سیاسیشرۆڤه‌كه‌لتوور
ئاراستەکان

سەرژمێریی و دیمۆگرافیا

زانستی دیمۆگرافیا بە گشتی وەها دەبینرێت کە زانستێکە بەرەی چەپ خۆی لێ بە دوور دەگرێت. بۆیە باسکردنی دیمۆگرافیا بە گشتی وەک زانستێکی ڕاست-ڕەویی دەبینرێت. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە نابێت قسە لە سەر دیمۆگرافیا بکەین.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دەبیستم لە کوردستان داوا دەکرێت کە خەڵک منداڵی زیاد بکات، وەک وەڵامێک بۆ زۆریی منداڵی کۆمەڵگای عەرەبی. دیارە ئەم داوایە هەر لە سەرەتاوە شکستخواردووە، چونکە زیادکردنی منداڵ پەیوەندی بە زۆر هۆکارەوە هەیە.

 

لە مێژوودا کۆمەڵگای کشتوکاڵی پێویستی بە دەستی کاری بێبەرانبەر بووە، بۆیە منداڵ لە کۆمەڵگای کشتوکاڵیدا وەک ئامراز یان کارکەر دەبینرێت، ناڵێم کرێکار، چونکە چەمکی کرێکاریی سەر بە کۆمەڵگای پیشەسازییە.

 

لە کۆمەڵگای کشتوکاڵیی و شوانکاریدا کۆمەڵگاکان پێویستان بە دەستی کاری زۆر هەیە بۆ زۆر کاری کەمدەرامەت، وەک شوانکاری، بەرەلەوان، گاوان، وەرزێر، بژار و ئاودێری و زۆر کاری تر.

 

ئەم خواستە ژیارییە، نیمچە-ئابوورییە وەک پاش پیادەکردنی بە دەیان سەدە دەبێت بە کەلتوور. کەلتوور لێرەدا یانی پیادەکردنی ئەو کردانەی کە بەبێ بیرکردنەوە وەک سروشتی یان نۆرم پیادەی دەکەیت.

 

لە گواستنەوە بۆ کۆمەڵگای پیشەسازیی و پاش-پیشەسازی ڕۆڵی منداڵ گۆڕا. لە کۆمەڵگای پیشەسازیدا منداڵ بە ڕێژەی زۆر پێویست نییە، چونکە کۆمەڵگای پیشەسازی شارییە. شار شوێنی کشتوکاڵ نییە. بەڵام هێشتا لە کۆمەڵگایەکی نیمچە پیشەسازی وەک کۆمەڵگای ئێمەدا منداڵ وەها دەبینرێت کە جۆرێکە لە دڵنیایی نەک تەنها لە ڕووی ئابوورییەوە، بەڵکو هەروەها لە ڕووی کۆمەڵایەتی و دەروونیشەوە. بە تایبەتی کاتێک دەزگا دەوڵەتییەکان یان بوونیان نییە یان تەواو لاوازن.

 

بەڵام لە کۆمەڵگای پاش پیشەسازیدا منداڵ وەک پرۆژە دەبینرێت. لە ئەوروپا زۆر دەبیستم کە پێگەیاندنی منداڵێک چەندی تێدەچێت. دیارە ئەم تێچوونە هەتا بێت زیاتر دەبێت کاتێک دابینکردنی خوێندنی باش و گەیشتن بە ستاتۆی باڵا و هەوڵدان بۆ سەرکەوتن لە ژیاندا هەموو پێویستی بە پارەی زۆرە، وەک قوتابخانەی تایبەت، یان نیشتەجێبوون لە گەڕەکی گرانبەها، یان خوێندن لە زانکۆ باڵاکان.

 

ئەمانە هەموو هۆکارن بۆ کەمبوونەوەی منداڵ.

 

ئێستا لە ڕۆژئاوا منداڵبوون بووە بە پرسێکی سیاسی. ڕاستڕەو داوای منداڵی زۆر دەکات، بەڵام بڕواناکەم کاریگەری ئەوتۆی هەبێت.

 

لە کوردستان کۆمەڵگای عەرەبی هێشتا لە دۆخی کشتوکاڵیدایە. هێشتا بە زۆری ئافرەت بوونەوەرێکی خزمەتچی پیاوە، هەروەها لە کاتێکدا بەشاربوونێکی خێرا ڕوودەدات بە هۆکاری ژینگە، لە دەرئەنجامدا هەڵاوسانێکی زۆر لە ژمارەی دانیشتوواندا دەبێت. بەڵام چاوەڕوان دەکرێت هەتا ٢٠٥٠ دانیشتووانی عێراق بەردەوام لە زۆربووندا بن. ئەمە بە تایبەتی دۆخی کەلتووریی عێراق زیاتر بۆ پاشەوە دەڕوات. لەم دۆخەدا کوردستان باری لاسەنگ دەبێت.

 

لە دونیادا چەند مۆدێلێک هەیە، بۆ نموونە لە باکووری ئیتاڵیا، لەو ناوچەیەی کە بە زمانی ئەڵمانی قسە دەکەن، هەر ئیتاڵییەک بیەوێت بێت لەوێ کار بکات، دەبێت زمانی ئەڵمانی فێربێت.

 

لە هەمانکاتدا دەکرێت فیدڕاڵیەت تۆکمەتر بکرێت، لە ئاستی ناوەوەی کوردستان و هەروەها لە بەغدا.

 

بەڵام لە هەمانکاتدا لە سەر پڕۆژەی دەوڵەتی عێراقی وەستاوە. لەم سەرژمێرییەدا عێراق بە مۆدێلی تورکیای ئەتاتورکی دەڕوات بەوەی هەموو کەسێک عێراقییە. تەنها دەتوانرێت خاوەن شوناسی ئایینی بیت، بۆ نموونە کەسێکی مەسیحی و ئێزدی دەتوانن ئایینی خۆیان تۆمار بکەن، بەڵام تایفە ناتوانرێت. ئەمە لە ڕاستیدا دیدێکی کۆنی عوسمانییە. جیاوازییەکە تەنها ئەوەیە کە ئایینی جیاوازە.

 

عێراقی سەردەمی ئینگلیز هەمیشە عێراقێکی فرەیی بووە. پاش ئینگلیز پڕۆژەی یەکبوونی عێراق لە هەموو ئاستێکدا کاری لە سەر کراوە. بۆ نموونە ئەگەر لە زاخۆوە هەتا فاو بڕۆیت دەبینیت باڵەخانەی سەردەمی ڕژێمی پێشوو هەیە کە هەموویان یەک ڕەنگ و یەک دیزانیان هەیە، سەرباری جیاوازی زۆری جوگرافیای شاخاویی و بیابانی عێراق، بەڵام دەسەڵاتی ناوەندی سیاسەتی سڕینەوەی جیاوازی بووە، نەک لە پێناو یەکسانی بەڵکو لە پێناو لەبیرچوونەوە.

 

سەرباری ئەوە، ئابووری کرێخۆری مرۆڤی کوردی تێکشکاند، لە ئەنجامدا عەقڵی کرێخۆری دروست کرد. عەقڵی کرێخۆریی وەلائی تەنها بۆ خاوەن کرێیەکە هەیە، یان خاوەن هیچ وەڵائێک نییە.

سه‌ردار عه‌زیز

لێکۆڵەر و رۆژنامەڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button