ئەم پڕۆسەیە بە ڕەدع، دیتێرەنس یان چاوترساندن ناسراوە. ئەم ستراتیژییە بەشێک بوو لە سیاسەتی بەرگریی ئەمریکا لە جەنگی سارددا، بە تایبەتی پاش گەشەی چەکی ئەتۆمی. هەبوونی چەکی ئەتۆمی لە لایەن ئەمریکاوە، وەهای لە ئەوانی تر کرد کە بیر لەوە نەکەنەوە هێرش بکەنە سەری. پاشان کە سۆڤیەت بوو بە خاوەن چەکی ئەتۆمی، ترسی وێرانبوونی هەردوولا هاتە ئاراوە. بەمجۆرە جەنگی سارد بوو بە مۆدێلی باوی شەڕ.
ڕەدع یان چاوترساندن لە سەر کۆمەڵێک بنەما بونیادنراوە، کە ترس و گەیاندنی پەیام و نمایش و چۆنێتی تێگەیشتنی ئەوی تر لە مەترسییەکە و توانای ڕێگریی و بەرپەرچدانەوە وەستاوە.
بە ڕای من، ئێستا کۆمەڵێک بنەما هاتوونەتە ئاراوە کە وەها دەکات پرسی دروستکردنی ڕەدعی ئەمریکی سەخت بکات. لە سەرووی هەموویانەوە، هەبوونی سیستەمێکی ڕەدعی ئێرانی ئاڵۆز و بەهێز، کە خۆی لە میلیشیا دۆستەکانیدا دەبینێتەوە، لە هەناو کۆمەڵێک وڵاتی لاوازدا لە ناوچەکە. ئەم سیستەمی میلیشیایە لە سەر سیستەمی هاوتەریب بەڕێوە دەچێت کە یەکەمجار موستەفا چەمران دایهێنا. ئێران لە ڕێگای میلیشیاکانەوە، چەند بنەمایەکی ڕەدع دادەڕێژێت، یەکەم، دروستکردنی مەترسی لە بەرانبەر هەڕەشەی مەترسی. بەو مانایە ئێران ئەوە لە ئاگایی هەر هێزێکدا دروستکردووە کە بیر لە هێرشکردنە سەری بکاتەوە کە دەبێت بیر لە میلیشیاکانی ناوچەکە بکاتەوە، وەک ئەوەی لە پاش شەڕی غەزە دەیبینین؛ ئێران لە پێناوی ئەوەی خۆی لە هێرشی ڕاستەوخۆ بپارێزێت، هەموو میلیشیاکانی لە ناوچەکە خستووەتە گەڕ.
خاڵێکی تر کە پێگەی ئەمریکای لاوازکردووە لە ناوچەکە، گۆڕانی دۆخی سیاسی ناوخۆی ئەمریکا و جیهانە. ئەم گۆڕانکارییانە وەهایانکردووە کە ئەمریکا بیر لە جێهێشتنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوە. لەم پێناوەدا ئەمریکا لە چەند ساڵی ڕابردوودا، چەندین جار هەوڵی ڕۆیشتنی داوە و هەروەها بەردەوام باس لە بە گرنگ نەمانی ناوچەکە دەکات. ئەم دۆخە وەهای لە وڵاتان و هێزەکانی ناوچەکە کردووە کە باوەڕ بە ئەمریکا کەمتر بکەن و بە دوای هێزی تردا بگەڕێن بۆ پشتیوانی. ئەم دۆخە سەرتاپای خزمەت بە پرۆسەی دروستکردنی ڕەدع ناکات، چونکە هێزێک بیەوێت لە ناوچەیەک بڕوات، ناتوانێت بە ئاسانی ڕەدع لای ئەوانی تر دروست بکات.
هۆکارێکی تر کە ڕەدعی ئەمریکی سەخت دەکات، لاوازبوونی دۆستەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکە. جاران تورکیا و ئیسرائیل وڵاتی ئیقلیمی بەهێزبوون لە ناوچەکەدا، بەڵام ئێستا، هەردوو بە دەست کێشەی زۆرەوە دەناڵێنن. تورکیا هەرچی دەکات ناتوانێت دۆخی ئابووری هەستێنێتەوە، ئیسرائیلیش لە پاش شەڕی غەزە ڕووبەڕووی کێشەی زۆر بووەتەوە. ئەمە با ئەوە لەولاوە بوەستێت کە وڵاتانی عەرەبی کە دێتە سەر بواری سەربازی و ئاسایش و داکۆکی لەخۆکردن، لە دۆخێکی تەواو لاوازدان.
لە هەمانکاتدا شەڕی غەزە، ئێستا دۆخێکی وەهای لە شەقامی وڵاتانی ناوچەکە دروستکردووە کە ئەو وڵاتانە بە ئاسانی نەتوانن بەشداری لە هێرشی سەر بە ئێران بکەن. ئەم هۆکارەشە وەهایکردووە کە ئەمریکا بە تەنیا هێرش دەکاتە سەر میلیشیاکان.
لە دۆخێکی وەهادا ئەمریکا هەوڵدەدات مەرجەکانی دروستکردنی ڕەدع بونیادبنێت. هەر سیستەمێکی ڕەدع کۆمەڵێک خەسڵەتی هەیە، کە بە گشتی بریتین لە چڕیی و گەورەیی توانا، توانای گەیشتن و پێکانی ئامانج، هەبوونی نیەت و بوێری دەست وەشاندن، لەگەڵ گەیاندنی پەیام بە لایەنی بەرانبەر.
