كۆمه‌ڵایه‌تی
ئاراستەکان

لە دوو مانگدا ٢١ كرێكار لەكاتی كاركردندا گیانیان لەدەستداوە

زێدپرێس

 

بەپێی بەدواداچوونەكانی ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی لەماوەی دوو مانگدا ٢١ كرێكار لەكاتی كاركردندا بەهۆی نەبوونی مەرجەكانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەییەوە گیانیان لەدەستداوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ڕێکخراوەکە، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە ماوەی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمی ٢٠٢٣دا، بەگشتی ١٩ ڕووداوی جیاجیایان لە شوێنی کاردا تۆماکردووە، کە بەهۆیانەوە ٢١ کرێکار گیانیان لەدەستداوە و ٨ کرێکاریش برینداربوون.

 

وردەکاری ڕووداوەکانی کار بەم جۆرە بوون:

١- تشرینی یه‌كه‌م ١٠، ٢٠٢٣

لەیەکێک لە پڕۆژەکانی شاری سلێمانی کرێکارێکی هاتوو بەناوی عەلی خەلیف کە خەڵکی وڵاتی سووریایە و بۆ کارکردن ڕوویکردووەتە هەرێمی کوردستان، بەهۆی ڕوودانی کەوتنە خوارەوە لە باڵەخانەیەک گیانی لەدەستدا.

 

٢- تشرینی یه‌كه‌م ١٠، ٢٠٢٣

کرێکارێکی فەرمانگەی ئاوی تەقتەق لەکاتی کارکردندا خنکا. بەپێی زانیارییەکان کرێكارەکە خەریکی کاری پاککردنەوە بوو لە یەکێک لە پڕۆژەکانی ئاو، ئەوەی زانراوە لە دایکبووی ساڵی ١٩٦٦ و ناوی مەحموود قادرە.

 

٣- تشرینی یه‌كه‌م ٢٣، ٢٠٢٣

کرێکارێک بەناوی (سەردار محەمەد قادر) لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٦ و خێزاندارە، لـەکـاتـی کـارکـردنـ لـەشـوێـنکـارەکـەی لـە گـەڕەکـی (گردی ئـەندازیـاران) لـە شـاری سـلێمـانـی، لـە بـاڵاخـانـەیـەکـی چـوار نـهـۆمـی کـەوتـەخـوارەوە و دەسـتبـەجـێ گـیـانـی لـەدەسـتـدا.

 

٤- تشرینی یه‌كه‌م ٢٥، ٢٠٢٣

بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە کارگەی پاڵاوتنی نەوتی ڕەش و قیڕی شل لە شارۆچکەی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی دوو کرێکار گیانیان لەدەستدا و دووانیش برینداربوون. موزەفەر نەبی، تەمەن ٣١ ساڵ باوکی سێ منداڵ بوو. دانیشتووی سنووری پارێزگای هەولێرە لە رووداوەکە گیانیلەدەستدا. سەمیر ڕەشید، تەمەنی ٤٣ ساڵە و خەڵکی بەردەڕەشە لە پارێزگای دهۆک و بووە دووەمین کەسی ڕووداوەکە کە گیانیلەدەستدا، هەریەکە لە ئیدریس سەلاحەدینی تەمەن ٥٠ ساڵ کە هاونیشتمانیی ڕۆژئاوای کوردستانە و هاوسەر یوسف، خەڵکی قەزای دەربەندیخانە لە پارێزگای سلێمانی، لە ڕووداوەکەدا برینداربوون.

 

٥- تشرینی یه‌كه‌م ٢٩، ٢٠٢٣

کرێکارێک لە نهۆمی ٢٨ی باڵەخانەیەکی شاری هەولێر دەکەوێتە خوارەوە و دەستبەجێ گیان لەدەست دەدات، کرێکارەکە ناوی حامیدە و خەڵکی وڵاتی سووریا و تەمەنی ٢٥ ساڵە.

 

٦- تشرینی یه‌كه‌م ٣١، ٢٠٢٣

لە شاری هەولێر لە بینای زانکۆی جیهان لە هەولێر کرێکارێک گیانی لە دەستدا، کرێکارەکە خەڵکی شاری نەغەدەیە و تەمەنی چل ساڵە بە ناوی (حوسێن) کە خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە. لەکاتێکدا خەریکی بەستنی ئەسکەلە دەبن، ئاسنی ئەسکەلەکە بەر تاوەرێکی کارەبا دەکەوێت و گیان لەدەست دەدات.

 

٧- تشرینی دووه‌م ٢، ٢٠٢٣

گەنجێکی دانیشتووی گوندی یەنگیجەی سەربە قەزای خورماتوو لەکاتی کارکردندا بەهۆی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەستدا.

 

٨- تشرینی دووه‌م ٣، ٢٠٢٣

ئامێرێکی بەرزکردنەوەی بلۆک (تروک) کەوت بەسەر کرێکارێکدا بەناوی ئەحمەد هادی ئەحمەد، لەکاتی ئیشدا لەخانوویەکدا لەقەزای شەرگات و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا، ناوبراو خێزاندارە و خاوەنی ٥ منداڵە.

