سیاسیكۆمه‌ڵایه‌تی
ئاراستەکان

زیاتر لە ١١٠ ملیۆن کەس بەناچاری ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە

زێدپرێس

 

بەگوێرەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئاوارە و پەنابەران، تا ساڵی ڕابردوو، زیاتر لە ١١٠ ملیۆن کەس بەناچاری ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و ئەوەش گەورەترین هەڵکشانی ئاوارەبوونی زۆرەملێیە لە مێژووی  UNHCR لە ماوەی یەک ساڵدا، کە بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا و ململانێ کوشندەکانی دیکەوە بووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەو ١١٠ ملیۆن ئاوارە و پەنابەرە پێکدێن لە:

35.3 ملیۆن پەنابەر

62.5 ملیۆن ئاوارە لە ناوخۆدا

5.4 ملیۆن پەناخواز

5.2 ملیۆن کەس کە پێویستیان بە پاراستنی نێودەوڵەتی هەیە و زۆرینەیان خەڵکی ڤەنزوێلان.

 

ئامارەکان بەپێی هەرێم/وڵات

 

بیابانی ئەفریقا

ناوچەی ڕۆژهەڵات و قۆڕنی ئەفریقا، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢دا میوانداری نزیکەی پێنج ملیۆن پەنابەریان کرد.

هەرێمەکە میوانداری لەسەدا ٢٠ی دانیشتوانی پەنابەرانی جیهانی دەکات و نزیکەی لەسەدا ٨٥ی سەرجەم پەنابەرانی ناوچەکە لە وڵاتانی چاد (٥٩٢ هەزار و ٨٠٠) و کامێرون (٤٧٣ هەزار و ٩٠٠) و نیجەر (٢٥٥ هەزار و ٣٠٠) دەژین.

ململانێکان لە سوودان کە لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣ دەستی پێکرد، بووە هۆی ئاوارەبوونی ٢.٦ ملیۆن کەس لە ناوخۆی سوودان و ٧٣٨ هەزار کەسی دیکە کە تا تەمموزی ٢٠٢٣ بەرەو وڵاتانی دراوسێ هەڵاتوون.

 

ئەمریکای ناوەڕاست و ڤەنزوێلا

لەم ساڵانەی دواییدا، هندۆراس توندوتیژی لەلایەن گرووپە تاوانکارییە ڕێکخراوەکانەوە بەخۆیەوە بینیوە، کە لە ناوخۆدا پێیان دەگوترێت ماراس. ئەلسەلڤادۆر کەمبوونەوەی توندوتیژییە ڕێکخراوەکانی بەخۆیەوە بینیوە.

ژمارەی پەنابەران و خەڵکی ڤەنزوێلا کە ئاوارەی دەرەوەی وڵات بوون لە ساڵی ٢٠٢١ زیادی کردووە و تا کۆتایی ئەمساڵ گەیشتووەتە ٥.٢ ملیۆن کەس.

تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢، بە مەزەندەکردن ٩٦٨ هەزار و ٣٠٠ کەس لە وڵاتانی ئەلسەلڤادۆر، گواتیمالا و هندۆراس لە ناوخۆی وڵاتەکان یان وڵاتانی دراوسێی ئەمریکا ئاوارە بوون یان داوای پەنابەرییان کردووە، هەروەها ٢٤١ هەزار و ٩٠٠ کەس کە وەک دانیشتوانی نیگەران دەستنیشانکراون.

 

ئەوروپا

تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢، ئەوروپا میوانداری یەک لە هەر سێ پەنابەری لە جیهاندا کردووە، کە دەکاتە ٣٦ لەسەد. ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لە ئەوروپا میوانداری دەکرێن، لە حەوت ملیۆن پەنابەرەوە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ بۆ ١٢ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار پەنابەر لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ بەرزبووەتەوە.

  • تورکیا لە پێگەی گەورەترین وڵاتی جیهانە لە میوانداریکردنی پەنابەران و 3.6 ملیۆن پەنابەری تێدایە، کە دەکاتە لەسەدا 10ی سەرجەم ئەو کەسانەی لە سنوورەکانەوە ئاوارە بوون.
  • ئەڵمانیا میوانداری نزیکەی ٢.١ ملیۆن کەسی کرد کە لەسەدا ٦ی سەرجەم پەنابەران لەسەر ئاستی جیهان پێکدێنێت.
  • لە ساڵی ٢٠٢٢دا زیاتر لە ١٥٩ هەزار کەس ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە لە هەوڵی گەیشتن بە ئەوروپا لە ڕێگەی وشکانی و دەریاییەوە؛ زیاتر لە دوو هەزار و ٤٣٩ کەس مردوون یان بێسەروشوێنن.
  • لە بەرانبەر ئەو قەبارە گەورەیەی ئاوارەبوون بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا، وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا پارێزگارییەکی کاتییان بە ملیۆنان پەنابەری ئۆکرانیا بەخشی.