لێرەدا ڕامانێک لە جۆری چەک و تەقەمەنییەکان کە لە بۆردمانەکەی میلیشیا عێراقی و سوورییەکان بەکارهات جێگای سەرنجە، لە نێویاندا فڕۆکەی بی یەک. ئەم فڕۆکانە کە ڕاستەوخۆ لە تەکساسەوە فڕین، لە ئاسمان بەنزینیان کردووە و پاش ئەنجامدانی بۆمبارانەکە، گەڕاونەتەوە ئەمریکا. لە ڕێگای ئەم نمایشەوە ئەمریکا هەوڵی ئەوە دەدات کە پەیامی توانای خۆی بۆ ئێران و ئەوانی تر بنێرێت. دەیەوێت ئەوە بگەیەنێت کە توانای دەستوەشانی پەیوەست نییە بە بوونی لە ناوچەکە، بەڵکو دەتوانێت لە سەر خاکی خۆیەوە لە ئەمریکا، لە دووری چەندین هەزار کیلۆمەترەوە، بگاتە ئامانجەکانی و بگەڕێتەوە. دیارە ئەو جێگایانەی کە بۆمبارانکرابوون گرنگ نەبوون، بەڵام ئەم پەیامە گرنگ بوو.
بەڵام هەست ناکرێت ئەم پەیامە بەباشی گەشتبێت یان ڕێگربێت لە ڕەدعی ئێران یان ببێتە مایەی گۆڕینی ڕەفتاری. بە تایبەتی کاتێک هێرشەکان لە ناو ئێراندانین و هەروەها نەبوونە هۆکاری کوشتنی هیچ بەرپرسێکی سەربازی یان سیاسی و هەروەها ئامانجیان شەڕ نەبوو.
لێرەدا حەز دەکەم ئاماژە بە ڕەهەندێکی پڕۆسەی چاوترساندن بکەم، ئەویش کەلتوورە. لای ئەمریکاییەکان دەرخستنی هەبوونی توانای سەربازی و تەکنەلۆجی دەبێت وەها لە نەیارەکانی بکات کە ڕەفتاریان بگۆڕن، بەڵام مەرج نییە ئەم پەیامە بە هەمانشێوە لە لایەن ئێرانییەکانەوە وەربگیرێت، بە تایبەتی کاتێک کە کەسایەتییەکانیان و خاک و ڕژێمەکەیان سەلامەتن.
لە کاتێکدا کە ئەمە دەڵێین دەبێت ئەوەش لە بەرچاو بگرین، کە سیستەمی ڕەدعی ئێرانی لە دۆخێکی خراپدایە و هێرشەکانی ئەم دواییانە کۆمەڵێک ئاماژەی گرنگ لەوبارەوە دەدەن. یەکەم، لە کاتێکدا ئەمریکا لە ئامادەکاری هێرشدا بوو ئێران ئامادەبوو بە خۆیدا بچێتەوە و وەها پیشان بدات کە جارێکی تر کاری وەها ناکات، لە ڕێگای فشاری بۆ وەستانی هێرشی میلیشیاکان، داخستنی میدیاکانیان، گەیاندنی پەیامی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کە ئەوان لە پشت کارەکەوە نەبوو. دیارە هەموو دەزانن کە ئێران لە پشت هێرشەکەی سەر ئوردن بوو، بەڵام پاشەکشێ لێی نیشانەی هەڵە و پەشیمانییە.
ئەمە لە کاتێکدا کە ئێستا ئێران خۆی خستە خانەی ئەو وڵاتانەوە کە مەترسی هەیە لە سەر ئەمریکا نەک داواکاریی. هەرچەندە شارەزایەکی ئێرانی ئەوەی دووپات دەکردەوە کە ئێران ناتوانێت دەستبەرداری دژایەتی ئەمریکا بێت، چونکە زیانی زۆر بە ڕیسۆن دی تای (فەلسەفەی بوونی) ڕژێمەکە دەگەیەنێت، بەڵام ئێران دەزانێت کە جگە لە توانای سەربازی توانای سایبەر و هێرشی شاراوە و زۆر ڕێگای تر لە ئارادایە، کە هەتا ئێستا ئەمریکا نەیویستووە، بەڵام لەمەودوا ڕەنگە ناچار بێت، بەمانایەکی تر ئەگەر هەتا ئێستا ڕێسایەک هەبووبێت بۆ شەڕەکە، ئەوا ڕەنگە ڕێساکە گۆڕانکاری بەسەردا بێت.
لایەنێکی تری لاوازبوونی سیستەمی ڕەدعی ئێرانی لەوەدایە کە میلیشیاکانی دۆستی یان لاواز دەبن یان دەخوازن خۆیانی لێ بە دوور بخەنەوە. هەموو دەزانین ئەو میلیشیایانەی کە پارە و بەرژەوەندییان لە عێراقدا هەیە ناخوازن دژ بە ئەمریکا بجەنگن. ئەمەش ئەوە پیشان دەدات هەر کاتێک ئێران لاوازبێت میلیشیاکان هەر زوو خۆیانی لێ بە دوور دەگرن. بە مانایەکی تر پەیوەندییەکە عەقیدەیی و باوەڕیی و دینی نییە، بەڵکو زیاتر بەرژەوەندییە. بۆ نمونە کاتێک ئێران فشاری نەدەکرد، سەرکردەی میلیشیا عێراقییەکان خۆشحاڵ بوون بە پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکادا.
لە هەمانکاتدا هێرشەکانی ئێران بۆ هەولێر و پاکستان دەرخەری ئەوە بوو کە سیستەمی ڕەدعی ئێرانی لە لاوازیدایە و پێویستی بە نمایش و هێرشە.
ئێستا ئەمریکا دەیەوێت ئامرازەکانی ئێران لاواز بکات. هەندێک دەڵێن، ئەمە نابێتە مایەی لاوازی، هەندێکی تریش بە نەمانی بنەماکانی ڕەدعی ئێرانی دەبینن.