سیاسیكه‌لتووركۆمه‌ڵایه‌تی
ئاراستەکان

میدیا و پێکهاتەکان؛ داخوازی و نیگەرانی

پێکهاتەکانی ئایینی و نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان، سەرنج و تێبینییان لەسەر مامەڵەی میدیاکان لەگەڵ پرسی پێکهاتەکان هەیە. ئەوان پێیان وایە، میدیا گشتییەکانی هەرێمی کوردستان نەیانتوانیوە نوێنەرایەتی داخوازی و نیگەرانییەکانیان بکەن و ئەوەش پاڵی بە پێکهاتەکان ناوە، میدیای تایبەت بەخۆیان دابمەزرێنن، بەڵام شارەزایانی ڕاگەیاندن دەڵێن، میدیای تایبەتی پێکهاتەکان، سەرەڕای سنورداری کاریگەرییەکەی، دەشێت لێکەوتی نەرێنییش دروست بکات، وەک هێشتنەوەی پێکهاتەکان لە گۆشەگیری و پەراوێزدا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

مامەڵەی میدیا لەگەڵ پێکهاتەکان

لە هەرێمی کوردستاندا هەزار و ٤٤٢ کەناڵی ڕاگەیاندن بە مۆڵەت و تۆمارکراو هەن. زۆرینەی میدیاکانی کوردستان وەک کەناڵی هەواڵی پێناسەی خۆیان دەکەن. پێکهاتەکانی ئایینی و نەتەوەیی لە کوردستان، بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە میدیاکان بەجیاوازی پاشخانی سیاسییانەوە، مامەڵەی جیا لەگەڵ پرسی پێکهاتەکاندا دەکەن.

عیماد ڕەفعەت نوێنەری تورکمان لە ئەنجوومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێ “ڕاگەیاندنەکان ئیشێکی باشیان لەسەر پرسی تورکمان و پێکهاتەکان کردووە، بەڵام زۆربەی ڕاگەیاندنەکان چونکە سەر بە حزب و ئەجێندای تایبەتی خۆیان هەیە، بۆیە هەر یەکێکیان بەپێی بەرژەوەندی خۆی پرسی پێکهاتەکان دەوروژێنێت و بێلایەنانە مامەڵە ناکەن”.

سەعید جەردۆ کەسایەتی ئێزدی و سەرۆکی بنکەی لالش-ی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لە دهۆک، لەبارەی مامەڵەی میدیاکان لەگەڵ پرسی پێکهاتەکاندا ڕوونیکردەوە، کە پرسی پێکهاتەکان و لەو چوارچێوەیەدا بەزەقی وروژاندنی پرسی ئێزدییەکان لە میدیای کوردی، بۆ دوای جینۆسایدەکەی ٢٠١٤ دەگەڕێتەوە و لەو کاتەوە، میدیاکانی هەرێمی کوردستان بوون بە سەکۆیەک بۆ خستنەڕووی تاوانەکانی دژ بە ئێزدییەکان و ئەو بارودۆخە سەختەی دووچاری بوون.

جەردۆ دەڵێ: “میدیاکان بەرانبەر بە جینۆسایدکردن و ئەو دەردەسەرییانەی دووچاری ئێزدییەکان هاتوون، تاڕادەیەک چالاک بوون و پەیامی ئێزدییەکانیان بە کۆمەڵگەی ناوخۆیی و جیهانی گەیاند، بەڵام بە سەد لە سەدیش نا”.

“ئێمە دەخوازین میدیاکان بایەخی زیاتر بە پرسی ئێزدییەکان بدەن، بەتایبەت لە بەدیهێنانی دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەی قوربانییان و بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی دژ بە ئێزدی کراون”، جەردۆ وای گوت.

کەسایەتی و چالاکانی سەربە پێکهاتەکان، جیاوازییەک لە نێوان گوتاری میدیاکان بەرانبەر بە پێکهاتەکان دەکەن، وەک ئیبراهیم عیزەت چالاکیی تورکمان، ئاماژەی بۆ دەکات: “هەندێک لە میدیاکان بەرگری لە پرس و مافەکانی پێکهاتەکان دەکەن، بەڵام بەشێوەیەکی لاواز، لەکاتێکدا میدیای دیکە هەن زۆر بەتوندی دژایەتی تورکمان دەکەن، ئەوە بەڕاستی جێی نیگەرانییە”.

لەماوەی ڕابردوودا و لەگەڵ بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق بە هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان، بەدیاریکراوی پێکهاتەی تورکمان ڕووبەڕووی هەڵمەتێکی توندی میدیایی بوونەوە، کەسایەتییە تورکمانەکە دەڵێ: “هەرچەند هەڵمەتەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەچڕی دەرکەوت، بەڵام هەندێک لە میدیای سیاسی سەرچاوەی دروستکردنی هەڵمەتەکە بوون و تاڕادەیەکیش وێنەی تورکمانیان شێواند”.

