شرۆڤه‌كۆمه‌ڵایه‌تی
ئاراستەکان

کاریگەری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر تەندروستی مرۆڤ

 یەکێک لە ئامانجەکانی مرۆڤ لە ژیاندا تەندروستییەکی باشە، هەموومان حەز دەکەین ساغ و سەلامەت بین و ئازارمان نەبێت، خواردنی باش و دەوڵەمەند بە ڤیتامین بخۆین، سەرما و گەرمامان نەبێت، زۆر ماندوو نەبین، شەوان ئارام بخەوین و بەیانیان بە دڵێکی خۆشەوە ڕۆژ بکەینەوە.

هاتنەدی ئەم ئامانجە تەنیا پەیوەندی بە سیستەمی خواردن و خۆپاریزی و جوڵە و وەرزش و گەرما و سەرما و ژینگەی فیزیکی تاکەکەسەوە نییە، بەڵکو هەندێک هۆکاری کۆمەڵایەتی و دەروونی و ڕۆحی و ناوەکیش ڕۆڵیان لە سەلامەتی و تەندروستی مرۆڤدا هەیە.

یەکێک لەو هۆکارانە بریتییە لە جۆر و چەندایەتی و شێواز و فۆڕمی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، سەردانی دۆست و برادەران و میوانیداری و پێشوازی لە میوان و یەکتربینین و پێکەوە دانیشتن و هەواڵ پرسین و گفتوگۆ و گێڕانەوەی باس و خواس و بەسەرهات و یادگارییە شیرینەکانی ڕابردوو.

مرۆڤ بێ خۆشەویستی ناتوانێت بژیت، پێ بزانین یان نەزانین هەر یەکێک لە ئێمە، لە ڕابردوو و ئێستاشدا کۆمەڵێک هاوڕێی نزیک و خزمی پڕ هاتوچۆ و دۆستی بە هاناوە چوون و خۆشەویستێکمان هەبووە و هەیە، بە حوکمی کار و پیشە و سەرقاڵی ڕۆژگار و بەرپرسیاریەتی خێزانی و کۆمەڵایەتی لە هەندێک لەمانە دابڕاوین و لە ژینگەیەکی نوێدا ڕایەڵەیەکی دیکەی پەیوەندیمان دروست کردووە، کە ئەمەش بەڵگەی کۆمەڵایەتی بوونی مرۆڤە، بەڵام مانەوەی هەندێک لە یادەوەری و یادگارییەکان لە زەینی ئێمەدا نیشانەیەکی زیندووی کاریگەربوونە بەوان و دووبارە بینینەوەیان ئارامی دەروونیمان پێ دەبەخشێت.

 

زۆرجار بە تەنیاین و پێدەکەنین، یان نیشانەکانی قسەکردن لەگەڵ یەکێکی نادیار پێمانەوە دیارە، بە جەستە لێرەین و بە ڕۆح لە شوێنێکی دیکە

 

یەکێک لە نیشانەکانی خۆشەویستیمان کە لە میانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانەوە دروست بووە، لە کاتی دوورکەوتنەوەیاندا ئازاری دەروونیمان دەدەن و بە خەیاڵ گفتوگۆ و وتووێژیان لەگەڵ دەکەین، زۆرجار بە تەنیاین و پێدەکەنین، یان نیشانەکانی قسەکردن لەگەڵ یەکێکی نادیار پێمانەوە دیارە، بە جەستە لێرەین و بە ڕۆح لە شوێنێکی دیکە، کاتێک لە ڕاستیدا بینینی ئەم کەسانە نزیک دەبێتەوە، هەست بە ترپەی دڵ و جۆرێک لە گۆڕانکاری جەستەیی خۆمان دەکەین، وەکوو گوزارشتێک لەو خۆشەویستییە حەز دەکەین بە توندی دەستیان بگوشین و لە ئامێزیان بگرین و بۆنیان هەڵمژین و ماچیان بکەین.

سەردانی و یەکتربینین لەگەڵ ئەم کەسوکار و هاوڕێ و خۆشەویستانەدا ڕەنگدانەوەی لەسەر ڕووبەرێکی فرەوانی دیوی ناوەوەی مرۆڤ هەیە و کاریگەری دەخاتە سەر لایەنی ڕۆحی و مەعنەوی و  تەندروستی دەروونی و جەستەیی مرۆڤەکان.