 

٩- تشرینی دووه‌م ٥، ٢٠٢٣

کرێکارێکی بیرهەڵکەن بەناوی سەروەت هادی لەسەیدسادق لەکاتی کاردا لەناو بیرێکدا گیانی لەدەستدا.

 

١٠- تشرینی دووه‌م ٧، ٢٠٢٣

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان بڵاویکردەوە لەگوندی قەڵەبڵاخەوە تەرمی هاووڵاتییەک بەناوی (عومەر جەلیل ئیبراهیم) لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٦ هێنرایە پزیشکی دادوەری قەزای کەلار، کە بەهۆی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەستدابوو. بەگوتەی کەسوکارەکەی، قوربانییەکە کرێکاری کێڵگەی پەلەوەربووە و لەکاتی کارکردندا کارەبا گرتوویەتی و لەئەنجامدا گیانیلەدەستداوە.

 

١١- – تشرینی دووه‌م ٨، ٢٠٢٣

لە شاری سلێمانی باڵەخانەیەک لە کاتی دروست کردنیدا بەسەر چەند کرێکارێکدا دەڕووخێت و بەپێی زانیارییەکان نزیکەی ٥ کرێکار برینداربوون.

 

١٢- تشرینی دووه‌م ١٣، ٢٠٢٣

بەهۆی تەقینەوەی گازی مۆلیدە لە چەمچەماڵ کەسێک گیانی لەدەستدا، بەپێی زانیاری بەردەست، کرێکارەکە ناوی عومەر عاسی عەلی و تەمەنی ٣١ ساڵە.

 

١٣- – تشرینی دووه‌م ١٣، ٢٠٢٣

کرێکارێک بەناوی ئەحمەد ئیسماعیل دانیشتووی قەزای چەمچەماڵ لەکاتی کارکردن لە شاری کەرکووك لەسەر ئەسکەلە کەوتووەتە خوارەوە، بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.

 

١٤- تشرینی دووه‌م ١٤، ٢٠٢٣

دوو کرێکار کە لە نزیک شارى ڕۆشنبیران سەرى مەنهۆڵێکیان بە شۆفڵ هەڵداوەتەوە، تەزووى کارەبا گەیشتووەتە دەمى شۆفڵەکە و بەهۆیەوە کرێکارێکیان دەستبەجێ گیانى لەدەستداوە و کرێکارەکەى دیکەیش ڕەوانەى نەخۆشخانە کراوە. ئەو کرێکارەى گیانى لەدەستداوە تەمەنى ٣٠ ساڵە و کرێکارەکەى دیکەیش تەمەنى ٢٧ ساڵە.

 

١٥- تشرینی دووه‌م ١٦، ٢٠٢٣

کرێکارێک کە کاری چاکسازیی ئۆتۆمبێلی دەکرد بەناوی شڤان نازم، لەکاتی کارکردن لە تایەی بارهەڵگرێک، لە ناوچەی پیشەسازی ناحیەی قوشتەپە لە پارێزگای هەولێر، تایەکەی پێدا تەقییەوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.

 

١٦- تشرینی دووه‌م ٢٣، ٢٠٢٣

نەزیر عەبدولڕەحمان حامد کارمەندی ئەوقافی ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک لەکاتی ڕاپەڕاندنی کارەکانی بەهۆی تەزووی کارەباوە گیانی لە دەستدا.

 

١٧- تشرینی دووه‌م ٢٧، ٢٠٢٣

لە شاری به‌غداد، به‌هۆی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی ئه‌سانسۆرێكه‌وه‌ سێ کرێکاری خه‌ڵكی سنووری قه‌زای شنگال گیانیان له‌ده‌ست دا. به‌پێی زانیارییه‌كان، له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نیشته‌جێبوونی عه‌به‌سلی ناوچه‌ی كازمییه‌ی شاری به‌غدای پایته‌ختی عێراق به‌هۆی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی ئه‌سانسۆرێكه‌وه‌ سێ كرێكار به‌ناوه‌كانی حه‌سه‌ن عه‌لی، نایف خدر و سه‌عدوون موراد گیانیان له‌ده‌ست دا. هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان، ئه‌و سێ كه‌سه‌ی‌ كه‌ گیانیان له‌ده‌ست دا، خه‌ڵكی كۆمه‌ڵگه‌ی خانه‌سۆر و ناحیه‌ی سنوونێی سه‌ر به‌ قه‌زای شنگالن.

 

١٨- تشرینی دووه‌م ٢٧، ٢٠٢٣

ئەیاد سالم عیزەت کرێکاری بەشی چاککردنەوەی کارەبای دیبەگە لە سنوری پارێزگای هەولێر، لەکاتی چاککردنەوەی گرفتێکی کارەبادا، بەهۆی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەستدا.

 

١٩- تشرینی دووه‌م ٢٧، ٢٠٢٣

لە ناحیەی بەحرکەی پارێزگای هەولێر کرێکارێک بە ناوی ئومێد ئەیمەن لە کاتی کارکردن لەسەر ئەسکەلە کەوتەخوارەوە و بە سەختی برینداربوو، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. کرێکارەکە تەمەنی ٢٠ ساڵە و کاری گەچکاری دەکرد، دانیشتووی ناحیەی بەحرکە بووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...