ئەو، زیاتر دەڵێ: “کاتێک میدیاکان وێنەیەکی نەخوازراو لە تورکمان پیشان دەدەن، ئەوە کاریگەری لەسەر ڕوانگەی تورکمانیش دەبێت بەرانبەر بە کورد و لێکترازانی کۆمەڵایەتی زیاتر دەکات”.

ئەو چالاکە تورکمانە، بە پێویستی دەزانێت، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەڵوێستی جددییان هەبێت، لەبەرانبەر هەر گوتار و پەیامێکی “نەژادپەرستانە” کە لە میدیاکانەوە پەخش دەکرێن و بەدژی پێکەوەژیان و مافی بنچینەیی هەر پێکهاتەیەک دادەڕێژرێن.

باسم فرانسیس ڕۆژنامەنووسی مەسیحی، ئاماژە بەوە دەکات، کە میدیاکان بەشێوەیەکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ پرسی پێکهاتەکان دەکەن، هەندێکیان بایەخ بە پرسی پێکهاتەکان دەدەن و هەندێکیان بایەخدانێکی ئەوتۆیان نییە، بەڵام وەک دەڵێ: “میدیاکانی نزیک لە حکوومەت بایەخی زیاتر بە پرسی پێکهاتەکان دەدەن”.

فرانسیس، کە لە چەندین کەناڵی میدیایی جیاجیادا کاریکردووە، پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات، کە هەمان ئەو دووری و بۆشاییەی لە نێوان کۆمەڵگای زۆرینە و پێکهاتەکاندا هەیە، لە میدیاکانیشدا ڕەنگدەداتەوە.

ڕەجەب کاکەیی ڕۆژنامەنووس و چالاکیی مەدەنی کاکەیی پێی وایە، زۆر لە میدیاکاران زانیاری تەواویان نییە لەسەر مافە بنچینەیی و تایبەتمەندییەکانی پێکهاتەکان و ئەوەش کێشە دروست دەکات. ئەو دەڵێ: “زۆرجار میدیاکاران دەکەونە داوی سیاسەتی حزبەکان و لەگەڵ مافە سەرەکییەکانی پێکهاتەکان تێکەڵی دەکەن، ئەو ڕاستییە بەدوای هەڵوەشاندنەوەی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان بەزەقی دەرکەوت”.

ئەمیر عوسمان بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پێکەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێی وایە، “زۆرجار میدیا غەدرێکی گەورە لە پرسی پێکەوەژیان دەکات، زۆرجاریش چەواشەکاری و زیادەڕۆیی لەسەر تایبەتمەندی و پیرۆزییەکانی پێکهاتەکان هەن، ئەوەش خزمەت بە بنەماکانی پێکەوەژیان ناکات”.

 

ناوەڕۆکی میدیایی پێوەست بە پێکهاتەکان

بەدواداچوونێکی خانەی عێراقی بۆ ڕاگەیاندن لە ساڵی ٢٠١٨دا، پیشانی دەدات، نزیکەی ٩٠٪ی هەواڵ و بابەتی پێوەست بە پێکهاتەکان لە میدیاکانی عێراق، بەیاننامە و ڕاگەیەندراو لەخۆدەگرێت و ڕێژەی ١٪ی ئەو بابەتانەی میدیاکان سەبارەت بە پێکهاتەکان بڵاویانکردوونەتەوە، ڕاپۆرتی چاودێری  و بەدواداچوونین.

ئەو ئەنجامە، نزیکە لەگەڵ هەمان ئەو ئەنجامانەی ڕێبین فەتاح لە بەدواداچوونەکەی خۆی لەمەڕ ناوەڕۆکی میدیایی پێوەست بە پێکهاتەکان لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان پێی گەیشتووە. ئەو، دەڵێ: “لەکاتێکدا میدیاکان ڕووئیا و تێگەیشتنی ڕوونیان بۆ پرسی پێکهاتەکان وەک بەشێکی دانەبڕاو لە کۆمەڵگا گشتییەکە نییە، لەبەرئەوە لە وروژاندنی پرسی پێکهاتەکاندا، پشت بەو بەیاننامە و ڕاگەیەندراوانە دەبەستن کە نوێنەرایەتی پێکهاتەکان یان بەرپرسان و دامەزراوەکانی دەوڵەت بڵاویاندەکەنەوە و ئەوانەیش بەزۆری بریتیین لە هەندێک بابەتی تەشریفاتی وەک پیرۆزبایی بۆنە و جەژنەکانی پێکهاتەکان، دەربڕینی هاوخەمی و پاڵپشتی لەیادە تاڵەکاندا و هەندێک ڕاگەیەندراوی تایبەت بە دیدار و کۆبوونەوەکان و هیچی دی”.