مرۆڤ تەنیا بە خواردن و خواردنەوە ناژیت، پێویستی بە خۆشەویستی هەیە، پێویستی بە ئارامی دەروونی هەیە و ئەو ئارامییەش لە ڕێگای پەیوەندی کۆمەڵایەتی تەندروستەوە دروست دەبێت، کە تیایدا خۆشەویسی ڕەنگبداتەوە، لە سەر بنەمای ڕێز و لە یەکگەیشتن و بەرزی ئاستی لە یەکچوونی بیرکردنەوە و هاوخولیایی دادەمەزرێت.

فەیلەسوفی بەناوبانگی گریک (ئەرستۆ ٣٨٤-٣٢٢) پیش دوو هەزار و سێسەد ساڵ لەمەوبەر گوتویەتی (مرۆڤ بە سروشت ئاژەڵێکی کۆمەڵایەتییە)، مەحکومە بە پێکەوەژیان، لە ناو گرووپدا نەبێت ناتوانێت وەکو مرۆڤ بژیت، بۆیە دەبێ ڕایەڵەیەکی پەیوەندی ڕۆژانەی چڕ و پڕ  لەگەڵ مرۆڤەکانی دیکەدا دروست بکات.

 

ڕەنگ و ڕەگەز و ئاین و زمان و مەزهەب و حیزبایەتی و دوورکەوتنەوە لە یەکتری و  کۆمەڵێک جیاوازی کلتووری ئاستەنگن بۆ دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان مرۆڤەکاندا

 

ئەوە ئێمەین لە دروستکردنی ئەو پەیوەندییانەدا هەندێکمان سەرکەتوو و هەندێکمان سەرکەوتوو نەبووین، لەگەڵ ئەو پێویستبوونەی پێکەوەژیاندا هیشتا هەموومان لە پەیوەندییەکانماندا یەکسان و وەکوو یەک نین، جگە لەوەی ڕەنگ و ڕەگەز و ئاین و زمان و مەزهەب و حیزبایەتی و دوورکەوتنەوە لە یەکتری و  کۆمەڵێک جیاوازی کلتووری ئاستەنگن بۆ دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان مرۆڤەکاندا، لەسەر ئاستی تاکیش، هەر لە چوارچێوە و بازنەی خزمایەتی و هاوڕێیەتیشدا هەندێکمان گۆشەگیر و دابڕاو و هەندێکمان کۆمەڵایەتی و تێکەڵاو، هەندێکمان کراوە و چالاک و هەندێکمان پەراوێز و داخراو، هەندێک سەردانی بەردەوام و هەندێکیتر ناو بەناو، هەموو ئەمانە کاریگەری ئەرێنی یان نەرێنی لەسەر دەروون و باری تەندروستیمان دادەنێن.

ئەم بابەتە یان  جیاوازییەکانی ئاستی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان بووەتە جێی سەرنجی زانا و بیرمەند و تویژەرانی بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکان، بیریان لە ڕەنگدانەوە و کاریگەری ئاستی پەیوەندییەکان کردووەتەوە لەسەر لایەنەکانی دیکەی ژیانی مرۆڤەکان بە تایبەت چۆنایەتی ژیان و مانەوە و نەخۆشی و مردن، بۆیە بابەتی پەیوەندی نێوان بینینی خۆشەویستان و باری دەروونی، یان سەردانی هاوڕی و خزم و کەس و دۆستان و دۆخی تەندروستی مرۆڤ، بووە بە یەکێک لەو بابەتە گرنگانەی کە توێژینەوەی  زانستی لەسەر بکرێت.

بەپێی دەرئەنجامی هەندێک لەو توێژینەوە زانستییانەی لە کایەی کۆمەڵناسی پزیشکیدا ئەنجامدراون، هەروەکوو چۆن خەم و خەفەت و تەنیایی و ئاوارەیی و دابڕان دەبێتە مایەی نەخۆشی جەستەیی (سایکۆ سۆماتی) بەهۆی تێکچوونی لایەنی دەرونییەوە، بە پێچەوانەوە گەرموگوڕی پەیوەندییەکان و چالاکی کۆمەڵایەتی و بێخەمی دەبێتە هۆی تەندروستی و تەمەندرێژی و هاوسەنگی دەرونی و ئارامی.

