سیاسیكۆمه‌ڵایه‌تی
ئاراستەکان

ساڵانه‌ ٧٥٠٠ كۆرپه‌ ده‌بنه‌ قوربانی سیاسه‌تی قێزه‌ونی ئێران

زێدپرێس

 

بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە ئێراندا لە سەردەمی سەفەوییەوە و لەگەڵ په‌ره‌سه‌ندنی چاندنی خەنەبەردا بڵاوبووەوە. تا سەردەمی مەلیک تەهماسبی یەکەم، به‌كارهێنانی حەشیش و تلیاک لە ئێران وەک نۆرمێک قبوڵ دەکرا و لای خەڵک و لە قاوەخانەکان و لە دەرباری شانشینی سەفەویدا باو بوو. لە سەردەمی قاجاردا به‌ پشتیوانی حكوومه‌ت، بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، لە ئێران زیادی کرد، به‌جۆرێك، كه‌ به ‌فه‌رمی خەنەبەر لە ١٨ پارێزگای ئێران ده‌چێنرا و لە ئێران حەوت جۆر تلیاک به‌رهه‌م ده‌هێنرا.

 

چاندن و فرۆشتنی تلیاک لەلایەن حکوومەتەوە تا ساڵی ١٩٤١ و ڕۆیشتنی ڕەزاشا لە ئێران بەردەوام بوو. دوای شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، یاسای تاوانکاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر دەرچوو و چاندنی خەنەبەر لە ئێران ڕاگیرا. یاسای تایبەت بە ماددە هۆشبەرەکان لە ساڵی ١٩٨٩ لە ٤٥ ماددەدا پەسەند کرا، كه‌ سزای له‌ سێداره‌دانی بۆ بازرگانیكردن به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ تێدا جێگیركرابوو، بەڵام بەبیانووی شکستی سیاسەتی به‌رەنگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و بەمەبەستی کەمکردنەوەی سزاکە بۆ کەمتر لە كوشتن، لە ٢٥ی تەمموزی ٢٠١٦، مادەیەک بۆ یاساكه‌ زیادکرا. ئێستاش گفتوگۆ بۆ دابەشکردنی دەرمانی شلکراوی وەک میتادۆن لەلایەن حکوومەتەوە کراوە.

 

به‌پێی داتا و ئاماره‌ فه‌رمی و نافه‌رمییه‌كان، هه‌روه‌ها ڕاپۆرتی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، ڕووی شاراوەی شکستی ئێران لە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەره‌كاندا، بۆ دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی بەرپرسان و کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕه‌ پڕقازانجه‌كه‌ی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

سیاسەتی ئێران لەم بوارەدا فرەڕه‌هه‌ند بووە؛ هەر لە سەرقاڵکردنی گەنجان و کەمکردنەوەی ناڕەزایەتی ناوخۆیی تا ڕێکخستنی هێزە بیانییەکانی سەر بە ئێران، وەک حیزبوڵڵای لوبنان و حەشدی شەعبی عێراق، تا به‌كارهێنانی وەکوو كارتی فشار دژی وڵاتانی ڕکابەر و دژبه‌ری خۆی و به‌تایبه‌ت بۆ په‌ره‌پێدانی پڕۆژه‌ی چه‌كی ناووكییه‌كه‌ی‌. تێچووی ئه‌م سیاسه‌ته‌ قێزه‌ونه‌ش له‌ناوبردنی سه‌رمایه‌ی مرۆیی به‌ تێكدانی شیرازه‌ی بنه‌ماڵه‌كان و ئالووده‌كردنی ملیۆنان تاكی نائاگا و داماوی وڵاتانی قوربانییه‌.

 

ئامارەکان چی دەڵێن؟

لە مانگی ئابی ٢٠٢٠، ناسر ئەسڵانی جێگری بەرپرسی مەڵبەندی کۆنتڕۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکان، ڕای گەیاند: “بەپێی ئامارەکان، دوو ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەسی فەرمی ئالوودەبووی ماددە هۆشبەرەکانمان لە وڵاتدا هەیە، و مەزەندە دەکرێت ملیۆنێک و ٤٠٠ هەزار ئالوودەبووی نه‌ناسراویشمان هه‌بێت.”

فەرزانە سۆهرابی جێگری سەرۆکی “پەیمانگای توێژینەوەی کادراس” و چالاکی بواری توێژینەوەی ماددە هۆشبەرەکان، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە “بەپێی ئامارەکان نزیکەی سێ ملیۆن کەس هەن، کە بەردەوام ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن لە ئێران و نزیکەی ١٠٪یان ژنن.”