 

عێراق

تا مانگی ئایاری ساڵی 2023، نزیکەی 1.2 ملیۆن عێراقی بەردەوامن لە ئاوارەبوون لە ناوخۆی وڵات و هەروەها وڵاتەکە میوانداری 273 هەزار و 700 پەنابەری وڵاتانی دیکە دەکات.

هەرچەندە گەڕاوەی ئاوارەکانی عێراق کە تا مانگی ئایاری 2023 نزیکەی 4.8 ملیۆن کەسن، بە بەردەوامی ژمارەیان لەو کەسانە زیاترە کە لە ناوخۆدا ئاوارەن، بەڵام زۆرێکیان کێشەیان هەیە بۆ جێگیربوون و هێشتا پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە.

 

باشووری سودان

تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ نزیکەی ٢.٣ ملیۆن پەنابەری باشووری سوودان هەبوون.

تا مانگی نیسانی ٢٠٢٣ زیاتر لە ٩٧٪ی پەنابەرانی باشووری سوودان لە ئۆگاندا، سوودان، ئەسیوپیا و کینیا میوانداری کراون.

بڵاوبوونەوەی توندوتیژی بووە هۆی ئاوارەبوونی نوێی ناوخۆیی لە ساڵی ٢٠٢٢دا، بەوەش کۆی ژمارەی ئاوارەکان بۆ ٢.٢٦ ملیۆن کەس تا مانگی نیسانی ٢٠٢٣ بەرزبووەتەوە.

پەنابەرانی باشووری سوودان بەردەوام بوون لە پێکهێنانی گەورەترین گرووپی گەڕاوەکان و لە ساڵی ٢٠٢٢دا ١٥١ هەزار و ٣٠٠ پەنابەر گەڕاونەتەوە.

 

سووریا

ململانێکان لە سووریا لە ساڵی ٢٠٢٢دا گەیشتە دوازدەهەمین ساڵی خۆی کە زیاتر لە دە ساڵە بەردەوامە.

سوورییەکان نزیکەی یەک لە هەر پێنج پەنابەر لە جیهاندا پێکدەهێنن و ٦.٥ ملیۆن پەنابەریان لە ١٣١ وڵاتدا میوانداری کراون.

13 ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتیی پەنابەر و ئاوارەی سووریا هەن کە زیاتر لە نیوەی کۆی دانیشتووانی وڵاتەکە پێکدەهێنن و تا کۆتایی ساڵی 2022 بە ژمارە 6.8 ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵاتەکەدا ئاوارە بوون.

زیاتر لە سێ لەسەر چواری پەنابەران کە لەسەدا ٧٧ی پەنابەران دەکات، لە وڵاتانی دراوسێ نیشتەجێ بوون لەوانە تورکیا (٣.٥ ملیۆن)، لوبنان (٨١٤ هەزار و ٧٠٠) و ئوردن (٦٦٠ هەزار و ٩٠٠).

 

فریاگوزاری پەنابەرانی ڕۆهینگیا

ڕۆهینگیا کەمینەیەکی موسڵمانی بێدەوڵەتن لە میانمار. زۆرینەی ڕەهای پەنابەرانی ڕۆهینگیا ژن و منداڵن، لەنێویاندا کۆرپە تازە لەدایکبووەکان. زۆر کەسی تریش کەسانی لە بەساڵاچووان کە پێویستیان بە یارمەتی و پاراستنی زیاترە.

لە سەرەتای دەستپێکردنی توندوتیژییەکان لە ساڵی ٢٠١٧ەوە، یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار پەنابەری بێوڵاتی ڕۆهینگیا لە میانمار هەڵاتوون و لەسەدا ٩٠ی پەنابەرانی ڕۆهینگیا لە بەنگلادیش و مالیزیا دەژین.

 

ئۆکرانیا

شەڕی ئۆکرانیا سەرنجی جیهانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە و تا مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٣ زیاتر لە ٥ ملیۆن ئۆکراینی ئاوارەبوون لە ناوخۆی وڵاتەکەیان و ٦.٣ ملیۆنی دیکەش لە سنوورەکانەوە ئاوارە بوون.

زیاتر لە ١٧ ملیۆن کەس لە ناوخۆی ئۆکرانیا پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی بەپەلە هەیە.

 

یەمەن

شەڕ لە یەمەن کە لە ئێستاوە یەکێکە لە هەژارترین وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستییەکانی ساڵانی درێژخایەنی هەژاری و نائەمنیی بە توندی ئاڵۆزتر کردووە.

لە ساڵی ٢٠٢٢دا ژمارەی ئاوارە ناوخۆییەکانی یەمەن گەیشتە ٤.٥ ملیۆن کەس، خێزانە ئاوارەبووەکان ڕووبەڕووی مەترسی سەختی برسێتی بوونەتەوە.

کارەساتە سروشتییەکان ململانێکانیان لە یەمەن گەورەتر کردووە و چەندین جار یەمەنییەکان ناچار دەکەن هەڵبێن.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...