زیاتر دەڵێ: “میدیاکان کەمترین ڕووماڵی تایبەت بە پێکهاتەکانیان هەیە، بابەتی پێکهاتەکان زیاتر لەگەڵ یان لە پاشکۆی ئەجێندای هەواڵی تایبەتدا دێت؛ وەک لەکاتی ناکۆکییە سیاسییەکان، ڕووداوە نەرێنی و نەخوازراوەکان و لەو مامەڵەیەشدا پێکهاتەکان ئامانج نین، بەڵکوو ئامرازن”.

توێژەرەکە زیاتر ڕوونی دەکاتەوە: “بژاردەی پێکهاتەکان بەشێوەیەکی جددی لەو بابەتانەدا دەردەکەون کە پێوەستن بە پێکهاتەکانەوە، بەڵام ئامادەیی بژاردەی پێکهاتەکان لەناو ڕووماڵی پرسە گشتییەکاندا دەگمەنە” و ئەوەش بە بۆچوونی ئەو، مانای وایە: “میدیا پێکهاتەکان وەک گرووپێکی پەراوێز و لەدەرەوەی ژیان و بەشداری گشتی وێنا دەکات. ئەوان کەسانێکن لەدەرەوەی سنوری خۆیان، مافی بەشدارییان لە ژیانی گشتیدا نییە و بەو جۆرەیش پێویست ناکات لە پرسە سەرەکی و گشتییەکانی کۆمەڵگادا قسە بکەن و ڕۆڵیان پێ بدرێت”.

 

میدیای تایبەتی پێکهاتەکان

لە هەرێمی کوردستان، پێکهاتەکانی وەک تورکمان، مەسیحی و ئێزدی، میدیای تایبەت بەخۆیان هەیە. وەک ئەوەی بەشێک لە حزبە سیاسییەکانی سەر بەو پێکهاتانە، خاوەن کەناڵی میدیایی خۆیانن، ڕۆژنامە و گۆڤار، ڕادیۆ، ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی، تیڤی ناوخۆیی و هاوکات کەناڵی (عەشتار)ی ئاسمانی، کە تایبەتە بە پێکهاتەی مەسیحییەوە.

یەکێک لە گرفتەکانی میدیای تایبەتی پێکهاتەکان تووشی دەبن، سنورداریی توانای دارایی و مرۆییە، ئەوە سەرنجێکە لە باسم فرانسیس ڕۆژنامەنووسی مەسیحی. ئەو پێی وایە: “میدیا تایبەتەکان بەهۆی سنورداری توانای دارایی و مرۆییەوە، ناتوانن زۆر کاریگەربن و بەردەوامی بەخۆیان بدەن، هەروەها زیاتر بایەخ بە لایەنەکانی هونەری و فەرهەنگی دەدەن تا بە نوێنەرایەتیکردنی پرسە گشتی و بنچینەییەکان”.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا، ئێزدییەکان هەنگاوی جددیان ناوە بە ئاڕاستەی دامەزراندنی سەکۆی میدیایی و هەڵمەتێکی چاپ و بڵاوکردنەوە. بنکەی لالش-ی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لە دهۆک، ناوەندی هەرە گەورەی میدیایی و ڕۆشنبیری ئێزدییەکانە. بنکەکە ماڵپەڕێکی ئەلیکترۆنی و کەناڵێکی تیڤی ناوخۆیی بەناوی “سەماتیڤی” هەیە. وەک سەعید جەردۆ سەرۆکی بنکەی لالش-ی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی، دەڵێ: “هێشتا کەناڵی سەماتیڤی لە قۆناغی تێستدایە و لەهەوڵداین بەپاڵپشتی حکوومەت گەشە بە کەناڵەکە بدەین، تاوەکوو ببێتە سەکۆیەک بۆ گەیاندنی دەنگی ئێزدییەکان و سەرجەم پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستاندا”.

هەرچەند ڕۆژنامەوانیی تورکمانی لە کوردستان و عێراق مێژوویەکی هەیە و لەلایەن پەرلەمانی کوردستانیشەوە، ڕۆژی ٢٥ی شوباتی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی تورکمان دیاریکراوە، بەڵام ئێستا تەنیا چەند ماڵپەڕێکی سنوردار کە نوێنەرایەتی ئۆرگانی ڕاگەیاندنی حزبەکان دەکەن و هەروەها زیاتر پشت بە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا دەبەستن لە بڵاوکردنەوەی پەیامەکانیان.

عیماد ڕەفعەت نوێنەری تورکمان لە ئەنجوومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێ: “ئێستا پێکهاتەی تورکمان، جگە لە بەرەی تورکمانی، هیچ ڕاگەیاندنێکی نییە، پێشتر ڕۆژنامەی سەرای تورکمانی هەبوو، بەڵام بەبیانووی جیا بودجەکەیان بڕی”.