بە گوتەی سۆهرابی، گەشەی ئاڵوودەبوون لە ئێران ساڵانە نزیکەی لەسەدا هەشتە، لە کاتێکدا گەشەی دانیشتوان کەمتر لە سەدا ٢یە. هەروەها باسی لەوە کرد کە لە نێوان پێنج بۆ حەوت ملیۆن کەس لە ئێران لانیکەم جارێک ئەزموونی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەریان هەبووە.

Zed Press chart Iran

شارەزایان و ئامارە نافەرمییەکان باس لە کارەساتێکی گەورەتر دەکەن. محەممەدڕەزا مەحبووبفەر پسپۆڕی زیانە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێت: تەمەنی ئاڵوودەبوون لە ئێران گەیشتووەتە هەشت ساڵ، لە کاتێکدا تێکڕای تەمەنی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێراندا بۆ ١٢ ساڵ دابەزیوە. ژمارەی ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران لە ساڵی ٢٠١٠ەوە دوو هێندە زیادی کردووە. ١٤٪ی دانیشتووانی ئێران ئاڵوودەی ماددەی هۆشبەرن و بە ژمارەی دانیشتووانی ئێران کە ٨٥ ملیۆن کەسە، نزیکەی ١٢ ملیۆن ئێرانی ئاڵوودەی ماددەی هۆشبەرن. لەو ژمارەیەش چوار ملیۆن و نیو کەس بەکارهێنەری به‌رده‌وامن.

 

لە لایەکی دیکەوە، حەمیدرەزا سه‌رامی بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی لێکۆڵینەوە و ڕاهێنانی بارەگای دژە ماددەی هۆشبەر لە ئێران ڕای گەیاندووە، کە ساڵانە حەوت هەزار و ٥٠٠ منداڵی ئاڵوودەبوو لە ئێران لەدایک دەبن. بەم شێوەیە نیو له‌سه‌دی ئەو ژنانەی ساڵانە دووگیان دەبن، منداڵێکی ئاڵوودەبوو ده‌خه‌نه‌وه‌.

 

ڕێژه‌ی بەکارهێنان و جۆری ماددە هۆشبەرەکان

بەپێی ئامار و ڕاپۆرتەکان، چوار جۆر بۆ بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران دەستنیشانکراون. شارەزایان پێیان وایە، هێنانەکایەی جۆرە نوێیەکانی مادده‌ی هۆشبه‌ر وه‌كوو سایکێدلیک و مادده‌ هۆشبه‌ره‌ كیمیاییه‌كان، به‌كارهێنانی تلیاکی کەمکردووەتەوە و به‌كارهێنه‌ران زیاتر ڕوویان لە ماریجوانا و كریستاڵ کردووە.

Zed Press chart Iran drugs 3

 

بەپێی ئامارە فەرمییەکان هێشتا تلیاک ٥٣٪ی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان پێکدەهێنێت. له‌ پله‌ی دووەم  سایکێدلیکه‌كان دێن، كه‌ بریتین له‌ حەشیش و گوڵ و ماریجوانا و بەپێی زانیارییەکان لە دەوروبەری ١٢٪دایە. بەکارهێنانی كریستاڵ بە ڕێژەی ٨٪ سێیەمی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانە و پله‌ی چوارەم بە ڕێژەی ٧٪ تایبه‌ته‌ بە هێرۆین.

 

سپای پاسداران و بازرگانی ماددەی هۆشبەر

ئێران یەکێکە لە گرنگترین دەروازەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە جیهاندا و زۆربەی ئەو ماددە هۆشبەرانەی لە وڵاتانی دراوسێ بەرهەم دەهێنرێن لە ڕێگەی ئێرانەوە و لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بە قاچاخ دەگوازرێنەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا.

 

یەکێک لە گه‌وره‌ترین سكانداڵه‌كانی قاچاخی ماددە هۆشبەرەکان لەلایەن سپای پاسدارانی ئێرانه‌وه‌ لە ساڵی ١٩٩٤ لە ئه‌ڵمانیا ئاشکرا بوو؛ ده‌ركه‌وت کۆماری ئیسلامی ئێران، داهاتی فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر لە ئەوروپا بۆ کڕین و قاچاخکردنی کەرەستەی ئەتۆمی لەوانە یۆرانیۆم به‌كارده‌هێنێت، بۆ بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی. ئەم تۆڕە کاتێک ئاشکرا بوو، کە بریکارە نهێنییەکانی ئەڵمانیا وەک کڕیاری ماددە هۆشبەرەکان پەیوەندییان بە بریکارە ئێرانییەکانەوە لە ئەڵمانیا کرد. یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەم تۆڕە قاچاخچییە ماددەی هۆشبەر و ماددەی تیشکدەر، بریکاری پێشووی وەزیری نەوتی ئێران، “حەبیب ئه‌ڵاهیی” بوو.

لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٦ دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا توانیان تۆڕێکی سەر بە سوپای قودسی سوپای پاسداران دەستنیشان بکەن، کە ژمارەیەک تۆڕی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان بۆ یەکێتی ئەوروپا بەڕێوەدەبات. سەرچاوە ئەمنییەکانی ئیتاڵیا ئاشکرایان کردووە کە “ئەم تۆڕە نۆ عێراقی لەخۆگرتبوو کە سەر بە میلیشیای حەشدی شەعبی عێراقی بوون بە سەرۆکایەتی فەرماندەیەکی سوپای پاسداران بە ناوی “غوڵامڕەزا باغبانی” کە ماددەی هۆشبەری بە قاچاخ لە ڕێگەی عێراق و تورکیاوە دەگواستەوە بۆ ئیتاڵیا و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا”.

لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٩، ڕۆمانیا دەستی بەسەر گەورەترین باری ماددەی هۆشبەردا گرت، کە بە قاچاخ لە کەشتییەکدا لە بەندەری لازقییەی سوریاوە، کە لە ژێر کۆنترۆڵی سوپای پاسداراندایە بۆ ئەم وڵاتە گوازرابووه‌وه؛ بڕی دوو هەزار و ٢٥٠ کیلۆگرام مادده‌ی هۆشبه‌ر، بە بەهای ٧١ ملیۆن دۆلار.

 

ڕاپۆرتی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان

لە ڕاپۆرتێکی نهێنی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کە لەلایەن “ویکیلیکس”ەوە بڵاوکراوەتەوە، بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە باکۆ لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٨، باس لەوە کراوە کە “حکوومەتی ئێران بە گەورەترین بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە جیهاندا دادەنرێت”.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، “بڕی ئەو هێرۆینانەی لە ئێرانەوە بە قاچاخ دەهێنرێنە ئازەربایجان لە ساڵی ٢٠٠٩دا گەیشتووەتە ٥٩ تۆ‌ن”.

ئەم بەڵگەنامەیە جەختی لەوە کردووەتەوە کە “ئێران کۆماری ئازەربایجان وەک ڕێڕەوی سەرەکی بۆ گواستنەوەی هێرۆین بۆ ئەوروپا بەکاردەهێنێت”.

لە ئەیلولی ساڵی ٢٠١٠ وەزارەتی دادی ئەمریکا و پۆلیسی فیدراڵی ئەم وڵاتە (FBI) پلانی حکوومەتی ئێرانیان بۆ تیرۆرکردنی باڵیۆزی شانشینی سعودیە لە واشنتۆن ئاشکرا کرد.

کاربەدەستانی ئەمریکی ئاشکرایان کرد، کە سوپای قودس لە ڕێگەی کارتێلەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە مەکسیک و بڕی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلاری داوە، بە مەبەستی تیرۆرکردنی باڵیۆزی شانشینی سعودیە، پیلانی بۆردومانکردنی چێشتخانەیەک لە واشنتۆن جێبەجێ بکات. دوابەدوای ئەوە، لە ئازاری ٢٠١٩، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا “غوڵامڕەزا باغبانی” لە سوپای قودسی سوپای پاسداران وەک قاچاخچییەکی تایبەت بە ماددە هۆشبەرەکان خستە لیستی ڕەشەوە.

 

پەسەندنەکردنی پڕۆژە یاساکانی FATF

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دژایەتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکانی FATF، ملنه‌دانه‌ به‌ وردبینی له‌ ڕۆڵی سوپای پاسداران لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و سپیکردنەوەی پارەی ڕه‌ش.

پێشتر حەسەن ڕۆحانی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران، لە گەرمەی ململانێی دەسەڵات لە نێوان فراکسیۆنەکاندا گوتی: “کاتێک ماددەی هۆشبەر هەبێت، پارەی پیسیش هەیە. ئەم پارە پیسە بۆ کوێ دەڕوات، واتە سپیکردنەوەی پارە لە هەموو گۆشەیەکدا ڕوودەدات.”

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button