ١٠٠٠ کەس لە ساڵانی ١٩٥٠دا بۆ ١٨ کەس لە هەر ١٠٠٠ کەس لە ساڵی ١٩٩١دا. ئەم ڕێژەیەی کەمی لە دایکبوون، تەنانەت کەمتر لە هیی چین، لە ڕێگەی گرتنەبەری سیاسەتی چاودێری ڕێگە نەدان بە لە دایکبوون یاخود پێشێلکردنی ئازادییە تاکەکەسییەکان لە بارەی پرسی منداڵ و لەدایکبوون بەدی نەهاتووە؛ بەڵکو لە ڕێگەی گرتنەبەری سیاسەتی خۆبەخشانەی ڕاهێنان وەک مافی خێزان لە سەربەخۆی لە پلانداڕشتندا بەدیهاتووە.

 

سیاسەتی زۆردارەکی چین لە کەمکردنەوەی ڕێژەی لەدایکبوون بە قەدەر سیاسەتی هەماهەنگی کێرالا سوودمەند نەبووە.

 

سەرەڕای ئەمەش، کاتێک چین لە ساڵی ١٩٧٩دا، سیاسەتی تەنیا یەک منداڵی گرتەبەر، لەو سەردەمەدا تێکڕای لە دایکبوون لە کێرالا، ٣٪ بوو و لە چین ٢.٨٪. لەو کاتەوە تا سەرەتای ١٩٩٠ەکان، ڕێژەی لەدایکبوون لە چین لە ٢.٨٪ بۆ ٢٪ کەم بووەتەوە و لە بەرانبەردا لە کێرالا لە ٣٪ بۆ ١٨٪ کەمی کردووە. سیاسەتی زۆردارەکی چین لە کەمکردنەوەی ڕێژەی لەدایکبوون بە قەدەر سیاسەتی هەماهەنگی کێرالا سوودمەند نەبووە.

گۆڕان لە هەرێمی کێرالادا، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەری هاندەرە کۆمەڵایەتی و  ئابوورییەکان بە ئاراستەی جەختکردنە سەر خیزانی قەبارە بچووک. بەم شێوەیەش ڕێژەی مردنی منداڵان نزم بووەتەوە و دەرفەت بەخشین بە بەرنامەی داڕشتنی خێزان لە لایەن خودی خێزانەکانەوە بە بەرنامەی چاودێری تەندروستی پێکەوە گرێدراون. هەروەها ئەم تێگەیشتنەش سەریهەڵداوە کە خێزانی مۆدێرن پێویستی بە کەمکردنەوەی ڕێژەی لەدایکبوون هەیە. ئەم تێگەیشتنەش بەبێ پەروەردە و فێرکردن و گفتوگۆی ڕۆشنبیرانە مومکین نییە، بە تایبەتیش بۆ ئافرەتان. سەرهەڵدانی مەیلی سەرقاڵ نەبوون بە بەخێوکردنی منداڵ، بەشێکە لە پرۆسەی دروستکردنی سەربەستانەی بەها و پێشخەرییەکانی مرۆڤ. سەپاندنی سیاسەتی زۆرلێکردن، کۆنترۆڵکردنی ڕێژەی لەدایکبوون بە شێوازی زۆردارەکی کاتێک سەرهەڵدەدات، کە بۆچوونی دەوڵەت لەبارەی پێداویستییە سەرەکییەکان، لەگەڵ بۆچوونی خێزانەکان جیاواز بێت.

 

ڕوانگەی تەقلیدی لە بە باشتر زانینی کوڕ (son preference) وەڵامدانەوەیەکی توندڕەوانەی کۆنترۆڵکردنی لە دایکبوونی لە وڵاتی چین لێکەوتەوە. ئەم وەڵامدانەوەیە بریتی بوو لە کوشتنی منداڵانی ڕەگەز مێ یاخود پشتگوێخستنی منداڵانی ئەم ڕەگەزە

 

ئەگەرچی ڕێژەی لەدایکبوون لە چین تەنیا کەمێک زۆرترە لە ڕێژەی لەدایکبوون لە کێرالا، بەڵام یەکێک لە دەرەنجامەکانی زۆرلێکردنی حکوومەت بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی لەدایکبوون بریتی بوو لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن لە نێوان منداڵانی ڕەگەزی مێ، واتە ڕێک بە پێچەوانەی دەرەنجامەکانی کێرالا. ڕوانگەی تەقلیدی لە بە باشتر زانینی کوڕ (son preference) وەڵامدانەوەیەکی توندڕەوانەی کۆنترۆڵکردنی لە دایکبوونی لە وڵاتی چین لێکەوتەوە. ئەم وەڵامدانەوەیە بریتی بوو لە کوشتنی منداڵانی ڕەگەز مێ یاخود پشتگوێخستنی منداڵانی ئەم ڕەگەزە.

دەبێت ئەم دەرەنجامە ترسناکە لە چوارچێوەی بە دواهاتەکانی کۆمەڵگای داخراو ڕەچاو بکرێت کە تێدا بەبێ هیچ مشتومڕێکی ڕۆشنگەرانە و کراوە لەسەر پێداویستییە تاکەکەسی و ئابوورییەکان، کۆنترۆڵکردنی ڕێژەی لەدایکبوون بەدیهات. لە کاتێکدا کە چین و کێرالا لە ڕووی مردنی منداڵ لە ساڵی ١٩٧٩دا لە یەک ئاستدا بوون، ڕێژەی مردنی منداڵان لە کێرالا لە سەرەتاکانی ١٩٩٠دا بۆ ١٧ کوڕ و ١٦ کچ لە هەر ١٠٠٠ کەسدا دابەزی. بەڵام ئەم ڕێژەیە بۆ چین لە هەمان سەردەمدا بریتی بوو لە بەرزی ڕێژەی مردنی منداڵ (نە تەنیا ڕەگەزی مێ، بەڵام بە تایبەت ئەم ڕەگەزە) لە دەرەنجامی سیاسەتی بە زۆر پلاندانان بۆ ڕێکخستنی خێزانی بوو. مافە سیاسییەکان نە تەنیا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی مرۆڤ پێویستە، بەڵکو بۆ داڕشتنی ئەم پێداویستییانەش زەرورە.

لە کۆتاییدا، ئەم بیرۆکەیش بۆ ئەو ڕێزگرتنە دەگەڕێتەوە کە ئێمە وەک بوونەوەری مرۆڤ لە یەکتر دەگرین. ویلیام کابوت (William Cabbot) ئەوە دەخاتەڕوو کە ”ئێمە لەم ڕۆژگارەدا گوێبیسی ئەوە دەبین کە چینی کرێکار بە هاووڵاتی هەژمار دەکرێن. هەر وەک چۆن ئێمە ئاژەڵەکانی ناو کێڵگە بە سەرمایە (The stock) هەژمار دەکەین”. گرنگی مافە سیاسییەکان بۆ تێگەیشتن لە پێداویستییە ئابوورییەکان، پێویستە لەو چوارچێوەیەدا درک بکرێت کە ئادەمیزاد بریتییە لە خەڵکی خاوەن ماف و مافدار لە پیادەکردنی ئەم مافانە، نە وەک بەشێک لە دارایی یاخود دانیشتووانی وشک کە ناچالاکن و پێویستیان بە چاودێری هەیە. لە کۆتاییدا ئەو شتەی گرنگە، بریتییە لەوەی کە ئێمە چۆن یەکتر دەبینین.

 

سەرچاوە:
AMARTYA SEN: Freedom Favors Development
New Perspectives Quarterly, v13 p23-7, Fall ’96

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...