 

یەکتربینین و بە یەک گەیشتن و کارلێکی ڕاستەوخۆی نێوان خزم و کەس و هاوڕێ و دۆست و ئازیزان، بارگرژی و ئاڵۆزی دەروونی کەم دەکاتەوە

 

هەموو ئەوانەی ئاستێکی پەیوەندی کۆمەڵایەتی باشیان هەیە لەگەڵ دەوروبەر و لە چوارچێوەی ژینگە کۆمەڵایەتییەکەیاندا زیاتر هەست بە بەختەوەری و ئاسودەیی دەکەن و گرفتی تەندروستی کەمتریان هەیە و چۆنایەتی ژیانیان باشتر دەبێت، چونکە یەکتربینین و بە یەک گەیشتن و کارلێکی ڕاستەوخۆی نێوان خزم و کەس و هاوڕێ و دۆست و ئازیزان، بارگرژی و ئاڵۆزی دەروونی کەم دەکاتەوە و پشوویەک بە جەستە دەبەخشێت.

لە کوردەواریدا و لەکاتی پیشوازی لە میوان دەڵێن چاوم ڕوون بووەوە، ئەمڕۆ لە ڕووی زانستییەوە هەندێک لە توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کاتێک مرۆڤ کەسێکی خۆشەویست دەبینێت و دەبێتە مایەی دڵکرانەوە و خۆشحاڵ دەبێ بە بینینی، سیستەمی لێدانی دڵی ڕێکتر و سوڕانی خوێنی فرەوانتر دەبێ و ماسولکەکانی جەستەی خاو دەبنەوە، ئەمەش ئارامی و پشوویەک بە گلێنە و ڕەشایی چاو دەبەخشێت و دەبێتە هۆی ڕوونبوونەوە و بینینی زیاتر.

 

مەترسی کەمبوونەوە و لاوازبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە مەترسی پیسبوونی هەوا و قەڵەوی و جگەرەگێشان زیاترە

 

ئەو گۆرانکارییانەی بەسەر جەستەدا دێن بەهۆی بینینی ئازیزانەوە، بە پێچەوانەی نەخۆشییە سایکۆسۆماتییەکانەوە ڕێژەی ئەو هارمۆناتانە زیاد دەبێت کە هاوسەنگی جەستەیی و دەروونی بەهێز دەکەن، دوورکەوتنەوە و یەکتر نەبینینی دۆستان و ئازیزانیش ناهاوسەنگی دەروونی دروست دەکات و ئەگەر فەرامۆش نەکرێت سەردەکێشێت بۆ نەخۆشی جەستەیی.

دکتۆر (جۆلیان هۆڵت) مامۆستای دەرونزانی لە زانکۆی پریگامیۆنگ لە ویلایەتی یوتا لە ئەمریکا، لەم بارەوە دەڵێت: مەترسی کەمبوونەوە و لاوازبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە مەترسی پیسبوونی هەوا و قەڵەوی و جگەرەگێشان زیاترە، نەمانی کارلێکی نێوان مرۆڤەکان کاریگەری لە هەموو ئەمانە زیاترە لەسەر ڕێژەی مردن، کەسێکی ناکۆمەڵایەتی یان دابڕاو و گۆشەگیر وەکوو ئەوە وایە ڕۆژانە بە لایەنی کەمەوە (١٥) جگەرە بکێشێت. لە هەمووی گرنگتر ئاماژە بەوە دەکات سەردانی نەکردنی نەخۆش لە لایەن ئەو کەسانەی کە خۆشیانی دەوێت یان نەخۆشەکە حەز بە بینینیان دەکات، دەبێتە هۆی درەنگ چاکبوونەوەی، هەروەها درەنگ ساڕێژبوونی برینی جەستە.

 

د. محه‌مه‌د شوانی

ئەنترۆپۆلۆژیست

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...