کەشناسی: شەپۆلێکی خۆڵبارین و باران و هەورە تریشقە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
بەشی پێشبینی کەشناسی سەربە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی ڕاگەیاند. بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ سێشەم، ٣٠ی نیسانی ٢٠٢٤، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت، لەگەڵ هەبوونی تۆز و خۆڵ و زیادبوونی خێرایی با، لەکاتەکانی دوانیوەڕۆ شەپۆلێکی هەورە تریشقە و باران بارینی پچڕ پچڕ لەسەرجەم ناوچە جیاجیاکان دەبارێت و لە شەودا کاریگەری باران بارین کۆتایی دێت.
کەشناسی دەڵێ، لەبەربوونی گۆڕانکاری لەم وەرزەدا ئەگەری هەیە گۆڕان لەکات و جۆری دابارین و کەشەکە دروست بێت، هەروەها پێشبینی دەکرێت بڕی باران لەنێوان (5-10)ملم ببارێت.
لەبارەی کەشوهەوای بەیانی چوارشەم، کەشناسی پێشبنی دەکات، ئاسمان هەور و نیمچە هەور بێت لەگەڵ زیادبوونی خێرایی با و ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵیش لەسەر بەشێک لەناوچەکانی (باشووری پارێزگای هەولێر و بەشێک لە ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کەرکووک) هەیە.
کەشناسی دەڵێ، لە ئەنجامی ئەو ناسەقامگیرییەی لە کەشی ناوچەکەماندا هەیە، باران بارین لە دوای نیوەڕۆ دەست پێ دەکاتەوە لەگەڵ شەپۆلێکی هەورە تریشقە و ئاستی دابارین لەسەر بەشێک لە پارێزگاکانی سلێمانی و ناوچە شاخاوییەکان زیاتر دەبێت و بڕی باران بارینی پێشبینیکراو لەسنووری پارێزگاکان بەم شێوەیە:
سەنتەری پارێزگای هەولێر (4-6)ملم
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ناوچە شاخاوییەکان (7-10)ملم
سەنتەری پارێزگای سلێمانی (6-10)ملم
ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین (8-10)ملم
ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان (8-10)ملم
سەنتەری پارێزگای دهۆک (2-5)ملم
ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ (2-5)ملم