ئیبراهیم عیزەت چالاکی تورکمان، جەخت لە کاریگەری سنورداری میدیای تایبەتی تورکمان دەکاتەوە: “تورکمان تیڤییەکیان نییە، ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی و ڕادیۆیان هەیە، کە هەریەک سەر بە حزبێکی تورکمانیین و لەچوارچێوەی سیاسەتی پارتەکە مامەڵە دەکەن و نەیانتوانیوە نوێنەرایەتی پرسی گشتیی تورکمان بکەن”.

بۆچوونێکی گشتی هەیە، کە پێکهاتەکان پێویستیان بە میدیایەک هەیە، بایەخ بە پرسە تایبەتەکانیان بدات و خزمەت بە کەلتوور و فەرهەنگی تایبەتیان بکات، کە دەشێت میدیا گشتییەکان ئەو “تایبەتمەندییانە” بە ئەرکی خۆیان نەزانن، بەڵام گرفتێکی بنچینەیی هەیە: “میدیا تایبەتەکان تەنیا کۆمەڵگەی پێکهاتەکە دەدوێنن، نەک کۆمەڵگە گشتییەکە و ئەوەش وا دەکات کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە گشتییەکە نەبێت”، ڕێبین فەتاح وای گوت.

ئەو، ڕوونی دەکاتەوە، کە “پاڵنەری پێکهاتەکان بۆ دامەزراندنی میدیای تایبەت بەخۆیان، بۆ پەراوێزخستنیان لە میدیا گشتییەکان دەگەڕێتەوە” و سەرەڕای بەپێویستزانینی هەبوونی میدیای تایبەت، بەڵام دەشێت لێکەوتی نەرێنی هەبێت، وەک دەڵێ: “میدیا تایبەتەکان جەخت لەسەر ناسنامەی هاووڵاتیبوون ناکاتەوە و تەنیا گرنگی بەو هەواڵە سنوردارانە دەدەن کە پەیوەندییان بە تایبەتمەندییە سنوردارەکانی پێکهاتەیەکەوە هەیە و بەردەنگی پێکهاتەکە لە ژیانی گشتی دووردەخەنەوە”.

 

ئەوەی دەبێت بکرێت

بەگشتی چالاکانی سەربە پێکهاتەکان پێداگیری لەسەر پێویستی هەبوونی میدیای تایبەت دەکەنەوە، لەپاڵ مامەڵەیەکی بەئاگایانە و بەرپرسیارانەتر لە میدیا گشتییەکاندا.

عیماد ڕەفعەت نوێنەری تورکمان لە ئەنجوومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بە پێویستی دەزانێت پێکهاتەکان و لەناویاندا تورکمان ڕاگەیاندنێکی جددی هەبێت و “حکوومەتیش پاڵپشتی ئەو میدیایە بکات کە بێلایەنانە خزمەت بە پرسی پێکهاتەکان بکات”.

هاوکات سەعید جەردۆ کەسایەتی ئێزدی و سەرۆکی بنکەی لالش-ی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی، لەپاڵ بەپێویستزانینی هەبوونی کەناڵێکی ئاسمانی تایبەت بە ئێزدییەکان، داخوازی لە میدیا گشتییەکان هەیە، وردتر و بەرپرسیارانەتر مامەڵە لەگەڵ پرسی پێکهاتەکان بکەن.

هەر لەو ڕوانگەیەشەوە، ڕەجەب کاکەیی، ڕاهێنان و تواناسازی ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە پرسی پێکهاتەکان بەگشتی بەگرنگ دەزانێت و پێی وایە، ئەوە وا دەکات بە هۆشیارییەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ پرسی پێکهاتەکان بکەن.

ئەمیر عوسمان بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پێکەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، هیوا دەخوازێت میدیا و ڕاگەیاندنکاران بە بەرپرسیارێتییەوە و بەئاڕاستەی قوڵکردنەوەی بنچینەکانی پێکەوەژیان لە نێوان پێکهاتەکان بەگشتی کار بکەن و لەو ڕوانگەیەوە دەڵێ: “ستراتیجیەتی نیشتمانی گرنگترین پەیامە کە دەبێت کاری لەسەر بکرێت بۆ پارێزگاری و پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان و ئەوەش ئەرک و بەرپرسیارێتی دەخاتە ئەستۆی میدیاکان کە لە چوارچێوەی ئەو ستراتیجیەت و لە ڕەهەندێکی نیشتمانییەوە هەڵوەستە لەسەر پرسی پێکەوەژیان بکەن”.

ئاشنا دڵشاد

نووسەر و ڕۆژنامەنووس

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...